شەڕی مان و نەمان

ئاری هەرسین
  2023-09-13     334

هێندە حیزە قەومی کورد بۆ کوشتن و تاڵانیان
تاقمێ هاتون بە سواری حوشتری پێپانەوە

                     (مەلا حەسەنی دزڵی، پێنج خشتەکی لەسەرشیعرێکی ئەحمەد موختار جاف) 


ئەگەر هەتا ٩/١٩ هێزەکانی دیموکرات، کۆمەڵە و پارتی ئازادی چەک دانەنێن ئێران خۆی ئامادە دەکات بە درۆن و موشەک و هێزی زە مینی هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان. پێش ئێران، تورکیا ئەم بەرنامەیەی جێبەجێ کردوە. دەوڵەتی عێراق لە ڕێی کەرە ستەی قانونیەوە دەستی کردوە بە خنکاندنی خەڵکی هەرێمی کوردستان. 

کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتێکی لاواز پەیڕەو ئەکات. پێش هەمو شتێک هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران توانای نیزامی و دیپلۆماسی لەو جۆرەیان نیە هەتا مەترسیەکی گەورەبن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم عینادی و پێداگریەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر چەک کردنی ئەم حیزبانە لەسەر چ بنەمایەکە؟… ئەگەر کێشە کوردبونیانە، ئەوەتا پەکەکە کوردیشە و بە درێژایی سنوری هەرێمی کوردستان و ئێران بارەگا و بگرە سەربازگە (معسکر)یشی هەیە و، ئێران هیچ نیگەرانیەکی لا دروست نەبوە. تێگەیشتن لەم هاوکێشە سیاسیە زۆر قورس نیە. پەکەکە وەک لیوایەکی سوپای پاسداران وایە و، زۆر بە زەریفی و بە سەلیقەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ حەشدی شەعبی گرێ دراون. باشترین نمونەی ئەم گرێدانە شنگالە. ئێران کێشەی کوردی هەیە و ئەبێت بیر لە چارەسەری سیاسی بکاتەوە، بەڵام وا ناکات.

تورکیا قازانجێکی ئابوری و سیاسی باشی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوە. لە هەمان کاتدا پەکەکە بیانویەکی باشی داوەتە دەستیان کە بە ئارەزوی خۆیان عەمەلیاتی سەربازی لە هەرێمی کوردستان بکەن. هەرچی بۆریە نەوتەکەشە، وەک شادەماری ئێمە وایە و لەژێر دەستی خۆیدایە. بە واتایەکیتر، تورکیا (وەک ئێران) هەرێمی کوردستانیان کردۆتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان و، لە هەمان کاتدا هەژمونی سەربازیشیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. تورکیا کێشەی کوردی هەیە، هەر وەک ئێران، تاکە چارەی ئەم کێشەیە ڕێگەچارەی سیاسیە، بەڵام ئەمیش نایکات.

دەوڵەتی عێراق (ئیتر گرنگ نیە کێ لەم دەوڵەتەدا سەر حوکم بێت) بە ئاشکرا دوژمنایەتی هەرێمی کوردستان ئەکات. زۆر بە زیرەکانە و لە ڕێی بەکار هێنانی قانونەوە موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک کەرەسەیەکی داپڵۆسێنەربەکار ئەهێنێت. عێراق هەم لەگەڵ تورکیا هاوڕایە بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، هەم لەگەڵ ئێرانیش هاوڕایە بۆ لێدانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران. بە درێژایی تەمەنی حوکمی عێراق بەسەر میللەتی کورد دا، حوکمێکی فاشیستی شۆڤێنیست بوە. 

ئێمە ی کورد بەرەو کام چارە نوس ئەچین؟

پێویست ناکات ئینسان عەبقەری سیاسەت بێت بۆ ئەوەی تێبگات کە ئەم ساتە وەختە لۆزان، سایکس پیکۆ و سەنتۆ (پەیماننامەی سەنتۆ) یەکی ترە. ئەم سێ دەوڵەتە بە ئاشکرا دان بە بونی ئێمەدا نانێن و ئامادەی پێکەوەژیان نین لەگەڵ کورد. لە ئێستادا ئەوان هەرسێکیان (هەر وەک هەمیشە) یەکیان گرتوە لە دژی ئێمە. بەشێکی زۆری هەمو ئەم شتانەی باسکران هۆکارەکەی خۆمانین. چونکە پێدەچێت ئێمە هێشتا نەگەیشتبینە تەمەنی کامڵ بون (میللەت) و، هێشتا لە قۆناغی گاگۆڵکێی خێڵەکی و حیزب حیزبێنەدا گێنگڵ ئەدەین. چونکە ئەگەر ئێمە میللەت بوینایە، ئەبوایە ئێستا هەرچی ناکۆکی نێوانمان هەیە وەلامان بنایە و پێش هەرشتێک کەرامەتی خۆمانمان بپاراستایە کە ئەویش خاکی پیرۆزی کوردستانە، چونکە کەرامەتی میللەتێک هیچ نیە جگە لە نیشتیمانەکەی. میللەتی بێ نیشتیمان مەحکومە بە نەمان، بۆیە ئەگەر شەڕی مان و نەمان هێشتا لە قەناعەتماندا مابێت، ئەوا ئێستا کاتێتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×