خۆپیشاندانەکانی گەلی پاشوور بەرەو کوێ...

زامۆئا داراغا
  2026-02-01     471

بە شێوەیەکی گشتی و ڕواڵەتی خۆپیشاندانەکان هاوسۆزی و پشتیوانی مەعنەوی بوو بۆ گەلی ڕۆژئاوا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەم خۆپیشاندانە ئەوەند، حاڵەتێکی ناوەکی و دەروونی خودی تاکی گەلی باشوور بوو، ئەوەندە خۆپیشاندانێک نەبوو بۆ گەلی ڕۆژئاوا، واتە ئەوەندی وەک ( تێراپی ) چارەسەری دەروونی بوو بۆ کارەکتەری گەلی باشوور، ئەوەندە بەرهەڵستی و نیشاندانی هێز نەبوو بەڕامبەر بە دوژمنانی گەلی کورد، ئەمەش بە ڕوونی دەردەکەوێت لە شێوازی خۆپیشاندانەکاندا کە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت لە شارەکانی گەلی باشوور.

بە تایبەتی بۆ نیشاندانی ( یەک ڕیزی گەلێک ) کە تائێستا نەیتوانیوە یەک ڕیزبێ لە مێژووی هاوچەرخی سیاسی خۆیدا، وەک نەتەوەیک لە ژێر یەک ئاڵا و یەک چیرۆک و یەک مێژوودا، کە بە بڕوای من ئەم خۆپیشاندانانە، ئەوەندەی حاڵەتێکی فشاری دەروونی تایبەت بوو بۆ سارێژکردنی ئەو گڕێ دەروونیەی تاکی گەلی باشوور بۆ خودی خۆی، ئەوەندە هاوسۆزی و پشتیوانی نەبوو بۆ گەلی رۆژئاوا، تاکی کوردی باشوور لە ماوەی سی و پێنج ساڵی رابووردوودا ئەوەندە پەرتەوازە و تەنیا نەبووە وەک ئەوەی لە ئێستادا بوونی هەیە، بە تایبەتی لە دوای نەمانی دوژمنێکی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ کە هەڕەشە بێ لە بوونی گەلی باشوور، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە هۆکاری سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی گەلی باشوورەوە تێگلاوە، هەر لە براکوژی و بە هێز بوونی فیکری ناوچەگەری ئینتما بۆ خێڵ و عەشیرەت و قەیرانی ئابووری و کولتوری و کۆمەڵایەتی و مۆتەکەی ئیسلامی سیاسی و لەتبوونی تاکی کوردی بە سەدان بەشەوە تا ئاستی برینداربوونی ئەم کارەکتەرە و لە دەست دانی توانای ساڕێژ کردن و دۆزینەوەی چارەسەر.

لەم ساتە مێژووییەدا خۆپیشاندان دەبێت بە باشترین دەرمان بۆ خودی خۆپیشاندەرەکانی گەڵی باشوور لە ژێر ناوی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ گەلی ڕۆژئاوا و زاڵ بوون بە سەر گڕێ کوێرەکانی ناوەوی تاکی گەلی ڕۆژئاوا،  لێرەوە ئەم ڕاستیەمان بۆ دردەکەوێت کە تاکی کوردی چەند تامەزرۆی خۆپیشاندانە بە تایبەتی لە ژێر فشارەکانی دەسەڵاتی کوردیدا کە تا ئەم ساتە وەختە خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیان ( قەدەغەیە ) وە هیچ کەسێک و تاقمێک و گروپێک ناتوانێت ئازادانە بێتە سەر شەقام وە داوای مافە سەرەتایەکانی خۆی بکات وە ئەمەش بە ڕوونی دیارە ئاستی ئازادی و دیموکراتی چەند پاشەکشەی کردووە لە ژێر ئەم دەسەڵاتە کوردیەدا.

ئەم خۆپیشاندانانە ئەوەندەی هاوسۆزی و پشتیوانی بوو بۆ گەلی ڕۆژئاوا ئەوەندەش هەلێکی گرنگ و زەروور بوو بۆ ناخ و دەروون تاکی گەلی باشوور، بە مانایەکی تر خۆپیشاندەرانی گەلی باشوور تەنیا دژی چەوسانەوە و ئازاردان و کپ کردنی دۆزی کورد نەبووم لە گەلی ڕۆژئاوا، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشاندانی هێزی لە بن نەهاتووی گەلی باشوور بوو کە چەندین ساڵە بێدەنگ کراوە، ئەو هێزە شاراوەیەی کە بە ناوی کوردایەتی و نەتەوەییەوە وە بە خراپترین شێوە بەکار هێنراوە و دەم کووت کراوە، کە کار گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسیەوە وە ئەگەری لە ناوچوونی هەبێ و دووبارە بکەوێتە ژێر دەستی دوژمنان و ئەم خۆبەڕێوەبردنە لەناوچێت، وەک جۆن ئاماژەکان لە ئێستادا هەمووی بەرەو ئەو ئەنجامە ترسناکەمان دەبات بە هۆی بوونی ئەو هەموو قیرانانە ناوخۆییانەی گەلی باشوور کە پێوەی دەناڵێنێت، ئێمەش وەک گەلی رۆژئاوامان لێبێت و بکەوینەوە ژێر ترسی سڕینەوە و جینۆساید کردنەوە.

لەگەڵ ئەوەی گەلی ڕۆژئاوا لە دوای چواردە ساڵ لە حوکمی خۆسەیی و پێشکەش کردنی سیاسەتی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لە نێو نەتەوە جیاکانی ناوچەکەدا، بەڵام دنیا نەک بە تەنیا بە جێی هێشتن بەڵکو خیانەتیشیان لێ کرد، وە ئەم ئەگەرە زۆر دوور نییە ئێمەی گەلی باشووریش لە نێو قوماری زل هێزەکاندا دوو بارە نەفرۆشرێن وەک چۆن لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدری ڕابوردوودا فرۆشراین.

لە کۆتایدا ئەم خۆپیشاندانە بەم جۆرە جۆش و خرۆشەی گەلی باشوور ئەوەندە خۆپیشاندانێکە بۆ کێشە ناوخۆیەکانی گەلی باشوور و لە دەستدانی ئەم قەوارە سیاسیەی کە هەمانە، ئەوەندە خۆپیشاندانێکی ئاسای نییە بۆ گەلی ڕۆژئاوا، بەڵکو پەیامێکی شاراوەی لە خۆ گرتووە بۆ سەرانی دەسەڵاتی کوردی، نموونەش زۆرە بۆ ئەمە، دروشمی خۆپیشاندەرانی گەلی باشوور ( کوردستان یەکە یەک ) ئەمەش لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵكو لەو یەک ترازانە ترسناکەیە کە بوونی هەیە لە ناو کایەی سیاسی و کولتوری و کۆمەڵاتی و ئابووریەی گەلی باشووردا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×