لە دوای ڕاپەڕینەوە لەو شەڕوشۆڕ و ململانێی نێوان حیزبە کوردیەکان، دەیان دیاردەی قەتلوعامی کوردیمان بینی. ئەو قەتلوعامەی نێوان هێزە کوردیەکان بەرامبەر یەکتر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردو دەست پێدەکا، کە دیارترین ڕووداوی هێزە کوردیەکانی باشور بوونە، کە دەبو دیارترین دەسکەوتی نەتەوەیی ئەو هێزانە بەرامبەر هێزی دوژمن بونایە، نەک کوردکوژی.
من دڵنیام ئەو پێشمەرگانەی بە دەستی خودی پێشمەرگە کوژراون، ژمارەیان زۆر زیاترە، لەو شەهیدانەی بە دەستی ڕژێمی بەعس ڕژێمەکانی پێشوتری عێراق شەهید بوونە.
من ئەو کوشتوبڕە کوردکوژیانەی پێش ڕاپەڕینم نەبینیوە و مەخابن! لە کتێبە مێژوویی و یادەوەریە قێزەونەکانی سەرکردەکانی شۆڕشم خوێندۆتەوە، بەڵام ئەو قەتلوعامانەی دوای ڕاپەڕینم بە چاوی خۆم بینیوە، کەمێک لەسەر ئەمانە دەوەستم.
لە دەستپێکی شەڕی براکوژیی دوای ڕاپەڕین، پارتی لە پیرمام چەند چەکرادێکی یەکێتی لە دار بەستایەوە و ڕەمی کردن. یەکێتی لە ڕانیە پۆلێک پێشمەرگەی دیلی پارتی قەتلوعام کرد. یەکێتی لە کۆیە حەمە حەلاق و هاوڕێکانی قەتلوعام کرد. یەکێتی لە سلێمانی کۆمۆنیستەکانی قەتلوعام کرد. ئەنسار لە خێڵی حەمە پۆلێک پێشمەرگەی یەکێتی سەربڕیی. پارتی لە لای خەلیفان سورچیەکانی قەتلوعام کرد، پارتی لە ناوەندی هەولێر دەیان چەکداری پەکەکەی دیلکوژ و قەتلوعام کرد و ...هتد.
لە سەردەمی زۆربەی ئەو ڕوداوانەی سەرەوە من قوتابی ئامادەیی بووم. لەو کاتەش هەر یەکێک لە ئێمە هەواداری لایەنێکی سیاسی بووین. بەو ئەقڵە منداڵیەمانەوە نیقاشی زۆر توند لە نێوان هاوڕێیان دەکەوتەوە و هەر کەسە و بەرگریی لە لایەنەکەی خۆی دەکرد. بۆ نمونە هەرکاتێ لەو نیقاشەکان پارتیەکان زاڵ دەبوون، یەکێتیەکان باسی قەتلوعامی پیرمامیان دەکرد و پارتیەکان شەرم دایدەگرتن و بێدەنگ دەبوون. بە ئاراستەکەی تریش هەر کاتێک یەکێتییەکان زاڵ دەبوون، پارتیەکان باسی شەست و شەش و تیرۆری حەمە حەلاقیان دەکرد، یەکێتیەکان بێدەنگ دەبوون.
لێرەدا مەبەستم ئا ئەمەیە، کە هاوڕێکانم لەو تەمەنە هەرزەکاریانەدا، کە تەواوێک لە ژێر هەژموونی ئیعلامی حیزبەکانیان بوون و تەنانەت شەرعیەتان بە براکوژیش دەدا، هێشتا شەرمیان لە قەتلوعامی سەرانی حیزبەکانیان دەکردەوە و ویژدانیان ڕیگەی پێنەدەدان بەرگری لە حیزبەکانیان بکەن، چونکە تا ئەوکاتەش خوێنی برا هەر سورێکی جەرگی بوو و نە ببوە ئاو.
ئێستا بیر دەکەمەوە، ئەرێ ئێمە ئەوکاتە چەند گەمژەیەکی منداڵکارەی ناسیاسی بووین و بە لای کەمی قەتلوعامی کورد بە کوردمان ڕەت دەکردەوە و لە نێو شەڕی براکوژیشدا هێشتا پنتێکی پتەو لە دەرونمان بۆ ویژدان و مرۆڤایەتی و کوردپەروەری تەرخان کردبوو، کە ئەو پنتە هێندە پیرۆز بوو و سەرۆکیش بۆی نەبوو، دەستی لێبدا.
دیارە مێژووی ململانێکانمان تا ئەم ساتەی ڕوداوی لالەزار و سەرانی ئێستای مێژوونووسیی سبەی، بە ئاراستەی بەئاوبوونی خوێنی براکانەوە پێیان گوتین، ئێوە منداڵانێکی گەمژە و ناشیی لینگەوقوچ و سەراوقون لە بێنرخی خوێنی براکان گەیشتبوون. ئێمە دەسەڵاتمان دەوێ.. دەسەڵات، پف و تف لە ئاوڕەنگبوونی خوێنی برا و ئامۆزاکانمان.
ئەو براکوژیە کوردکوژیە لە ڕووداوی لالەزار هێندە خۆی تۆخ کردەوە، ناهەق نین، گەر لای خۆمان بۆ دەیان ساڵی تر وەک نەگبەتیەکی حەتمی درێژی بکەینەوە.
لالەزار دوا ڕووداوی ئەوپەڕی نائینسانی و هۆڤانەی قەتلوعامی کوردە بەرامبەر کورد، کە ڕێک خوێنی براکەی خۆیان بە ئاو یاکسان کرد، بەمەش دوا بزماریان لە پاکێجی بەربەریەت و وەحشیگەریانەی کوردکوژی و ناویژدانیانەی خۆیان دا.
لە کارەساتی لالەزار بە ڤیدیۆ بینیمان، ئەو چەکدارانەی لە دژی داعش شەڕیان کرد، ڕووت کرانەوە و سوکایەتیەکی زۆریان پێکرا. لە ڤیدیۆیەکی تر بافڵیەک بە خوێنساردیەوە دەڵێ؛ با یەکێکیان بکوژم! لە ڤیدیۆیەکی دیکە قوبادیەک دەڵێ؛ زوو شایەدومان بێنە و با زوو...کوژم و دیلە ئامۆزاکەش زۆر لەسەرەخۆ شەهادەی پێش مەرگ دێنێ، تا کوشتنەکەی بۆ چەند چرکەیەک درەنگتر بکەوێ. بەڕاستی لە دوای ئەم ڤیدیۆیانە هیچ شتێکی تر کارەسات نین!
پێچەوانەی هەموو لایەک من پێموا نیە، ئەو چکدارە بافڵیستانە بێ ئەوەی پەروەردە کرابن، خرابنە نێو دژەتیرۆر و ئاساییش و کۆماندۆوە. بەڵێ ئەوان بە دیسپلینەوە پەروەردە کراون، پەروەردەیەک بە بکوژەوببڕەی ماکیاڤیلی و بە تامی ددانی دیراکۆلا کە بەس خوێن بڕژێنن و بمژن، پەروەردەکراون.
براکانی دوێنێ هێندە سورێتی خوێنی ئامۆزاکانی ئەمڕۆیان هەڵمژی، خوێن بوو بە ئاوێکی ڕوون و کەناڵ هەشت و کوردسات هەندێک ڕەنگ و تاموبۆیان پێوە کرد و قوباد وەک شەربەتێک پێشکەشی بافڵی کرد و ئەویش هەڵیلۆشی، بەس ئەو لە هەمووان زیاتر لەو پێکە تامی خوێن دەکا، نەک شەربەت.