بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزە کوردییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی راگوزەری سوریا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەگەڵ حکومەتی دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێکدا، فەرماندەیی یەپەژە ئاشکرایکردووە کە لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ شاندێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی راگوزەر ئەنجامداوە کە کارنامەی سەرەکییەکەی تایبەت بووە بە ئایندەی هێزەکەیان. بەپێی رێککەوتنەکە، یەپەژە وەک هێزێکی تایبەت و رێکخراو دەخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەجۆرێک کە تایبەتمەندییەکیان وەک خۆی بپارێزرێت. یەپەژە کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسف کردووە و رایگەیاندووە کە تیایدا پرسی ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و هەماهەنگییەکانی داهاتوو بەوردی تاوتوێ کراون، بڕیاریشە کۆبوونەوەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنەکە بەردەوام بن.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی حکومەتی سوریا ئاشکرایان کردووە کە ئەم رێککەوتنە لە دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریی نێوان ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا و نەورۆز ئەحمەد، سەرکردە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان هاتووەتە ئاراوە. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر هێزە کوردییەکان داوای چوونە ناو سوپای سوریایان دەکرد، بەڵام دیمەشق چەندین جار ئەو داوایەی رەتکردەوە، بۆیە دواجار پێشنیازی تێکەڵکردنیان بە وەزارەتی ناوخۆ قبوڵ کردووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگاداری کورد پشتڕاستی کردووەتەوە کە یەپەژە رەزامەندە بچێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەو مەرجەی ناسنامە جیاوازەکەی خۆی وەک "هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بپارێزێت. بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوەیە، پرۆسەکە نزیکەی دوو هەزار ئەندامی ئەو یەکانە دەگرێتەوە کە دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی تاکەکەسی، بەشێوەیەکی فەرمی دەخرێنە سەر میلاکی وەزارەتەکە. جێگەی باسە، ئەم هێزانە لە ساڵانی رابردوودا وەک هاوپەیمانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعشدا هەبووە.
لە پاڵ ئەم پێشهاتە ئەمنییانەدا، گۆڕانکاری لە ئاستی سیاسیشدا چاوەڕوان دەکرێت. بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، بڕیارە پۆستێک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سوریا بدرێت بە مەزڵوم عەبدی. سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا پێشنیازی کردووە کە ناوبراو رۆڵی "راوێژکار" یان "بەرپرسی مەلەفی کورد" لە کۆشک بگرێتە ئەستۆ. هەرچەندە تا ئێستا حکومەتی دیمەشق هیچ وردەکارییەکی فەرمیی لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکردووە و بابەتەکە بە یەکجاری یەکلایی نەکراوەتەوە.