دیسانەوە وەڵامێک بۆ پەکەکە

ئاری هەرسین
  2021-08-11     627
ئەو کێشانەی کە پەکەکە بۆ خەڵکی کوردستانی عێراقی ناوەتەوە لای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرایە. ئەم گۆڵمەزانە ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکاندا بەرجەستە دەبن و هەموان لێی بە ئاگان. پەکەکە بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی هێزە سیاسیەکانی کوردستان، دەیەوێت لێکمان جیا بکاتەوە و خەونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی لە مێشکدایە.

مستەفا قەرەسو، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی پەکەکە، لە دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی سەر بە خۆیان، دوو شت ئەڵێت کە مایەی هەڵوێستە لەسەر کردنە. یەکەمیان و بە مەبەستی درز خستنە ناو کوردانی هەرێم، خۆیان کردۆتە قەڵغان و پارێزەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. دووهەمیش، باس لە لە گەیشتنی چەقۆ لە گۆشتەوە بۆ سەر ئێسقان ئەکات. لە هەردوو بابەتەکانیشدا مەبەستیان ئێمەیە. بە واتایەکیتر مستەفا قەرەسو دەڵێت: ١) ئەگەر پارتی هێرش بکاتە سەر یەکێتی، ئەوا ئێمە داکۆکی لە یەکێتی ئەکەین. ٢) پارتی چەقۆکەی نەک هەر لە گۆشت چەقاندوە، بەڵکو گەیاندویەتیە سەر ئێسقانیش. 

لە بابەتی یەکەمدا حەز ئەکەین کە پەکەکە هەوڵ بدات لەو ڕاستیە تێ بگات کە هەتا هەتایە شەڕی پارتی و یەکێتی بەچاوی خۆیان نابینن. هەرچەندە چاوەڕوانکراوە مەفرەزەی ئیختیالاتی نهێنی خۆیان ڕاسپێرن و کادرێکی یەکێتی لە زۆنی زەرد یان کادرێکی ئێمە لە زۆنی سەوز ئیختیال بکەن و بیهێنن بەسەر ئەوەی تردا، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێت و، ئەوەش ببێتە ڕۆژی جەژن بۆ پەکەکە و، بە لاواز بوونی ئێمە و یەکێتی حوکمە ستالینیستەکەی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستانا بسەپێنن. ئینجا هەر کەس لەم هەرێمەی کوردستان نوزەی لێوە هات بەزەبری چەک و زیندان و ئەشکەنجە دەمکوتی بکەن. حەز دەکەین  بۆ بەرچاو ڕونی برادەرانی پەکەکە ئەو ڕاستیە  بڵێین، کە داکۆکیکاری سەرەکی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئێمەی پارتی ئەبین. چونکە کوردستان بە بێ یەکێتی وەک جەستەیەکی نوقسان وایە. ئەرکی ئەخلاقی و کوردایەتی ئێمەیە کە یەکەم و بەهێزترین قەڵغانی پارێزەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بین. ئیتر ئەم یەکێتیە سەرۆکێکی هەبێت، یان دوو هاوسەرۆک، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.

هەرچی بابەتی دوهەمیشە، مەسەلەکان ڕونن. عەجەبا کێ یە ئەو لایەنەی کە چەقۆکەی گەیاندۆتە سەر ئێسقان؟… ئێمە بوین خاکی کوردستانی تورکیامان داگیر کردوە و، تەنگمان بە خەباتی پەکەکە هەڵچنیوە؟… ئێمەبوین دەعوەتی سوپای داگیرکەرمان کردوە بۆ ئەوەی ڕەز و باخ و ڕوبار و چیاکانی کوردستانی عێراق وێران بکات؟… ئێمە ین جورئەتی بەرەوڕوبونەوەی دەوڵەتی تورکیامان نیە و خۆمان لە چیاکانی کوردستانی عێراق شاردۆتەوە؟… کێیە ئەو لایەنەی شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوەیە؟…

ڕابەرایەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەب بە خەڵکانی بەڕەگەز عەرەب ئەکرێت… ڕابەرایەتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی تورکەمەن بە تورکەمەن ئەکرێت… ڕابەرایەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیش لە کوردستانی تورکیا بە کورد ئەکرێت، نەک بە و تورکانەی کە بارەگایان لە قەندیلە و، هەندێک چاودێر و شرۆڤەکاری سیاسی بە کارمەندی دەزگای (میت) لە قەڵەمیان ئەدەن. ئەگەر پەکەکە کابرا کەچەڵەکەیە، با تیمارێکی سەرە کەچەڵەکەی خۆی بکات و، لێگەڕێت ئێمەی کوردی عێراق چارەسەری کێشەکانی خۆمان بکەین. شەڕی براکوژی حەرامە، بەڵام داگیرکەر ئەگەر براکەشمان بێت هەر داگیرکەرەو، شەڕکردن لە دژی، نەک حەرام نیە، بەڵکو واجبە. ئێمەی کوردی عێراق تەعەداو زوڵم زۆری بەعسمان قوبوڵ نەکردوە، ئێستا چۆن لە پەکەکەی قوبوڵ ئەکەین…!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×