دوای دەستپێکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینی سەرکەوتنێکی خێرایان دەکرد، بەڵام خواستەکانیان بەدی نەهات. ئاشکرایە کە هەڵمەتە سەربازییەکە بەپێی پلانەکانی واشنتن و تەلئەبیب بەڕێوە ناچێت، بەپێچەوانەوە، سەرباری ئەوەی ئێران زیانێکی یەکجار زۆری بەرکەوتووە و تا نیو سەدەی دیکەش کاریگەرییەکانی ئەم شەڕەی بەسەرەوە دەمێنێت، بەڵام توانیویەتی چەندین ئاستەنگی گەورە بۆ پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست بکات. هەر بۆیە، ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم شەڕە سێ هەفتەییەی واشنتن و تەلەبیب دژی تاران، سەرنجی زۆرێک لە چاودێرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.
بە پشتبەستن بەم هەفتە سەرەتاییانەی جەنگ، دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە هیچ کام لە لایەنە شەڕکەرەکان دەستکەوتێکی ستراتیژییان بەدەستنەهێناوە، هەر بۆیە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن، ڕووبەڕووبوونەوەکە بەرەو مەترسیدارترین قۆناغی خۆی هەنگاو بنێت.
هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەمریکا لە جەنگەکەدا
ئەمریکا نەیتوانی بە خێرایی توانا موشەکیەکانی ئێران تێکبشکێنێت تا مەرجە سیاسییەکانی خۆی بەسەر تاراندا بسەپێنێت و سەرکەوتن ڕابگەیەنێت. لە بەرامبەریشدا تاران شکستی هێناوە لەوەی واشنتن ناچار بە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان بکات. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی خێرا، پشتبەستن بوو بە زانیاریی ناڕاست و هەڵسەنگاندنی هەڵە بۆ تواناکانی ئێران، بەتایبەت کە لە شەڕە دوازدە ڕۆژەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئەم سێ وڵاتەدا، ئێران هێزە ستراتیژییەکانی خۆی بەکارنەهێنا و تواناکانی بە شاراوەیی هێشتەوە. ئەمەش وای کرد دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی چەواشە بن و هەڵسەنگاندنێکی دوور لە واقیع بۆ هێزی ئێران بکەن.
ئەوە ڕوونە کە تاران توانای نیە جەنگەکە بە مانا کلاسیکییەکەی بباتەوە، بەڵام دەیەوێت تێچووی جەنگ و قەیرانی ئابووری بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان گران و مەترسیدار بکات. داخستنی گەرووی هورمز، هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، نمایشی موشەکی دوورهاوێژ و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی ئەمنیی تۆکمە، بە ڕوونی نەخشەی ئێران نیشان دەدەن کە دەیەوێت تەواوی سیستەمی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکبدات. هەرچەندە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆی ئێران لە زیادبووندایە، بەڵام سەرباری ئەو وێرانکارییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئێرانیاندا هێناوە، ڕەخنە گشتییەکان لە حکومەتی تاران کەمیان کردووە و دیسپلین و هاوسۆزیی ئایینی و نەتەوەیی بۆ پاراستنی وڵات بەهێزتر بووە، بەمەش ئێرانییەکان خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئامادە کردووە.
لە بەرامبەردا، وا دەردەکەوێت واشنتن لە ناو جەنگی ئێراندا گیرۆدە بووە، چونکە ئەوان پێیان وابوو بە کوشتنی خامەنەئی و سەرکردە باڵاکان و هێرشی چڕ و پڕ، جەماوەری ئێران ڕادەپەڕێ و زوو شکست بە ئێران دەهێنن. بەڵام نەک هەر وا دەرنەچوو، بەڵکو ئەگەر ترەمپ ئێستا جەنگەکە ڕابگرێت، ئەمریکا دووچاری دۆڕان و شەرمەزارییەکی گەورە دەکات. ئەوەش ڕوونە کە ئەمریکا بەرگەی لەدەستدانی شکۆی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەژموونی دۆلار ناگرێت، بۆیە تیمی ترەمپ هەوڵ دەدەن بە هەر نرخێک بێت هەیبەتی وڵاتەکەیان و ڕووی سەرۆکەکەیان بپارێزن، بۆ ئەوە فشار دەخەنە سەر تاران بە ڕێکەوتن ڕازی بێت.
فشارەکانی سەر ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ بەوە ناسراوە کە خولیایەکی زۆری بۆ ڕاکێشانی سەرنجی میدیاکان هەیە، هەر بۆیە تا ئێستا زیاتر لە نۆ جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و ئێرانیان تێکشکاندووە. ئەم پرسە لە ناو کۆنگرێس و میدیاکاندا بووەتە مایەی گاڵتەجاڕی و دەگوترێت "ترەمپ نۆ جار شکستی ئێرانی ڕاگەیاندووە". ئێستا کۆنگرێس کەوتووەتە پرسیارکردن لەبارەی تێچووەکانی جەنگ و ڕاستی و دروستیی بانگەشە دووبارەکانی ترەمپ. لە ئێستادا ڕاوێژکارەکانی ترەمپ خەریکی داڕشتنی پلانێکن بۆ ئەوەی سەرۆکەکەیان لەم دۆخە نالەبارە ڕزگار بکەن پێش ئەوەی بارودۆخەکە خراپتر بێت، تاران بگێڕنەوە سەر مێزی دانوستان. ترەمپ بە ئاستێک لەژێر فشاردایە، تەنانەت بەوە ڕازییە کە ئێرانییەکان متمانەی پێ ناکەن، بۆ ئەوەی ئێرانییەکان ڕازی بکات و متمانەیان پێ بدات، ئامادەیە جەی دی ڤانسی جێگری بۆ گفتوگۆ بنێرێتە پاکستان.
دوو سیناریۆ بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ.
لەم بارودۆخەدا، دەکرێت دوو سیناریۆ بێنە ئاراوە.
سیناریۆی یەکەم
جەنگەکە درێژە دەخایەنێت و لایەنەکان (بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل) بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە گفتوگۆ بکەن، ئاستی توندوتیژییەکان بۆ قۆناغێکی یەکجار مەترسیدار بەرز دەکەنەوە، تەنانەت تا ئاستی "بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی لۆکاڵ". ئەمە لە کاتێکدایە کە دوور نییە تارانیش هێزی نوێ و سوپرایزی کاریگەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکاو ئسرائیل هەبێت.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تاران ڕێکەوتن ڕەتبکاتەوە، بە دوور نازانرێت سوپای ئەمریکا فشار بخاتە سەر سعوودیە و وڵاتانی کەنداو تا بە هاوبەشی هێرش بکەنە سەر دوورگەی خارک و دوورگەکانی دیکەی کەنداوی فارس، کە تا ئێستاش ئیمارات هەندێکیان وەک (طنب الكبرى وطنب الصغرى وأبو موسى) بە موڵکی خۆی دەزانێت کە لە ساڵی ١٩٧١ لە دوای گەڕانەوەی ئینگلیز، ئێران داگیری کردوون. ئامانجی ئەمە لە لایەک ئازادکردنی گەرووی هورمزە و لە لایەکی دیکە پاککردنەوەی ناوچە شاخاوییەکانە لە کارگەی سەربازی و موشەکی. ئەگەر ئەمریکا ئەمە بکات، ترەمپ بە دەنگێکی بەرز سەرکەوتنی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئەم هەنگاوە نابێتە هۆی لەناوبردنی ڕژێمی ئێران، بەڵکو برینەکانی جیهانی ئیسلامی قووڵتر دەبێتەوە، و جەنگەکە دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارتر لە نێوان سوننەو شیعە، دەبێتە نەهامەتی گەلانی ئێران و وڵاتانی کەنداو.
سیناریۆی دووەم
لەم سیناریۆیەدا، ترەمپ ناچار دەبێت هەندێک سازش بۆ ئێران بکات، بۆ ئەوە دوور نیە ئێرانیش لە چوارچێوەی پاکێجێکی گشتگیردا هەوڵی ڕێکەوتن و کۆتاییهێنانی یەکجارەکی ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئسرائیل و سعودیەو تاران بدات، کە بریتی دەبن لە.
١- ئەمریکا ڕازی دەبێت کە ئێران لە ژێر چاودێریی توندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا، یۆرانیۆم بۆ دابینکردنی کارەبا بەرهەم بێنێت، لە بەرامبەردا ئێران کۆی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی ڕادەستی ئاژانسەکە بکات.
٢- ڕێگە بە ئێران دەدرێت موشەکەکانی بەرهەم بهێنێت، بە مەرجێک مەوداکەیان لە ١٥٠٠ کیلۆمەتر تێپەڕ نەکات.
٣- ئێران پێداگری لەسەر پاراستنی حزبوڵڵا دەکات، لە بەرامبەردا، حزبوڵڵا ڕازی دەبێت چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکات لە لوبنان.
٤- ئەمەریکا ڕازی دەبێت گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵبگرن، لە بەرامبەریشدا ئێران پابەند دەبێت بەوەی چیتر دەست وەرنەداتە کاروباری وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن. هاوکات ئێران پابەند دەکرێت کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
٥- ئێران داوا دەکات لەگەڵ سعوودیە ڕێکبکەون و بە هاوبەشی پرسی یەمەن و عێراق چارەسەر بکەن.
لە ڕاستیدا، بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ئیسرائیل، ئێران هیچ کێشەیەکی خاکی و نەتەوەیی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نەبووە، بەڵکو ئەم دوو وڵاتە لە ڕێگەی هاوبەشییان لەگەڵ ئەمریکا، پەیوەندییەکی ستراتیژییان هەبووە و پشت و پەنای یەکتر بوون. بەڵام لە بنەڕەتدا، ئیمام خومەینی بەڵێنی دا کە خاوەنداری پرسی فەڵەستین بکات، هەر بۆیەش هێرشە موشەکییەکانیان بە ناوی ئەو بەڵێنەوە (الوعد الصادق) ئەنجام دەدرێن. وا پێدەچێت لە ماوەی یەک یان دوو هەفتەی داهاتوودا جەنگەکە کۆتایی بێت، ئەوکات دوور نییە سەرکردایەتیی نوێی ئێران، نەک تەنیا دەستبەرداری پرسی فەڵەستین بێت، بەڵکو لە ساڵانی داهاتوودا پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا دروست بکات، ڕێک وەک چۆن ژاپۆن دوای کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی خۆی بەدەستەوە دا، دواتر گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردا هات و بووە یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان، ئێرانیش توانای هەیە هەمان ڕێگە بگرێتە بەر، کە ئەو کاتە سەقامگیری و پێشکەوتن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە باوەش دەگرێت.
https://missilethreat.csis.org/country/iran/
https://www.eia.gov/todayinenergy/detail.php?id=39932
https://www.ui.se/utrikesmagasinet/
https://www.lemonde.fr/en/opinion/article/2026/03/12/when-trump-declares-victory-on-iran-the-day-after-will-remain-an-open-question_6751386_23.html