ڕەگە سۆمەرییەکان و ئەکەدی لە"زاگرۆس"دا: لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی و‌مێژوویی لە نووسینی مێخی

سەباح یاسین
  2026-08-14     34

ئەم وتارە زانستی‌و ئەکادیمییە، شیکارییەکی قووڵ بۆ پەیوەندیی نێوان زمان، نووسینی مێخی، زاراوە سۆمەری و ئەکەدییەکان و پاشخانە مێژوویی و کشتوکاڵییەکانی ناوچەی زاگرۆس دەکات. ئامێرە زمانەوانییەکان نیشان دەدەن کە چۆن دەنگ، مانا و ژینگەی سروشتی پێکەوە شانبەشانی گەشەی مرۆڤ گۆڕاون.

 

١. لێکدانەوەی زاراوە مێخییەکان an-ta-sur-ra) ، an-ta-ŋal₂، (an-ta

لەسیستمی نووسینی مێخیدا، وشەکان تەنها هێمایەکی وشک نەبوون، بەڵکو گوزارشتیان لە تێگەیشتنی گەردوونی و فیزیکی مرۆڤی دێرین کردووە و نیهێنیی زمانی هێماییان ئاشکرا دەکەن:

ئان-تا (an-ta / 𒀭𒋫): بە مانای "سەروو، ژووروو، سەرەوە، باڵا" دێت. لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە، ئەم دەنگە لە تێکەڵبوونی دەنگی بزوێنی "ئا (a)" پێکهاتووە کە لە دوو دەنگی "ئـ" و "ا" پێک دێت و بەرانبەر بە بزوێنی ئینگلیزیی "a" و "ئا/a" (𒀀)ی سۆمەری و "ئاو"ی کوردییە، کە لە هەردوو زمانەکەدا هێمایە بۆ (ئاو، تۆو، و نەوە). هەروەها پیت و دەنگی "ن/n"ی نەبزوێن لە سۆمەریدا لە "ئان/an"دا هەیە، لەگەڵ وشەی "ئاسمان (ئا + سمان)"، کە "سمان" لە کوردیدا مانای "کونبوون" دەگەیەنێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە "ئا"ی ئاسمانی بە دەنگی ئاوی بارانەوە بەستراوەتەوە؛ باران وەکو نم و تنۆک بەرانبەر بە کونەکانی ئاسمان و وەکو بارانبارین لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە. بەم شێوەیە، وێنە و مانای هێماییەکە وەک ئاو و کون، گوزارشت لە بەرزیی ئاوی ئاسمان و سەرچاوەی نوێبوونەوەی تۆو و نمە باران( ئاو) دەکات [١]

 

سەرچاوەی داتا: (ePSD).

ئان-تا-گال (an-ta-ŋal₂ / 𒀭𒋫𒅅): بە مانای "سەرخۆش، شاگەشکە، سەربەرز" یان لە هەندێک بیرۆکەدد بە مانای بەشێک لە گالیسکە دێت. لە زمانی ئەکەدیدا بە وشەکانی (elû) و (šaqû) هاوتا کراوە.

ئان-تا-سوڕ-ڕا (an-ta-sur-ra / 𒀭𒋫𒋩𒊏): پێکدێت لە سێ بەش و ئاماژەیە بۆ "کانزای بەنرخ، بەردی گرانبەها، یان ناوی ئەستێرە". لە زمانی ئەکەدیدا بە (antasurrû) ناسراوە [٢].

سەرچاوەی داتا و کتێب: (Schuster-Brandis, Ansgar, 2008, AOAT 46, p. 395).

 

٢. پەیوەندیی زمان و ژینگە: لە زاگرۆزەوە بۆ سۆمەر و ئەکەد

زمان لە بنەڕەتدا بەرهەمی فیزیکی و ئەناتۆمیی مێشک و دەمی گیاندارە بۆ گوزارشتکردن لە خۆی و ژینگە. لە ناوچەی زاگرۆزدا، لە پاش کۆتاییهاتنی سەردەمی سەهۆڵبەندان (Pleistocene)، گۆڕانی ژینگەیی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دروستبوونی بیرۆکە زمانەوانییەکان هەبوو که کار و بیری جیاوازتر لە ڕابردوو هێنایە کایەوە. ئەمەش بووە هۆی گەشەکردنی زمان و پێگەیشتنی مرۆڤ و زمانی سروشت و گەردوون، کە ئۆرگانەکانی دەمی بۆ ئاستی پێویستیی ژیانی نوێ ڕێکخستەوە. دوور نییە مانای "زار" (دەم) بۆ زمان (پلەگۆشتی ناو دەمی گیاندار بۆ مانای ئاخاوتن) لەم پرۆسەیەدا گەشەی کردبێت، و لە زمانەکانی سۆمەری، کوردی، ئەکەدی، عەرەبی و ئینگلیزیدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانی بیرۆکەی "زمان" ببینرێت، کە لە بنەڕەتدا بۆ کردەی "کێڵان" وەک کار و بیر دەگەڕێتەوە:

کێڵان و زەوی: وشەی سۆمەریی "کی-لا" (ki-la) و وشەی کوردیی "کێڵان" پەیوەندییەکی قووڵی مێژووییان هەیە. شێوەی جوگرافیای زاگرۆز (شاخ، شێو، کێو، کەنار، دۆڵ و شێوەی شەپوولئاسای زەوی) بووەتە سەرچاوەی وێنەیی بۆ بیرۆکەی بەرزی و نزمی لە زماندا، هەروەها بۆ مانای وشەکانی زمان، کە راستەوخۆ هەست و هۆشیان وەک وێنەیەک بە مانایەکی فەرهەنگی بەخشیوە [٣].

دوو جەمسەری گەردوون (ئان و کی): لە مێثۆلۆژیای زاگرۆزی-سۆمەریدا، (an) خودای ئاسمان و (ki) خوداوەندی زەوی بوون. ئەم دابەشبوونە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی سەرەتایی مرۆڤە بۆ نێر و مێ، زەوی و ئاسمان، و سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵگە و خێزان. هەروەها لە بەخشینی مانادا بە دەنگی ئاسمان، زەوی و ئەستێرە، دەنگەکانی "ئا" و "ئە" نهێنیی جیاوازیی نێوان ئاسمان و زەوی یان ئەستێرەکان بەیان دەکەن.

 

٣. زاگرۆز: لانکەی کانزاگەری و داهێنانی دێرین

زنجیرەچیاکانی زاگرۆز تەنها لانکەی زمان نەبوون، بەڵکو ناوەندی سەرەتاییترین داهێنانی تەکنەلۆژی و کانزاگەری بوون لە جیهاندا [٤]:

هەزارەی نۆیەمی پ.ز: دۆزینەوەی مس و بەکارهێنانی لە ئەشکەوتی شانەدەر. (سەرچاوە: Solecki, Ralph L., Shanidar Cave, 1960/1971).

هەزارەی حەوتەم و شەشەم پ.ز: دۆزینەوەی ئامرازی مسی لە عەلی کوش و تەپە زاغە. (سەرچاوە: Høyrup, Jens, Lengths, Widths, Surfaces, 2002, p. 43).

سەردەمی بڕۆنز و ئاسن: دروستکردنی بڕۆنزەکانی لوڕستان بە شێوازی "مۆمی تواوە" و شمشێرە ئاسنینەکانی حەسەنلو.

ئەم پێشکەوتنە ماددییە هاوکات بووە لەگەڵ دەوڵەمەندبوونی فەرهەنگی زمانەوانی. بۆ نموونە، لە سۆمەریدا وشەی (an-bar) بۆ ئاسن بەکار هاتووە کە لە (an) (ئاسمان/سەرەوە) و (bar) (دەرەوە/گاسن) پێکهاتووە، کە نیشانەی یەکگرتنی کار و بیری مرۆڤە لەگەڵ کانزا و خاکی زاگرۆزدا.

 

پەراوێزە زانستییەکان (Notes)

واتای فیزیکی و فەلسەفیی "an-ta" تەنها جیۆگرافی نییە (سەرەوە)، بەڵکو لە ڕوانگەی هۆشی مرۆڤی سەرەتاییەوە نیشانەی تێگەیشتنی یەکەمینە بۆ بۆشایی و کات، کە دواتر لە زمانە سۆمەری و ئەکەدییەکاندا بوو بە بنەمای هێماکانی دەسەڵات.

وشەی antasurrû لە ئەکەدیدا وەک پاشماوەیەکی دەنگی و زاراوەیی لە سۆمەرییەوە وەرگیراوە، کە پیشاندەری تێکەڵاویی زمانیی نێوان گەلانی دێرینی زاگرۆز و میزۆپۆتامیایە.

پەیوەندیی نێوان "ki-la" (سۆمەری) و "کێڵان" (کوردی) نموونەیەکی زانستییە بۆ مانەوەی بنەما فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژییەکانی زاگرۆز لە ڕێگەی زمانی زارەکی و کشتوکاڵییەوە، نەک تەنها لە ڕێگەی دەقی نووسراوەوە.

کانزاگەریی زاگرۆز (لە شانەدەر و عەلی کوش تا لوڕستان و حەسەنلو) دەیسەلمێنێت کە مرۆڤی ئەم ناوچەیە لە سەردەمی کۆتایی سەهۆڵبەندەندا خاوەنی زانستێکی پێشکەوتووی ماددی بووە کە هاوکات لەگەڵ گەشەی زمان و هۆشی گەردوونی لە مێخەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×