لافاوێکی کوشندە لە نیپاڵ - تبت روویداو زنجیرە چیاکانی هیمالایا لە چەند خولەکێکدا گۆڕدران بۆ مەیدانی کارەساتێکی مرۆیی و سروشتی جاوەرواننەکراو، هەزاران کەس بێسەروشوێننو سەدان کەسیش گیانیان لەدەست دا.
"هیوادارین موعجیزەیەک بێت". بەم دەستەواژەیە سەدان خێزان لە هەموو گۆشەیەکی هەسارەکەدا چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزەکانیانن کە لە قوڕدا ون بوون.
تووڕەیی کوشندەی سروشت لەسەر سنووری نیپاڵ و تبت، تا ئێستا ٣٨٠ کوژراوو سەدان خانووی تەخت و هەزاراران ونبووی لەدوای خۆیەوە بەجێهێشتووە - خەڵکی ناوچەکە و گەشتیار - ئەمەش بنارەکانی هیمالایای گۆڕیوە بۆ ناوچەیەکی فراوانی وێرانکاری.
تیمەکانی فریاگوزاری لەخەباتدان بۆ گەیشتن بەو گوندە شاخاویانەی کە بە تەواوی دابڕاون. لەنیپاڵ زیاتر لەسێ هەزار کارمەندی پۆلیس و سوپا بۆ گەڕان بەدوای ڕزگاربووان جێگیرکراون. سەدان بریندار گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کاتماندۆی پایتەختو قەزای ڕاسوی زیانلێکەوتوو.
تیمەکانی فریاگوزاری لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا کاردەکەن. زەوییە شاخاوییە ناڕێکەکان و قوڕی ئەستوور وا دەکات تێپەڕین بەڕێگاکاندا قورس بن، لە کاتێکدا بارانبارینی بەردەوام و پچڕانی بەرفراوانی پەیوەندییەکان ڕێگری لەهەماهەنگی دەکات.
دەزگای کەشناسی هۆشداری دەدات لەهاتنی زریانی نوێ لەناوچەکەدا، ئەمەش مەترسی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی نیپاڵ، هەزاران هاوڵاتی نیپاڵی، هندستانی، ئۆکرانی، ئەمریکی، ئوستورالی، بەریتانی، کۆریای باشور، ژاپۆنو باشووری ئەفریقا و پورتوگال و ئیتاڵیا و هۆڵەنداو کەنەدیو مالیزی یان گیانیان لەدەستاوەو بریندارن یان بیسەروشێنن، زۆربەیان گەستیار بوونو بەشێکیان کاریان لەدروستکردنی پڕۆژەیەکی کارۆئاویدا کردووە.
جگە لەوەش لانیکەم ٢٨ ئەفسەری پۆلیسی نیپاڵ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانی ڕزگارکردندا بەهۆی هاتنی لافاوەوە بێسەروشوێنن.
هۆکارەکانی ئەم کارەساتە
لێکۆڵینەوە لە هۆکارە وردەکانی ئەو کارەساتە دەکرێت، بەڵام بەڵگە سەرەتاییەکان ئاماژە بە تێکەڵەیەک لە هۆکارە جیۆلۆجی و کەشوهەواییەکان دەکەن.
لە سەرەتادا وا دیارە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 -5.2 تۆمار کراوە، ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکا (USGS) ڕوونی کردۆتەوە کە بوومەلەرزەکە هۆکارەکەی نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی کاریگەرییە توندەکانی بەردو سەهۆڵ لەبنی دۆڵەکەدا بووە.
پارچە سەهۆڵێکی زەبەلاح کە پانییەکەی نزیکەی ٦٠٠ مەتر بوو، لەسەهۆڵبەندانێک کە بەرزییەکەی زیاتر لە ٥٢٠٠ مەترە، دادەبڕێتو ئەم بارستە زەبەلاحە لەبەرزی کیلۆمەترێکەوە دەکەوێتە خوارەوەو زۆر بەخێرایی دەکەوێتە بنی دۆڵێکەوە، لەوێ بەتەواوی دەتوێتەوەو دەبێت بەتێکەڵەیەکی کوشندە لە سەهۆڵو بەردو ئاو.
ڤیکرام گوپتا، مامۆستای جیۆلۆجی ئەندازیاری لە زانکۆی سیکیم لە هیندستان دەڵێت "دڵنیا بووەتەوە کە بەشێکی بەرچاو لەخوارەوەی سەهۆڵبەندانەکە داڕماوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەو دیاردەیە و قەبارەیەکی زۆر لە بەرد و نیشتووەکانی لەگەڵ خۆی راماڵیوە".
لای خۆیەوە زانای جیۆلۆجی دان شوگەر، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی کالگاری، گرنگی بە چاودێریکردنی مانگی دەستکرد دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە وێنەکان تەنها ٢٤ کاتژمێر پێش کارەساتەکە وێنەی توانەوەی بەفر بەخێرایی دەگرن، ەم وێنەیە ئەوە دەردەخات کە ناوچەکە پلەی گەرمی بەرزی نائاسایی بەخۆیەوە بینیوە".
ئەم کارەساتە هۆشدارییەکانی کۆمەڵگەی زانستی سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەهێنێتەوە پێشەوە، کە خەریکە فرێکوێنسی و توندی ئەو جۆرە دیاردە توندڕەوانە لە چیای هیمالایادا زیاد دەکات، چونکە توانەوەی خێرای سەهۆڵبەندانەکان وا دەکات کە بناری شاخەکان لە ڕادەبەدەر ناجێگیر بن.
لە هەمان کاتدا دەسەڵاتداران ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ ئەگەری شەپۆلی دووەمی لافاو دەردەکەن، چونکە پاشماوە لە بەشی سەرەوەی ڕووبارەکەدا دەمێنێتەوە، ئەمەش مەترسی بەردەوام لەسەر ئەو ناوچانە دروست دەکات کە لە خوارەوەی ڕووبارەکەدا هەڵکەوتوون.
وێنە مانگە دەستکردەکانی تاقیگەی پلانێت تا ڕادەی وێرانکارییەکانی ناوچەکانی دیڤیگات و توپچێ لەنیپاڵ نیشان دەدەن. ڕووبارەکان دەستبەجێ هەڵئاوساون، لەکاتێکدا پردو ڕێگاوبان و بەنداوو تەواوی ناوچە نیشتەجێبوونەکان لەژێر قوڕەکەدا دیار نەماون.
زیانەکانی ژێرخانی بێ حیساب و خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەن بۆ راماڵینی نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر تۆڕی ڕێگاوبان و لەناوچوونی هەموو پردەکانی ناوچەی زیانلێکەوتوو.
لە هەمان کاتدا ترس هەیە کە تا حەوت وێستگەی کارەبای ئاو بە تەواوی لەناوچوون. ئەم زیانە زەبرێکی گەورەی لەتۆڕی وزەی نیپاڵ داوە، وڵاتێک کە لە ئێستاوە بەهۆی پچڕانی درێژخایەنی کارەبا و کێشەی جددی دابینکردنی کارەباوە دەناڵێنێت.
هێشتا ڕادەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە ڕوون نییە، چونکە دەسەڵاتداران ناتوانن وێنەیەکی تەواو بەدەستبهێنن.
گەیشتن بە ناوچە زیانلێکەوتووەکان تا ئێستاش لەڕادەبەدەر سەختو بگرە مەحاڵە، چونکە ڕێگا سەرەکییەکان نەماون.
مەزەندە دەکرێت کە دەرئەنجامەکانی ئەم کارەساتە بۆ نیپاڵ وێرانکەر بێت، ئەمە تەنها پەیوەندی بەزیانەکانی گیانیو مادییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کارەساتێکی ئابووری ترسناکەوە هەیە کە دەتوانێت وڵاتەکە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دوابخات.
لەناوچوونی تەواوەتی پڕۆژە ژێرخانییە گەورەکان داهاتووی گەشەپێدانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا نیپاڵ میکانیزمی پێویستی ئابووری و ئامرازی پشتیوانی دەوڵەتی نییە بۆ رووبوڕووبوونەوەی شۆکێکی وەها بەهێز، ئەمەش ئەرکی نۆژەنکردنەوە بەبێ هاوکاری نێودەوڵەتی بەخشندە ئەستەم دەکات.