سەری باوک و باپیرانت دای لەبەرد... کوردستان بۆ فرۆشتن نییە

ئاری هەرسین
  2019-07-21     2562
نیشتیمان دیارییەکی خوای گەورەیە بۆ دانیشتوانی. ھەر بۆیەش ھاوڵاتیان ئەرکی سەر شانیانە، نیشتیمانەکەیان بپارێزن و، تەنانەت لە پێناو سەرفرازی نیشتیماندا شەھید ببن.

خاکی پیرۆزی کوردستان نیشتیمانی دانیشتوەکانیەتی. خەڵکی کوردستان "زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەن بە قەسری قەیسەری"، چ جای قوبوڵ بکەن نیشتیمانەکەیان ھەڕاج بکرێت. ڕاستە ئێمە ھەندێک جار خۆخۆرین و، بایەخی ئەم گەوھەری نیشتیمانە نازانین، باڵام ھێشتا ئەوەندە بودەڵە نەبوین ڕێگە بدەین نیشتیمانمان لە بازاڕدا ھەڕاج بکرێت.

لە ھەواڵەکاندا خوێندمەوە کە گوایا عەرەبێکی شۆڤێنیست کە پارلەمانتاری خولی پێشوی پارلەمانی عێراق بوە بە ناوی "ئەیاد جەمالەدین" شەکری شکاندوە کە خاکی پیرۆزی ھەرێمی باشوری کوردستان بە تورکیا و ئێران بفرۆشن، لە بەرامبەریشدا تورکیا بڕێک زیادتر ئاوی ڕوباری فوراتیان بداتێ و، ھەرچی ئێرانیشە واز لە شەتولعەرەب بھێنێت و کۆنترۆڵی بکەوێتە دەست دەوڵەتی عێراق.

ئەم شۆڤێنیستە دەڵێت: ئایا عێراقییەکان پێیان باش نییە سلێمانی بە ئێران و ھەولێریش بە تورکیا، دوای ڕیفراندۆمەکەی بارزانی بفرۆشین؟

لە کۆتایی نوسراوەکەشی دەڵێت: "ئەم سەفقەیە لە قازانجی عێراقە، بەڵام بەو مەرجەی تورکیا و ئێران ڕازی بن بە کڕینیان".

دورکەوتنەوە لە شەرەف و کەرامەتی ئینسانی بەم جۆرە دەبێت کە "ئەیاد جەمالەدین" پەیڕەوی دەکات. چونکە ئەم جۆرە دەربڕینانە بێڕێزیە بەو ئینسانەی کە خوای گەورە کەرامەتی پێ بەخشیوەو داکۆکیش لە کەرامەتی دەکات.

حەزمان دەکرد ئەم وەفادارەی ڕێبازی بەعسییەکان، ھێندەی تۆزقاڵێک جورئەتی ھەبوایە و لە سلێمانی و ھەولێر ئەم شەکرەی بشکاندایە. ھەر ئەوەندە دەڵێم سەری خۆی و باوک و باپیرانی دای لە بەرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×