کۆنگرە کەی حیزبەکەی مام

ئاری هەرسین
  2019-12-24     1702

هەندێک جار دەستەواژەی پراگماتیک بە هەڵە بە کار دەهێنرێت، چونکە بە پێوەری سەردەمی ئیدیۆلۆژی تەفسیری بۆ دەکرێت. پراگماتیک کاتێک تانە لێدانە کە ئایدیۆلۆژی لە ئارادابێت. لە سەردەمی ئێمەدا سیاسەتمەداری پراگماتیک زۆرترین شانسی سەرکەوتنی هەیە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. مام جەلال تاڵەبانی سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک بوو، بە مانای سەردەمی ئێمە. 

زۆر قسە لەسەر نەبەستنی کۆنگرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرا، بەڵام دواجار یەکێتی کۆنگرەی بەست و، کۆنگرەکەش بە هەموو پێوەرێک سەرکەوتوو بوو. یەکەم سەرکەوتنی ئەم کۆنگرەیە شکاندنی ڕێچکەی گوتاری دوور و درێژی میوانەکان بوو. یەکێتی بە شکاندنی ئەو ڕێچکەیە، کۆنگرەی لە نمایشەوە کردە  ئەرک و کردار. 

پێدەچێت، توێژێکی گەنج،  لە پەراوێزی سەرکردایەتی کەسانی شۆڕشگێڕ و بە ئەزمون سەرتاپای سەرکردایەتی نوێی یەکێتی داگیر بکات. ئەمە شتێکی باشە بەمەرجێک ئەو گەنجانە بە تەبیعەتی (سەرسپی) سیاسەت بکەن. گرنگە لەو ڕاستیە تێبگەن کە سیاسەتکردن بە عەنتەری لە سەرتاسەری مێژوودا کردەوەیەکی فاشیل بووە و، بۆ کەس نەچۆتە سەر و بۆ کە سیش ناچێتە سەر. سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نیشتیمانی هەرچەندە وەک تاکەکان بە هێزیش بێت، بەڵام ئەگەر یەکڕیزی خۆی نەپارێزێت و پەیڕەوی لە مەرکەزیەتێکی مەعقول نەکات، زەرەر بە یەکێتی و بە پڕۆسە ی سیاسی کوردستانیش دەگەیەنێت.

 دواجار، ئێمەی پارتیش هەر ئەوە ندە مان  بۆ دەمێنێتەوە پیرۆزبایی لە خوشک و برا ئازیزەکانمان  لە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەین، هیوای سەرکەوتنیان بۆ بخوازین و، پێکەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکەی ئەم هەرێمە، لە خزمەتی نەتەوەکەماندا و  خاکی پیرۆزی کوردستان بین. ئەگەر کەسانێکیش هێشتا ئەوەندە نەفس نزمن لە ژێر وێنە و ناوی سەرۆک مەسعود بارزانی تانە و توانجی نابەجێ لەم کۆنگرەیەیە و ئەنجامەکانی دەدەن، یان ئەوانەی هێشتا بە ڕۆحیەتی سەردەمی جەلالی و مەلایی لە قوڕی قوڕبەسەریی براکوژیدا چە قیون و ئیهانەی مەلا مستەفا دەکەن و خەریکی شەڕە پەڕۆن (لە کاتێکا پیرۆزترین پارچە پەڕۆ لەسەر ڕوی زە مین ئاڵا چوار ڕەنگەکەی خاکی پیرۆزی کوردستانە و هیچیتر)، هیچ وەڵامێک لە م بەیتەی مامۆستا شوکری فەزلی باشتر نیە:

گێرە شێوێنێ کە کای کۆنی بادا لە کنت
چاکە هەر لێیخوڕی سەیری دەم و کاوێژی نەکەی 

ئەم قسانەی بەندە لێرەدا نوسیمەوە، وەک ئەندامێکی پارتی کردومن، بۆیە لەوانەیە خەڵکانیتر هەبن بۆچونیان لە بەندە جیاواز بێت، کە ئەوەش ئاساییترین شتی ڕوی سەرزە مینە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×