دەسەڵاتدارێتی خۆڵەمێشیی

ئاراس فەتاح
  2019-01-10   

گەر لەڕابردوودا کێشەی دەسەڵاتی کوردیی بریتی بووبێت لە گومانی قووڵی ھاوڵاتیان لە کردە و قسە و مژدەی سەرکردەکانی، ئەوا لەمڕۆدا ئەم کێشەیە قووڵتر و گەورەتر بووەتەوە و چۆتە قۆناغی بەدگومانییەوە. لەم قۆناغەدا ھاوڵاتیانی ھەرێم لەھەموو کردەیەکی ئەم دەسەڵاتە بەدگومانن. بەدگومانیی دۆخێکی مەترسیداری پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، چونکە خەڵک نەک تەنھا بڕوای بە ھیچ حیکایەتێکی دەسەڵات نامێنێت، بەڵکو ھەموو ھەنگاوێکیشی بە کردەیەکی دوژمنکارانە تەماشادەکات. ھاوڵاتیان پێویستیان بە تێگەیشتن ھەیە لە بڕیار و ھەنگاوەکانی سیاسەت، ھەر کاتێکیش لە زانیاریی و ئارگیومێنتەکانی دەسەڵات بێبەریی بوون و تێنەگەن بۆچی و کێ بە کردەیەکی نایاسایی ھەڵدەستێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵات جڵەوی خۆی لەدەستداوە و جگە لە بەرھەمھێنانی زەبروزەنگ ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری نییە. ئەلفوبای فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی پێماندەڵێت کە ھەموو دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی زەبر و ھێز دادەمەزرێت، بەڵام زەبرێک کە ھیچ ھێز و کەسێکی دەرەوەی دەزگای دادگا مافی پیادەکردنی نییە، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆلکراوبێت. واتە لە دەوڵەتی یاسادا دەبێت رووبەری گشتیی بە شێوەیەکی شەفافانە لە ھەموو ڕوودا و پێشھات و ھەنگاوێک ئاگاداربکرێتەوە و جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر نەتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەروو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ گروپیی و سیاسیی و لۆکاڵییە. دەسەڵاتداران کاتێک دەبنە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا کە ھاوڵاتیان نەزانن کێ بڕیار دەردەکات و چ دەزگایەکیش جێبەجێیدەکات و بۆچییش ئەو فەرمانە دەرکراوە. لەمڕۆشدا پێناسی ھێز و مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگ لە مەترسییدارترین دۆخی خۆیدایە، چونکە حیزبە سیاسییە باڵادەستەکان لەنێوان خۆیان و لەناو خۆیاندا ھێندە ناکۆک و دابەشبوو و پەرتەوازەن کە زیاد لە ھێزێکی شاراوە و نادیار فەرمان دەردەکەن و لەبری یاسا توندتوتیژیی پیادەکەن. ھەرئەم دۆخەشە وادەکات کە کۆمەڵگای ئێمە لەم قۆناغەدا لەبەردەم ھەڕەشەی ئینفیلاتێکی ئەمنییدا بێت کە مەترسییەکی گەورە بۆ ئاساییشی کۆمەڵاتییمان بەرھەمدەھێنێت، چونکە ھەر حیزبە لە ناوچەی خۆی و ھەر ھێز و گروپ و کوتلەی ناو حێزبێکیش بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت لەبری یاسا فەرمان دەربکات و بەنھێنیی و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاسا خەڵک بگرێت و دەزگای رۆشنبیریی دابخات و بێسڵەمینەوە و لێپرسینەوە توندوتیژیی پیادەبکات.

گرنگترین کەرەسەی دەسەڵات بریتییە لە قەناغەتپێھێنان، ھەرکاتێکیش دەسەڵاتێک توانای قەناعەتپێھێنانی نەما، ھاوڵاتییان نە تێدەگەن و نە تێگەیشتنیشیان دەبێت بۆ کردە و بڕیار و ھەنگاوەکانی دەسەڵات. داخستنی سینەما سالم لەلایەن ھێزێکی ئاساییشەوە لە شاری سلێمانیی و گرتنی ئەندامانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن دەزگای ئاساییشی ھەردوولاوە تەنھا مانای ونبووکردن و نادیارکردنی بکەرە سەرەکییەکانی بڕیار نییە، بەڵکو مانای ھەڵتەکاندنی ھەموو مانایەکە بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و کردنی سیاسەتە بە کۆیلەی دەزگای زانیاریی و پاراستن و ئاساییش و بەرژەوەندیی گروپ و خێزانە سیاسییە داخراوەکانی ناو دەسەڵات. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسییدارە بۆ ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەی کە لەداھاتوودا نەوەی نوێی ناو پارتیی و یەکێتیی دەیانەوێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دایمەزرێنن. مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەکی خۆڵەمێشیی کە تیایدا چەمکی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ سەروەر دەبێت.
.................................

تێبینی:
بۆ روونکردنەوەی زیاتری چەمکی چەمکی ”دەسەڵاتدارێتی ھیچکەس“ لای ھانا ئارێنت و نەبوونی ئەزموونی بیرۆکراسییەتی حوکمدارێتیی یاسایی و کارکردن بە مۆدێلی فەرمان لەبری یاسا لەناو جەستەی حیزب و دەسەڵاتدارێتی کوردییدا، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتارێکم کە لە ساڵی 2013 دا بەناوی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاومکردۆتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×