سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی نوێی نێوان نوێنەرانی کورد و وەزیری نەوتی عێراقی ئاشکرا کرد. بەپێی وتەکانی ئەو پەرلەمانتارە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری نەوتی عێراق بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ناتوانن بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
ئاماژە بەوەش دراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ی تەمموزەوە بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە تاوەکو کار بە بەشێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت. داواکارییەکە بریتی بووە لە دابینکردنی ١٥ هەزار بەرمیل نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزیری نەوت ئەو داواکارییەی ڕەتکردووەتەوە و ئامادە نییە نە بڕی نەوتی خاو زیاد بکات و نە بەرهەمە نەوتییەکانیش ڕەوانە بکات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پەرلەمانتارەکە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پێشووی وەزیری نەوتی ئێستا، کە پێشتر وەک بریکاری وەزیر کاری کردووە و واژۆی لەسەر بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان کردووە. ڕوونیکردەوە کە بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی، بە فەرمی داوای ١١٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە، و جەختی کردەوە کە هەرێم لە هیچ کاتێکدا داواکارییەکەی تەنها بۆ ٥٠ هەزار بەرمیل نەبووە.
سەبارەت بە چارەسەری ئەم پرسە، وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی خستووەتە ڕوو کە یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە پێویستی بە ڕێککەوتن و بڕیارێکی سیاسی هەیە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە هەر بڕیارێکی سیاسی لە نێوان هەردوو لا بدرێت، ئەو وەکو وەزیری نەوت پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنییەوە.