لە پەکەکەوە تا تەڤگەڕی ئاپۆیی، پارچەیەک لەمێژووی ململانێ

عوسمان عەسکەری
  2026-05-07     480

بەشی یەکەم.

پاشخانی مێژوویی و سەرهەڵدانی شوناسی نوێ (مرۆڤی نوێی کورد)

سەدەی بیستەم وەک سەدەی هەڵکشانی خەباتی گەلانی "جیهانی سێیەم" دەناسرێتەوە، بەتایبەت کە لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەدا، وەک لای زۆربەی نەتەوە بندەستەکانی جیهان، لە کوردستانیش بیری نەتەوەیی هاودەم گەشەی کرد. بەتایبەت دوای ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحمودی حەفید، خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا، پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر بنەمای نەریتی جووڵانەوە خێڵەکییەکان و ئەو میراتە شۆڕشگێڕانەیەی کە پێشتر شکستیان خواردبوو دامەزراند، هاوکات پێشەوا قازی محەمەد، کۆماری مەهابادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند. ئەم دوو ڕووداوە وەرچەرخانێکی گرنگ بوون بۆ ڕێکخستن و گەشەپێدانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەڵام لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بارودۆخەکە جیاواز بوو. دەوڵەتی تورکیا دوای سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕاپەڕینەکان و کۆمەڵکوژیی دێرسیم، سیاسەتێکی توندی بۆ ڕیشەکێشکردنی ناسنامەی کوردی پەیڕەو کرد. سەرەتا لە ڕێگەی "یاسای نیشتەجێکردن" و ڕاگواستنی زۆرەملێوە، سەدان هەزار کوردی بۆ ناوەڕاست و ڕۆژئاوای تورکیا ڕاپێچ کرد تا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی هۆزەکان هەڵوەشێنێتەوە. دواتر هەر بە یاسا، کوردی وەک "تورکی شاخاوی" پێناسە کرد و بۆ ماوەی نزیکەی حەفتا و پێنج ساڵ، زمانی کوردی لە دامودەزگا حکومییەکان، لە قوتابخانەکان و تەنانەت لەنێو خێزانەکانیشدا قەدەغە کرد، و هەر سەرپێچییەکیش بە زیندان و ئەشکەنجەی سەخت وەڵام دەدراوە.  لەناو جەرگەی ئەم تاریکییە چڕەی کە دەیویست نەتەوەیەک لەناو بدات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک خاوەن پڕۆژەیەکی سیاسی و مەعریفیی بێوێنە دەرکەوت و بە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەرەڕای پیلانگێڕیی و گەمارۆی نێودەوڵەتی، لەناو بارانی ئاگردا، تەڵسمی میراتی عوسمانییەکانی شکاند و کۆتایی بە پرۆسەی تورکاندنی فاشیستەکان هێنا و گیانی بەرگریی لە نێو جەستەی چل ملیۆن کورددا هێنایەوە ژیان.

 

دامەزراندنی پەکەکە، وەرچەرخان لە ستراتیژی خەباتدا

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئازاری ١٩٧٢دا، وەک خوێندکارێکی چالاک و ناڕازی لە ئەنقەرە بۆ ماوەی حەوت مانگ زیندانی کرا. ئۆجەلان ئەو قۆناغەی زیندانی کردە دەرفەتێک بۆ داڕشتنی "فەلسەفەیەکی نوێی خەبات" و تێیدا شکست و خاڵە لاوازەکانی شۆڕشە کلاسیکەکانی کوردستانی هەڵسەنگاند. دەرەنجامی ئەم تێڕامانە، دامەزراندنی پەکەکە بوو وەک ڕێبازێکی جیاواز. ڕێبازێک کە بەر لە چەک، گرەوی لەسەر "دروستکردنەوەی مرۆڤی کورد" دەکرد. لای ئۆجەلان، ڕێگەی ئازادیی کوردستان لە ڕزگارکردنی تاک لە هەژموونی خێڵایەتی و بنەماڵەییەوە دەست پێ دەکات، تا لەوێوە ئیرادەیەکی نەتەوەیی بۆ نیشتمانسازی و مرۆڤسازی لەدایک بێت. ئەو پێی وایە تا "مرۆڤی نوێی کورد" دروست نەبێت و تاک لە کۆت و زنجیری ملکەچی و لە هەوەسبازی و کۆیلایەتی سامان ڕزگار نەبێت، ناتوانێت ببێتە هێزێکی کارا بۆ بونیادنانی نیشتمانێکی ئازاد و شارستانی هاوسەنگ.

 

چەمکی مرۆڤی نوێ و تێکشکاندنی کۆیلایەتیی دەروونی

پەکەکە تەنیا بزووتنەوەیەکی چەکداری نییە، بەڵکو شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژییە بۆ تێپەڕاندنی بنەماکانی خێڵەکی و بنەماڵەییی. ئەم ڕێبازە، لەبری پشت بەستن بە پاشخانی کۆمەڵایەتی و ناوبانگی خێڵ، کار لەسەر بونیادنانی "مرۆڤی نوێی کورد" دەکات. مرۆڤێک کە خاوەن هۆشیارییەکی قووڵ بێت و فیداکارانە قوربانی بۆ دۆزە نەتەوەیی و مرۆییەکان بدات. هەر لەم ڕوانگە یەکسانیخوازانەیەوە بوو کە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک سیمبۆلێکی جیهانیی ڕزگاریبەخش سەری هەڵدا.

ئۆجەلان پێی وایە کوردی ژێردەستە، تووشی "نامۆبوون و کۆیلایەتیی دەروونی" بووە، بۆیە، یەکەم هەنگاوی شۆڕش، تێکشکاندنی ئەم کۆیلایەتییە ناوەکییەیە. ئەو پێی وایە، ئەم پاشکۆیەتییە دەروونییە بووەتە هۆکاری ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سەرجەم حزبەکانی کوردستان، بەتایبەت ململانێی پارتی دژ بە پەکەکە.

لێرەوە دەبینین کاتێک گەنجێک دەچێتە ڕیزەکانی ئەم جووڵانەوەیەوە، یەکەمین ئەرکی حزب "پەروەردەکردنی مەعریفی"یە. ئەم وەرچەرخانە فیکرییە وادەکات مرۆڤێکی پەراوێزخراو ببێتە کادیرێکی هۆشمەند و خاوەن ئیرادە کە سڵ لە هیچ هێزێکی داگیرکەر نەکاتەوە. هەر ئەم ئیرادەیەیە وایکردووە، ئەندام پەڕلەمانەکانی کورد لە باکوور، لەکاتێکدا دڵنیان کە چارەنووسیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و زیندان دەبێتەوە بەڵام لە ناو دڵی پەرلەمانی تورکیادا، بێ سڵەمینەوە لە مەرگ، ڕووبەڕووی فاشیزم دەبنەوە. هەر ئەم ئیرادەیەشە شەڕڤانە ئازاکنی ڕۆژاڤاش لە کاتی هێرشە زەبەلاحەکاندا، بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە دەیانگووت.. "چی دەبێت با ببێت، ئێمە ئەم خاکە دەپارێزین!"

سەرەڕای گەڕان و لێکۆڵینەوەی چڕم لە شۆڕشەکانی ئەمریکای لاتین تا چین، دەتووانم بڵێم، لە مێژووی ئەم هەسارەیەدا، هەرگیز خەباتێکی ئاوا سەخت و هاوکات پڕ لە مەعریفەی وەک پەکەکەم نەبینیوە، چونکە بە قەد باڵای سەختییەکەی، پڕە لە فەلسەفە و مەعریفە. ئەمە دەرەنجامی ڕێبازی ئاپۆچێتییە لە بونیادنانی مرۆڤی خاوەن ئیرادە و یەکسانیخوازدا "مرۆڤی نوێی کورد" کە ئێستا سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە..

]

ململانێی نێوان نەریتی خێڵەکی و ئایدۆلۆژیای پەکەکە

لە زۆربەی حزبە کوردییەکانی تردا، بەتایبەت لە پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبایەتی کورتکراوەتەوە بۆ پەرستنی "سەرۆک و مەرجەع و براگەورە"، کە ئەمەش تەنیا بەرژەوەندیی خێڵ و بنەماڵە دەپارێزێت نەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی. خاڵی جەوهەریی جیاکەرەوە لێرەدا دەردەکەوێت.. پارتی و یەکێتی و حزبە ئسیلامیە هاوشێوەکانیان.. نوێنەرایەتیی کوردایەتییەکی نەریتی دەکەن کە بەرژەوەندیی خێڵ و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان تێیدا لە پێشینەیە. ئەوان کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی ملکەچ و سازشکارن. بەپێچەوانەوە، ئۆجەلان نوێنەرایەتیی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەکات کە دڵسۆزی بۆ "دۆز" دەوێت نەک بۆ "شەخس". مرۆڤی ئازادیخواز و دادپەروەر بەرهەم دەهێنێت، نەک ملکەچ.

ئەم دوو مۆدێلە لە مێتۆدی دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستانیشدا ڕەنگیان داوەتەوە. مۆدێلی بنەماڵەیی لە باشوور، کۆمەڵگەیەکی لەرزۆک و هەرێمێکی شەرمەزاری سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی و پەراوێزخراوی بەرهەمهێناوە کە تێیدا، مامۆستا بێ مووچەیە و گەنج بێکار و مناڵ نەخوێندەوارە، میللەتیش پەرتەوازە.! تەنانەت لە ڕووی دیموگرافیشەوە، لەم دوو دەیەی دوای بەعس، بەشێکی زۆری ناوچە دابڕێنراوەکان و شارەکانیش لە سایەی بازرگانیی حزبەکاندا ڕووبەڕووی "تەعریب" بوونەتەوە. ئەوەش گۆڕانکارییەکە کە تەنانەت ڕژێمی بەعسیش نەیتوانیبوو ئەنجامی بدات. بۆیە کوردایەتیی ئەم حزبانە لە دروشمی بێناوەڕۆکی وەک ڕۆژی ئاڵا و جلی کوردی تێناپەڕێت و لە ڕێگەی میدیا چەواشەکارەکانیانەوە، ڕەسەنایەتیی فەرهەنگی و ئاسایشی نەتەوەیییان بەرەو لە ناوچوون بردووە.

بەشی دووەم

 

ڕۆژاڤا، گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ڕێبازەکان

ئەم ململانێیە لە ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتە لووتکە. لە کاتێکدا جەمسەرە هەرێمییەکانی وەک تورکیا، سعوودیە و قەتەر فشاریان خستە سەر ئەحمەد شەرع (جۆلانی) دژی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاڤا هێرش بکات، بارزانیش لە ڕێگەی ئەنەکەسە و لەشکری ڕۆژەوە، هەوڵی دا مۆدێلی خۆی بسەپێنێت. بەڵام شەڕڤانان بە فەلسەفەی "ژن ژیان، ئازادی و پێکەوەژیانی گەلان" و بە پشتیوانی ئەو گەنجانەی بەدەنگ سەفەربەرەکەی مەزڵوم کۆبانیەوە چوون و شەقامەکانی دنیایان هەژاند، داکۆکیی کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و لە ناوەندە جیهانییەکانیش سەدان کەسایەتیان بەدەستهێنا. بەپێچەوانەی پارتی و یەکێتی، نەک هەر فەلسەفەیەکی فکری پێکەوە ژیانیان نیە، بەڵکو مۆدێلێک بەڕێوە دەبەن، لە بەغدا بوونەتە بازرگانی سیاسی و مرۆڤ فێری "ملکەچی ئیمتیازات" دەکەن، نەک ئازادی و ئینتیمای نیشتیمانی، بۆیە پێکهاتە جوداکان و خێزان و گەڕەک و شارەکانیشیان کردۆتە نەیاری یەکتر.

 

کۆتایی یەکڕیزی یان وابەستەیی؟

مێژوو سەلماندوویەتی کە ڕابەران یان بە هەڵوێستە مێژووییەکانیان گەورە دەبن، یان لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا، بە بچووکی وون دەبن. کاتێک مەزڵووم کۆبانی بەرامبەر گوشاری زلهێزەکان و سوپای تیرۆریستی شەرع وەستایەوە و "نا"یەکی ئامانجداری بە ڕووی سازشدا گوت.. بەوە شکۆی کورد و ڕوومەتی خۆی و هەڤاڵەکانی گەشتر کرد.. هەر بۆیە، لە دیدارەکانی بەرلین وەک سیمبۆلێکی جەنگاوەری ئازادی و جەنەراڵێکی مەزن ناسێنرا. لە بەرامبەردا، مێژووی باشوور پڕە لە "هەرەس و سازش" بۆ داگیرکەران و ڕادەستکردنی خاک. ئێمە شایەتحاڵی ئەو کارەساتانە بووین کە لە ساڵەکانی ١٩٧٥، ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕوویان دا.

ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە بۆ ئەوانەی دژی پرۆسەی ئاشتی پەکەکە چالاکن ئەمەیە.. ئایا پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و "مرۆڤی نوێی کورد" ڕەسەنترە، یان ئەو کوردایەتییە ڕووکەشەی کە گەلی کوردی پەرتەوازە کردووە و ئیرادەی گەنجانی خنکاندووە؟ ئەو مۆدێلەی کە خاک و شکۆی نەتەوەی کردە سوتەمەنی بازرگانی، پارە و مانەوەی خۆیان، تا گەیشتە ئەوەی هەر جارە و دادگای وڵاتێک بەهۆی گەندەڵی و تاڵانیی دەسەڵاتدارانەوە، شکۆی نەتەوەکەمان بلەرزێنێت.!

 

هەڤاڵبەندی ئەردۆغان و بارزانی دژ بە ئۆجەلان

لە ڕاستیدا بارزانی و ئەردۆغان نوێنەرایەتیی دوو جەمسەری جیاواز دەکەن لە جیهانی سیاسەتدا، بەڵام ئەوەی ئەردۆغان و بارزانی کۆدەکاتەوە، نەوت و دژایەتیی پەکەکەیە. من لە بایەخی پەیوەندیە بازرگانییەکان تێدەگەم، بەڵام تێناگەم لە کاتێکدا جەنابی کاک مەسعود لە گوتاری فەرمیدا ستایشی ئاشتی و دیالۆگی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا دەکات، داخۆ ئەمە لە جەوهەری سیاسەتەکەیاندا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئەگەر وایە، بۆچی لەکاتێکدا میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا و "گورگە بۆرە" شۆڤێنییەکان جەنگێکی میدیایی چڕ بۆ تیرۆری کەسایەتی ئۆجەلان بەڕێوە دەبەن، لە هەرێمی کوردستانیشدا، میدیا سێبەرەکانی پارتی زۆر توندتر لە میدیاکانی تورکیا، کار بۆ "شێواندنی کەسایەتیی ئۆجەلان" و لێدان لە ورەی گەریلا دەکەن.

لێرەدا دەتوانم بڵێم، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، زۆربەی بەڵێن و بڕیارە ئاشکراکانی پارتی بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک مەسعود لە ڕووکەشدا شتێک بوون و لە ناوەڕۆکدا شتێکی تر.! لەم بارودۆخەدا کە مەترسییەکان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی کوردیان داوە، ئیتر ئەرکی هەنووکەیی کاک مەسعود و جەماوەرە کە داوای یەکڕیزیی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بکەن، نەک تێوەگلان لە جەنگی دەروونی دژ بە یەکتر و ملکەچی بۆ ئەجێندای داگیرکەران.

 

وەرچەرخانی سیاسی، لە پەکەکەوە بەرەو تەڤگەری ئاپۆیی

گۆڕینی ناوی پارتە سیاسییەکان دیاردەیەکی ئاڵۆزە و لە دنیادا پێشینەیەکی مێژووییان هەیە، بەتایبەت دوای ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و کۆتایی جەنگی سارد، کە تێیدا زۆرێک لە پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات ناوی خۆیان گۆڕی بۆ "سۆسیال دیموکرات".

بۆ نموونە، لە پۆڵەندا، بۆ ئەوەی خۆی بسازێنێ لەگەڵ دیموکراسی ئەوروپای ڕۆژئاوا، پارتی یەکێتیی کرێکاران (PZPR) لە ساڵی ١٩٩٠ بوو بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کۆماری پۆڵەند SdRP)، کە دواتر، هاوپەیمانی لەگەڵ چەپی دیموکرات(SLD) پێکهێنا. ئەم دوو حیزبە لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکان تا سەرەتای ٢٠٠٠ەکان حوکمڕانی پۆڵانەدایان گرتە دەست.

هەرچەندە ئەم هەنگاوانە لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە تورکیاش وەک نوێبوونەوەیەکی دیموکراسی ناسێنرا، بەڵام زۆرجار تەنیا گۆڕینی ناو بوو نەک وەرچەرخانێکی قووڵی ئایدیۆلۆژی. مەبەستی سەرەکی لەم گۆڕانکارییانە، دەربازبوون بوو لە گۆشەگیری و بەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی تا ڕێگری لە قەدەغەکردنیان نەکرێت.

لە بەرامبەردا، گۆڕینی ناوی پەکەکە بۆ "تەڤگەری ئاپۆیی" تەنیا گۆڕینی ناونیشان نییە، بەڵکو کرانەوەیەکی گەورەیە بە ڕووی دیموکراسی ڕۆژئاوایی و وەرچەرخانێکی ستراتیژیە لە پڕۆژە و ئایدیۆلۆژیای ئەم حزبەدا. ئەمە هەوڵێکە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ پرەنسیپە دیموکراتییە جیهانییەکان و دەربازبوون لەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی خراونەتە سەری. هاوکات، ئەم هەنگاوە خۆگونجاندنە لەگەڵ بارودۆخی دەروونیی کەسوکاری قوربانیانی جەنگ و دەکرێت ببێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

خوێنەری هێژا.. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیا سەرسەخترین نەیاری کوردە، سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لەوێ، کلیل و بنەمای چارەسەری پرسی کوردە لە تەواوی ناوچەکەدا. هەر بۆیە، سەرەڕای مەترسییەکانی لەباربردنی ئەم هەنگاوە، پێویستە گەلی کوردستان بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لەم وەرچەرخانە مێژووییە و پڕۆسەی ئاشتیی "تەڤگەری ئاپۆیی" بکات. سەرکەوتن بۆ ئاشتیی گەلان و سەروەری بۆ کوردستان.

 

 سەرچاوە:

https://www.reddit.com/r/AskHistorians/comments/oxrtio/did_mustafa_kemal_atat%C3%BCrk_really_order_the/

https://sv.wikipedia.org/wiki/Polen#:~:text=Efter%20krigsslutet%20hamnade%20landet%20i,med%20fria%20val%20och%20marknadsekonomi.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×