یەکێک لە تیۆرەکانی جەنگ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی یان گڵۆباڵدا ئەوەیە کە هەردوو جەنگی گەورەی جیهانی بە جەنگە گەورەکان دادەنرێن و، ئەو جەنگانەی دەکەونە دەرەوەی خۆرئاوا و دنیای گەورە هێزەکانەوە کە بەشداری تیادا ناکەن بە وردە جەنگ دادەنرێن و هەروەها هەندێکجار ژمارەی کوژراو بە پێوەر وەردەگرن. بەڵام هەندێک لە توێژینەوە و نووسینەکان لەسەر جەنگ و تیۆری جەنگ ئەم جیاکاریە لە نێوان جەنگی گەورە و وردە جەنگدا رەتدەکەنەوە، چونکە گوزارشت لە دیدێکی یورۆ-ناوەندگەرایی و ئەمریکا-ناوەندگەرایی دەکات کە جەخت و پنتی کاریگەریی لە خولگەی بونیات و گۆڕانکاریی لە سیاسەت و ئابووریی گەورە هێزەکاندا کۆدەبێتەوە. ئەم جەنگەی کە ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەڵگیرساوە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بە جەنگێکی گەورە ناویبەرین نەک لەبەرئەوەی ژمارەی کوژراوان زۆردەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی یەکەم ئیسرائیل بە گەورەترین هێز دادەنرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رووی سەربازیی و ئابووریی و تەکنەلۆژیای سەربازیی و مرۆیی و زیرەکی دەستکردەوە. هەروەها ئێرانیش بەهۆی توانا مرۆییەکەیەوە و فراوانی وڵاتەکەی و گرنگی پێگەی جیۆپۆڵەتیکی لەسەر کەنداوی فارسی وایکردووە کە ئەم جەنگە یەکێک بێت لە جەنگە گرنگ و گەورەکان کە ئەگەر بە شێوەیەکی کۆتابڕ دوایی پێبهێنرێت، ئەوا دەبێتەهۆی گۆڕانکاری گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. واتە هەرچەندە جەنگەکان لۆکاڵی بن یان نێودەوڵەتی، بێگومان ئاکام و شوێنەوارەکانی بەسەر مرۆڤەکانەوە کارەساتبارە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا کاریگەریی فراوان و قوڵیان دەبێت نەک تەنها لەسەر دوو وڵاتەکە، بەڵکو لەسەر نەتەوە و گەلی جیاواز و رەنگە بەرهەمهێنەری چەندین ئەگەری جیاواز بێت لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا.
١. ئەم جەنگەی ئیسرائیل یەکەم جەنگە کە لە دوای دامەزراندنیەوە لە ١٩٤٨ دا دژ بە دەوڵەتێک بەرپای دەکات کە دراوسێی نیە. هەموو ئەو جەنگانەی ئیسرائیل کردویەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بووە و لەسەر کێشەی فەلەستین بووە. بەڵام ئەمە جەنگێکی جیاوازە کە ئیسرائیل دەکات بەو هێزەی کە لێرە بەدواوە دەبێتە بکەرێکی گەورەی داڕشتنەوەی سیاسەت و حوکمڕانی ناوچەکە، بە تایبەتی ئەگەر ئەم جەنگە بە سەرکەوتنی ئیسرائیل و تێکشکانی ئێران کۆتایی بێت. کە دەڵێم تێکشکانی ئێران، مەبەستم لەوەیە کە ئەم جەنگە ببێتەهۆی رووخانی کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکە ئەمە چاوەڕوانیەکی گەورەیە لەلایەن کورد و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئیرانیەوە و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دواترین نمونەی ئەم بەرەنگاریە بوو دژ بە رژێم. کەواتە پرسیارێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا حیزبە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات چۆن خۆیان بۆ ئەم پێشهاتە گەورەیە ئامادەکردووە و ئایا بەتەنها بینەری رووداوەکان دەبن یان دەبنە کاراکتەرێکی چالاک بۆ خێراکردنی پرۆسەی رووخانی رژێم؟
٢. بێگومان ئێران هەڵەیەکی کوشندە و خۆکوژیەکی سیاسی دەکات ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا بهێنێتە ناو جەنگەکەوە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانیان، چونکە ئەمە بە قازانجی ئیسرائیل دەکەوێتەوە و ئەو ئەگەرە گەورەیە بەدیدێت کە بە رووخانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت. بێگومان ئێران ئەمە باش دەزانێت و هەوڵی تەواو دەدات کە نەچێتە جەنگی مردن و ژیانەوە، بەڵکو بە کەمترین زیان لەم جەنگە بێتەدەرەوە. لەهەمانکاتدا توانای ئیستیخباراتی و شیکاریی سیاسی ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی بێمەرجی ئەمریکا بۆی، وادەکات ئیسرائیل کۆمەڵێک بژاردەی باشی لەبەردەمدا بێت بۆ کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران و لە راستیدا ئەوەی ئیسرائیل دەیکات کۆپیکردنی ئەو سیاسەتەی ئەمریکایە کە لە داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ دا بەرامابەر سەدام پەیڕەوی لێکرد، کە بەتەنها مەبەست لێدانی توانا سەربازیی و چەکە کۆمەڵکوژیەکانی عێراق نەبوو، بەڵکو مەبەستی سەرەکی رووخاندنی رژێمی بەعس و حوکمی سەدام بوو. ئیسرائیل لە ئێستادا ئەم رۆڵەی ئەمریکا دەگێڕێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ گۆڕینی رژێمی ئیسلامی ئێران لە رێگەی لەناوبردنی چەکە ئەتۆمیەکەی.
٣. دیارە ئیسرائیل بە تەنها یەک مەبەست ناپێکێت لە دەستپێکرنی شەڕدا و بە تەنها لێدانی کۆماری ئیسلامی نیە، بەڵکو چەند مەبەستێک لە پشت ئەو هێرشە سەربازیەوە بۆ سەر ئێران هەیە. واتە لەلایەک لەناوبردنی گەنجینەی ئەتۆمی ئێران و لەناوبردنی رژێمی ئیسلامی ئێرانە و لەلایەکی دیکە گورزێکی گەورەیە لە پرۆژەی دانپیانانی دەوڵەتی فەلەستینی کە بڕیار بوو لەم مانگەدا کۆنفرانسێک لەلایەن فەرەنسا و سعودیەوە ببەسترێت لە نیویۆرک و کۆمەڵێک وڵاتانی خۆرئاوای وەکو بەریتانیا و کەنەدا و هەندێکی دیکە بەشداریان تیادا دەکرد بە مەبەستی دانپیانان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا. لە رابردوودا ئیسرائیل رووداوی چاوەڕواننەکراوی خوڵقاندووە بۆ پەکخستنی پرۆسەی بەرەوپێشچوونی کێشەی فەلەستین.
٤. یەکێک لە مەترسیەکانی وەستاندنی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئێران کە ئەمە بە تەنها لەلایەن ئەمریکاوە دەبێت ئەو ئەگەرانەیە کە رەنگە ئێران هەندێک رێگەی دیکە و ستراتیژی جیاواز بەکاربهێنێت، لەلایەک ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵی وەستاندنی جەنگ دەدات بە کەمترین زیان و، لەلایەکی دیکە هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات بە خێراترین رێگە. ئەگەرێکی تا رادەیەک زۆر کەمە کە چین و روسیا بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری بکەن لە رێگەی یارمەتیدانی ئێرانەوە. رەنگە هەندێک یارمەتی لۆجیستی بدەن بەڵام یارمەتی سەربازیی دەبێتە ئەگەرێکی دوور چونکە ئەمە ئەمریکا دەهێنێتە ناو جەنگەکەوە کە ئەو کات بەشێوەیەکی چالاکانە بەرگریی لە ئیسرائیل دەکات. بەڵام خاڵێکی گرنگ لێرەدا رەنگە ئەو کارتە بێت کە روسیا بەدەستیەوەیەتی سەبارەت بە وەستاندنی جەنگی ئۆکرانیا بەرامبەر بە وەستاندنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران. ئەمە تەنها ئەگەرێکی سیاسیە کە رەنگە روسیا هەستبکات بەم کارەی دەتوانێت رۆڵی گەورە هێز ببینێت، سەرباری هەندێک دەستکەوتی سیاسی دیکە.
٥. لە ئێستادا ترەمپ کە سەرۆکێکی زۆر ناجێگیرە و هەموو ئەندامانی ئیدارەکەشی لەژێر فەرمان و بڕیاری ئەودا دەجوڵێنەوە پێدەچێت کە لە هەر ساتێکدا بڕیاری ئەوە بدات بە ناتانیاهۆ بڵێت کە بوەستێت لە هێرشکردنەکانی بۆ سەر ئێران و ئەمەش بە سوودی ئێران دەکەوێتەوە. ئەگەر ترەمپ جەنگ بوەستێنێت، بەشێکی زۆری لەبەرئەوەیە ئەمریکا وەک ئیسرائیل نایەوێت رژێمی ئیسلامی ئێران بگۆڕێت و خۆی لە جەنگێکی درێژخایەن و پڕمەسرەفەوە بگلێنێت. هەروەها ترەمپ گرفتی لەگەڵ هیچ سیستمێکی دیکتاتۆری و تیۆکراسیدا نیە و سیاسەتی سەرەکی ئەو سەبارەت بە ئێران رووتکردنەوەی ئێرانە لە چەکی ئەتۆمی. دواجار دەبێت ئەوە بڵێین کە تا رادەیەکی زۆر ئاراستەی جەنگەکە بەدەست ئێرانەوەیە، بەو مانایەی تا چەند ئێران جەنگەکە فراواندەکات و بە پێچەوانەشەوە تا چەند لە دووتوێی ئیسرائیلدا دەیهێڵێتەوە.