دوای ئەوەی مەزلوم عەبدی بووە راوێژکاری ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد دەبێتە ئەندام پەرلەمانی سوریاو لەللیژنەی پەیوەندییە دەرەکیەکان کار دەکات.
ئاوێنە: بەبپێی هەواڵی رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی، ڕاگەیاندنی "هەڵوەشاندنەوە"ی هەسەدە، دوای ٤٨ کاتژمێر لەکۆبوونەوە چڕوپڕەکانی شاندێکی کورد راگەیەندرا - کە پێکهاتبوو لە عەبدیو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری ئیلهام ئەحمەد، و ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات سیپان حەمۆ و نەورۆز ئەحمەد- لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی و ئەحمەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەو پێشوازییەی لە بڕیاری "هەڵوەشاندنەوە"کە لەلایەن چەند بەرپرسێکی حکومییەوە راگەیەندراوە، بەڵام سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر بێدەنگ بوون و هیچ لێدوانێکی فەرمی و ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردەوە. ئەم بێدەنگییە گوزارشت لەهەستکردن بە ناڕەزایی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا دەکات. بۆیە پێدەچێت ڕاگەیاندنی عەبدی لە ئەنجامی فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بووبێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵانەی کە نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەسوریا، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لەتورکیا، نوح یەڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق و سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)- کە حەز دەکات پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا بەرەوپێش ببات.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کورد، بەرۆژنامەکەی راگەیاندووە کە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دوای "مسۆگەرکردنی پێکهێنانی چوار لیوای سەربازی لەهێزە هەڵوەشاوەکان" هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاشکرای کردووە کە پرسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) "بە تێکەڵکردنی هەزار و ٥٠٠ ژنە چەکدار لە وەزارەتی ناوخۆ، لە چوارچێوەی هێزێکی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە حەسەکە چارەسەر دەکرێت".
جگە لەوەش عەبدی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی کاتی، و ئیلهام ئەحمەد وەک ئەندامی ئەنجوومەنی گەل و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەستنیشان دەکرێت.
لە هەمووی گرنگتر بۆ کورد، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، "ئەوەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ عەرەب وەک بەرپرسی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان دەمێنێتەوە، هەروەها ڕێز لە ناسنامەی جیاواز و مافی خوێندن بە زمانی دایکی دەگیرێت".
سەرچاوەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "چاوەڕوان دەکرێت لە هەر ساتێکدا فەرمانێکی یاسادانان دەربکرێت، کە پێگەی زمانی کوردی و ڕێنمایی جێبەجێکردن بۆ فێرکردن یان پەسەندکردنی وەک زمانی دووەم لە وڵاتدا دیاری دەکات".
لە کاتێکدا سەرچاوەکە هەنگاوەکەی هەسەدە بە "بوێرانە" وەسف دەکات، ئەوەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە پرۆسەی "دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا بەرەوپێش دەچێت"، دەشڵێت کە ئەم پێشکەوتنە پێویستی بە "کاتی زیاتر و ڕێکارە پراکتیکییەکانی حکومی هەیە بۆ چەسپاندنی و گۆڕینی بۆ واقیع".