بۆ برای بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر

ئاری هەرسین
  2019-06-28     1899
بە ڕەحمەت بێت کاک شێخ محەمەد ھەرسین جارێکیان شتێکی لەسەر مەلا مستەفای ڕەحمەتی بۆ ڕەفیقەکانی دەگێڕایەوە، بەم جۆرە: جارێکیان ڕۆژنامەنوسێکی خەڵکی شاری نیویۆرکی ئەمەریکا ھاتبوە ناوپردان و لە مەلامستەفای پرسی بۆچی لەبری حوکمی زاتی بانگەشەی دەوڵەتی کوردی ناکەی؟... مەلا مستەفا لێی پرسی تۆ خەڵکی کوێیت؟... ئەویش گوتی خەڵکی نیویۆرکم. مەلا مستەفاش پێی گوت ئەگەر تۆ ١٠٠ دۆلارت پێبێت، دەتوانی بچیتە بازاڕی نیویۆرک و بە ئەندازەی ٥٠٠ دۆلار شت بکڕیت؟... ڕۆژنامە نوسەکەش گوتی نەخێر ناتوانم، بەس مەبەستت چیە. مەلا مستەفاش پێی گوت: ئێمەش بایی حوکمی زاتیمان پێیە!

ڕاگەیاندنەکەی کۆمەڵی ئیسلامیمان  لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا و داواکاری چونەدەرەوەی ھێزەکانی تورک لە ھەرێمی کوردستان بینی. نازانم ئەگەر جەنابتان سەرۆکی ھەرێم یان سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بونایە بە چ ئالیاتێک ئەم داواکاریەی خۆتان جێبەجێ دەکرد؟

نیوەی ھەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی خۆماندا نیە. ئایا ئیمکان دەبێت بە عەریزەیەک داوا لە دەوڵەتی عێراق بکەین خاکەکەمان بداتەوە؟ کە ئەمە نە تورکیایە و نە ئێرانیشە!

جەنابی بەڕێزتان وەک سیاسەتمەدارێکی خاوەن ئەزمون، پێتان وایە بە تەلەفونێکی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم، تورکیا ھێزەکانی لە ھەرێم بکشێنێتەوەو بۆردومانی وڵاتی کوردستانیش ڕادەگرێت؟

مامۆستای بەڕێز...

بەبەرچاوی دەسەڵاتی موسوڵمانی سوننە و شیعە مەزھەب و  وڵاتانی مەسیحی و دەوڵەتی جولەکە کوردستان لەژێر فشارێکی بەردەوامی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە. بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بە تێڕوانینی واقیع بینانەی مومارەسەی مومکینات باڵانسێکی ڕاگرتوە کە خۆی لە خۆیدا ئەوپەڕی ھونەرمەندی سیاسەتکردنە. پێم وایە ئەگەرھەموان پشتیوانی بین، ئەو ئەرکەی بەڕێزتان بۆتان دیاریکردوە بە ئاسانتر بۆی جێبەچێ دەکرێت.

ئەگەر حیزبەکەی بەڕێزتان بە تاکە مەفرەزەیەکەوە بە مەبەستی ڕزگار کردنی باکوری کوردستان بچێتە ئەو دەڤەرە، بۆ پەکەکە ئاسک و پروسکی ھەڵناوەرێنێت؟... ئێ خۆ باکوری کوردستان موڵکی باو و باپیری جەنابتانە. بەڵام پەکەکە ھەم خۆی بە ساحێبی باکور دەزانێت و ھەم ئێرەش.

پەکەکە جگە لەوەی بە ھەموو مانایەک بەشێکی ھەرێمی کوردستانی داگیر کردوە و، ئەجندایەکی دژ بە دۆزی کورد جێبەجێ دەکات. پەکەکە بیانو نیە بۆ بۆردومانەکانی تورکیا، بەڵکو دارێکی حەیزەرانی  بە دوو دەست پێشکەشی سوپای تورکی کردوە بۆ ئەوەی ئەشکەنجەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی پێ بدات. پەکەکە دەزانێت کە ئەگەر بارگەی بۆ باکوری کوردستان بگوێزێتەوە، بەرگەی دوو مانگی سوپای تورک ناگرێت. ھەر بۆیەش لە قەندیل ماوەتەوە و لاشی ئاساییە بە سەدان ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی بێ تاوان ماڵیان وێران ببێت و شەھید بن و ھەموو تاوانی ئەو کارەساتە بخاتە ئەستۆی سەرۆک و حکومەت و ھەرێمی کوردستا بەگشتی.

مامۆستای ئازیز...

زەحمەتە بڕوا بکەم بەڕێزتان ئەم ڕاستیانە نەزانن... دەبو سەرکردایەتی کۆمەڵ زێدە ڕاوێژی بە ئینسانێکی بە ئەزمونی وەک بەڕێزتان بکردایە، ئینجا ئەو ڕاگەیاندنەیان بڵاو بکردایەتەوە. خۆ ئەگەر مەسەلە تەنیا موزایەدەیەکی سادەو ساکاریشە، دیسانەوە تەوقیتەکە دروست نیە. چونکە خۆ ئێستا کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن نیە. ئەم بۆردومانانە و ئەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کاتانەشدا ھەبوون کە کۆمەڵی ئیسلامی وەزیری لە حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەبوو، خۆ ئەمە شتێکی تازە  نیە.

دواجار، ھیچ خوێندەوار و سیاسەتمەدارێکی کوردستان نیە نەزانێت پەکەکە چیە و چۆنە، کەچی کەمن ئەو ئەو کەسانەی دەوێرن ڕاستیەکان لەسەر ئەم ڕێکخراوە دەرببڕن.

لەگەڵ ڕێزی بێپایانم...

والسلام و علیکم و رمحت اللە و برکاتە


ئاری محەمەد ھەرسین
٢٠١٩/٦/٢٨ 
سلێمانی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×