هەڕەشەکانی زەیدی، پێش عێراق، پیلانی تورکیا و ئێرانە؟

شێرکۆ کرمانج
  2026-11-29   

بەشی دووەم

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە تاوتوێی چەندین پاڵنەر و هۆکار کرد لە پشت هێرشەکانی عەلی زەیدی بۆ سەر جورفول سەخر، کە زیاتر مەبەست لێی ڕازیکردنی ئەمریکاییەکان بوو، پێشدەچێت هەر شانۆگەریی بووبێت، نەک چەککردنی میلیشیاکانی ئێران و دەرپەڕاندنیان. بۆ ئەوەی تەرکیزیش لەسەر نمایشەکە لاچێت هەر زوو ڕووگەی هەڕەشەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد. لەم بەشەدا، شرۆڤەی ئەوە دەکەین کە بۆچی هەرێم، هاوکات، تاوتوێی ڕۆڵی ئێران و تورکیا لەم کردەیەی دەوڵەتی عێراقیدا دەکەین.

 

پاڵنەرە عێراقییەکان

زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم دەکرێت دەیان پاڵنەر و هۆکار هەن کە وایان لە زەیدی و عێراقییەکان کردووە کە ڕوو لە هەرێم بکەن بەڵام لێرە هەڵوەستە لەسەر گرنگترینیان دەکەین.

یەکەم، زەیدی نەیدەتوانی هێرشەکانی بۆ سەر جورفول سەخر درێژە پێ بدات چونکە ئەگەری ئاشکرابوونی شانۆگەرییەکەی زیاتر دەبوو؛ ناڕەزایی و سەرکۆنەی لەلایەن ئێرانییەکانەوە زیاتر لێدەکەوتەوە؛ هاوکات، ترسی ئەوەی هەبوو کە جادەی شیعە گرژی تێبکەوێت چونکە هەم لایەنگرانی هێرشەکە توندبوون لەسەر پشتیوانی لە کردارەکەی دەوڵەت، هەم هەوادارانی حیزبوڵا و گرووپە میلیشیاییەکانی دیکەی نزیک لە ئێران لەوانەبوو چی دیکە بێدەنگ دانەنیشن.

دووەم، ئیتاری تەنسیقی دەیزانی درێژەدان بە پێکدادان و ململانێی شیعە-شیعە لێکەوتەی زۆری دەبێت و ئەگەری هەبوو لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئەمەش وای دەکرد شیعەکان دەسەڵاتیان بەسەر دەوڵەتدا لاواز بێت، لەلایەک. لەلایەکی دیکەش ئەوان لەوە دەترسان کە موقتەدا سەدر و گرووپەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان ململانێکانی نێوان میلیشیاکان و سوپای عێراق بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە.

سێیەم، سەرەڕای ئەوەی کە کردەکانی زەیدی پشتیوانی جەماوەری هەیە بەڵام ئەو بنکەی لەناو حکوومەت و گرووپەکانی ئیتار لاوازە و دەزانێت کە پشتیوانی ئەوان لەدەست بدات مەحاڵە بتوانێت لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە.

چوارەم، زەیدی بەڵگەی بەدەستەوەیە کە لە هەرێم بە ڕۆژی ڕووناک قاچاخچێتی بە نەوتەوە دەکرێت، ئەمەش وا دەکات کە بە ئاسانی جادەی عەرەبی (شیعە وسوننە) وەگەڕخات بۆ پشتیوانی هەوڵەکانی. بەڵگەکان هەندێکیان لە کۆبوونەوە نهێنییەکان نیشان دراون. من پێم وایە لە کۆبوونەوە گرنگەکەی یەکی مانگ، شتی سەیروسەمەرەتر نیشان بە سەرکردە کوردەکان نیشان دەدرێت، کە ئەگەری زۆر هێندەی دیکە پێگەی هەرێم لاواز بکات.

پێنجەم، ساڵانێکە عێراقییەکان بەدەست گرفتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە دەناڵێنن، ئەوە بێجگە لە بێتوانایی حکوومەتەکانیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆیان. بەڵام، ساڵانێکیشە خەڵکی عێراق بەوە گۆش دەکرێن کە ئەوە هەرێمی کوردستانە کە سامانی وڵاتەکەیان بۆ خۆی دەبات و نەهامەتییەکانی ئەوان لەپای کوردە. ئەمەش وای کردووە کە جادەی عێراق سیخناخکرا بێت لە ڕق و کینە بەرانبەر بە کورد و سازدرابێت بۆ هێرش.
شەشەم، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بارمتەی گەندەڵکارەکانی پشت پەردەن، ئەوەی لە زانستی سیاسەت پێی دەگوترێت "دەوڵەتی قووڵ". دەوڵەتی قووڵ لە عێراق، کە بەشێکیان لەناو ئیتاری تەنسیقین و بەشێکیان لە دەرەوە، بەکورتی دەیانەوێت دەستی چەوری خۆیان بە کورد بسڕنەوە، واتە خەتای شکستەکانیان بخەنە ئەستۆی کورد، وەک ئەوەی کە ئەوە تەنیا کوردە گەندەڵ و نەوتدز.

حەوتەم، ساڵانێکە دەسەڵات و پێگەی حکوومەتی هەرێم، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، لاواز بووە، ئەمەش لە ئاکامی فشارەکانی عێراق، بڕینی بودجە، دەستگرتن بەسەر نەوتی هەرێم، ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت، لەوانەش کاریگەرتر، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە تا ڕادەیەکی زۆر حکوومەتی هەرێمی پەلبەست کردووە. لەپاڵ ئەمانە، دابەشبوونی کورد لەنێو خۆی، لە هەموویان کاریگەرتر دووبەرەکی نێوان دوو زلهێزەکەی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان؛ ئەوە بێجگە لەو کەس و لایەنانەی لە هەرێم لە دژی پارتی یەکێتیی بوونەتە کەواسووری لایەنە عێراقییەکان، هەمووی بەسەریەکەوە هێندەی دیکە هەرێمی پەڕپووت کردووە. بێجگە لەمانە، گەندەڵی و دزی سامانی گشتی و حیزبحیزبێنە و خزمخزمێنەی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم لەوانەیە لە هەموو ئەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێ کرا زەقتر و قێزەونترە لە بێهێزکردنی هەرێم و کەمکردنەوەی هەست و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانی.

هەموو ئەمانە و دەیان هۆکاری دیکە، بەسەریەکەوە، وایان کردووە کە هەرێم ببێتە ئەوەی بە ئینگلیزی پێی دەڵێن "داوە باریکەکە" (the weakest link)، ئەمەش هانی زەیدی و دەسەڵاتدارانی عێراقی دا کە دوودڵ نەبن لە هەڕەشە کردن لە هەرێم، هەم بۆ هێندەی دیکە لاوازکردنی کورد، هەم بۆ ڕازیکردنی جادەی عەرەبی/عێراقی، بەتایبەتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

 

پاڵنەرە هەرێمییەکان

ئەوە شاردراوە نییە کە هەر کاتێک ئەزموونێک، کیانێک، لە هەر پارچەیەکی کوردستان دروست بووبێت، ئەوا داگیرکەرانی کوردستان سەرەڕای کێشە و ململانێ قووڵەکانیان هاوکار و هەمئاهەنگ بوون بۆ لاوازکردنی، بنکۆڵکردنی، دواجاریش ئەگەر بۆیان کرا بێت لەناوبردنی. لەنێو ئەو هۆکار و پاڵنەرانەی کە لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارە و لەوانەش کە لێرە لەم بەشەدا گفتوگۆ کران، هیچیان بە قەد پاڵنەرە هەرێمییەکان بەهێز نین لە هاندانی زەیدی بۆ هەڕەشەکردن لە هەرێم. لە پاڵنەری هەرێمییش مەبەستمان فشاری ئێران و تورکیایە لەسەر عێراق بۆ پەرپووتکردن و خنکاندنی هەرێم، بەتایبەتی بە گێڕانەوەی سوپای عێراق بۆ سنوورەکانی ئەم دوو دەوڵەتە لەگەڵ عێراق.

کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان مێژووەیەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی سەعد ئاباد (١٩٣٧) و پەیماننامەی بەغدا (١٩٥٥)، بەمدوایانەش ڕێککەوتنی ئەدنە، هەموو ئەمانە، لەگەڵ دەیان لێکتێگەیشتنی دیکەی ئاشکرا و نهێنی لەنێوان داگیرکەرانی کوردستان، مەبەست لێیان لێدان و لاوازکردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییە کوردستانییەکان بووە. کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکانی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران و سووریا دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان بە زەقی ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە. کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوو تا بە پیلانگێڕیی هەر سێ لایەن و ساویلکەیی پارتی و یەکێتی شەڕی کوردی-کوردی دەستی پێ کرد و هەرێم دابەش بوو. ئەوانیش تۆزێک ئارامیان گرت، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەر یەک لە تورکیا و ئێران زۆنەکانی یەکێتی و پارتییان کرد بە حەوشەی پشتەوەی خۆیان و هێندە کاریگەرییان لەسەر ئەم دوو لایەنە دروست کرد کە پێیان وابوو دۆخەکەیان بەرزەفت کردووە.

بەڵام گەشەی ئابووری و بەهێزبوونی پێگەی دەستووری و سیاسی هەرێم دوای ڕووخانی دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠٠٣، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە هەموو داگیرکەرانی کوردستان  لە نیاز و حەزی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی گەیشتن، کە لە ڕێفراندۆمەکەی ٢٠٠٥ و ٢٠١٧دا نیشانیاندا (سەرەڕای هەموو ڕەخنە و کەموکوڕییەکانی). مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە داگیرکەرانی کوردستان بۆیان دەرکەوت کە بوونی هەرێمێکی بەهێز هەمیشە ئەگەرەکانی هەوڵی کوردستانییان بۆ سەربەخۆی ئیدامە پێدەدات. بۆیە هەر لەو کاتەوە، بەسەختی هاوکاری یەکدیان کرد بۆ پەکخستنی هەر هەوڵێکی کورد بۆ سەربەخۆیی و بەرزەفتکردنی. پەکخستنی ڕێفراندۆم و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و بنکۆڵکردنی پێگە و ڕووخاندنی پایەکانی هەرێم بەتایبەتی لەڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە، هەموو بۆ هەمان ئامانج و مەبەست بوو. هەوڵەکانی ئەمجارەی زەیدی/عێراق، بەهاوکاری ئێران و تورکیا، دەچێتە هەمان خانە و بۆ هەمان مەبەستە، واتە هێندەی دیکە لاوازکردنی پێگەی هەرێم/کورد، ئەویش هەم بە بچووکردنەوەی جوگرافیاکەی، هەم دەرهێنانی هەرچی سەرچاوەی داراییە لە بندەستی، تاوەکوو کورد بکەن بە دەرۆزەکەر لە وڵاتێک کە پایەکانی لەسەر دەریایەک لە سامانی بێسنووری سروشتی و مرۆیی کوردان داناوە.

زیاتر ناچینە ناو مێژووەوە، بۆیە لە دوایین پێشهاتە و جووڵەکانی وڵاتانی عێراق و تورکیا و ئێران ورد دەبینەوە بۆ گەمارۆدان و خنکاندنی کورد، نەک هەر هەرێم.

لە پەیوەند بە تورکیا، وەک ئاگادارن، تورکەکان لە مێژە گوتویانە کورد لەسەر مەریخیش پێگەیەکی هەبێت ئێمە دژی دەبین. بۆ هەرێمی کوردستان لە باشوور، چەندین جار گوتویانە کە ڕازیبوونیان بە دروستبوونی هەرێم هەڵەیەکی ستراتیجی بوو، نەدەبوو بەسەرماندا تێپەڕێت. بەردەوامیش نایشارنەوە کە دوژمنایەتیان بۆ ڕۆژاڤا بۆ ئەوەیە کە ئەزموونی باشوور لەوێ دووبارە نەبێتەوە. بەهەمان شێوە، ئەوە تورکیا بوو کە نەیهێشت ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژهەڵات بکەن، بە قسەی خۆیان، نەوەک ئەزموونی باشوور لەوێش دووبارە بێتەوە. ئەگەر ڕۆژانێک بووبێت، پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو بێت ئەوە بۆ ئەوەی نەبووە کە دان بە هەرێم بنێت بەڵکوو بۆ ئەوەی بووە کە بتوانێت زیاتر دەستوەردانی تێدا بکات و لە بەرژەوەندی خۆی بەدژی پەکەکە و یەکێتی بەکاری بێنێت و ئاگری دووبەرەکی لە کوردستان خۆش بکات.

دوای ئەوەی کە بە پشتیوانیکردن لە سووریا و بێلایەنکردنی ئەمریکا، تورکیا توانی پاشەکشەیەکی ئێجگار گەورە بە ئەزموونی ڕۆژاڤا بکات و مەترسییەکانی ئەو ئەزموونە، کە تورکیا وەک هەڕەشەیەکی وجودی وێنای دەکرد، ئێجگار کەم بۆوە، ئیدی پێی وایە دەبێت هەموو کات و هێزی خۆی بۆ بنکۆڵکردنی ئەزموونە تاقانە-ماوەکەی کوردان تەرخان بکات. بۆیە، پشتیوانی ڕاشکاوانە لە هەوڵەکانی زەیدی دەکات، ئەوە ئەگەر نەڵێم هەر لە بنەڕەتدا، ئەوە زەیدییە کە ئەجێندای تورکیا جێبەجێ دەکات چونکە ساڵانێکە تورکیا کۆنتڕۆڵکردنەوەی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق، واتە گەڕانەوەی سوپای عێراق لەبری پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی تورکیا و ڕێگریکردن لە جوڵەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی، کردووە بە مەرج بۆ بەردانی بەنداوەکانی و ڕێگەدان بە گەیشتنی ئاو بە ڕووباری دیجلە و فورات، کە هەردووکیان، بەتایبەتی فورات، ساڵانێکە لە وشکبوونەوە نزیکبوونەتەوە و مەترسییەکی وجودیان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق دروست کردووە. ئەوە بێجگە لەوەی کە کەمبوونەوەی ئاو لەم دوو ڕووبارە خەڵکێکی ئێجگار زۆری لە دێهات و شارۆچکەکانی ڕۆژئاوا و باشووری عێراق ناچار بە کۆچکردن کردووە. باس لە بەبیابانبوون و کارەساتە ژینگەییەکان هەر مەکە.

ئێستاش کە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ئاشتی، ئەوەی تورکیا ناوی ناوە "تورکیای بێتیرۆر"، بڕیارە پەکەکە چەک دانێت و ناوچە سنوورییەکان چۆڵ بکات، هێندەی دیکە پڕکردنەوەی ئەو دەڤەرانە بە سوپای عێراق بۆ تورکیا گرنگی هەیە. تورکیا نایەوێت ئەو بنکە و بارەگا و تونێل و ئەشکەفتانەی پەکەکە چۆڵیان دەکات بە گرووپگەلی دیکە، لەپێش هەموویانەوە بە پێشمەرگە، پڕ بکرێنەوە، یان چۆڵ بمێنن و پڕۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت و گەریلا بچنەوە شوێنەکانی خۆیان. هاوکات، ترسی ئەوەی هەیە گرووپی دیکە، جێگرەوەی پەکەکە، لە باکوور دروست بن و کەڵک لەو ناوچانە وەربگرن بۆ خەباتی چەکداری. مانەوەی سوپای تورکیاش لەوێ ئەرک و خەرجی زۆری هەیە، بۆیە باشترین و سەلامەترین چارەسەر لە دیدی تورکیا ڕادەستکردنی بنکە چۆڵکراوەکانی پەکەکەیە بە سوپای عێراق. لەبەرئەوە، پێم وایە کە پیلانی گێڕانەوەی سوپای عێراق، پێکهاتنێکی پێشوەختەی، شاراوەی، تورکەکان و ئێرانییەکان و عێراقییەکانە. خۆ ئەگەر پێکهاتنیشی لەسەر نەکرا بێت، پێدەچێت ئارەزوو و خەونێکی هەر سێ لایەنەکەیە.

وەک تورکیا، ئێران زیاتر حەز بە گەڕانەوەی سوپای عێراق دەکات بۆ سەر سنوورەکانی، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستادا. وەک ئاشکرا بوو، لەسەروبەندی شەڕی چل ڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەمریکاییەکان و ئیسرائیلییەکان هەوڵی پڕچەککردنی گرووپ و حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتیان دا. ئەمە تا چەند پیلان و سترتیجێکی تۆکمە بوو، لەوانەیە کەس نەزانێت، چونکە لایەنە کوردییەکان ڕەتی جوڵەیەکی لەو جۆرەیان دەکرد و دۆناڵد ترمپ‌ـ‌یش زوو زوو دەیگوت کوردەکان چەکەکانی ئێمەیان دزی! پرسە گرنگەکە لەو پەیوەندەدا ئەوەیە کە ئێران بەجددی ترسی ئەوەی هەیە کە ئەوەی تا ئێستا گوتی و گوتمەیە، وەیە و وەنییەیە، ڕۆژێک ببێتە ڕاستی.

دوای هەڵبژاردنەکانی نیو-خولی (مید-تێرمی) ئەمریکا و دۆڕاندنی کۆمارییەکان، هەندێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەگەری زۆرە ترەمپ چ لەبەر ئەوەی کە تۆڵەی دۆڕانەکە لە ئێرانییەکان بکاتەوە، چ بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمز، گەڕێکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە. ئێرانییەکان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەمجارە جوڵە بە کورد بکرێت، بۆیە، بۆ ڕێگریکردن لە هەر جوڵەیەکی کوردەکان و دوورخستنەوەی ئەم هەڕەشەیە و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەزموونی باشوور بەسەر ڕۆژهەڵات، ئێرانییەکان دەیانەوێت سوپای عێراق نەک هێزە کوردییەکان، بە پێشمەرگەی باشووریشەوە، سنوورەکان کۆنتڕۆڵ بکەن چونکە ئەوەندی قسەی لەسەر عێراقییەکان دەڕوات بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا ناڕوات.

بەکورتی، ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت و دۆلار، ئەگەر نییەتێکی ڕاستی زەیدییش بێت و ئامانجێکی سەرەکی ئەو بێت بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕازیکردنی ئەمریکاییەکان، کە گوایە لە میلیشیاکان دەدات و دەستی ئێران دەبڕێت و ناهێڵێت پارە و نەوت بەقاچاخ بگاتە ئێران، بەڵام ئەمانە پاساون نەک ئامانج چونکە ئامانجی سەرەکی بنکۆڵکردنی پێگە و تواناکانی ئەزموونە کوردییەکەیە لە باشوور، کە هەم ئێران هەم تورکیا وەک هەڕەشەیەکی وجودی تەماشای دەکەن. مەبەست لەم هەوڵانەی زەیدی لاوازکردنی کورد و بەرزەفتکردنییەتی بە گێڕانەوەی سوپا بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا، کە هاوکات ئامانج و ستراتیجی تورک و فارسەکانیشە. ئەگینا، باوەڕناکەم کەس لە هەرێم هەبێت کە پێی ناخۆش بێت زەیدی ڕێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت و دۆلار بکات. پێش هەموو کەس من.

 

لە بەشی داهاتوودا، باس لەوە دەکەم کە کورد دەتوانێت چی بکات و دەبێت چی بکات؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×