کەرکوک و خانەقین ناوچەی ناکۆکی لەسەر نین

ئاری هەرسین
  2023-09-03     250

سەیرو سەمەرەی دونیا لەوەدایە خەڵکی غەیری خۆت بڕیار لەسەر ژیان و چارەنوست بدات. دەستەواژەی (ناوچە جێ ناکۆکیەکان)  داهێنانی ئێمەی کورد نیە. ئەم دەستەواژەیە لەسەرو بەندی حکومەتی ئینتیقالی لە ساڵی ٢٠٠٣ وە سەپێندراوە. لە ئێستادا کوردستانی بونی کەرکوک و خانەقین لەژێر سایەی ئەو دەستەواژەیەدا خراوەتە ژێر پرسیارەوە. لەڕاستیدا ئەو ناوچانە کێشە لەسەر نین، بەڵکو بەزە بری هێزی سەربازی داگیرکراون.

کێشەی جددی لە نێوان عەرەبی شۆڤێنیست و کورد دا هەیە. بڕوا کردن بە شۆڤێنیستی عەرەب و دەستورەکەی عێراق لە خۆش خەیاڵی زیاتر هیچیتر نیە. سەیر ئەوەیە هەندێک لایەنی سیاسی کوردستان قەزیەکە بچوک ئەکەنەوە و ئەڵێن ئەمە کێشمەکێشی حیزبیە. ئەم پاساوانە زۆر گێلانەن وخۆ ئەگەر بە ئەنقەست بگوترێن، ئەوا لە خیانەت زۆر نزیک ئەبنەوە. پارتی حیزبێکی کوردیە، سەیرە حیزبێکی سیاسی لە کاتی کۆنفلیکتی (ئەزمەی) نێوان حیزبێکی کوردی و شۆڤێنیستێ عەرە بدا ئەوەندە ترسنۆک و بێ هەڵوێست بێت جورئەتی ئەوە نەکات کە گوتار و پەیامێکی نیشتیمانی هەبێت و، چەپڵە بۆ شۆڤێنیستی عەرەەب لێبدات. زۆر عەیبە بۆ حیزبێکی سیاسی کێشەی نەتەوەیی بە ململانێی حیزبی وێنا بکات. عەیبەیەکی گەورە یە بۆ حیزبێکی سیاسی کێشەی نەتەوەی کورد و نەهامەتیەکانی بەدەست عەرەبی شۆڤێنیەوە نەبینێت (یان نەیەوێت بیبینێت)، ئینجا هۆکاری گوللەباران کردنی ڕۆڵەکانمان بخاتە ئەستۆی پارتی و گەڕانەوەی بارەگاکانی. عەجەبا ئێمەی کورد بە درێژایی مێژو کێشەی قوڵمان لەگەڵ شۆڤێنیستی عەرەب نەبوە. ئەوانەی ئەنفالیان کردین فەڕەنسی و سویدی بون؟… یەعنی ئەگەر پارتی نەبێت ئیتر عەرەبی ڕەگەزپەرست هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورد دا نیە؟… 

کورد برای هەموو میللەتانی دونیایە، بەڵام برای کەسانێک نیە کە جل و بەرگی سەربازیان لەبەردایە، چەکیان پێیە و بە پۆستاڵی داگیرکاریانەوە پێ ئەخەنە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان. هیچ داگیرکەرێکی چاوچنۆک برای کورد نیە، بەڵکو دوژمنە. عەرەب قەرزارباری کوردە و، ئەبێت ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن، نەک ڕۆڵەی میللەتەکەمان گوللەباران بکەن. عەرەب ئەگەر تۆزقاڵە زەڕەیەک ئازایەتیان تێدایە بابچن تۆڵەی خۆیان لە ئیسرائیل لە جولەکە بکەنەوە. شەرمەزاریە بۆ عەرەب بە ٢٢ دەوڵەتەوە بەدەست یەک دەوڵەتی جولەکەوە زەلالەتیان بێت و، ئێستاش لە کەرکوک لەبەرامبەر کوردی بێ چەک خۆیان لێ ببێتە پاڵەوان…!

پارتی بزوتنەوەیەکی سیاسی شەڕخواز نیە، بەڵام لەبەرامبەر زوڵم و زۆر و تەعەدای شۆڤینیستەکانیشدا ترسنۆک و بێ هەڵوێست نیە. هیچ کێشەیەکی سیاسی لە دونیا بە شەڕ چارەسەر نابێت، بەڵام کە ئیهانەیان کردیت وجار لە دوای جار شەڕیان پێ فرۆشتی، ئەبێت چەک هەڵگریت و لەسەر خۆت بکەیتەوە. ئەگەر وا نەکەیت، ئەوە مانای ئەوەیە کە شایانی ئەو ئیهانەیەیت کە پێت ئەکرێت.

مەسەلەیەک هەیە کە ئەڵێت: ئەگەر خراپکاران زەمیان کردیت و دوژمنت بون، ئەوە مانای ئەوەیە تۆ کەسێکی سەرڕاست و باشیت. شۆڤێنیستەکان خراپن. ئەوان دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکوک، بەڵام موشکیلەیان لەگەڵ خەڵکیتر نیە. ئەمەش مانای ئەوە یە پارتی داکۆکیکارە ڕاستەقینەکەی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان و سەرفرازی میللەتە، کە ئەمەش مەتحێکی زێدە بەهادارە بۆ پارتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×