بەپێی زانیارییە نوێیەکان کە لە سەرچاوەکانی حکومەتی سوریا و سەرچاوە ئاگادارە کوردییەکانەوە دەستکەوتوون، هەنگاوەکانی تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە دامەزراوەکانی دەوڵەت پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا، لە کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریدا لەگەڵ نەورۆز ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردەکانی یەپەژە، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ خستنە سەر میلاکی شەرڤانانی ئەو هێزە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی سوریا. ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە پێشتر سوپای سوریا چەندین جار داواکارییەکانی بۆ قبوڵکردنی ئەو هێزانە لە ڕیزەکانیدا ڕەتکردبووەوە.
ئاوێنە: سەرچاوەکان بۆ کەناڵی العربیه ئاشکرایان کردووە، نزیکەی دوو هەزار شەرڤانی یەپەژە، دوای تێپەڕبوونیان بە پرۆسەی چاوپێکەوتنی تاکەکەسی، بە فەرمی دەخرێنە ناو وەزارەتی ناوخۆوە. هاوکات، ئەو هێزە کە لە ساڵانی ڕابردوودا شانبەشانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕۆڵی سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە، ناسنامەی جیاوازی خۆیان وەک "هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەپارێزن. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەش، لە ئێستادا لیژنە تەکنیکییەکان گەیشتوونەتە شاری حەسەکە.
لە پاڵ گۆڕانکارییە سەربازییەکاندا، ئامادەکاری بۆ پێدانی ڕۆڵی سیاسی بە سەرکردە کوردییەکان دەکرێت. بەپێی سەرچاوەکان، پێشنیاز کراوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هەسەدە، پۆستێکی باڵا لە کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا وەربگرێت. پێدەچێت ناوبراو وەک ڕاوێژکار یان بەرپرسی مەلەفی کورد لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا دەستنیشان بکرێت، هەرچەندە تا ئێستا دیمەشق بە فەرمی وردەکارییەکەی بڵاونەکردووەتەوە و ڕەنگە دەستبەکاربوونی ناوبراو تا کۆتاییهاتنی تەواوەتی پرۆسەی یەکگرتنەکە بۆ چەند ڕۆژێک دوابکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوەی جیاواز (حکومی و کوردی) پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئیلهام ئەحمەد وەک ئەندامی ئەنجومەنی گەلی سوریا (پەرلەمان) دەستنیشان کراوە. بڕیارە ناوبراو لە داهاتوودا سەرۆکایەتی لیژنەیەکی پەرلەمانی بکات کە ئەرکی سەرەکییان داڕشتنەوەی دەستووری سوریا دەبێت.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە سێشەممەی ڕابردوو (٢٥ی ئابی ٢٠٢٦)، مەزڵوم عەبدی بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، "خۆبەڕێوەبەریی کوردی" و سەرجەم دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ڕاگەیاند و بەشداریکردنیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا پشتڕاستکردەوە.
لە وتارێکدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی پێشکەشی ڕۆژنامەنووسانی کرد، عەبدی ڕایگەیاند کە کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی سەربەخۆی هێزەکانیان هاتووە و وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاشتی و بنیاتنانەوە. ئەو بڕیارە کە وەک هەنگاوێکی "مێژوویی" وەسف کرا و پێشوازییەکی فراوانی عەرەبی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، دەرئەنجامی ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، دوای تەواوبوونی یەکخستنی زۆرینەی هێزەکان لە لیواکانی سوپای سوریادا.