دیارییەکەی ئەردۆغان بۆ سەرکردەکانی ناتۆ

موفید محەمەد نوری
  2026-07-12     374

لە ڕۆژانی ٧ بۆ ٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئەنقەرە میوانداریی لووتکەی سەرکردەکانی ٣٢ وڵاتی ئەندامی ناتۆی کرد. کۆبوونەوەکە لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەچوو و تێیدا تیشک خرایە سەر پرسە هەستیارەکانی وەک ستراتیژیی بەرگری، بەردەوامیی پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەردۆغان دیارییەکی پێشکەش بە سەرکردەکان کرد؛ ئەو بە هەر سەرکردەیەک دەمانچەیەکی جۆری شەشخانی (Revolver)ی بەخشی کە بە تایبەتی بۆیان ئامادەکرابوو. چەکەکە مۆدێلی "گوموشای ٣٥٧ ماگنوم" بوو، کە مۆدێلێکی دەگمەنی کۆنە. لەسەر هەر دەمانچەیەک ناوی سەرکردەکان هەڵکۆڵرابوو و شەش فیشەکیشی لەگەڵدا بوو.

سەرەڕای ئەوەی زۆربەی سەرکردەکان دیارییەکەیان وەرگرت، بەڵام گواستنەوەی چەک و فیشەک بۆ ناو وڵاتەکانیان کێشەی یاسایی و لۆجستیی زۆری دروست کرد. مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، چەکەکەی ڕادەستی پۆلیسی وڵاتەکەی کرد. کارنی بە تەنزەوە دەربارەی ئەم بابەتە وتی: "دەمەوێت هاووڵاتیانی کەنەدا دڵنیا بکەمەوە کە ئەوان چەک لە من دوور دەخەنەوە". هەروەها کەیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، چەکەکەی لەگەڵ خۆی نەبردەوە بۆ بەریتانیا؛ بەهۆی کێشە یاسایی و پراکتیکییەکانی هاوردەکردنی چەکی دەستی بۆ ناو خاکی بەریتانیا، دەمانچەکە لە تورکیا بەجێهێڵدرا. سەرکردەکانی تری هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە دیارییەکەیان وەرگرت، بەڵام نەیانپاراست و بە شێوازی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ کرد؛ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، هۆڵەندا، یۆنان، کرواتیا و چەند وڵاتێکی تر، ڕێکاری یاساییان گرتەبەر بۆ ئەوەی چەکەکان لەکاربخرێن، یان ببەخشرێن بە مۆزەخانەکان، یان لەلایەن باڵیۆزخانەکانیانەوە لە ئەنقەرە دابنرێن.

 چەک کاتێک داهێنرا کە مرۆڤ نەیتوانی کێشەکانی لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکات. بەخشینی چەک ڕەنگدانەوەی هزری ئەو کەسەیە کە دەیبەخشێت؛ ئەمە دەریدەخات کە زمانی ئەردۆغان زمانی چەک، شەڕ و ئاژاوەیە. ئەم ڕەفتارە باکگراوندی سیاسی و دیبلۆماسیی ئەم کەسایەتییە نیشان دەدات. لە ململانێی تورکیا لەگەڵ دۆزی کورد لە ناوخۆدا، دەسەڵاتی ئەردۆغان بەردەوام چارەسەری ئاشتیانە و زمانی دیپلۆماسیی وەلاناوە و زمانی چەک و هێرشی سەربازی و هێزی ڕەقی کردووەتە بژاردەی یەکەم. ئەو بە ناو "پڕۆسەی ئاشتییەی" کە سەرکردایەتیی دەکرد، هیچ نەبوو جگە فریودانێکی گەورە و هەڵخەڵەتاندنی ئۆجەلان و سەرکردایەتیی پەکەکە و پاشان تەواوی نەتەوەی کورد. بۆیە پێشکەشکردنی دەمانچە دەکرێت وەک نیشانەیەکی فکری و دەروونی لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە ڕەنگدانەوەی کولتووری کۆنەپارێزیی ئەردۆغانە کە چارەسەری کێشەکان تەنیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی لوولەی تفەنگ و هێزی سەربازییەوە دەبینێت، کەسێک تەمەنی لەسەر زوڵم و زۆرداری بونیاد نابێت، جگە لە چەک ناتوانێت هیچی تر وەک دیاری پێشکەش بکات.

 ئەردۆغان بەم ڕەفتارانەی سەلماندوویەتی کە لەبری سەرۆکی دەوڵەتێک، زیاتر لە ئاغایەکی دەرەبەگ یان حاکمێکی سەربازیی بۆناپارتی دەچێت. ئەم ڕاستییەش هەر لە سەرەتای دروستبوونی کێشەکانیەوە لەگەڵ کورد و کوردستان، و لەو فریودانە سیاسییانەی ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەردەکەوێت کە بەرامبەر بە ئۆجەلان و دەم-پارتی بەکاری هێناوە. لە ڕاستیدا ئەردۆغان پیاوێکی زۆر ترسناکە، بەڵام نەبوونی ڕوانگە و هزری مێژوویی ڕوون و بێئەزموونیی لای ئۆجەلان و دەم-پارتی، وای کردووە بە ئاسانی بکەونە ناو داوەکانی ئەم پیاوەوە و بخرێنە بنبەستێکەوە کە ئێستا خۆشیان نازانن چۆن لێی دەرباز بن.

ئەردۆغان لەنێو هەموو ڕێگە و شێوازە سیاسییەکانیدا، خۆشەویستیی بۆ چەک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ئەگەر نیازی پاک بووایە، دەبوو مانیفێستێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد پێشکەش بەو وڵاتانە بکردایە کە جاروبار پشتیوانیی کورد دەکەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئیرادەی ئاشتیی هەیە. تەنانەت لەم دوو ساڵەشدا کە پەکەکە چەکی داناوە و ئامادەی گفتوگۆیە، هێشتا سەرکردە و نوێنەرانی کورد لە زیندانەکانی تورکیادان. زیندانەکان پڕن لە سیاسەتمەدار، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، مامۆستایان و سەرجەم دەنگە ئازادەکانی تر.

سەرکردەکانی ئەوروپاش هەرچەندە تەواو وەک ئەردۆغان نین، بەڵام ڕەفتارە درێژخایەنەکانیان دەریدەخات کە ئەوانیش لەو باشتر نین. بۆ نموونە، سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، و پاشان گەشتەکەی بۆ ئەنقەرە، جارێکی تر بێوەفایی فەڕەنسای بەرامبەر بە کورد سەلماندەوە. کورد کە لە شەڕی دژ بە داعشدا گەورەترین قوربانیی دا و پارێزگاریی لە بەها مرۆییەکان کرد، ئێستا دەبینێت ماکرۆن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی، ڕوو لە دیمەشق و ئەنقەرە دەکات ئەم سەردانە زیاتر لە خزمەت بەرژەوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی فەڕەنسایە لەگەڵ تورکیا و حکومەتی نوێی سووریا، کە تا ئێستاش دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا نانێن. سەردانەکەی ماکرۆن ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە دووڕووانەیە کە ئێمەی کورد ساڵانێکە پێی ئاشناین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×