* لەنێو کلتوری قسەکردن و نائاگایی ئێمەدا چەندان قسە ھەیە وەک ئاماژەدان بە ترسنۆکی و بێمتمانەیی جولەکە، بۆ نمونە یەکێک زۆر ترسنۆک بێت پێیدەڵێن’ ئەوە چیتە ئەڵێی جولەکەی’ یان “ بەقەدەر جەلەکەیەک ترسا’. ئەم بیرکردنەوەیە لە جولەکە پەیوەندی بە کوردەوە نییە وەک نەتەوەیەک، بەڵکو زیاتر لەڕێگەی کلتورە ئیسلامییە سیاسییە باڵادەستەکەوە ھاتۆتە ناو ھۆشی ئێمەیش. ئەگەرنا ئێمە ئەبەد بەرکەوتنی خراپمان لەگەڵیان نەبوەو ئەو کەمە جولەکەیش کە لە کوردستان ژیاون نمونەی باش بون لەنێو کۆمەڵگەو مسوڵمانانی کوردیش بێ کێشە مامەڵەیان لەگەڵ کردون.
.. دژە جولەکە بون یان ئەوەی پێیدەڵێن” anti-semitism”, چەمکێکە لەساڵی ١٨٧٩ و لەلایەن دژە جولەکەی ناسراوی ئەڵمانی ویلھێلم مارەوە بەکار ھاتوە، کەلەو ساڵانەدا کەمپەینی گەورەی دژە جولەکە ھەبوە لە ئەوروپاداو ئەو ئەوەی وەک ناسینەوەی گروپەکانی خۆیان بەکارھێناوە، کەدواتر دەبێت بە چەمکێک لەنێوە ئەدەبیاتی سیاسی دنیادا بۆ قسەکردن لە کوشت و بڕی جولەکە، بەڵام دیوە مێژوییەکەی ئەم ترس و فۆبیایە لە جولەکە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان ئاینی مەسیحی و جولەکە “مێژوونووسان لەسەر ئەوە کۆکن کە پچڕانی ئایینی جوولەکە و مەسیحی دوای لەناوبردنی پەرستگای قودسی ڕۆمەکان لە ساڵی ٧٠ی زایینی و دواتر دەربەدەری جولەکەکان ھاتە ئاراوە. لە دوای ئەم شکستە وێرانکەرەدا کە لەلایەن جولەکەکان و مەسیحییەکانەوە بە ھەمان شێوە وەک نیشانەی سزای خودایی لێکدرایەوە، ئینجیلییەکان بەرپرسیارێتی ڕۆمانیان کەمکردەوە و تاوانباری جولەکەکانیان لە مردنی عیسادا دەربڕی ھەم بە ڕوونی (مەتا ٢٧: ٢٥) دەیبینین و چ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ. جولەکەکان وەک بکوژانی کوڕی خودا وێنا دەکران”.بە سەدان سەرچاوەیی مێژویی ھەیە لەبارەی ئەم ململانێ و دژە جەلەکە بونە، کە مەبەستەکەی من لێرەدا خستنەڕوی ئەو مێژووە نییە.
* لەم ماوەیە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی فەیلەسوفی بەریتانی بێرتراند ڕاسڵ بوم، لەبارەی کێشەو ململانێی ئاین و زانست و چۆن زانست لەخۆراوا سەرکەوت بەسەر خورافەی کەنیسەدا، لە شوێنێکدا دەگێڕێتەوە،لە ساڵی ١٣٤٨ ی زاینیدا، تاعون بو بەھۆی دەرکەوتنی خورافەی جۆراوجۆر، کە خەڵک و کەنیسە پێیان وابوە توڕەیی خودایەو بۆ ئارامکردنەوەی ئەو توڕەییەیش کوشتنی جولەکەکان بوە. لە باشوری ئەڵمانیا، دوازدە ھەزار جولەکەیان کوشتوە، لە ئیرفورت، سێ ھەزاریان لێ برژاندون، لە ستراسبۆرگ دوو ھەزاریان سوتاندوە.
ئەمە نمونەیەکی بچوکە لە مێژوی سەدان ساڵەی جولەکە کوشتن لە خۆراوا.
* کاتێک مێژوی دژە جولەکە بون دەخوێنیتەوە تێدەگەیت بۆ جولەکەکان دەترسن، نەک ترسنۆکبن، ترسان جیاوازە لە ترسنۆک بون.!
ئەوان دەترسن، چونکە ئاگاداری مێژون و دەیانەوێت خۆیان دەربازبکەن لەو نەفرەتییە سەدان و ھەزاران ساڵە، ترسی ئەوان لە دوبارەبونەوەی مێژو وایان لێدەکات ھەنگاوی گەورەتر و خێراتر بۆ پێشەوە بنێن.
ڕێک پێچەوانەی ئەوان کورد ھەیە، نەتەوەیەک بە قەولی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس لەوەتەی سوتان ھەیە دەسوتێت و لەوەتەی ئاو ھەیە دەخنکێت. بەڵام ئێمە مێژوی دوێنێی خۆمانمان لەبیرنییەو ھەمیشە تراژیدیاکانمان بە ماسکی جیاوازەوە لەبەردەم دەرگامانن. ئێمە بیری ڕابردودەکەین، نۆستالیژی و گرینۆک و ئەژنۆشکاو لەبەردەم ڕابردوی خۆمانا! بەڵام جولەکەکان ڕابرد و داھاتویان لە ئێستادایە، واتە ڕابردو وانەی فێربونە بۆ دروستکردنی ئێستایەکی جیاواز و بەھێز، داھاتویش لە ئێستادایە، چونکە کوێرانە باز بەسەر چاڵەکانی بەردەمیاندا نانێن، بەرنامە و ستراتیژیان بۆ داھاتو ھەیە، کەواتە ئەو بەھێزییەی ئێستای جولەکە ڕێکەوت نییە، پشتیوانی ئەمریکایش نییە بە تەنھا وەک ھەندێک دەڵێن، چونکە بردنەوەی ئەوان تەنھا لە ھێزی سەربازیدا نییە، ئەوان لە زانست و پەروەردە و دیموکراسی و سیستەمی یاسا و عەدالەتدا براوەن.
مسوڵمانان یان عەرەب، بۆ ئەوەی بچنە ململانێیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ جولەکە، پێش ھەموشتێک دەبێت ئەو سایکۆلۆژیا نۆستالیژییەی خۆیان بگۆڕن و دان بە واقیعی ھێز و سەرکەوتنی جولەکەو شکستی خۆیان بنێن، ئەو کات بەرچاوی خۆت دەبینیت و پلانت دەبێت بۆ ھەنگاونان.
چونکە ئەوروپییە مەسیحییەکان لە جولەکە دەترسن کە شارستانیەتەکەیان داگیربکات، نەک جولەکە بە ترسنۆک بزانن، ئێمەی مسوڵمانان شارستانیەتمان نەماوەو ێشتا جولەکە جێی گاڵتەو بە ترسنۆک زانینە.
کورت و پوخت، مێژو ، ھەروەھا واقعی ئێستا پێماندەڵێت، جولەکەکان ترسنۆک نین، ئەوان موعجیزەی مێژون و ئازایەتی وانەیەکە لەمێژوی ئەوانەوە دەتوانین فێرببین، کاتی ئەوەیە ئیتر ئیدیۆمەکە پێچەوانە بکەینەوە” بەقەد جولەکەیک ترسا، یان ئەڵێی جولەکەیە ئەوەنە ترسنۆکە” بڵێین: ئەوەندە ئازایە ئەڵێی جولەکەیە.!