ڕۆژی ٧ی شوبات سایتی گۆڤار و ده‌زگای به‌ناوبانگی دێر شپیگل «Der Spiegel» ی ئه‌ڵمانی، بابه‌تێکی به ڤیدیۆی ئه‌و چه‌ته‌یه‌ی, که که‌زیی کچه شه‌ڕڤانه شه‌هیده‌که‌ی بڕیبوو، به ناوی (کورده‌کانی سوریا: چۆن که‌زییه‌کی ساخته جیهانی هه‌ژاند!) بڵاوکردبۆوه، باسی له‌وه ده‌کرد، که هێزه‌کانی هه‌سه‌ده له رێگه‌ی سۆسیالمیدیا و به هۆی ڤیدیۆیه‌که‌وه، که که‌زییه‌کی به‌ده‌سته‌وه بووه، ته‌واوی هه‌وادارانیان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بزواند. به کورتییه‌که‌ی ڕاستی ڕووداوی که‌زییه‌که‌ی ده‌خسته ژێرپرسیاره‌وه و گومانێکی زۆری ده‌خسته سه‌ری، چونکه له دواڤیدیۆیدا، پاش ده‌نگدانه‌وه‌ی کاره قێزه‌ونه‌که‌ی و له ترسا، بڵاویکردبۆوه ده‌ڵێت، که ئه‌و که‌زییه‌ی پێی بووه، ڕاستیی نه‌بووه، به‌ڵکو دروستکراو بووه!
هه‌مانڕۆژ نامه‌یه‌کم به ئه‌ڵمانی له رێگه‌ی سایته‌که‌ی خۆیانه‌وه وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێکی کورد و خوێنه‌رێکی خۆیان ناڕه‌زایی توندی خۆم بۆ نوسین، که ئه‌مه وه‌ک سوکایه‌تی و به‌که‌م گرتنی قوربانینانی شه‌ڕی تیرۆریستان و داعشه‌کانه، هه‌روه‌ها به‌که‌م سه‌یرکردنی خه‌باتی کورده‌کانه دژ به‌و توندڕه‌وانه. پاشان نوسیم، که وه‌ک ڕۆژنامەنووسێکی کورد و خوێنەرێکی به‌رده‌وامتان، زۆر دڵتەنگ و ناڕازیم لە شێوازی ڕاپۆرتاژەکەتان دەربارەی ئەوەی کە بە «ڕووداوی که‌زیی» ناودەبرێت. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی سووریا بە فەرمی ڕاگەیاندوە، کە تاوانبارەکە دەستگیر کراوە. لە ڕاپۆرتاژەکەتاندا ئەو هەستە درووست دەبێت کە هەندێک ڕاستی و زانیاری گرنگ له بایه‌خیان کەم دەکرێنەوە یان پشتگوێ دەخرێن.
من له میدیایەکی وەک «Der Spiegel» کە تا ئێستا وەک سەرچاوەیەکی بێلایەن و باوەڕپێکراو دەبینرا، چاوەڕوانی ڕاپۆرتدان و هه‌واڵی بابه‌تییانه و بێلایه‌نانه وه هاوسەنگ و ڕوونتان لێدەکەم....هتد.
*******
ئه‌وه بوو ئه‌وان دوای چه‌ند ڕۆژێک ڕاپۆرته هه‌واڵه‌که‌یان له‌سه‌ر سایته‌که‌یان سڕییه‌وه، رۆژی ١٣ی شوبات، واته دوای نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌ک وڵامێکی درێژیان به رێگه‌ی ئیمه‌یلدا بۆم نارده‌وه، که ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی به کوردی:
بابه‌ت: ڕه‌خنه له‌سه‌ر ڕاپۆرته هه‌واڵه‌که
سڵاو
سوپاسێکی زۆر بۆ نامەکەتان و بۆ ڕەخنەکەتان لەسەر لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکانمان دەربارەی ڤیدیۆی زوڵفەکە لە تەل ئەبیەز و هەروەها چەند ڤیدیۆی تر. دەمانه‌وێت لە سەرەتاوە شتێک ڕوون بکەینەوە: هەرگیز مەبەستمان نەبووە و نییە کە تراوما و ئازارە ڕاستەقینەکان کە گەلی کورد بە ماوەی دەیان ساڵ ڕووبەڕوویان بووەتەوە پشتگوێ بخەین یان کەمڕەنگیان بکەینەوە؛ یان ئیسلامییە توندڕەوەکان بپارێزین، یان ئەو پیاو و ژنانه‌ی کە لە شەڕی دژی داعش بوونه قوربانی و کوژران بێ‌ڕێزیان پێ بکەین.
ئەگەرچی ناتوانین لە هەر وتارێکدا مێژووی تەواوی ئەو نادادپەروەرییە درێژخایەنەی کە بەرامبەر کەلتوور، یەکسانی، و زمانەی کوردی کراوە باس بکەین، بەڵام خەباتی کوردەکانمان بۆ ئازادی و مافی چارەنووس بە جدی وەرگرتووە و زۆرجار ڕاپۆرتیان لەباره‌وه دەکەین.
لە مانگی ئایاری ساڵی 2014دا پێشتر لە شاری کۆبانیش ڕاپۆرتمان کردوه، کاتێک هێزە کوردییەکان دژی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش)، کە بەرەو شاره‌که‌یان دەهات، شەڕیان دەکرد، چه‌ندان مانگ پێش ئەوەی میدیاکانی تر تێبگەن چی لەوێ ڕوودەدات، هەتا لە چیرۆکی سەرپەڕەی گۆڤارەکەشدا.
لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا لە شەنگال ڕاپۆرتی ڕاستەوخۆمان بڵاو کردەوە دەربارەی شەڕەکان لەوێ و له‌باره‌ی کوشتن و کۆیلەکردنی هەزاران ئێزدی. لە کۆتایی ساڵی 2022 دا لە باکوری عێراق سەردانی ئەو خۆپیشاندەرە کوردانەمان کرد کە لە ئێران هه‌ڵاتبوون و بە شێوەیەکی قورس بریندار بووبوون. هەروەها نزیکەی بیست ساڵ پێش ئێستا لە چیاکانی قەندیل بووین.
هەروەها بە شێوەیەکی ورد و ڕەخنەگرانه لە زۆر میدیای تر، لێکۆڵینه‌وه‌مان له مێژووی جیهادیی ئەحمەد الشەرع کردووە. ئەگەر لە لایەن ئێوەوە ئەو هەستە درووست بووبێت، کە گوایە ئێمە خۆمان دەدەینه پاڵ به‌ره‌یه‌کی سیاسی ، دەتوانین دڵنیاتان بکەینەوە، کە ئەمە ڕاست نییە. هەڵوێستی ڕۆژنامەوانیی ئێمە وا پێویست دەکات لەبەر هەر به‌ره‌یه‌کی سیاسیی‌دا ڕەخنەگر و دوور بمێنین.
سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانمان دەربارەی ئەو ڤیدیۆیانە، کە هەندێکیان لەلایەن “نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەربەخۆی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەڵمانیا” ڕاستەوخۆ بۆمان نێردران، ئەو گومانە کورت و سادانە بوون، کە دەگوترا بەڵکو بەڵگەی تاوانی شەڕ بن. بە تایبەتی ئەم ئەنجامانە وایان کرد، کە ڤیدیۆ و وێنەکان ئەوەندە گرنگ و هەستیار بن. بۆیە له چەند هەفتەیەک پێش ئێستاوه دەستمان بە لێکۆڵینەوە دەربارەی دروستبوون و پێوەندی و کۆنتێکستی ئەم ڤیدیۆیانە کردوە. ئەمە کار و پیشەی ئێمەیە.
زۆرێک لەو ڤیدیۆیانە بێ ئەوەی شوێن و کاتی تۆمارکردنیان دیاری بکرێت، بڵاو کرانەوە، کە وا دەکات پشتڕاستکردنەوەیان یان سەلماندنی ساختەبوونیان زۆر دژوار بێت. بەڵام ژمارەیەکیشیان دواتر دەرکەوت کە ساختەن، یان لە شوێنێکی ترەوە هاتوون، یان بە voiceover (پارچه‌یه‌کی ڤیدیۆ کاتێک به مه‌به‌ست ده‌نگێکی تری ده‌خرێته سه‌ر- هیوا)، گۆڕانکارییان تێدا کراوە.
لە حاڵەتی ڤیدیۆی که‌زییه‌کەشدا، ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی تەکنیکی ڕاستەقینە بوو، بەڵام وەک بەڵگەی تاوانێکی ڕاستەقینە نه‌سەلمێنرا بوو. ئەوەی کە وتارەکانی کەسی فیلمکراو هەم دژ بە ژنان و هەم دژ بە کوردان بوون ئەمە بێ‌گومانە. لە وتارەکەشدا ئەم بابەتە ناوبرا و ڕەخنەی لێ گیرا. بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان تاوانێکی ڕاستەقینە و قسە و ڕاگەیاندنی میسوژینی (دژ بە ژنان).
لەبەر ئەو ڕەنگدانەوە گەورەیەی کە ئەم ڤیدیۆیە لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو، پشکنینی وردی ئەم ڤیدیۆیانە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەوانییدا: لە کوێ دروست بوون؟ کەی؟ کێ لە نموونەیەکی تر وتارێکدا ده‌رباره‌ی کوژرانی جوتیارە کوردەکە سادق بوزان؟ ئەو کەسانەی کە لە ڤیدیۆدا دەبینرێن چی دەڵێن؟ خزمەکان، دراوسێکان و پەرستاران چی دەڵێن؟
زۆر پەشیمانین ئەگەر ئەم وتارە وا هەستێک لە ئێوەدا دروست کردبێت کە گوایە ئێمە ترس و نیگەرانییەکانی گەلی کورد پشتگوێ دەخەین، بە هیچ شێوەیەک وا نییە.
ئێمە لە داهاتووشدا بە وردی چاودێری دەکەین، کە ئەو دانپێدانانەی یەکسانیی مافی یاسایی بۆ هەموو ئه‌و مافانه‌ی کوردان، کە بە فەرمان لە دیمەشق ڕاگەیاندرا، چۆن جێبەجێ دەکرێن، یان ئایا زمانی کوردی بە ڕاستی وەک دووەم زمانی نیشتمانی لە دەستووردا جێگیر دەکرێت یان نا.
هەروەها لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە پشکنینی ڤیدیۆ، پۆست و ڕاگەیاندنەکانی میدیاییدا.
لەگەڵ ڕێز
خزمەتگوزاری خوێنەران
SPIEGEL-Verlag Rudolf Augstein GmbH & Co. KG
Ericusspitze 1
20457 Hamburg
