زۆرینەی کات ئەو ڕەخنە سیاسییانە لام ماونەتەوە؛ کە لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە بوون، زمانی ئەدەب و هونەر، زمانی خەیاڵ و قووڵایی و تاریکاییەکانی نەستی مرۆڤن، بۆیە تێکەڵ بە یادەوەریمان دەبن و زیاتر دەمێننەوە.
لەم ڕوانگەیەشەوە لەنێو ئەدەبیاتی ئینگلیزی و جیهانیدا، زۆر نووسەر بۆ من سەرنجڕاکێش بوون و لێیانەوە چاوکراوەتر بووم بۆ خوێندنەوەی مێژوو و ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن. لەناو ئەو نووسەرانەدا دوو نووسەری نێو ئەدەبیاتی ئینگلیزی تایبەت و گرنگن لەلام، ئەوانیش شەکسپیر (١٥٦٤-١٦١٦) و جۆرج ئۆروێڵ (١٩٠٣-١٩٥٠)ـن. یان هونەرمەندانی کۆمیدیی چارلی چاپلین و ڕۆوان ئەتکیسۆن (مستەر بین). هەروەک ناتوانم ئاماژە بە ئەدەبیاتی کوردیش نەکەم، نووسەرانی وەک جەمیل سائیب و دواترینیان بەختیار عەلی، یان شانۆییەکانی ساڵانی پێشووی کۆڕی شانۆیی با.
من لێرەدا بۆ گەیاندنی قسەکانم لەبارەی سیاسییە کوردەکان، کارەکتەرە بەناوبانگەکانی شەکسپیرتان بیر دێنمەوە، کە هەریەکەیان جۆرێک لە شێتییان تێدایە و شێتییەکەیان تووشی شکست و هەڵوەشاندنەوەی ناوەوەیان دەکاتەوە (downfall)، واتە خووەکانی خۆیان هۆکاری شکستیانە.
*ئەو کاتانەی شەکسپیر وەک شاعیر و شانۆنامەنووس و ئەکتەرێک لە تەواوی بەریتانیا و لای ماڵی پادشایش لە لەندەن ناسرابوو، ئیتر لە گوندەکەی خۆیانەوە (ستارتفۆرد) ڕوو لە لەندەنی پایتەخت دەکات و لە لایەن دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندانی ئینگلیزەوە کارئاسانی بۆ دەکرێت و هۆڵی شانۆیی دەکاتەوە و کارەکانی وەک شانۆیی کۆمیدی - تراژیدی و شانۆنامەی مێژوویی نماییش دەکات.
ئەو کاتێک لە گوندەوە، وەک کوڕە گوندییەکی ئەرستۆکرات ڕووی لە شار کرد، بەهۆی ناوبانگ و ناسراوییەکەی باش نزیک بووەوە لە دنیای پاشا و دارودەستەکەی (پادشا جەیمسی یەکەم)، زۆرینەی ئەو کارەکتەرانەی شەکسپیر کە ناویان لە خەیاڵی زۆرینەماندایە، یان تەنانەت ئەوانەیش کە وەک ڕەمزی عەشق و خۆشەویستی بیرمان دەکەونەوە، جۆرێک لە شێتی و داڕوخانی ناوەکییان تێدایە، کە ئەم شێتێتییەش باسی جۆرێک لە شکستی سیاسییەکان و سیاسەت دەکات.
ئەو لە ڕێگەی هاملێتەوە باسی (کینە)ـی پیاوێکمان بۆ دەکات، کە کینە دەیکات بە بکوژی باوکی. یان لە ڕێگەی ماکبێسەوە باسی (دەسەڵاتی ڕەها)ـمان بۆ دەکات چۆن هەمیشە گەندەڵ و بوودەڵ دەبێت و کۆتاییەکەی کارەسات و خوێنە. لەڕێی مەرگەساتی شالیر یان لیری پادشا (خانەدانی خێڵەکان)، کە دەسەڵات تێکەڵ بە خزمایەتی و هاوخوێنی دەکرێت و ئەنجام دەسەڵات لای نەزان و گەندەڵ و خۆخۆر کۆدەبێتەوە و دەبنە کارەسات بۆ وڵات. لە شانۆیی (جولیەس قەیسەر)، کە شەکسپیر لە سەدەی 16 نووسیویەتی، بە ڕووداوەکانی ڕۆماوە دەست پێدەکات و باسی کوشتنی قەیسەر دەکات بە هەوڵی بریکوتوس و کۆمەڵە سیناتۆرێکی تر.
مێژوو و کولتورێکی جیاواز، بەڵام وەک ئەوەی دۆخی سیاسیی ئێمە هەر لە سەدەی شازدەیەمدا بێت، لێکچوونێکی زۆر دەبینیت، یان لای کۆریۆلانووس باسی هێزی سەربازمان بۆ دەکات کاتێک دەسەڵات بەرەو سەربازی دەڕوات، ئەوا لە جیاتی پاراستنی وڵات دەبنە هۆی تێکچوونی ئارامی و ئاسایشی وڵات و کۆتایی ئەرکی خەڵک، وەک ڕۆحی دیموکراسی.
دەقێکی تری زۆر گرنگی شەکسپیر ڕیشاردی( ڕیچارد) سێهەمە، کە تەواو وێنەی سیاسی دیکتاتۆرمان بۆ دەکێشێت کاتێک عاشقی دەسەڵات دەبێت، چۆن خیانەت لە هەموو بەهاکان دەکات و لە هیچ حەرامێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مۆراڵی ناگەڕێتەوە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکە( تەنانەت کلارنس ی برای خۆی بەند دەکات و هەر لە زینداندا دەیکوژێت). ئەمانە و دەیان کاری تری شەکسپیر، وەک شێتەکانی شەکسپیر ناسراون، هەر یەک لەو خووانە وەک جۆرێک لە شێتی باس دەکات، کە دەسەڵات و سیستەمی سیاسی دادەڕوخێنن. کۆمەڵگەی بەریتانی لەو دۆخە شێتانەی کارەکتەرەکانی شەکسپیردا ژیان و تێیان پەڕاند، بەڵام ئێمە لەوانەین کە تا ئەم ساتە تێیدا دەژین.
*جارێک کریس کۆچێرای ڕۆژنامەنووس و مێژونووس، دەنووسێت: (پێویستە کوردەکان ئەوە بسەلمێنن نایانەوێت ببنە شێتەکانی شەکسپیر!)
کۆچێرا، ئەم قسەیەی لە قسەیەکی ئاندرێ مالرۆ خواستووە، کە باسی خەباتی بروتوونەکان و باسکەکان و کورسەکان دەکات، کە خەباتێکی گەورە دەکەن بۆ داوا و خەونی کەم و دواتریش خۆیان ئەوەی بنیادیان ناوە دەیڕوخێنن، کە ئەو وەک هاتنەسەر تەختەی شانۆیی شێتەکانی شەکسپیر وەسفیان دەکا.
منیش نوقتە لەسەر دێڕەکەی ئەوان دادەنێم و لە دێڕێکی نوێوە دەڕوانمە مێژووی گەلەکەم. بە خوێندنەوەی مێژووی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە باکوور و باشور و ڕۆژهەڵات، تووشی سەرسوڕمان دەبیت کە چۆن هەموو سیفاتی کارەکتەرەکانی شەکسپیر لە سەرۆک و سەرکردە و ڕابەرانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی کورددا تا بە سیاسییەکانی ئێستای باشوور بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەبینیتەوە، مێژوو و سەرکردەی پڕ پارادۆکس.
مێژووی ئەم گەلە پڕە لە قوربانیدان، زۆر ئازارکێشە کاتێک دەبینیت سەرکردەکانت قوربانییان بە ڕۆحی خۆیان داوە لەپێناو ئازادیی گەلەکەیان، کەچی دواتر لەپێناو مانەوەی خۆیان و داگیرکردنی ئازادی لەناو گەلەکەیان سازشی دنیایان بۆ عەرەب و فارس و تورک کردووە، لە بەرامبەر دوژمندا لێبووردە و بڕوابوو بە گفتوگۆ، لە بەرامبەر هاوخەباتی ناو گەلەکەی تاکڕەو و دیکتاتۆر.
زۆر بەوڕوونی دەبینین بەشێک لە دەسکەوتی کەم یان زۆرجار بێئەنجامی شۆڕش لە بەرامبەر ئەو گیانفیداییە گەورەی کورد و شۆڕشگێڕەکانی، بەهۆی ئەو سیفاتانەوە بووە کە لای شێتەکانی شەکسپیریش دەیانبینین.
خێڵەکیبوون و خوێنی خێڵ لە دەماری سەرکردە کوردەکان، تاکڕەوی و خۆ بەخوداکردن، سیاسەتکردن تەنها وەک هێزی چەک و خۆبەقارەمانزانین، یان سیاسەتکردن بە خەیاڵی ڕۆمانسیی گوتارە ئایدۆلۆژییەکان. ئەمانە ئەو سیفەتە هاوبەشانەی شێتەکانی کورد و شێتەکانی شەکسپیرە.
*مێژووی کورد، یەکێکە لە مێژووە زۆر تراژیدییەکانی گەلانی دنیا. کاتێک مێژووی خەباتی ئەم گەلە و سەرکردەکانی دەخوێنیتەوە، کە چۆن قوربانیی دەستی ئەو هەموو زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەین، چۆن لە بەینی هەموواندا وەک گەنمی ناو بەرداش هاڕدراوین و دەهاڕدرێین، لە هەمانکاتیشدا ئەو بەشەی کوردبوون کە ئەوانیتر دەستیان پێی ناگات خۆمان دەیهاڕین.
ماوەی پێشوو چەند کتێبێکم لەبارەی مێژووی ناسیۆنالیستی کورد و بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات خوێندەوە. سەرکردەی گەورە و قوربانیدەری زۆری تێدایە، بەڵام یەک سەرکردەم نەبینیوە بەشێک لەم نەخۆشیی شێتەکانی شەکسپیری تێدا نەبێت و ئەوەنەی تر مێژووی خۆی و گەلەکەیشی تراژیدیتر نەکات. شێخی نەهری و شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیم و شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و مەلا مستەفا و چەندانیتر لە نەوەی دوای ئەوان، کە ئەمانە ناوی گەورەی ناو بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی کوردن، تا دەگات بە ئێستای سەرکردایەتیی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات، بەڵام چەندە مێژووەکەمان خۆی تراژیدی و پڕ قوربانیدانە، لەو تراژیدیتر خووە ئایدۆلۆژی و خێڵەکی و خۆپەرستی و تاکڕەوییەکانی سەرکردەکانە.
*سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی کورد، کە ڕابەرایەتیی زیاتر لە سەدە و نیوێکی مێژووی سیاسیی کورد دەکەن، زۆرینەیان (سەرکردەی پارادۆکسین)، چونکە ناسیۆنالیزم لە فەلسەفەی سیاسیدا بە قوربانیکردنی هەموو شتێکە لەپێناو ماف و ئازادیی گەل و وڵات، بەڵام زۆرێک لەم سەرکردانەی ئێمە، ئەگەر دڵنیا نەبن خۆیان کوێخا و ڕیشسپیی گەلەکەیان دەبن، ئامادەن ئامانجەکانی گەل و وڵات بکەنە قوربانیی سەرکردەبوونی خۆیان. ئەوان لە دروشم و گوتاری نەتەوەییدا بەشی کەسیان نەهێشتووەتەوە، کەچی بە ڕوونی دەبینین لەو شوێنەی پێویستە هەنگاوی نەتەوەیی و نیشتیمانی بنێن، چۆن خۆیان و منداڵ و خێڵەکانیان دەخەنە پێش ئەم مێژووە خوێناوییەی کورد و دروشمە گەورەکانی خۆیان.
ئەم پارادۆکسبوونە وا دەکات ببنە دیکتاتۆری ناوخۆیی و سازشکاری دەرەوە. چونکە داگیرکەر و دوژمنانی کوردستانیش پێویستیان بەم جۆرە لە سەرکردەیە، تا هەمیشە بەهۆی ترسی لەدەستدانی دەسەڵات، بتوانن سازشی پێ بکەن.
فەلسەفەی سیاسی لە ئەرستۆ و ماکیاڤیلییەوە تا ئەمڕۆ، پێمان دەڵێت سەرکردەی براوە ئەوەیە بەهێزبێت لەناوخۆ، (ڕاستە بەهێزبوون لەناوخۆ مانای جیاوازی هەڵگرتووە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان، لە ئێستادا یەک مانای هەیە ئازادی و لێبووردەیی ناوخۆیی) ئەمەیش لە مێژوودا بە ڕوونی وێنەی وڵاتە سەرکەوتووەکان دەبینین لە ئەمریکاوە بۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا، تا یابان و کۆریای باشوور و ئیسرائیل لە ئاسیا.
لە بەرامبەردا، لە مێژوودا سەرکردەی پارادۆکسی وەک مۆسۆلینیی ئیتاڵی و چاوچیسکۆی ڕۆمانی و ستالینی ڕوسی تا دەگات بە حوسنی موبارەک و سەدام حسێن و ڕەزا شا و تازەترینیان ئەردۆگان لە تورکیا، کە تووند و دیکتاتۆر لەناوخۆ، دواتر سازشکار و ڕووخاو و دۆڕاو بەرامبەر دەرەوە. لە زمانی ئینگلیزیدا جۆرێک لە پەند هەیە بۆ ئەم سەرکردانە، (Strongman at home,weakman abroad) کە کوردییەکەی دەکاتە (شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوە).
ئێستاو پاش نیوسەدە لە قسەکەی کۆچێرا کەوتی”پێویستە کوردەکان ئەوە بسەلمێنن نایانەوێت ببنە شێتەکانی شەکسپیر”،کە ئاوڕ لە مێژوی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد دەدەینەوە،کوردەکان سەلماندویانە لە شێتەکانی شەکسپیر دەچن!.
