ئەو دەمەی «دنیادیدە»کان سواری سەری خۆیان بون‌و چارەنوسی گەلێکیان بەرەو ھەڵدێر برد

د. یوسف محەمەد سادق
  2023-09-24     475


لەمێژوی گەلاندا روداوەکان کاریگەریی گەورەیان ھەیە. روداو ھەمیشە ھەڵگری مەترسی و دەرفەتیشە بەرێژەی جیاواز. سەرکردەی کارامە ئەوانەن کە نەک تەنھا گەلەکانیان لەمەترسیی روداوو پێشھاتەکان ئەپارێزن، بەڵکو تەنانەت مەترسییەکان ئەگۆڕن بۆ دەرفەت. 
بۆ نمونە سەرھەڵدانی داعش و شەڕ و کردە تیرۆریستییەکانی، مەترسی بو بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەو ھەمو جیھان. بەڵام ئەمە رێگر نەبو لەوەی شەڕی دژی تیرۆر لە لایەن زۆرێک لەدەوڵەتانەوە بقۆزرێتەوە بۆ دەستکەوت و جێبەجێ کردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانییان، وەکو رژێمی بەشار ئەسەد کە کردیە بەردەبازێک بۆ قایم کردنەوەی پایەکانی حوکمی خۆی، یان تورکیا کە کردیە بیانوی لەشکرکێشی لەھەرێمی کوردستان و باکورو باکوری رۆژاوای سوریا، یان ئێران کە شەڕەکەی قۆستەوە بۆ پتەو کردنی ئەوەی پێی ئەوترێ (کەوانی شیعی).
ئەوە تەنھا کورد بو کە سەرەڕای ئەوەی لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆر بو و ھەزاران شەھید و برینداری بەخشی، بەڵام نەک بێ دەستکەوت بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ دواوە و لاوازییەکی گەورە لێی ھاتەدەر.

سەدام حسەین بەبیانوی گەڕاندنەوەی «فەرع» بۆ «ئەسڵ» کوەیتی داگیر کرد، عێراق تا ئێستاش باجەکەی ئەدات! ئەبێ کوردیش تا چەند ساڵ و دەیەی تر باجی ھەڵەکەی بارزانی و ھاوئاوازەکانی بدات کە گوایا «ریفراندۆم»یان بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد کەچی بویە ھۆی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، بەفیڕۆچونی خوێنی ھەزاران شەھیدو بریندارو لەدەستدانی دەسەڵاتە دیفاکتۆکانی ھەرێم.

کاتی خۆی زۆرمان وت ئەمە مەکەن ھەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە، بەڵام ئەوان ئێمەیان بەبێ ئەزمون ئەزانی و پێیان وابو ئێمە «ھێشتا لەدونیا تێنەگەیشتوین»! ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو کاتەدا بەوەلانانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێم، نەخوێندنەوەی دروستی گۆڕاوو پێدراوەکانی ناوچەکەو جیھان بو، نەخوێندنەوەی دروستی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئاڵۆزیی کێشەی کورد بو، تەنانەت نەخوێندنەوەی دروستی مێژوی دەوڵەتی عێراق و ھۆکاری لکاندندنی ویلایەتی موسڵ بەو دەوڵەتە و، رۆڵ و کاریگەریی ھەر یەکە لە کارەکتەرەکانی پێشو و ئێستای عێراق بو. 
ھەر بۆیەش ئەتوانین بڵێین کە ئەنجامدانی «ریفڕاندۆم» لەو کاتەدا ھێندەی پەرچەکردارێکی شەخسی بو بۆ لەدەستدانی شەرعییەتی پۆستێک، ھێندە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نەبو بۆ بەرەوپێش بردنی دۆزی گەلێک. رەنگە ھەر ئەمە شرۆڤەی ئەوە بکات کە داخۆ بۆچی ھیچ دێکۆمێنتێکی قانونی و رەسمی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان سەبارەت بە ریفڕاندۆم بونی نییە!؟

کاتی خۆی کە لە ٢٠١٨ وتمان پێویستە «ریفراندۆم»چییەکان، ئەوانەی بڕیاری ئەنجامدانییان دا، دادگایی بکرێن، ئەمانزانی لەدەرەنجامی ئەو بڕیاڕە ھەڵە کەمەرشکێنە چی روبەڕوی ھەرێم ئەبێتەوە. 
گەلانی پێشکەوتوی دنیا ھەمیشە لێکۆڵینەوە لە شکستەکانیان ئەکەن و بەرپرسیارێتییەکان دیاری و ئاشکرا ئەکەن بۆ ئەوەی رێ لەشکستی تر بگرن. بەڵام ئێمە شکست دوای شکست بەسەرماندا دێ و، ئەبێ چاوەڕێی شکستی نوێ بین، چونکە ھیچ ھەڵسەنگاندنێک بۆ شکستەکان و رۆڵی ھەر یەکە لەکارەکتەرەکان و، چۆنیەتیی کارلێکی فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان  تیایایدا ناکەین.

زۆرترین بینراو
بومەلەرزە سیاسییەکەی تورکیا: باخچەلی لە نەیاری سەرسەختەوە بۆ پێشنیازکاری ئازادکردنی ئۆجەلان
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: یاسای نوێ بە هیچ شێوەیەک لێخۆشبوونی گشتی نییە و سەرکردەکانی پەکەکە ناگرێتەوە
ئاگادارییه‌ك له‌ ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق بۆ به‌كارهێنه‌رانی كۆڕه‌ك تیلیكۆم
هۆشداری لە دۆخی دەرونیی لاهوور شێخ جەنگی دەدرێت
دادگای فیدراڵی سكاڵایه‌كی له‌دژی راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌تكرده‌وه‌
دەستگیرکردنی بەرپرسێکی هەواڵگری حەشدی شەعبی دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆز دروست دەکات
رۆبه‌رتۆ كارلۆس ده‌نگۆی موسڵمانبونی ره‌تده‌كاته‌وه‌
نامۆ فازیڵ لە یارییەکی MMAدا بەرامبەر ڕکابەرە بەڕازیلییەکەی تووشی شکست هات
ئێران پەیامێکی تووند دەداتە ڕۆژئاوا: لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، مووشەکەکانمان دەگەنە ئەوروپا
شارەزایەکی ئابوری: لابردنی سفرەکانی دیناری عێراقی گوزەرانی هاوڵاتیان ناگۆڕێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×