نەزانین یان دەبەنگی سیاسی

د. شیروان نوری غه‌فور
  2025-08-22     350

دەبەنگی و نەزانین دوو زاراوەی کوشەندەن کە کۆمەڵگا دەڕووخێنێت - بەکارهێنانی قووڵی ئەم دوو زاراوایە لەلایەن سیاسەتمەدارانی عەرەب و کورد و گشت ئەحزابەکانی عراق بەڕاست و چەپ و ئیسلامیەوە وەک سلاحێکی بێ فیشەک وایە دەدیدەن بە سنگی هاووڵاتیەوە ئەمەش بە چاندنی ترۆپی شک و قینە لەناو دڵی تاکی مرۆڤدا، تاوای لێدێت وەک دەستکەلا بەکارمان دێنن.

ئایا بوێریمان تێدایە کە بەرەنگاری ئەم دیاردەیە ببینەوە..؟ ئایا توانای فیکریمان هەیە ڕاستی و ڕاستگۆیی لە درووشمە درۆکان جیابکەینەوە..؟ ئایا لە تواناماندا هەیە کە دەبەنگی و نەزانین وەلا بنێین لەمێشکماندا..؟

نەزانین ئاسانە.. نەزانین بریتیە لە کەمی مەعرفە.. بەمانای ئەوەیە کە تۆ بێئاگایت لە بابەتێک و تەواو.. ئەمە بە عەیبە هەژمار ناکرێت لەسەر ئەوکەسە.. نەزانین یان بێئاگایی بە خوێندنەوە و فێربوون و بەدواداچوون چارەسەر ئەکرێت. بەڵام ئەم نەزانینەی ئەمڕۆ لەوەدەرچوە و سنووری بێئاگایی تێپەڕاندوە.. ئەمڕۆ دەبینین هاووڵاتی وەک مەڕی گێژ دەسوڕێتەوە تەنها بۆ دابینکردنی خواردنی یەک ژەمی ڕۆژانەی.. بێئاگاین لە زۆر بابەت، نازانین چۆن داوای مافی یاسایی خۆمان بکەین... ڕیکلام و ڕووماڵی هەواڵی درۆ و ساختە لە میدیاکانەوە کۆنترۆڵی مێشکی هەموومانی کردوە.. لەلایەکی تروە ئیماندارەکان دەڵێن بیرمەکەنەوە، بەس دۆعا بکەن ئیتر کار نیە خوا چاکی نەکات.

بەڵام دەبەنگی پەتایەکە بۆ هزری تاک و لەناوچوونی کۆمەڵگا. دەبەنگی بریتی نیە لە نەزانین و بێئاگایی..! بەڵکو هەڵبژاردنی هەڵەکانە هەرچەندە ڕاستیەکان دیارن.. بەمانای ئەوەی تۆ ڕاستیەکان ئەبینیت بەڵام هەڵەکان هەڵدەبژێریت... بۆ نموونە بەچاوی خۆمان دەیبینین چۆن سیاسیەکان و دەسەڵاتداران بە ڕاست و چەپدا پارە و موڵک و زەوی و زاری ئەم ووڵاتە فەرهوود ئەکەن و کەچی ئێمەش لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێدەدەین.. خۆمان گێل ئەکەین بەرامبەر بەدینەهێنانی بەڵێنە کۆنەکانیان... وەک هەولێریەکان دەڵێن خۆمان ئەدەین لە گێلی، لە بری ئەوەی دوای ڕاستیەکان بکەوین دەچین باوەڕ بە درۆکانیان ئەکەین.. باوەر بە میدیا درۆکانیان ئەکەین.. دەچین باوەڕ بە خوتبەجاری تائفی و ڕەگەزپەرستی ئەکەین... دەچین چاوپۆشی لە ژیان وڕابواردنی چینی سیاسی و دەسڵاتداران ئەکەین کاتێک ئازار و مەینەتی چینی هەژار و کەمدەرامەت لە لووتکەدایە و لەبیرخۆمانی دەبەینەوە.. بەداخەوە کە ئێمە بە لۆژیکی بیرناکەینەوە.. بیرناکەینەوە کە پێویستمان بە شۆڕشێکی چاکسازی ناو مێشکمان هەیە.. ئەم دەبەنگیە هەمووی فتنە و ڕوخاندنی کۆمەڵگای بە دوادا دێت. 

چارەسەر چیە..؟ چارەسەر ئەوەیە کە هەموومان، مەرج نیە لە پەرتووک و پرۆگرامی خوێندندا فێربین، بەڵکو لە ئەزموونی ژیانمان شت فێربین، لە هەڵەکانمان، لە مێژووی ووڵاتانی سەرکەوتوو دەرسێک وەرگرین... دەبێت منداڵەکانمان فێری خۆشەویستی ژیان بکەین، فێری پرسیارکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگر بکەین، فێریان کەین فەلسەفە و مێژوو بخوێننەوە...دەبێت فێری شیکردنەوەی ڕووداوەکان بین.. دەبێت فێربین چۆن جیاوازی لە نێوان ڕاست و درۆدا بکەین.. دەبێت سەرکردە بین لە گۆڕانەکاندا نەک هەر سەیرکەر بین... ناکرێت بڕوا بە قسەی هەموو کەسێک بکەین بەڵکو دەبێت بەدوای سەرچاوەکاندا بگەڕێین.. دەبێت ڕەخنەگر ببین نەک چاولێکەر.. دەبێت سەرکردەکانمان بە ووردی دیراسەت بکەین و لەسەر بنەمای کار و ئەنجامی کارەکانیان هەڵیان بژێرین نەک لەسەر بەڵێنی درۆ... ئەوانەی هەڵیان دەبژێرین دەبێت ڕاستگۆ و جێی متمانەبن و نیشتمانیان خۆشبوێت، کار نەکەن بۆ بەرژەوەندی شەخسی و بەرژەوەندی دامودەزگای دەرەوە.. دەبێت ئێمە ئەو هیوایە بین کە کۆڵانە تاریکەکان ڕووناک کەینەوە. دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە یاسا و دادوەری سەروەر بێت و کەس لە یاسا خۆی بە بەرزتر نەزانێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×