زامۆئا داراغا
پێشنیاز دەکەم هەموو کارە هونەریەکانی هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان، ببرێتە دەرەوەی هەرێم، بۆ وڵاتێک لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی ئەرشیف کردنی وهەڵگرتن و پاراستنی لە سوتان و فەوتان و شێواندن ...
مێژووی هونەری شێوەکاری پابەندە بە پاراستنی کاری هونەری، مانەوەی ئەم کارانە لە نێو مۆزەخانە و گەلەری و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت و هەندێ لە بنەماڵە دەوڵەمەندەکان کە خولیا و ئارەزووی خاوەنداریی کاری هونەر دەکەن، وەک سەرمایە دەیخەنە پاڵ سەرمایەکانیان،لە هەمان کاتدا دەوڵەت وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکات و دەیپارێزێت، ئەمە ئاسانترین و ڕەوانترین پێناسەیە بۆ هەڵگرتن و دیکۆمێنت کردنی کاری هونەری لە سەرتاپای جیهان، بەم شێوەیە مێژووی هونەری شێوەکاری لە زۆربەی زۆری دنیا لە فەوتان و وێرانکاری دەپارێزرێت بە تایبەتی لە کاتی جەنگەکان و حاڵەتی نەخوازراوی سروشتی، وەک بوومەلەرزە و لافاو، وەک پرسی ئاسایشی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە هەرێمێک وەک هەرێمی کوردستانی عێراق کە هیچ بنەمایەکی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی و زانستی نییە بە تایبەتی بەرامبەر بە هونەر و کولتور وە هیچ کاتێک سیاسەت و ستراتیجی دەسەڵاتی سیاسی و چینی دەوڵەمەند گرنگیان نەداوە بە مێژووی هونەر و ژێرخانی هونەری هەرێمەکە، بە تایبەتی وەک کولتوری نەتەوەیی کاریان لە سەر نەکردووە بە هەردوو ئاڕاستەکە.
ئاراستەی یەکەم پێشخستن و پەرەپێدانی کایەی هونەری و کولتوری لە ئێستادا و پلان و ستراتیج بۆ داهاتوو وەک سیاسەتی کولتوری دوورمەودا و ئاراستەکردنی هونەر و کولتور بۆ دواڕۆژێکی گەش.
ئاراستەی دووەم کارکردن لە سەر بە دیکۆمێنت کردنی مێژووی هونەری شێوەکاری و پاراستنی کارە هونەرییەکان لە نەمان و فەوتان، ئەم ئاڕاستەیە بنەمای سەرەکی ئاڕاستەی یەکەمە کە لەسەر ئەم ژێرخانە هونەرییە پارێزراوە گەشەو پێشکەوتن دروستدەبێت، بە بێ مێژووی هونەر و ژێرخانی هونەری ئەستەمە بتوانین کایەی هونەری و کولتوری پێشبخەین یان کاری تێدابکەین.
وەک هەموومان ئاگادارین هەرێمی کوردستانی عێراق هیچ لەم پلان و ستراتیجییانەی نەبووە نە لە سەر ئاستی حکومەت وە نە لەسەر ئاستی دەسەڵاتی سیاسی وەک حیزب و گروپ و تاقمی سیاسی وە نە لەسەر ئاستی دەوڵەمەند و بازرگانەکان.
کەواتە ئەبێ چی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەوەی کە هەمانە و ماوە لە کاری هونەری بیپارێزین؟ یان چۆن کار و بەرهەمی شێوەکارانی کوردستانی باشوور بپارێزین ؟
لە دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە کە ئەم نووسینە ئامادەکراوە هیچ شوێنێک لە ناو ئەم هەرێمەدا بوونی نییە کە ئەمین و پارێزراو و بێوەی بێت، کە بتوانین بیکەین بە شوێنێک بۆ هەڵگرتن و پاراستنی کارە هونەریەکانمان بۆ هەمیشە، لە هەمان کات بیر کردنەوە لە دروستکردنی مۆزەخانەی نیشتمانی و گەلەری و باڵەخانەی تایبەت بە هەڵگرتنی و دیکۆمێنت کردنی کاری هونەری کارێکی گەمژانەیە بە تایبەتی لە ئێستای ئێمەدا، چونکە ئەستەمە بتوانین ئەم عەقڵە خێڵ و عەشیرتگەراییە قەناعەت پێبکەین، کە هونەر و کولتور ناسنامەی میللەتە پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانییە.
لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەری بڕاکوژی لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو، هەڵکوتانە سەر یەکتر و تاڵان کردن و سوتاندنی بارەگا حکومی و حیزبی و ماڵ و موڵکی بەرپرسانی حیزبی و ماڵە دەوڵەمەند و تا ماڵی هاوڵایتی ئاسایی و بە تایبەتی ماڵی هونەرمەندانی شێوەکار، هەمیشە لە کاتی ئەم هێرشانەدا زیان و زەرەری گەورەیان پێگەیشتوە وە بە هەزاران کاری هونەری شێوەکاری لە تابلۆ و سیرامیک و هێڵکاری و پەیکەر و فۆتۆگرافی و کاری هونەری جۆراوجۆری تر سوتان و شکێندراون و فەوتاون.
باشترین نموونە بۆ ئەم بابەتە شەڕی لالەزارە لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی وێرانکردنی بارەگای حیزبی و هۆتێل و یانەی شەوانە و ڕێکخراوی هونەری و ماڵی هونەرمەندان و هاوڵاتی ئاسایی، کە بە سەدان کاری هونەری تێدا بووە، نموونەش ستودیۆکەی هونەرمەند حیکمەت هیندی و ڕێکخراوە پایە ستودتۆ. کە لە ئێستادا وێران و تاڵان کراون.
چارەسەر چییە وە چی بکەین؟
بەهۆی نەبوونی عەقڵیەتی شارستانی و ئاشتی خوازی و پێکەوە ژیان، لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی کوردیەوە، تاکە چارە کۆکردنەوەی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی شێوەکاری کورد بە تایبەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و بردنی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، واتە کە ئێمە نەتوانین پارێزگاری لە هونەر و کولتوری خۆمان بکەین لە ناو شار و شارۆچکەکان، ئەتوانین کارە هونەرییەکان کۆکەینەوە بیانبەین بۆ وڵاتێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوێ هەوڵی بە ئەرشیف کردن و پاراستنی لێ بدەین.
ئەوەی لە ئێستادا ماوە هەوڵبدەین بیبەینە دەرەوی ئەم هەرێمە و ڕزگاری بکەین لە دەست ئەم عەقڵیەتە تاریکە کە ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبات، ئیتر گرنگ نییە بۆ چەند ساڵ لە ڕۆژئاوا بمێنێتەوە، گرنگ ئەوەیە پارێزراوبێت وە ئێمە بگەینە ئەو ڕاستییە کە ئیتر ئەم شوێنە بە کەڵکی ئەوە نایەت هونەر و کولتوری تێدا هەڵگیرێت، گرنگە لە ئێستاوە بیر لەوە بکەینەوە کە شوێنێک دروست بکەین لە ڕۆژئاو وە ئەم کارانەی تێدا هەڵبگیرێت و بپارێزرێت، بە باوەڕی من ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بە تایبەتی لە ئێستادا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی ماوە لە فەوتان و سوتان، ئەم پێشنیازە خەو نییە وە دەکرێت بە ئەنجام بگەیەنرێت، گەر هەموو هونەرمەندان کۆکبن لەسەر مەترسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ڕووی هونەری و کولتورییەوە کە خریکە ئەبێتە قوربانی جەنێگێی قێزەوەند.
تێبینی:-
* لەم چەند ساڵەی پێشوودا بە سەدان پێشنیاز و داواکاری ئاراستەی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانەکان کراون، بە دابین کردنی شوێنێک یان باڵەخانەیەکی کۆنی بەکارنەهاتوو کە بکرێت بە شوێنێک بۆ کۆکرددنەوە و بە ئەرشیف کردنی هونەری شێوەکاری هونەرمەندان بەڵام بە هیچ شێوەیەک وەڵامیان نەبوو. ناکرێت هەرێمێک لە ماوەی سی و پێنج سالی حوکمڕانیدا ئەتوانێت یەک دەزگای تایبەت بە ئەرشیف کردنی هونەری شێوەکاری دروست نەکات،کەواتە کێشەکە کێشەی عەقڵیەت و تیڕوانینە بۆ کۆی پڕۆسەی هونەری و فەرهەنگی ڕۆشنبیری دەسەڵاتی کوردی لەمەڕ کایەی هونەری و کولتوریدا.
لەم سۆنگەیەوە پێشنیاز دەکەم کە کارە هونەرەیەکانی هونەرمەندان هەمووی کۆبکرێتەوە و ببرێتە دەرەوەی هەرێم، تا بتوانین هونەر و کولتوری نەتەوەکەمان لە سوتان و فەوتان ڕزگاری بکەین.




