رەنگە دیمەنێکی نائاسایی بێت کاتێک دەبیستین یان دەبینین پارتێکی سیاسی یان هێزیک کە خۆی وەک هێزی نەتەوەیەکی بندەست نمایش دەکرد، بێ بەدستهێنانی یاساییانەی لایەنی کەمی داواکارییە نەتەوەییەکانی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدات. هەسەدە کە لە دۆخی لاوازی دەوڵەتی سوریادا پەرەی سەندو بەڕێوەبەرێتی خۆسەری لەو بۆشاییەدا دامەزراند، کە دەوڵەتی داگیرکەری ناوخۆیی سوریا لەبەر بێتوانایی پاشەکشەی لێکردو چۆڵیکرد. لەو دۆخەدا کە هەسەدە وەکو هێزی یەکەمی کوردی یان نەیاری دەوڵەت خۆی دەنواند، ئامادەنەبوو هاوپەیمانی یان یەکێتی و یەکبوون یان هەر هیچ نەبێت بەرەیەک لەگەڵ هێزە کوردییەکانی تری رۆژئاوادا پێکبهێنێت. لەکاتێکدا ئەم لەوانی تر بەهێزتر بوو، لە هەر هاوپەیمانی و بەرەیەکدا هەرخۆی دەبووە هێزی یەکەم. هۆکاری ئەوەش زیاتر لە دەرەوەی دەسەڵات و ئیرادەی هەسەدە بوو، چونکە لە راستیدا هەسەدە وەک لقێکی پەکەکە وابوو، دیارە لایەنەکانی تری کوردی سوریا کە زیاتر لە قەسەددا کۆبووبوونەوە وەک لقێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی-عێراق وابوون. ناکۆکی و دژایەتیکردنی یەکتری پەکەکەو پارتی لەسەر پێگەی باکورو رۆژئاوا لە نێو لایەنەکانی رۆژئاوادا رەنگی دایەوەو وێناکرایەوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە هەسەدەش وەک پەکەکە بەرنامەی ئایندەی بۆ کوردستان نە سەربەخۆیی و نە جیاکردنەوەی کورد بوو وەک ئیتنیکێکی جیاواز، بەڵکو هەسەدە خۆی سەرباری ئەوەی کە هێزی سەرەکی لە پێکهاتنیدا کوردی رۆژئاوا بوو، بەڵام خۆی وەک کۆکەرەوەی هێزە دیموکراتەکانی سوریا نمایش دەکردو ئەوەش بە ئامانجی خەباتی هاوبەش و رێکردن بوو بەرەو پێکهێنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک و فیدراسیۆنی دیموکراتیکی گەل کە مەبەست دیموکراتی و پیکەوەژیانی ئیتنیک و نەتەوە جیاوازەکان بوو لە سوریادا.
ئێستا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی تورکیا پێی دەڵێت کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە تورکیاو ئاپۆو پەکەکەو دەم پارتی پێی دەڵێن پرۆسەی ئاشتی، کە لە راستیدا جۆریکە لە خۆڕادەستکردن لەبەرمبەر سفر مافی نەتەوەیی کورددا. بەڵام ئایا ئەم خۆهەڵوەشاندنەوەیەی هەسەدە لە لایەک پەیوەست بە کورد وەک گروپێکی ئیتنیکی پەراوێزخراو و کۆڵۆنی ناوخۆیی لە سوریادا چی دەگەیەنێت؟ ئەی ئایا پەیوەست بە گروپ یان نەتەوەی عەرەب وەک گروپی ناوەندو خاوەن دەوڵەت و خاوەن هێزو هەژموون کە لە پێگەی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆییدایە چی دەگەیەنێت؟
ئاشکرایە کە کورد لە مێژوویەکی کۆنەوە لە ناوچەکانی جزیرەو عەفرین و کۆبانێ و چەند شوێنێکی تری ئەو جوگرافیایەی کە ئێستا ناوی سوریایە، بوونی هەبووەو بوونی لەوێ دەکەوێتە پێش هاتنی عەرەبە مسوڵمانەکانەوە کە پێش پرۆسەی فەتح بوونیان تەنها لە نیمجە دوورگەی عەرەبیدا بوو. سەرچاوەکانی مێژوویی ئیسلامی و بوونی چەندین قەڵاو شوێنەواری کوردی لە شام بوونی دێرینەی کورد لەوێ دەسەلمینن. بەڵام راستیەکیش هەیە ئەوەیە کە کورد لەو بەشەی نیشتیمانەکەیدا هاوشێوەی بەشەکانی تر پێکهاتەی دواکەوتووی خێڵایەتی بووە، کە دابەشبووە لە نێوان ژیانی شوانکارەی کۆچەری و ژیانی نیشتەجێی کشتوکاڵیداو پەرەسەندنێکی ئاسایی ئەوتۆی نەبووەو لە قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا پێدەچێت وەکو ئیتنیک و کۆمەڵگا ئاساییەکان گەشەی نەکردبێت، هەربۆیە بە درێژایی مێژووی بوونی لە دەرکەوتنی ئیتنۆسی کوردیەوە لە پەراوێزی مێژوودا بووەو هەمیشە بەکارهێنراو بووەو هەرگیز نەبووەتە بکەری سەر جوگرافیای خۆی. بەڵام دیارە ئەم دۆخەی کە ئێستا رۆژئاوای پێدا تێدەپەڕێت بەرهەمی تەنها ئەو چەند سالە نیە کە هەسەدەی تێدا دەرکەوتووەو دەسەڵاتی ناوخۆیی هەبووەو ئێستاش خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵکو بە لایەنی کەمەوە، ئەو دۆخە پەیوەندی بە مێژووی سەدەیەک زیاتری رابردووەوە هەیە، واتە بەشێک لەهۆکارەکانی ئەم دۆخەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ رێکەوتنی سایکس پیکۆی ساڵی ١٩١٦.
لە رێکەوتننامەی سایکس-پیکۆدا کە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنساداو بە ئاگاداری روسیای قەیسەری بەسترا، تێیدا بڕیاردرا، پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسادا دابەشبکرێت. کوردستانی عوسمانی بەر ئەو دابەشکردنە کەوت و سەرئەنجامیش دابەشکرا بەسەر سێ دەوڵەتدا. بەشێک کەوتە سنووری ئەو دەوڵەتەی بەناوی سوریاوە دروستکراو لەو دابەشکردنەشدا سوریا بەر فەرەنسا کەوت. دوای ئەوەی سوپای فەرەنسا لە نیسانی ١٩٢٠دا شاری دیمەسقی داگیرکرد، راستەوخۆ هەموو سوریا کەوتە ژێر دەسەڵاتی فەرەنساوەو هەر لەو کاتەش بەدواوە سوریا خرایە ژێر سایەی ئینتیدابی فەرەنسیەوە. فەڕەنسیەکان بینییان پێکهاتەی دانیشتوانی سوریا فرە ئیتنیکی و فرە ئایینی و فرە مەزهەبیە، بۆیە دەبوو سیاسەتێک بەکاربهێنن کە بە ئاسانی ئەو هەموو جیاوازیە رکێف بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش دەکرا دەوڵەتێکی دیموکراتی لە سوریادا دروست بکەن و لەسەر بنەمای چەمکی هاووڵاتیبوون و یەکسانی هەمووان لە ئەرک و مافداو بە پاراستنی تایبەتمەندیە ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبیەکان بنیاد بنرێت، کە ئەوەش مانای پارێزگاریکردنە لە ناسنامە ناوخۆییەکان و لە پشتی ئەوەشەوە لەسەر بنەمای جوگرافیا نەک ئیتنیک نەتەوە-گەلی سوریا پێکبهێنرێت، بەجۆرێک کە هەمووان بکاتە خاوەنی یەک ناسنامە کە ناسنامەی سوریاییە. بەڵام فەرەنسیەکان ئەمەیان نەکرد، بەڵکو رێگای دووەمیان هەڵبژارد کە هەمان بیرۆکەی پەرتکەو زاڵبەی ئیمپریالیزم بوو. ئەمان هاتن سوریایان دابەشکرد بۆ چوار دەوڵەتۆچکەی ناوچەیی و ئیتنیکی و مەزهەبی وەک دەوڵەتۆچکەی دیمەشق، دەوڵەتۆچکەی حەڵەب، دەوڵەتۆچکەی عەلەویەکان و دەوڵەتۆچکەی چیای دروز. لێرەدا کە سەیری نەخشەی دابەشکردنی سوریا لە رووی بەڕێوەبردنەوە دەکەین، کە دروستکراوی فەرەنسا بوو، نە کوردو نە مەسیحی و نە ئەرمەن کە چەند پێکهاتەیەکی جیاواز بوون هیچیان نەبوونە خاوەنی دامەزراوەی بەڕێوەبردن.
ئاشکرایە بە پێچەوانەی زۆربەی ناوچەکانی نیشتیمانی عەرەبیەوە، هەستی نەتەوایەتی لای دەستەبژێری خوێندەواری عەرەبی لە سوریادا بە تایبەتی لە شارەکانی دیمەشق و حەڵەب لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو پێش جەنگی یەکەمدادەرکەوتبوو. لە دوای ئەوەی سوریا کەوتە ژێر سایەی ئینتیدابی فەڕەنسیەوە، ئەو هەستە زیاتر پەرەی سەندو دەستەبژێری ناسیونالیست بەرەو پێکهاتن دەچوو، بەجۆریک لە ماوەی ئینتیدابدا( ١٩٢٠-١٩٤٦) بە ئاشکرا دژایەتی سیاسەتی فەرەنسای دەکرد، بەجۆریک لە سەرەتای ساڵانی سیەکاندا گەیشتە ئاستی بەرەنگاربوونەوەو لە رووداوەستانی داگیرکەری فەرەنسی. پارتی نەتەوەیی کۆمەڵایەتی سوریا کە ئەنتوان سەعادە لە سەرەتای سیەکاندا دایمەزراند رابەرایەتی رزگارکردنی سوریای دەکرد لە دەستی داگیرکەری فەرەنسی. لەبەرامبەر فشاری ناسیونالیستە عەرەبەکانی سوریادا، فەرەنسیەکان هەر لە سەرەتاوە هێزی جۆراوجۆریان لە کوردو مەسیحی و دروزو ئەرمەن دروست دەکرد. هەروەها فەرەنسا بۆ ئەوەی بوار بە ناسیونالیستە عەرەبەکان نەدات یەکبگرن، بەردەوام بەربەستی لەبەردەم پەرەسەندن و سەقامگیریدا دادەنا. بۆ ئەو مەبەستەش لە جیاتی دروستکردنی سیستەمێکی دەوڵەتی کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان بکات زیاتر هەوڵیدەدا ناکۆکیە ناوخۆییەکان برەوپێبدات و بە پاڵپشتکردنی سادەو ناکاریگەری ئەوانی تر، زیاتر هەستی ناسیونالیستانەی عەرەبەکان بەرامبەر بە سەرجەم پێکهاتەکانی تر بجوڵێنێت و لەبەرامبەر عەرەبی سوریادا وەک نەیار وێنایان بکات. فەرەنسا تەنانەت بواری مانەوەو پێدانی مافی نیشتەجێبوونی بەو کوردانە دا کە لە دوای شکستی راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران( ١٩٢٥) و هەروەها لە دوای ئەویش لە دوای شکستی راپەڕینی ئاراران لە ترسی ستەم و کوشت و بڕی ئەتاتورک هەڵهاتبوون. گومان دەکرێت مەبەستی فەڕەنسا لەو کارەی یارمەتیدانی کوردەکان بووبێت بەڵکو زیاتر بۆ فشاردانان بوو لەسەر ناسیونالیستە عەرەبەکان و دروستکردنی پشێویی زیاتر. دوای تەوابوونی ئینتیداب ئەم کارەی فەڕەنسا، بووە پاساو بۆ ناسیونالیستە عەرەبەکان کە بڵێن کورد لە سوریادا بوونی نیەو ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن ئەوانەن کە لە دەرەوەی سنوورەکان بە تایبەتی لە باکورو باشوری کوردستانەوە هاتوونەتە سەر خاکی سوریا. ئەوەش بووە پاساو بۆ ئەوەی لە سەرژمیری ساڵی ١٩٦٢دا سەدو بیست هەزار کورد لە مافی بەدەستهێنانی ناسنامەی سوری بێبەشکران.
هەرچەندە لە ساتەوەختی ئینتیدابدا دەستەبژێری ناسیونالیستی عەرەبی سوریا خواستی سەربەخۆیی وڵات و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبی سوری هەبوو، بەجۆرێک کە دەوڵەتێکی عەرەبی و خاوەن ناسنامەی عەرەبی بێت و گەلی سوریاش بەشێوەیەک پێکبێت کە چەقی پێکهاتنی ئیتنیکی عەرەبی بێت و ئەو نەتەوەی کە دەوڵەتی سوریا دروستی دەکات نەتەوەی عەرەب بێت، واتە یەک ناسنامەی هەبێت کە ناسنامەی عەرەبیە، بەڵام ئەو خەونەی ناسیونالیزمی عەرەبی سوری نەهاتەدی هەتا کۆتاییهاتنی ئینتیداب لە ساڵی ١٩٤٦دا. کەواتە ئەو هەنگاوانە چی بوون کە دەوڵەتی سوریا لە دوای سەربەخۆیی وەک دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبی بۆ ئەو مەبەستە لەبەری گرتن؟
پێشتر باسی ئەوەمان کرد کە فەڕەنسیەکان سوریایان دابەشکرد بۆ چەند ناوچەیەکی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبی. لە دوای ئینتیداب دەوڵەت ئەو ناوچە ئیدارییانەی لە شێوەی دەوڵەتۆچکەدا بوون هەڵوەشاندەوەو یەک سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەندی دروستکرد کە هەموو وڵاتی کرد بە یەکەیەکی ئیداری لەژێر ناوی دەوڵەتی عەرەبی سوریادا. لە ساڵی ١٩٥٠دا دەستووری سوریا دانرا، کە لە ناوەرۆکدا دەستورێکی دیمومراتی بوو، باسی چەمکی هاووڵاتیبوون و نەبوونی جیاکاری ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی دەکردو پێداگری لەسەر یەکسانی لە ماف و ئەرکدا دەکرد. بەڵام دیارە لە جێبەجێکردندا شتیکی تر بوو. هەروەها دەوڵەتی سوریا لە دوای ئینتیداب رەتیکردەوە پۆست و پێگەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبی دابەشبکرێن، بەڵکو پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هەموو ئەوانەی لەسەر خاکی سوریا دەژین سوریایین و خاوەنی ناسنامەی سوریایین و بە پێی تواناو لیهاتوویی ئەرک و مافیان هەیە. هەروەها ئەو هێزە ناوچەییانەی کە فەرەنسیەکان بۆ پێکهاتە و خێڵەکانیان دروستکردبوو، دەوڵەتی نوێ هەڵیوەشاندنەوەو سوپایەکی دروستکرد بە ناوی سوپای عەرەبی سوری و پەیوەندیکردن بەو سوپایەوە ئیلزامی بوو، هیچ کەسێکی سوریای نەدەبەخشی. خاڵێک کە دەوڵەت و دەستەبژێری ناسیونالیستی سووری پێداگرییان لەسەر دەکردو کردیان بە بنەمای هاووڵاتیبوون و بەدەستهێنانی ناسنامەی سوریایی " بیری عەرەبی " بوو واتە بە چەقکردنی ئیتنیکی عەرەبی و باوەڕبوون بەو ئیتنیکەو داننان بەوەدا کە سوریا وڵاتێکی عەرەبیەو هەرکەس لەسەر خاکەکەی بژی عەرەبەو بێجگە لە ناسنامەی عەرەبی، سوریا هیچ ناسنامەیەکی تری نیەو ئەوەی لەسەر خاکی سوریا، دەبێتە خاوەنی ناسنامە عەرەبە. ئەمەش چوارچێوەی ئەو تیۆرییە بوو کە بیری ناسیونالیستی عەرەبی سوریاو دەوڵەتی نەتەوەیی سوریای دوای سەربەخۆیی لەسەر بنیادنرابوو. هەر ئەم تێروانینەش بنەمابوو بۆ دروستکردنی نەتەوە یان گەلی عەرەبی سوریا. هەروەک بە فەرمیش ناوی دەوڵەتەکە کرا بە " کۆماری عەرەبی سوریا".
هەروەها دەوڵەت لە بواری پەروەردەدا، هەموو ئەو قوتابخانانەی هەڵوەشاندەوە کە پەیوەستبوون بە پەروەردەی جیاوازی پێکهاتە ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبیە جیاوازەکانەوە، کە لە سەروەختی ئینتیدابدا فەرەنسا پشتگیری دەکردن و بە زمانی تایبەتی خۆیشیان دەیانخوێند. لەبری ئەوە دەوڵەت یەک سیستەمی پەروەردەی یەکگرتووی بۆ هەموو وڵات دانا و خوێندن تەنها بە زمانی عەرەبی بوو، کە زمانی فەرمی دەوڵەت بوو، هیچ زمانێکی تر مافی بەکارهێنانی گشتی نەبوو. مەبەستی دەوڵەت لە خوێندن تەنها بە زمانی عەرەبی و خوێندنی مێژووی عەرەب و ئیسلام بۆ ئەوە بوو کە لە رێگای پەروەردەوە بیرکردنەوەی عەرەبیانە لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی هەموو پێکهاتەکانی سوریادا بچەسپێنن کە دەوڵەت بە پێی دەگوت گەلی عەرەبی سوریا. مەبەستی دەوڵەت ئەوە بوو کە خوێندن بە عەرەبی واتای بیرکردنەوەیە بە عەرەبی، ئەوەش گەوهەری پێکهێنانی ناسنامەی عەرەبی تاکەکەس و کۆمەڵگایش بوو لە سوریادا. بێگومان لە دەستووری سالی ١٩٥٠دا ئەوە جێگیرکرابوو کە: کە گەلی سوریا بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب". ئەم بۆجوونەش رێگاخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی سوریا لەگەڵ میسر لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عەرەبی یەکگرتوو پێکبهێنێت. دیارە ئەگەر ئەو کۆمارە بەردەوامبووایە تواندنەوەی ئیتنیکی کوردی زۆر ئاسانتر دەبوو، چونکە لە رووی ژمارەوە کورد ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەدەبوو. دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمار، ئەفسەرانی ناسیونالیستی سوریاو دەسەڵاتی دەوڵەتی سوریا بەرامبەر بە پروپاگەندەکانی ناسریەکان کە گوایە سوریەکان ناپاکی لە چەمکی عروبە دەکەن، هێندەی تر سوریەکان لەسەر چەمکی عروبە تووندبوون. بەجۆرێک ئەگەر جومگەی زۆر لاوازیش تا ئەوکاتە مابووبێت بۆ کورد کە گوزارشتی کوردبوونی خۆیی لیوە کردبێت، ئەوا دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆماری یەکگرتوو ئەوەش نەما.
لە ساڵی ١٩٦٢، دەوڵەت سەرژمێری کرد لە جزیرەو دوو هەڵبژاردە بۆ خەڵک هەبوو کە مەبەست کوردەکان بوو، یان خۆیان بە عەرەب تۆمار دەکەن یان ناسنامەیان پێنادرێت. لەم سەرژمێریەدا ١٢٠ هەزار کورد ئامادەنەبوون بە عەرەب خۆیان تۆمار بکەن، لەبەرئەوە ناسنامەیان پێنەدراو بێ ناسنامەی سوری مانەوەو تا ساڵی ٢٠١١ ژمارەیان گەیشتبووە سەرووی ٣٠٠هەزار کورد کە بێ ناسنامە مابوونەوە( کریم الاتاسی، سوریا قوە الفکرە المشروع الوطنی والهندسات الدستوریە، ص ٢٤٥). لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٦٣دا، پارتی بەعس وەک رابەری ناسیونالیستی عەرەبی لە سوریا دەسەڵاتی گرتە دەست و دوای ساڵێک دەستووری کاتی کۆماری سوریای دانا و زیاتر بەرگی عروبەی کرد بە بەری سوریادا، بەجۆریک کە ناسیونالیزمی عەرەبی سوریا گەیشتە لوتکەی شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستی. لە مادەی یەکەمی ئەو دەستوورەدا هاتووە: وڵاتی سوریای عەرەبی کۆمارێکی دیموکراتی میلی سۆشیالیستی خاوەن سەروەریە و بەشێکە لە نیشتمانی عەرەبی..گەل لە سوریادا بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب و بڕوای بە یەکێتی عەرەبی هەیەو لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو یەکێتیەدا خەبات دەکات". بێگومان ئەوەی دەبینرێت هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی نوێی سوریاوە بە هەموو شێوەیەک نکوڵی ئەوە کراوە کە بێجگە لە عەرەب دان بە بوونی هەر پێکهاتەیەکی تری ئیتنیکی یان ئایینی لە سوریادا بنرێت. دەوڵەتی سوریا بە تایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٤٦، کە کۆتاییهاتنی ئینتیدابی فەرەنسی بوو، هەوڵیداوە لە رێگای جۆراوجۆرەوە ئیتنیکی کوردی لەو وڵاتەدا بتوێنێتەوەو لەناوی ببات و لە رێگای بە عەرەبکردنی کوردو هەموو ئەوانی ترەوە نەتەوەی سوریا پێکبهێنێت کە ناسنامەکەی عەرەبیەو جێگای غەیری عەرەبی تێدا نابێتەوە. ئەم سیاسەتە هەتا هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بەردەوامبووە.
ئایا لە دوای روخاندنی دەوڵەتی ناسیونالیستی شۆڤێنی عیلمانی بەعسی سوریا و هاتنی ئەحمەد شەرع کە تیرۆریستێکی داعشی ئیسلامی بوو، پاشان سیاسەتی بێ ئیتیکی ئەمەریکا لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا هێنایان و قات و بۆینباخیان لەبەرکردو کردیان بە سەرۆکی سوریا، دۆخی سیاسی سوریا چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە؟
بێگومان ناکرێت هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو رازیبوونی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ وەرگرتنی پۆستی کارتۆنی لە حکومەتی سوریاداو فەرامۆشکردنی مافە نەتەوەییەکانی کوردی رۆژئاوا، لە دەرەوەی تێروانینی ئەمەریکاو رۆژئاواو تورکیا بۆ ناسنامەی دەولەت و پێکهێنانی نەتەوەی سوریا سەیر بکرێت. بێگومان لە رۆژئاوا لە سەردەمی رۆشنگەرییەوە ئاراستەیەک هەیە کە لە دوای جەنگی یەکەمەوە زیاتر بەرەو باڵادەستی دەچێت ئەویش داوای پێکهێنانی نەتەوە- گەل دەکات لەسەر بنەمای سیاسی یاسایی هاوبەش بە پشتگوێخستنی جیاوازی ئیتنیکی کە بە ئاراستەی ناسیونالیزمی مەدەنی یان ناسیونالیزمی لیبریالی دەناسرێت، کە بڕوای وایە نەتەوە بریتیە لە کۆمەڵگای هاووڵاتیانی یەکسان لە ئەرک و مافدا، واتە یەکسان لەبەرامبەر یاساداو ئەوەی کۆیان دەکاتەوە پەیوەستبوون و ولائە بۆ دامەزراوە سیاسی و دەستوورییەکان، نەک پەیوەستبوون و ئینتیماو وابەستەیی بۆ بنەمای ئیتنیکی و زمان و کەلتووری جیاواز. جۆن لۆک پێیوابوو رەوایەتی دەوڵەت لە رازیبوونی خەڵکەکەی و پارێزگاریکردن لە مافە سروشتیەکانیانەوە دێت و ئینتیما بۆ کۆمەڵگای سیاسی هەڵبژاردنێکی خۆیی خۆڕسکە کە پشت بە دەستەبەرکردنی مافەکان دەبەستێت نەک بە پەیوەندی و رایەڵەی خوێن و ئیتنیک. هەروەک جان جاک رۆسۆ بروای وابوو هاووڵاتیبوون بنەمای سەرەکی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگایە نەک پەیوەستبوونی ئیتنیکی. ئێرنست رێنان گفتوگۆی ئەوەی کرد کە نەتەوە لەسەر بنەمای ئیتنیکی و زمان و ئایین و بەرژەوەندی ئابووری پێکنایەت، بەڵکو وا باسی نەتەوە دەکات کە راپرسییەکی رۆژانەیە کە ئەندامان تێیدا گوزارشت لە ئارەزووی هوشیارانەی خۆیان بۆ پێکەوە ژیان و بنیادنانی داهاتووی هاوبەشیان دەکەن. هەروەک توێژەرانی نوێی بواری ناسیونالیزم لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە زیاتر پێداگری لەسەر دروستبوونی نەتەوە وەک بەرهەمی پێکهاتنی دەوڵەت دەکەنەوە کە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی نەتەوە لە سەر بنەمای ئیتنیک و لەبری ئەوە پێکهاتنی نەتەوەی نوێ وەک پێکهاتەو قەوارەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە پێکهاتنی لە رێگای دامەزراوەی دەوڵەتەوە دەبێت، واتە دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات نەک ئیتنیکی هاوبەش و زمان و مێژوو کەلتورو ئایین و شارستانیتی هاوبەش. ئیرنست گیلنەر پێیوایە کە نەتەوەی هاوچەرخ بەرهەمی پێداویستی سەردەمی پیشەسازی و پەروەردەی دەستەجەمیە کە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات بەمەبەستی لەدایکبوونی کەلتوورێکی هاوبەشی ئەوتۆ کە تێیدا ئینتیمای ئیتنیکی و خێڵایەتی و ناوچەیی تەسک دەتوێتەوە. بیندیکت ئەندرسۆن سەبارەت بە پێکهاتنی نەتەوە یان گەل کتێبێکی بەناونیشانی" کۆمەڵە خەیاڵیەکان" نووسیووەو تێیدا وا پێناسەی نەتەوە دەکات کە بریتیە لە " کۆمەڵێکی سیاسی خەیاڵکراو و دیاریکراو کە سەروەری هەیە"، هەروەها پێیوایە چاپەمەنی و هۆکارەکانی راگەیاندن ئەو پەیوەستبوونە خەیاڵیکراوە لە نێوان ئەوانەی بەیەکتر نامۆن دروست دەکەن، بەجۆرێک جیاوازی و دابەشکاری ئیتنیکی و رەگوڕیشەو زمان تێدەپەڕێنن و یەکەیەکی یەکگرتوو دروست دەکەن کە نەتەوەیەو باشترین نموونەی لەمجۆرەش نەتەوەی ئەمەریکایە. هەروەها هابرماس بڕوای بە " نیشتیمانی دەستووریی" هەیەو پێیوایە ناسنامەی نیشتیمانی لە کۆمەڵگا هاوچەرخ و فرە کەلتورییەکاندا نابێت پشت بە بنەماو بەهای ئیتنیکی هاوبەش ببەستێت، بەڵکو پێویستە پشت بە ئینتیماو وابەستەبوون بۆ بنەماو بەها سیاسی و دیموکراتیەکان ببەستێت کە دەستوور چوارچێوەیان بۆ دەکێشێت. هەروەک هانز کۆهین کە ناسیونالیزمی پۆلێنکرد بۆ ناسیونالیزمی ئیتنیکی کە پشت بە پەیوەندی رەچەڵەک و خوێن دەبەستێت و ناسیونالیزمی مەدەنی کە پشت بە هاووڵاتیبوون و خاک و هەڵبژاردەی سیاسی هوشیارانە دەبەستێت، ئەو لایەنگری ناسیونالیزمی مەدەنی و نموونەی نەتەوەی مەدەنی بوو نەک ئیتنیکی.
بێگومان ئەمەریکا کە ئێستا سیاسەتی دنیا بەڕێوەدەبات، تێڕوانینی بۆ پێکهێنانی نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە هەمان تێروانینی سەرەوەیە کە بڕوای بە پێکهینانی نەتەوە هەیە لە چوارچێوەی هەر دەوڵەتێکی دنیادا بەو دەوڵەتانەشەوە کە کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیی کوردستانن لەسەر بنەمای چەمکی هاووڵاتتیبوون و یەکسانبوون بەپێی یاساو دەستوورو بەشداری هەمووان بێ جیاوازی لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی. بێگومان هەموو ئەمانەش لە سایەی سیستەمی فەرمانڕەوایی دیموکراسیدا دەبن کە یاسا سەروەر بێت و هەمووان لەبەردەمی یاسادا یەکسان بن. بەڵام پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە ئایا سیستەمە سیاسیەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەبن بە دیموکراسی، ئایا هاووڵاتیبوون دەبێتە بنەما، ئایا هەمووان بێ رەچاوکردنی رەنگ و ئیتنیک و زمان و ئایین و مەزهەب یەکسان دەبن لە ماف و ئەرکدا؟ بێگومان نەخێر بۆیە لێرە نەتەوە لەسەر بنەمای هاوولاتبوونی یەکسان لە ماف و ئەرک و لەبەرامبەر یاسادا پێکنایەت بەڵکو نەتەوە لە سوریاو لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیی کوردستانن، نەتەوە لەسەر بنەمای تواندنەوەی ئیتنیکی کوردی و بەناوەندکردنی ئیتنیکی عەرەبی لە سوریاو عێراق و ئیتنیکی تورک لە تورکیاو ئیتنیکی فارس و مەزهەبی شیعە لە ئێران پێکدێت. واتە پێکهاتنی نەتەوە لەم وڵاتانەدا هەرچۆن لەسەر بنەمای هاوولاتیبوونی یەکسان نیە، هەروەها راپرسی رۆژانەو کۆمەڵگای خەیاڵکراویس نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای تواندنەوەو سڕینەوەو پاکتاوکردنی هەر بووەیەکی ئیتنیکی جیاوازە بێجگە لە گورپی ئیتنیکی ناوەندو خاوەن دەوڵەت. سیاسەتی ئەمەریکاو رۆژئاوا کاتێک پێداگری لەسەر یەکپارچەیی ئەو دەوڵەتانە دەکەن کە کۆڵۆنیالیستی ناوخۆی کوردستانن، یان کاتیک دژی ریفراندۆمی خەلکی کوردستانن، یان کاتێک پارتەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی دەخەنە لیستی تیرۆرەوە، لەو روانگەیەوە دێت کە بەلای ئەوانەوە رەوایەتی لای دەولەتی ناوەندە، کە ئەویس دەولەتی نەتەوەی سەردەستەو تایبەتمەندی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆی هەیە لە کوردستاندا. رۆژئاوا وا دەڕوانێتە ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە کە رەوایەتی فەرمانڕەواییکردنی ئەو بەشەوی کوردستانی هەیە بە هەر شیوەیەک خۆی بیەوێت و بڕیاری بدات. هەر لەم روانگەیەشەوە پێیوایە دەبێت دەوڵەت یەک نەتەوە دروستبکات بەهەمان روانین کە بۆ دەولەت و دروسبوونی نەتەوە هەیە لە رۆژئاوا کە خاک و هاووڵاتیبوونی یەکسان و داهاتووی هاوبەش بنەمابێت، بەڵام ئەوانی رۆژئاوا لەبەرئەوەی بەهەمان ئەو چاوە سەیری کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکەن، کە سەیری رۆژئاوای پێدەکەن. هەربۆیە دڕندەو شەیتانێکی وەکو ئەحمەد شەرع و دڕندەیەکی وەک خەلیفە ئەردۆگان و ئاخوندەکانی ئێران و سەرکردایەتیە ناسیونالیستە ئایینیە شیعەو سونە تووندڕەوەکانی عێراق وادەبینن کە مافی ئەوەیان هەیە فەرمانڕەوایی هەمووان لە وڵاتەکانیاندا بکەن بەبێ ئەوەی بیرلەوە بکەنەوە کە ئەمان لە رێگای تواندنەوەو پاکتاوکردنی ئیتنیکیەوە کە مەبەست تواندنەوەو سڕینەوەی کوردە دەیانەویت نەتەوەی ئەم وڵاتانە پێکبهێنن و لەسەر بنەمای کپکردنی دەنگە جیاوازەکان سەقامگیری دروست بکەن.
هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەش تەنها هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە نیە وەک هێزیکی سیاسی بەڵکو رەتکردنەوەی بوونی ئیتنیکی کوردیە وەک پێکهاتەیەکی جیاواز لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا کە تیرۆریستێکی وەک ئەحمەد شەرع سەرۆکێتی و بڕیارە مەزڵوم عەبدی ببێتە راوێژکاری. دیارە دەلاڵباشیەکی وەک تۆم باراک کە خۆی هەمان گرێی هەست بە کەمیکردنی ئیتنیکی و ئایینیشی هەبووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام کاتێک چووەتە ئەمەریکا چەمکی ناسیونالیستی مەدەنی و لیبراڵی بۆ دروستکردنی نەتەوە ئەوی کردۆتە ئەندامێکی چالاکی نەتەوەی ئەمەریکا و تەنانەت لەسەر بنەمای تواناکانی ئەرکی گەورەیشی پێ سپاردووە. ئێستا ئەو رابردووی خۆی و پێکهاتەکەیی لە لوبنان لەیادکردووەو بە پێوانەی پێکهاتنی نەتەوە لە ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ سوریاو تورکیاو عیراقیش دەکات، کە بێگومان ئەگەر کارو روانینەکانی ئەو سەربگرن، هەریەکە لەو وڵاتانەی کۆلۆنیالیستی ناوخۆیی کوردستانن، سیستەمێکی مەرکەزی بەهێزیان تێدا دەبێت و لەرێگای تواندنەوەی کوردو پێکهاتە جیاوازەکانی ترەوە، نەتەوەی سەردەست یان گروپی ئیتنیکی ناوەند هەرچۆن خاوەنی دەوڵەتە، نەتەوەش پێکدەهێنێت لەسەر بنەمای بەناوەندبوونی گروپی ئیتنیکی یان نەتەوەی عەرەب، تورک، فارس و تواندنەوەی کوردو ئەوانی تر لەناو پێکهاتەی ئەواندا. هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو خۆڕادەستکردنی پەکەکە هەنگاوی یەکەمی ستراتیژی ئەمەریکایە بۆ تواندنەوەی کورد لە نێو نەتەوەی تورک و عەرەب و فارسدا. ئەگەر لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتوو بێت، چارەنووسی کوردو هەموو گروپە ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبیەکانی پەراوێز یان کەنار کە لە پێکەی کۆڵۆنی ناوخۆییدان تاریک دەبێت و لەبەردەم مەترسی تواندنەوەدا دەبن.