کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و ڕژێمە فاشیستەکانەوە، مێژوویەکی پڕ لە جینۆساید و وێرانکاریی چەشتووە. ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی ژێرخانی ئابووری، زانستی و فەرهەنگی، هەروەها تێکشکانی دەروونیی تاکی کورد. هەر بۆیە گەلی ئێمە، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تراژیدیایانەی بەسەری هاتووە، لە هەر نەتەوەیەکی دیکەی ئەم هەسارەیە زیاتر پێویستی بە یەکێتیی دەنگ و ڕەنگەکانی ناوخۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە لەگەڵ ئەوانی دیکە.
بەداخەوە، ئەو دەرفەتە زێڕینانەی لە دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی ڕەخسان، دەتوانرا بکرێنە مۆدێلێکی ناوازەی حوکمڕانی کورد و سەروەرییەک کە هەرێمی کوردستان بکاتە قووڵاییەکی ستراتیژی بۆ دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان. بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم، کردیانە قوربانیی بەرژەوەندیی خێڵ و بنەماڵەکانیان و دەرفەتەکانیان لەبار برد. بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە، نە کوردستانێکی خاوەن سەروەریی سەقامگیرە، نە کەرکووکێکی کوردستانی و نە سیستمێکی دیموکراسی خۆشبژێتیشە، بەڵکو ژیانێکی بندەستی ستەمکاری پڕ مەترسی نادادییە.
ڕاستتر بڵێم، کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی سیستماتیکدایە. دەسەڵاتداران بێ هیچ چاودێرییەک، تەنها بۆ مسۆگەرکردنی خۆشگوزەرانیی خۆیان و شازادەکانیان، گەلی کوردستان و کەرکووکیان کردووەتە سەرچاوەی بەرژەوەندی و داهاتەکانیان. ئەم شێوازە لە حوکمڕانی، نەک هەر متمانەی سیاسیی زلهێزان و دۆستەکانی کوردی لەبار بردووە، بەڵکو لە ناوخۆشدا ژێرخانی شارستانی، زانستی، ئابووری و شیرازەی کۆمەڵایەتیی داڕووخاندووە و هەڕەشەی داگیرکەرانیشی لەسەر کوردستان زیاتر کردووە. بۆیە لەم ساتەدا کە داگیرکەران بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کوردستان، پێویستە سوود لە ئەزموونی گەلان وەربگرین و هەنگاوی کردەیی بۆ ئاشتبوونەوەی گشتی و پێکەوەژیان بنێین، بەتایبەت لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان.
ئاشتی و پێکەوەژیان
ئاشتی تەنیا نەبوونی ململانێ نییە، بەڵکو قبووڵکردنی جیاوازییەکان و ڕێزگرتنی یەکترە. بونیادنانی ئاشتی پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە دیالۆگ و بەشداریی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان هەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن. وەک چۆن ڕێککەوتننامەی دەیتۆن لە بۆسنە و هێرزێگۆڤینا، وەک بنەمایەک توانی جەنگ بۆ ئارامییەکی بەردەوام بگۆڕێت.
ڕێککەوتننامەی دەیتۆن
ئەو ڕێکەوتننامەیە دەوڵەتێکی بەرهەمهێنا کە خاوەنی دەسەڵاتێکی ناوەندیی لاوازە، بە جۆرێک هەموو بڕیارە نیشتمانییەکان پێویستیان بە یەکدەنگیی هەر سێ نەتەوە سەرەکییەکە (سڕب، کروات و بۆسنی) هەیە. لە بۆسنە و هێرزێگۆڤینا، لە یەک کاتدا سێ سەرۆک (لە هەر پێکهاتەیەک یەک کەس) بۆ وڵات هەڵدەبژێردرێن. پاشان بە شێوەی دەستاودەست، هەریەکێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ دەبێتە سەرۆک تا خولەکەیان کە چوار ساڵە کۆتایی دێت. هاوکات هەر سێ سەرۆکەکە مافی ڤیتۆیان هەیە، بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیارێک بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت. هەموو ئەمانە لە دەستووری وڵاتەکەدا ڕێکخراون و ڕێژەی پێکهاتەکانیش لە دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتدا هاوتا کراوە.
کەرکووک و مۆدێلی پێشنیارکراو
لە ساڵی ٢٠٠٨دا، بە هاوکاریی یاساناس و پارێزەر "سوزان ڕەسوڵ" دانیشتووی سوێد لە گووتارێکدا، مۆدێلی حوکمڕانیی بۆسنەم وەک چارەسەرێک بۆ کەرکووک خستە ڕوو. مەبەستم بوو، ئەو مۆدێلە وەک شێوازێکی گونجاو بۆ تایبەتمەندیی کەرکووک بناسێنم.
من ئاگاداری ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی ئوتێل ڕەشید نیم، بەڵام دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگار بەسەر پێکهاتەکاندا هەنگاوێکی بایەخدارە، بەو مەرجەی هاوشێوەی بۆسنە، لە دەستوور، یان یاسایەکی تایبەت بە کەرکووک بە جۆرێک ڕێکبخرێت کە سەرۆکایەتی پارێزگا بکرێتە "ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی هەر سێ پێکهاتەکەی پارێزگاکە". پارێزگار لە هەر پێکهاتەیەک بێت، پێویستە دوو جێگری لە دوو پێکهاتەکەی دیکە هەبێت، جێگرەکانیش مافی ڤیتۆیان هەبێت و بەو شێوازە ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی پارێزگا ڕێکبخرێت، بەپێچەوانەوە بۆ هەتا هەتایە کەرکوک دەدۆڕێنین.. لە هەمان کاتدا، نابێت سازش لەسەر مافەکانی دیکەی کورد بکرێت. بەڵکو دەبێت ڕێژەی پێکهاتەکان لە سەرجەم دامودەزگاکان، کۆمپانیاکانی نەوت و غاز و شوێنەکانی دیکەدا هاوتا بکرێن، بەتایبەت کە ئێستا ڕێژەی کورد تێیاندا زۆر نزمە.
ئەم ستراتیژە متمانە بۆ کاروباری نێودەوڵەتیمان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتنی نیشتمانی و کارلێکی بنیاتنەری ناوخۆشمان هەیە. مێژوو فێرمان دەکات هەر سوودێک لەسەر حسابی ئەوانی تر بێت، کورتخایەنە و مەحکومە بە شکست. وەک دەگوترێت.. "تۆ ناتوانیت بەختەوەریی خۆت لەسەر بەدبەختیی کەسێکی تر بنیات بنێیت."
لەم سۆنگەیەوە، دەخوازم پارتی و یەکێتی و گشت حزبەکانی هەرێم دەستبەرداری ئەو ملهوڕیانەیان بن و بگەڕێنەوە ناو خەڵک.. حکومەت پێکبهێنن و سازش بۆ یەکتر بکەن، نەک بۆ داگیرکەرانی کوردستان.
سەرچاوە
wikipedia.org/wiki/Presidency_of_Bosnia_and_Herzegovina