سێ بنەما سەرەکیەکەی پاراستنی ھەرێم (ئەقڵ، ئیتیفاق، دادپەروەری)

فارس نەورۆڵی
  2026-11-21   

ھەرێمی کوردستان تەنھا قەوارەیەک و جوگرافیایەک نییە، بەڵکو یادەوەریی کۆی ھاونیشتمانیانی  ھەرێم و خەونی لەمێژینەی کوردە، کە خاوەنی قەوارەیەکی دانپێدانراو بێت. ھەرێم کەرامەتی مرۆڤی کورد و ئاسایشی دەروونیی خەڵکە؛ بۆیە پاراستنی  ئەرکێکی لەپێشینەیە. ئەم ئەرکەش تەنھا بە دروشمی حەماسی و ھێزی مادی و سەربازی جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە بنەمایەکی بەھێزی فیکری، باوەڕ، ھێزی کۆمەڵایەتی، پرەنسیپ و سیستم ھەیە؛ نەک نمایش و ھاتوھاواری ناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. سێ ھێزە سەرەکییەکە یان سێ بنەمای سەرەکی بۆ  پاراستنی ھەر قەوارەیەک بریتییە لە: (ئەقڵ، ئیتیفاق، دادپەروەری)، کە ھەریەکەیان مانا و وەزیفەی تایبەت بە خۆی ھەیە:

یەکەم: ئەقڵ
لە فەلسەفەی سیاسیدا، ئەقڵ بنەمای سەرەکییە بۆ مانەوە، گەشەکردن و پاراستنی ھەر قەوارەیەک. لەم بارەیەوە ئەرستۆ مرۆڤی بە «ئاژەڵێکی ئاقڵمەند» ناساندووە؛ بۆیە لای ئەو، ئەقڵ ھۆکاری دۆزینەوەی ھاوسەنگی و دوورکەوتنەوەیە لە دەمارگیری و توندڕەوی، کە ئەمەش مەرجی سەرەکییە بۆ پاراستنی ھەر قەوارەیەکی سیاسی لە کەوتن و شکست.
لە لایەکی دیکەوە، تۆماس ھۆبز لە کتێبی (لێڤیاسان)دا دەڵێت: «مرۆڤەکان لە ترسی لەناوچوون و شەڕی ھەمووان دژی ھەمووان، پەنایان بۆ ئەقڵ برد تا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی واژوو بکەن و قەوارەیەک بە ناوی دەوڵەت دروست بکەن.» لێرەدا ئەقڵ زامنی پاراستنی قەوارە و دەوڵەتە.
لای کانت ئەقڵ سەرچاوەی یاسا و ئەخلاقە؛ پاراستنی ھەر قەوارەیەک و گەیشتن بە ئاشتیی ھەمیشەیی، تەنھا لە ڕێگەی بەکارھێنانی ئازادانەی ئەقڵ و پابەندبوون بەو نەخشەیەوە دەبێت کە ئەقڵ دایدەڕێژێت. لە ھەمان کاتدا، لە دیدی ھیگڵـەوە ھێز و پاراستنی ھەر قەوارەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دامەزراوەکانی لەسەر بنەمای لۆژیک و ئەقڵانییەت بنیات نرابن، نەک سۆز و ھەڵچوونی کاتی.
کەواتە کۆی فەلسەفە پێمان دەڵێت کە ئەقڵانییەت سیستمی بەرگری و پاراستنی ھەر قەوارەیەکە لە شکست؛ چونکە ئارەزوو، حەز و ھێز دەتوانن دەوڵەت و قەوارەیەک بنیات بنێن، بەڵام تەنھا ئەقڵ و حیکمەت دەتوانن بیپارێزن.

دووەم: ئیتیفاق (یەکڕیزی)
بنەمای یەکەم کە ئەقڵە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ  بنەمای دووەم کە ئیتیفاقە. ھەر نەتەوەیەک پەرتەوازە و بێ‌ئیتیفاق بوو، ھەرگیز توانای بەرگریکردنی لە خۆی نابێت. یەکێک لە خاڵە ھەرە لاوازەکانی کورد لە مێژووەوە تا ئێستا بێ‌ئیتیفاقییە؛ ھەر بۆیە ئەحمەدی خانی دەڵێت:
(گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک -ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک ڕووم وعەرەب وعەجەم تەمامی ھەمیان ژمە ڕاد کرد غولامی - تەکمیل دکرمە دین ودەوڵەت - تەحصیل دکرد مەعیلم وحیکمەت - تەمییز د بوو ژ ھەڤ مەقالات - مومتاز دبوو خودان کەماڵات...)
ھەر لەم بارەیەوە ئیبن خەلدوون ئاماژە بەوە دەکات کە یەکگرتوویی و پێکەوەبوونی ھەر کۆمەڵگەیەک ھۆکارە بۆ مانەوە و پاراستنی خاک و کەرامەتیان؛ کاتێک ئەم ھاوبەشی، ھاوگوتاری و ھاوکردارییە نامێنێت، ھێز و بەرگری لەدەست دەدەن. خەلدوون پێداگری دەکات کە بەرگریکردن لە خاک و وڵات تەنھا بە ھێز و چەک و جەستە نییە، بەڵکو بەو ھەستە ھاوبەشەیە کە وا دەکات تاکەکان خۆیان بە بەرپرس بزانن لە مانەوەی ئەو قەوارەیەی کە خۆیان دروستیان کردووە.
لە دیدی ئەفلاتوونـیشەوە، گەورەترین گورز کاتێک بەر قەوارە و پێکھاتەیەک دەکەوێت، ئەوەیە کە لە کاتی قەیران و گێژاوەکاندا لە بری ئەوەی یەکگوتار بن، دەبن بە چەند بەرەیەکی جیاوازی دژبەیەک؛ ڕێک وەک دۆخی ئێستای حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان.

سێیەم: دادپەروەری
لە ڕێگەی دوو بنە ماکەی  دیکەوە (ئەقڵ و ئیتیفاق)، دەتوانرێت دادپەروەری بەدی بھێنرێت. بەدیھێنانی چەمکی دادپەروەری تەنھا قسەوباس و دروشمبازی نییە. ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کێشەیە، ئەوەیە کە ھەموو چەمکەکان لە بری ئەوەی بیکەینە کردار، دەیکەینە دروشم؛ ھەر چەمکێکیش بەردەوام بوو بە دروشم، ھەڵدەوەشێتەوە مانا لەدەست دەدات . بۆیە گرنگە جەخت لە بەکردارکردنی دادپەروەری بکەینەوە، چونکە شوورەی نیشتمان بە دادپەروەری دەپارێزرێت.
دادپەروەری قەڵغانە بۆ پاراستنی سنوور و سەقامگیریی ناوخۆ. کاتێک دادپەروەری لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا جێگیر دەبێت، ھاو ڵاتی ھەست دەکات نیشتمان ماڵی ھەمووانە؛ چونکە کاتێک دادپەروەری ھەبوو، ماف و ئەرکەکان بە یەکسانی و بەپێی ڕۆڵی ھەر تاکێک دابەش دەکرێن. لێرەدا متمانەی گشتی لەدایک دەبێت، سەرپێ دەکەوێت، دەبێتە شوورە بەرامبەر مەترسییەکانی دەرەوە و دەبێتە وزەی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆدا.
کەواتە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاسایی؛ ھەست، ئینتیما و ھێزی بەرگریی ھاوبەش دروست دەکات، بە جۆرێک کە خەڵک بێ گوێدانە ڕەنگ، دەنگ، حیزب و ئایین، بەرگری لە قەوارەی ھەرێم و دامەزراوەکانی دەکەن؛ بە پێچەوانەشەوە، بەرەو داڕمان دەڕوات.
کورد لە باشوور، لە دەرەنجامی خەباتێکی سەخت و بێوچاندا و بە تێپەڕین بە ئەنفال، جینۆساید، زیندان، ئاوارەیی و ماڵوێرانیدا گەیشتە ئێرە و توانی قەوارەیەک بە ناوی «ھەرێمی کوردستان» دروست بکات. ئێستا پاراستنی ئەو قەوارەیە، پێویستی بە (ئەقڵ، ئیتیفاق و دادپەروەری) ھەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×