ڕێبین هەردی بۆ وا ئەکات؟

ئاری هەرسین
  2020-05-11     2316

ئەم بەیانیە کەسێک بە ژمارەیەکی واستئاپی وڵاتی سوید، کە هیچ ناوێکی لەسەر نەبوو سەردێڕی ئەم وتارەی بۆ ناردم. لە پێشا زۆر بە شان و باڵمدا هات و موجامەلەی کردم. پاشان ووتی: ڕاستە ڕێبین هەردی خزمی بەڕێزتانە؟… ووتم بەڵی ڕاستە و لە خزم زیاترە… ووتی: ئەرێ ئەم ڕێبین هەردیە بۆ وا دەکات؟… لێم پرسی ڕێبین هەردی چی ئەکات؟… ووتی: دژایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەکات و گێرەشێوێنە…  وتم چۆن ئەزانی وایە؟… ووتی بە وتارەکانیا؟… وتم تۆ ڕێبین بە شەخسی ئەناسی؟… وتی نەخێر لە ژیانما نەمدیوە، بەس هەر دیارە چ ئینسانێکە ئەوە خیانەتی لە گۆڕانیش کرد. پێم وت تەلەفونەکەت داخەرەوە و، ئەم ووتارەم بخوێنەرەوە. وتی کام وتارە؟… وتم ئەوەی کە دوای داخستنی ئەم تەلەفونە دەست ئەکەم بە نوسینی…

بۆ ئەو کەسەی کە خۆی نەناساند و پرسیاری لەسەر کاک ڕێبین هەردی هەبوو:

ڕێبین جگە لە شوێنگرەوەی ئامۆزا، ڕەفیقیشمە. بەڵام ئەم نوسینە لەدەرەوەی عاتیفەی کەسایەتی و ڕەفیقایەتیەوە نوسراوە. ئەم گێرەشێوێنە، کوڕی شاعیر و سیاسەتمەداری کوردستان، مامۆستا ئەحمەد هەردیە. ئەگەر کەسێک هەبێت خەڵکی کوردستان بێت، خۆی بە خوێندەوار بزانێت و نەزانێت مامۆستا هەردی کێیە، ئەوا موسیبەتە ناوی بنێن خوێندەوار. مامۆستا هەردیش، نەکە وەک نوسەری ست فاتمە، بەڵکو مامۆستا هەردی بلیمەت و ئەندازیاری هونەری حیزبایەتی، بیرمەندی نیشتیمانی، زمانزان و ئینجا شاعیر. ئەم پێشگرەی کە ئەدرێتە پاڵ هەردی کە پێی ئەڵێن (مامۆستا)، لەبەرئەوە نیە کە (دارالمعلمینی ریفی) خوێندوە و بوەتە مامۆستا. بەڵکو لەبەر کارامەیی سەلماندنی پسپۆڕیەتی لە زۆر بواردا، وەک سیاسەت و حیزب، زانستی زمانەوانی، شیعر،  کۆمەڵناسی و تەنانەت تێگەیشتن لە دونیای مناڵ. هەردی جگە لە نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ ئینسان و شیعر (وەک ئامرازی دەربڕینی فکر و هەستی جوان و ئاڵۆزی ئینسانی، لە ڕێی تەکنیکێکی تایبەتی قسەکردن و ووتار)، خاوەنی هیچ شتێکیتر نەبو. کاک ڕێبین پەروەردەی مەدرەسەی ئەو ئینسانە گەورەیەیە.

کاک ڕێبینی کوڕی مامۆستا، لە ئەنجامی کارەساتەکەی ساڵی ١٩٧٥ کە بەسەر میللەتەکەمان هات، لە ساڵی ١٩٧٥ هەتا ١٩٧٩ ئاوارەی ئێران بو. لە ڕێکخستنەکانی ناو شاری سلێمانی (پێشمەرگەی ناوشار) کەسێکی زۆر ئازا و، لە دەستگیرکردنیا لە لایەن ئەمنی سلێمانیەوە (بێگومان لەگەڵ هاوبیر سیروان) لە ساڵی ١٩٨٢(ئەمنی سلێمانی بەرەبەیانێک کاک ڕێبینی لە کۆڵانێکا فڕێدا بوو، سایەقێکی تەکسی بەخێری خۆی گەیانبویەوە ماڵەوە)، کە چووم بۆلای نەم ئەناسیەوە، چونکە لە ئەمن ئەوەندەیان لێدابوو، هەموو سەر و دوموچاوو قاچەکانی ئاوسابوون. ئەگەر کاک ڕێبین خۆڕاگر نەبوایە لە ژێر ئەشکەنجەدا، ئەوا زیاد لە ٥٠ کەسی بە گرت ئەدا و کەمی لە مردن ڕزگاری ئەبو. ڕێبین لە ساڵی ١٩٨٧ بەدواوە پێشمەرگە ی شاخ بوو. لە هێرشە کەی دۆڵی جافایەتیا بەر کیمیایی کەوت و بریندار بوو. لە هەمو ئەم کارەساتانەدا کە بەسەر کاک ڕێبین هاتن، بۆ ساتێکیش نەکوڕوزایەوە و لە مەبدەئی کوردایەتی پەشیمان نەبوەوە.

نە کاک ڕێبین و نە بنەماڵەکەی، بۆ چرکەساتێک خیانەتیان لە خاکی پیرۆزی کوردستان نەکردوە و، بگرە بە بەردەوام گیانفیدا و، لە ڕیزی پێشەوەی بەهرەدارانی خزمەتگوزاری خاکی پیرۆزی کوردستان بوون.

زۆر کەس لافی پۆست مۆدێرنە لێ ئەدەن. هەندێکیان لە کونجی قەناعەتی ئەوروپا، هەندێکیشیان لە کونجی قەناعەتەکەی کوردستان. جیاوازی کاک ڕێبین لەگەل هەموو ئەوانیترا ئەوەیە، کە کاک ڕێبین بە کردەوە سەلماندویەتی کە نیشتیمانپەروەرە، هەرگیزیش لەو جۆرە ئینسانانە نیە بە تەکلیف و بۆ بەرژەوەندی شەخسی شت بڵێت یان بنوسێت، وەک باوکیشی بە هیچ جۆرێک کەسێکی ڕقاوی نیە. کاک ڕێبین کە شت ئەڵێت، بە قەناعەتەوە ئەیڵێت، ئیتر نەلەترسی کەسە و نە بۆموجامەلەی کەسە. ئینجا ئەم شتانە لەوانەیە بەدڵی بەندە یان کەسانێکیتر نەبن، ئەوە مەسەلەیەکی ترە. کاک ڕێبین پێویستی بەوە نیە بۆ هیچ کەسێکی بسەلمێنێت کە ئینسانێکی نیشتیمانپەروەرە، چونکە زۆر دەمێکە ئەوەی سەلماندوە.  کاک ڕێبین لەداخی بێدادی، داگیرکردنی نیشتیمانەکەی و، مافە سەرەتاییەکانی ئینسان وا ئەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×