پێشەکی
سیستەمی سیاسی لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیدا (چ پاشایەتی یان کۆماری)، مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ ناوەندگەرێتیی پاوانخوازدا هەیە. عێراقیش دوای ساڵی ٢٠٠٣، لەژێر چاودێری ئەمریکادا بەناو "کۆماریی پەرلەمانیی فیدراڵیی دیموکرات" یان بونیاد نا. بەڵام دواتر نەک هەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو خودی ئەمریکاش ڕێگەیان نەدا عێراق ببێتە وڵاتێکی فیدراڵ و دیموکراتی ڕاستەقینە. بەپێچەوانەوە هەریەک لە ئەمریکا و ئەورووپا لەلایەک، ڕژێمەکانی ئێران و تورکیا و سعوودیە لەلایەکی دیکەوە، ئامانجەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق گرێدا، کە دەرەنجامەکەی بریتی بوو لە تاڵانکردنی سامان و داماڵینی بەها مرۆییەکانی دانیشتووانەکەی. ئەنجام عێراقیان کردە زەنگاوێکی تاڵانچێتی و لەناوبردنی بەها مرۆییەکان، کوردیش هەم خەتابار، هەم قوربانی سەرەکییەتی.
فیدراڵیزمی عێراق.
ئەمریکا هەمیشە ڕزگارکردنی کورد و بونیادنانی عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراتی وەک یەکێک لە شانازی و دەستکەوتە هەرە گەورەکانی هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٣ ناساندووە. بەڵام ئەمڕۆ ئەو میراتە، بەهۆی هەڵەی خودی کورد و هەوڵی هێزە ناوەندگەرەکانی بەغدا، تورکیا و ئێران و سعودیە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە، بە جۆرێک کە قەوارەی هەرێم بەرەو نەمان دەچێت. ئێستا بەغدا نەک هەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە، بەڵکو لە ڕێگەی بڕینی سەرچاوە داراییە سەربەخۆکانییەوە، قەوارەی هەرێمی ڕووبەڕووی مەترسییەکی بوونیادی کردووەتەوە.
لە ڕاستیدا، فیدراڵیزمی عێراق لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی لەرزۆک و ناهاوسەنگ بوو. هەرچەندە لە ڕووی دەستوورییەوە، ڕێگە بە پارێزگاکانی دیکەش درابوو تا ببنە هەرێم، بەڵام بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانی وەک قاعیدە و داعش لەلایەک و دەستوەردانی تورکیا، و ئێران و سعودیە و ڕۆڵی ئەمریکا و ئسرائیل، فیدراڵیزم لە عێراقێکی بێ ئۆقرە، نەبووە سیستەمێکی گشتگیر کە هەنگاو بۆ دیموکراتی بنێت، بۆیە کێشەی شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی تەنیا لە نێوان بەغدا و هەولێردا چەقی بەست، ئەمەش تاران و ئەنقەرە و بەغدای دڵنیا کردەوە کە پڕۆسەی دیموکراسی و "فیدراڵی عێراق" لەبار دەچێ و کوردیش مایەپووچ دەبێت.
لاوازیی هەرێمی کوردستان
یەکێک لەو گورزە کوشندانەی لە کورد درا، ئەوە بوو لە نووسینەوەی دەستوردا، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بە ڕوونی دیاری نەکران، بە پێچەوانەوە، بەشێکی زۆری خاکی کوردستان وەک ناوچەی جێناکۆک لە نێوان بەغدا و هەولێردا مایەوە. تەنانەت ئەو فیدراڵییەشی کە هەرێم لێی بەهرەمەند بوو، کەوتە بەردەم تەحەدای سێ پرسی چارەسەرنەکراو..
ماددەی ١٤٠.. کە پەیوەست بوو بە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، هەرگیز جێبەجێ نەکرا و جێبەجێ ناکرێت.
یاسای نەوت و غاز.. پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوو یاسایەک دەربکات کە دەسەڵاتەکان ڕوون بکاتەوە، ئەمەش بووە هۆی کێشەیەکی بێکۆتایی لەسەر گرێبەستەکانی نەوت.
پرسی ئابووریی سەربەخۆ.. لە غیابی یاسایەکی فیدراڵیدا، هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٧دا یاسای نەوت و غازی خۆی دەرکرد و بە سەربەخۆ نەوتی هەناردە کرد، بەڵام بەغدا ئامادە نەبوو دانی پێدا بنێت. پێویستە بگوترێت، یەکێک لە پاساوەکانی بەغدا بۆ دژایەتیکردنی ئەم پڕۆسەیە، ئەوە بوو کە هەرێم نەوتەکەی بە هەرزان دەفرۆشێت و داهاتەکەشی نا دیارە.. لەو نێوەندەدا، کورد شکستی هێنا، سوودمەندی سەرەکی تەنیا تورکیای ئەردۆغان بوو. دوای ئەوە، دەیان ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا کرا، بەڵام هیچ کامێکیان جێبەجێ نەکران، بەو جۆرە قەیرانەکان لە کوردستان درێژەیان دا.
کاریگەرییەکانی ڕیفراندۆم
دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، کاردانەوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕان بۆ هەڵوێستێکی نەرێنی. هەرچەندە ئیرادەی ناوخۆیی بۆ سەربەخۆیی بەهێز بوو، بەڵام هەڵسەنگاندنی هەڵە بۆ پشتیوانییە دەرەکییەکان، هەرێمی ڕووبەڕووی گۆشەگیری کردەوە. لەو کاتەوە، نەک تەنیا پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ هەرێم ساردبوونەوەی بەخۆوە بینی، بەڵکو قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش پێگەی کوردی لە عێراق و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لاوازتر کرد.
ئێران و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان
هەر لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە وتارێکدا پێشبینی ئەوەم بڵاو کردەوە کە ئەمەریکا نەک ناتوانێت ڕژێمی ئێران بڕووخێنێت، بەڵکو هەیبەتی خۆشی دەدۆڕێنێت. دروستبوونی بەرەیەکی نوێ لە نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستان (کە ئەگەری هەیە دوای ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەمەریکا، ئێران، میسر و عێراقیش بگرێتەوە)، ئاماژەیە بۆ هەڵوەرینی هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، ناڕاستەوخۆ مەترسی لە سەر دۆزی گەلی کورد و بەلۆچ و حووسییەکانیش دروست دەکەن. چونکە خاڵی هاوبەشی ئێران و پاکستان لەسەر پرسی بەلۆچ، و خاڵی هاوبەشی تورکیا، ئێران و عێراقیش لەسەر پرسی کورد کۆکە.
قەوارەی هەرێم و هۆشدارییەکانی پلاسخارت
لە کۆنفرانسی یەکڕیزییدا لە ساڵی ٢٠٢٢، جینین پلاسخارت، نوێنەری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توندی دایە دەسەڵاتدارانی هەرێم و ڕایگەیاند.. (وا مەزانن قەوارەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و هەمیشەییە.) پلاسخارت وەک دیپلۆماتکارێکی ئاگادار لە هاوکێشەکان، دەیزانی کە دابەشبوونی کارگێڕی، گەندەڵی و ململانێی حیزبی، پایەکانی قەوارەی ئەم هەرێمەیان لەرزۆک کردووە. ئەو تێگەیشتبوو کە گەندەڵی حکومەت، و پیلانی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سڕینەوەی ئەم قەوارەیە، هەڕەشەی ڕاستەقینەن. ئێستا دوای چوار ساڵ بەسەر ئەو پەیامەدا، نەک هەر چاکسازی نەکرا، بەڵکو قەیرانەکان زۆر قووڵتر بوونەتەوە.. بۆیە دەترسێم کە هەرێم لە لێواری دوا هەناسەکانیدا بێت.
هەڵوێستی تورکیا و ئاییندەی هەرێم
لە سایەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، هاوکێشە ناوچەییەکان گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە. هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئاشتبوونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکە، پێگەی پارتی و حکومەتی هەرێم لای ئەردۆغان لاواز دەکات، چونکە تورکیا کە پێشتر بەهۆی بەرژەوەندیی ئابووری و سوودگرتن لە ململانێی خوێناوی نێوان پارتی و پەکەکە نەرمیی بەرامبەر هەرێم دەنواند، ئێستا بەرژەوەندییەکانی لە ڕێگەی بەغداوە دەستەبەر دەکات و ئیتر پارتیشی ناوێت وەک ئامرازێک بۆ لێدانی پەکەکە، بەڵکو وەک بەشێک لەو قەوارەیەی کە دەکرێت لە ئاییندەدا مەترسی بێت، سەیری هەرێم دەکات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەنقەرە و تاران هەمیشە وەک مەترسی سەیری قەوارەی هەرێمیان کردووە. ئێستا کە هەرێم نەبووەتە نموونەیەکی شارستانی و دیموکراتی تا ئەمریکا وەک دەستکەوتێکی "پرۆسەی ئازادیی عێراق" شانازیی پێوە بکات، نە ئەو بایەخە ستراتیژییەی سەردەمی شەڕی داعشی ماوە، مەترسییەکان گەورەتر بوون. ئەم مەترسییانەش دوو ڕەهەندیان هەیە..
یەکەم، ناوخۆیی.. کە تێیدا هاووڵاتییان کراونەتە بارمتەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و سووتەمەنی گەندەڵی و بێدەربەستیی حزبەکان.
دووەم، دەرەکی.. کە لە هەڕەشەکانی تورکیا، ئێران و بەغداوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر پارتی و یەکێتی چاکسازیی ڕیشەیی نەکەن و ڕێکنەکەون، ژینگە بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێم لەلایەن نەیارانەوە زۆر لەبارە. مەترسیی جیدی هەیە کە پێش کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتیی ترامپ، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی "ئیدارەی خۆسەر" لە ڕۆژئاوا ببێتەوە.
https://www.dengiamerika.com/a/6612033.html
https://pukmedia.com/KS/Details/191231