"ئەگەر ڕۆژێک بڕیاڕی هەڵوەشانەوەی پەکەکەم دەرکرد، ئەوە بزانن من نیم". ئەمە وتەی سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان " عەبدوڵا ئۆج ئاڵان "ە کە لە کتێبی "عەشقی کوردستان" و "مانیفێست بۆ شارستانیەتێکى دیموکراتیک"دا هاتووە و لە ساڵی ١٩٩٩دا دواى زیندانیکردنى نوسراون.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، کاتێک دەوڵەت باغچەلی، سەرکردەی نەتەوەپەرستى ڕاستڕەوی تورکیا و سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP)، ئاگادارکرا کە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆج ئاڵاندا لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، هاتە دەرەوە لە ڕیزەکەى خۆى لەپەرلەمان و وتى: "با عەبدوڵا ئۆج ئاڵان ئازاد بکرێت و بێتە پەرلەمان و داوای چەکدانان لە حیزبەکەی بکات." دوای ئەم لێدوانە، دەستی کرد بە تەوقەکردن لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM)، کە نوێنەرایەتی بەشێک لە باکووری کوردستان دەکەن. لەو کاتەوە، تورکیا و کورد بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ڕوودانی پێشهاتێکی لەو شێوەیە بوون. سەرئەنجام، لە ٢٧ی فێبرایەرى ٢٠٢٥دا، ئۆج ئاڵان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زیندانەوە بەیاننامەیەکى ئاراستەی حیزبەکەی و حکومەتی تورکیا کرد. کە سەرەتا داوای لە پەکەکە کرد دەستبەرداری چەک بێت و ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەک کە تێیدا پەکەکە هەڵبوەشێننەوە. بەڵام نامەکەی هیچ میکانیزمێکی دیاریکراوی تێدا نەبوو بۆ چۆنیەتی دەستپێکردنی پڕۆسەی چەکدانان، ئەمەش وایکرد وتارەکەی ئۆج ئاڵان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نەبێت.
بەیاننامەکە بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی لە هۆڵێکی ئامادەکراودا لەبەردەم نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامەنووس و ١٤٠ دەزگای میدیایی خوێندرایەوە، هاوکات نزیکەی سەد هەزار کەس لە ئامەد لەڕێگەی شاشە گەورەکانەوە چاوەڕوانی پەیامەکەی ئۆج ئاڵان بوون. دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکە، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و لێکدانەوەکان لەسەر ئاستی جەماوەریدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆژ بەڕۆژ ڕووى لە زیادبوون کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگە هەندێک ڕاستی وەکو خۆی هەڵبسەنگێندرێن و بخرێنەڕوو.
ڕەنگدانەوەی بەیاننامەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) ، لەلایەن سەرۆک و سکرتاریەتەکانەوە ئەرێنی بوو. هەروەها، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا چاودێری وردیان خستبووە سەر وتارەکە، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە داینامیکی سیاسیی کورد لە تورکیادا دروستکرد، کە ساڵانێک بوو کورد وەک تیرۆریست نێوی دەبرا، بەڵام ئەوەتا کورد بانگەشەى ئاشتى دەکات.
ساڵح موسلیم، سیاسەتمەداری دیاری ڕۆژئاواى کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاو بنێت." هەروەها ڕەمزی کارتاڵ، سەرۆکی کۆنگرەی گەل و باڵی سیاسیی پارتی کرێکاران، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا: "سەرۆک ئۆج ئاڵان داوای لە پارتی کرێکاران کردووە کۆنگرەیەک ببەستن و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بدەن و چەک دابنێن." ئەوەشى گووت: "ئەگەر پرۆسەی ئاشتیی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بەردەوام بووایە و تێک نەچوایە، ئەوا بانگەوازی چەکدانان بە تەواوەتی جێبەجێ دەبوو."
جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتى تورکیا جێگاى متمانەى خەڵکى کوردستان نین. وەک چۆن ئەمڕۆ ١٠٠ ساڵ بەسەر بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران و لەسێدارەدانی تێدەپەڕێت، هەروەها لە مانگى فێبرایەر بوو کە سەرۆکی پارتی کرێکاران بە پیلانێکی دەوڵەتی تورک زیندانی کرا، کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە و لەزینداندایە. سەرەڕای ئەم ڕابردووە تاڵە، مانگی شوبات گەورەترین سەرکەوتنی کورد بوو لە سەرانسەری کوردستان؛ چونکە (ئۆج ئاڵان) ئەو سەرۆکەی کە پێشتر وەک تیرۆریست دەناسێندرا، بۆ یەکەمجار دەرفەتی ئەوەی پێدرا کە بە ئاشکرا لە تورکیا پەیامەکەی بڵاوبکاتەوە. بەمەش ملیۆنەها کەس بە شێوەیەکی فەرمی ئەو سەرکردەیەیان ناسی و زانییان کێیە. کەواتە، ئەمە شکستی دەوڵەتی تورک و سەرکەوتنی گەلی کوردە.
جێگەی سەرنجە، کاردانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان، وەک هەمیشە، نائومێدکەر بوو. بەبێ هیچ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە، داوای چەکدانانی پەکەکەیان دەکرد و بە شێلگیرییەوە دووپاتی داواکارییەکانی تورکیایان دەکردەوە. لەنێو ئەوانەدا، بە ئاشکرا زەردەخەنەی ئاشبەتاڵچیەکان دەبینرا.
هەروەها "سری سورەیا ئۆندەر"، کە ئامادەی هەموو سەردانەکانی ئیمڕاڵی بووە، ڕایگەیاند کە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە ئەو وتانەی تێدا نییە کە ئۆج ئاڵان پێی ڕاگەیاندووە. ئەو پێی وایە دەوڵەتی تورکیا بەشێک لە وتەکانی ئۆج ئاڵانى دەرهێناوە و دەڵێت: " ئۆج ئاڵان پێی ڕاگەیاندین، بەبێ گومان پرۆسەی چەکدانان دەبێت لە چوارچێوەی یاسایی، سیاسی و دادوەریدا جێبەجێ بکرێت." کەواتە، چەکدانان بەو مانایە نییە کە پەکەکە لە بناری قەندیلەوە بە دەیان پاسی سەربازی بگوازرێتەوە بۆ تورکیا، یان ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن کە پەکەکە خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن. لەبەر ئەم هۆکارە، پێدەچێت بەشێک لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی ئۆج ئاڵان دەستکاری کرابێت و بە تەواوی نەگوازرابێتەوە، ئەمەش وایکرد ئەحمەد تورک سەرسامی خۆی دەرببڕێت کاتێک بەیاننامەکەی دەخوێندەوە و چەند جارێک ناچار بوو بوەستێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی لە ناوەڕۆکەکەی تێبگات. هەروەها، ئەگەر هەلومەرجی دیموکراسی و ئاشتی بۆ پارتی کرێکاران دابین نەکرێت، چۆن دەتوانن لەژێر تانک و تۆپ و فشاری درۆندا کۆنگرە ببەستن؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیاری لۆجیکیین کە هەر مرۆڤێکی هۆشیار لە خۆی دەپرسێت.
ئۆزگول ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (CHP) کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییە لە تورکیا، ڕایگەیاند کە ئۆج ئاڵان بانگەوازێکی ئاراستەی حکومەت و سەرۆک کۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئەو جەختیکردەوە کە دەبێت دەوڵەت ئازا بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بانگەوازەدا و کێشەی کورد بە پشتگوێخستنی ئەم قسانە چارەسەر نابێت. ئۆزێل ڕەخنەی لەو سەرۆکانە گرت کە دەڵێن کورد لە تورکیا کێشەی نییە و وتی: "ئەوەتا کورد بوونی خۆی دەسەلمێنێت لەم وڵاتەدا. خەڵکی تورکیا دەزانن و دەبینن چی ڕوودەدات. ڕاست نییە حکومەت و سەرۆکەکەی گاڵتە بە هەست و سۆزی خەڵک بکەن و بە کەم سەیریان بکەن. لە ساڵی ٢٠٢٥دا تورکیا و خەڵکەکەی نابێت بەم شێوەیە فریو بدرێن و هەستیان بە کەم سەیر بکرێت." ئۆزێل ئاماژەی بەوەشدا کە ڕۆڵی هەموو لایەنەکان ڕوونە، بەڵام ڕۆڵی کەسێک هەیە کە دیار نییە، ئەویش وەکو باپیرە گەورە خۆی نیشان دەدات؛ ئەگەر بزانێت شتێک لە بەرژەوەندیی ئەودایە، وا نیشان دەدات کە گوێی لێبووە، بەڵام ئەگەر لە بەرژەوەندیی ئەودا نەبێت، ئەوا دەڵێت گوێم لێ نەبووە. لێرەدا ئۆزێل مەبەستى لە باپیرە گەورە(ئۆردوغانە).
کەواتە لەلای سیاسەتمەدارانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئەم هەنگاوەی ئۆردۆغان وەک یارییەکی تر و گاڵتەکردن بە کۆمەڵگەی تورکی و خەڵکی تورک لێکدەدرێتەوە. پێیانوایە ئۆردۆغان خەڵکی تورک بە کەم دەزانێت و لە ئاست گۆڕانکارییەکانی جیهاندا بە گێل و گەوج و نەفام سەیریان دەکات. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لە بەیاننامەیەکی خۆیدا، هاوشێوەی هەموو خەمخۆرانی کوردستان و نیشتیمانەکەی، ڕایگەیاند کە ئەم بانگەوازە ئاراستەی دەوڵەتی تورکیایە بۆئەوەی شەڕ ڕابگرێت و دەرگای دیموکراسی بکاتەوە، هەروەها ئەو مەرجانە بڕەخسێنێت کە ئۆج ئاڵان بتوانێت بە ئازادی کێشەی کورد بباتە پەرلەمان و بە شێوازێکی دیموکراسییانە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
کەواتە، بەرپرسیاریەتی سەرەکی لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیادایە بۆئەوەی هەنگاوی یەکەم بنێت. ئەوانن کە سەرباز و دەزگای هەواڵگری (میت) و سوپای شەڕانگێزیان هەیە و بەردەوام سێ پارچەی کوردستان دەخەنە ژێر ئاگری فڕۆکە و درۆنەکانیانەوە. ئەوانن بەردەوام خەڵکی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوور دەکوژن.
لە لایەکی ترەوە، ئەمبەرین زەمان، ڕۆژنامەنووسی بەریتانی و شارەزا لە بواری کێشەی کورد لە تورکیا، لە کاردانەوەی بەرامبەر بەیاننامەکەی ئۆج ئاڵان باوەڕی وایە مەزڵوم کۆبانێ پشتیوانی لە بەیاننامەکەی ئۆج ئاڵان دەکات و دڵخۆشە بەوەی باسی ڕۆژئاوا نەهاتووەتە پێشەوە، سەرەڕای ئەوەی لە پرۆسەی ئاشتیی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ کێشەی سەرەکی گفتوگۆکان پرسی ڕۆژئاوا بوو. ئەو پێیوایە لەم بەیاننامەدا، ئۆج ئاڵان لە ژێر کاریگەرییەکی زۆردا بووە بۆئەوەی داوا لە ڕۆژئاواش بکات دەستبەرداری چەک ببن.
هەروەها، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆسەرى، کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، لە یەکێک لە وتارەکانیدا سەبارەت بە بەیاننامەکەی ئۆج ئاڵان ڕایگەیاند: "بەیاننامەکەی ئۆج ئاڵان جارێکی تر زیرەکی ستراتیژیی ئەو سەرکردەیەی نیشاندایەوە. ئێمە دەمانزانی نامانگۆڕێتەوە بە هیچ سازشێکی سیاسی و کێشەی ئێمە لەگەڵ سوریایە نەک تورکیا."
لە بەرامبەردا، کەناڵی "Haber A"ی تورکی، کە سەر بە دەوڵەتی تورک و دەزگاکانیەتی، ڕایگەیاند: "ئەگەر تیرۆر هەر بەردەوام بێت، ئەوا ئێمە ئامادەین لەگەڵیدا بەردەوام بین." ئەوان لەوە تێناگەن کە ئەوەی تیرۆری بەردەوام کردووە تورکیایە نەک خەڵکی کوردستان. هەروەها سەلیم کورد، ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە ئامەد، کە باسی کاردانەوەی خەڵکی کوردستان دەکات لە ئامەد و بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە و دەڵێت: "خەڵکی کوردم بینیوە لە ئامەد کە پەست و بێدەنگ بوون، هەندێکی تریشیانم بینی گریان و دەیانوت بۆچی ئۆج ئاڵان ئەو هەمووە لەدەست دەدات بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی لە بەرامبەردا پێ بدرێت؟
هەروەها، سەرچاوەیەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند: "بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، دەبێت هەردوولا دەست لە تەقەکردن هەڵبگرن. بۆ نموونە، پەکەکە ئامادەیە دوو ئەندامی بەندکراوی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئازاد بکات لە بەرامبەر دەربڕینی نیازپاکی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە." ئەو دوو ئەندامەی میت لە ساڵی ٢٠١٧ لە شاری سلێمانی لەلایەن پەکەکەوە دەستگیر کراون. ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنە، چۆن خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە بەبێ ئەوەی بزانێت چارەنووسی چی دەبێت و بۆ کوێ دەچێت؟ ئایا ڕێگەیان پێ دەدرێت تێکەڵی سیاسەت ببن؟" ئەمە و کۆمەڵێک پرسیاری تر دێنە ئاراوە.
پێویستە ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە ئۆج ئاڵان سەرۆکی ئەو پارتەیە کە ٤٠ ساڵە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی دەکات و لە پێناو پاراستنی خۆی و پارتەکەیدا ناچار بووە خەباتی سەربازی بکات. هەر ڕێکخراوێکی دەرەوەی کوردستانی کە خاوەنی شکۆی سیاسی بێت، ئۆج ئاڵان و پارتەکەی دروستیان کردووە و شاهیدی مێژووییان هەیە. ئەوان هیچ پارە و پوڵێکیان لە کەس وەرنەگرتووە و تەنها پشت بە ئیرادەی جەماوەرەکەیان دەبەستن. بە دڵنیاییەوە، ڕەخنەیان لەسەرە، کەم یان زۆر، بەڵام تەنانەت بۆ یەک جاریش ئەم حیزبە لە کارنامەی خۆیدا پەڵەیەکی ڕەشی نییە کە خیانەتی بە مەسەلە نەتەوەییەکانی گەلەکەی کردبێت. ئەو ئامانجانەی کە گەل ویستوویەتی، پەکەکە خاڵ بە خاڵ جێبەجێی کردووە.
هەروەها، نە خەباتیان بە پەلە کردووە و نە بڕیارەکانیشیان لەسەر بنەمای سۆز بووە، هەروەها هەڵپەی سیاسییان نەکردووە بۆئەوەی ببنە سەردێڕی دەنگوباسەکان. ئەوان بە وریاییەوە لە گۆڕانکارییەکانی جیهان دەڕوانن. ئەو کەسانەی چاودێری دۆخەکە دەکەن، ئەوانەن کە دەیان ساڵ تەمەنیان لە خەباتی سیاسی و چەکداریدا بەسەر بردووە و شیکردنەوە و بۆچوونەکانیان بە جۆرێکە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبەرچاو دەگرن. ئەوان تەواوی تەمەنیان تەرخان کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ڕۆژگار و بە قەدەر سەرە دەرزییەک شت لە ئەوان شاراوە نییە. ئەوان حیزبێکن کە ناتوانرێت فێڵیان لێ بکرێت و دەتوانن هەر گرێیەکی سیاسی بکەنەوە.
هەربۆیە پارتى کرێکاران توانیویەتی درێژە بە خەباتی سەختی چل ساڵ بدات لەگەڵ دڕندەترین دەوڵەتی سەر زەوی، کە تورکیایە. بە بەردەوامی خۆی نوێکردۆتەوە و بەردەوامی بە خەباتەکەی داوە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە. ئەوان باوەڕیان بەوە بووە کە بزووتنەوەکە هی خۆیانە، لەوەتەی چاویان کردۆتەوە کارەکانیان بە هەڵەدا نەڕۆیشتووە و تورکیا نەیتوانیوە تەفرەیان بدات. دەوڵەتی تورک و هەوڵەکانی تیرۆرکردنی نەیانتوانیوە پەشیمانیان بکاتەوە لە خەبات و نەیتوانیوە وایان لێبکات پشت لە گەلەکەیان بکەن. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان ڕوودەدات، ئۆج ئاڵان ٣٠ ساڵ لەمەوبەر باسی کردووە. ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی جیهانیدا دەبینرێن، ١٠ ساڵ لەمەوبەر پەکەکە لە پارێزنامەکانیدا باسی لێوە کردووە. شتەکان ئەوەندە سادە و ساکار نین، وەک ئەوەی هەندێک شرۆڤەکار دەیانەوێت باسی لێوە بکەن بۆ خۆدەرخستن لەسەر شاشەی تیڤیەکان. پارتی کرێکاران پشتی بە خەڵکی خۆی گەرمە و لەسەر ڕێبازی خۆی بەردەوامە و لە ڕێبازی سەرۆکایەتی لانادەن ئەوان گومانیان لە خەباتەکەیان نییە کە خەباتێکی ڕەوایە کە دژی داگیرکەرانی کوردستان بەردەوامە.
پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) زۆر بەهێزە، زۆر بەهێزترە لەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە خۆی بۆ هەموو پێشهاتێک ئامادە کردووە، وەکو ئەوەی هێرشێکی گەورە بکرێتە سەر ئەم بزووتنەوەیە. بۆیە زۆر جار هێرشی نادادپەروەرانە دەکرێتە سەریان. ئەوانەی لەوان نزیکن ئەوە دەزانن کە ئەوان هەموو شتێک بە ئاسانی وەرناگرن و هەموو شتێک بۆ خەڵکەکەی خۆیان ڕووندەکەنەوە. دوژمنەکانیشیان دەزانن کە ئەوان بەو پڕوپاگەندانە ناچەقن و ناشکێن و هەست بە شەرمیش ناکەن. با هەموومان گەشبین بین، ئەگەر بزووتنەوەیەک ئەو هەموو ئاستەنگانەی بڕیبێت، ئامانج و ئەنجامەکانیشی باش دەبن. ئەو بزووتنەوەیە خاوەنی چل ساڵ خەباتە کە دەیان کەس گیانیان لە پێناویدا بەخت کردووە. چل ساڵە لەسەرووى هەموو سەختی و نەهامەتییەکانەوە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و بە برسیکردن و بە نەبوونی و بە بۆمبابارانی فڕۆکە و درۆنەکان کۆڵی نەداوە. بە زەحمەتترین ڕۆژەکانی خەباتدا ڕۆیشتوون و دیسانەوە بە سەربەرزی لێی دەرچوون. ئەوان هەرگیز کارنامەى خۆیان پیس ناکەن و هەرگیز ڕۆژێکی ڕەش بۆ خۆیان ناکڕن.
هەڵبەتە کە خەباتی چەکداری ڕێگەیەکی گونجاو نییە بۆ سەرکەوتن بەسەر دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرست، بەڵام ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی دەروازەکانی خەباتی سیاسی بکرێنەوە. کورد لە باکووری کوردستان ڕووبەڕووی سەردەمێکی پڕ بەهێزى و تەحەدا بووەتەوە. دەوڵەتی تورکیا کە پێشتر ئینکاری بوونی کوردی دەکرد، ئێستا سوجدەی بۆ دەبات. پێشتر تورکیا و دەزگاکانی پێیان وابوو ئەوانەی لە قەندیل و لە زیندانەکانی تورکیان مرۆڤی پەیکەرن و گیانیان تێدا نییە، بەڵام ئێستا گوێ بۆ وتارەکانیان دەگرن و بە حەزەرەوە چاودێری هەنگاوەکانیان دەکەن.
کۆتـــــــــــــاىی:
کەواتە ئازادکردنی ئۆج ئاڵان بە تەنها بەرقەراربوونی ئازادی و دیموکراسی مسۆگەر ناکات، بەڵکو پێویستە میکانیزمەکانی دیموکراسی و دەسەڵات لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێن. خۆ ئەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش ئەنجامیدا خەباتێکی سیاسی بوو، بەڵام سیستەمی ئابووری-سیاسیی ئۆتۆکراتی تورکیا ڕێگەی نەدا بەر بەرهەمەکانی بگات. هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٩دا، گۆڕان و بزووتنەوەکەی نەیانتوانى هەلومەرجی سیاسی هەرێمى کوردستان بگۆڕن، لە کاتێکدا کە توانییان ٢٥ کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەستبهێنن، چونکە دەستبردن بۆ مەلەفی سەرۆکایەتی هەرێم بووەهۆی دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هەموو هاوڕێکانی، نەک گۆڕینی دۆخەکە. هۆکارى ئەمەش ئەوەیە کە میکانیزمی دەسەڵاتى هەرێمی کوردستان لە سەروو هەڕەمەکەوەیە کە کۆمەڵێک دەربەگی شەڕ سەرکردایەتی دەکەن، کە بەرژەوەندییان لەوەدا نییە دەستەکانی ئیمپریالیزمی جیهانی لە ناوچەکەدا ببڕن.
بە شێوەیەکی ڕوونتر، ئەگەر سبەینێ ئیمران خان لە پاکستان ئازاد بکرێت، مانای ئەوە نییە پاکستان ئازادی بەدەستدەهێنێت، چونکە لەو وڵاتەدا میکانیزمی دەسەڵات لە دەستی سوپادایە، ئەوانەی بڕیاریان بە دەستە ئەوانەن کە لە لوتکەی دەسەڵاتدان. بەهەمان شێوە ئەگەر میکانیزمى دەسەڵاتى تورکیا و چوارچێوەی بنەما دەستوورییەکانی نەگۆڕدرێن و سیستەمی دەسەڵات بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێداچوونەوەى بۆ نەکرێت، ئەوا دیموکراسی و مافەکانی گەلی کورد، کە هەمیشە پشتگوێ خراون، هەرگیز بەدی نایەن. ئەم کێشەیە تەنیا بە پرسی ئۆج ئاڵانەوە سنووردار نییە، بەڵکو دەیان تورکی دیموکرات و چالاکوانی مافی مرۆڤیش دەگرێتەوە، وەک کۆمەڵناسە بەناوبانگەکەی تورکیا، ئیسماعیل بێشکچی، کە ساڵانێکە بە شانازییەوە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکات و بەهۆى نوسینەکانیەوە چەندین جار زیندانیکراوە. ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە دەسەڵاتی تورکیا سەرکوتکەر و ڕەگەزپەرستە، هەموو دەنگە جیاوازەکان و دیموکراتخوازان لەبەردەم دەسەڵاتی ناوەندیدا دەچەوسێنێتەوە.
بۆیە، پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە، گۆڕانکارییەک کە دەبێت لە دەستوورەوە دەست پێبکات. دەستوورێک کە بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەموو هاوڵاتییان، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، بچەسپێنێت. دەستوورێک کە دان بە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد دابنێت و ڕێگە بە بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بدات بە شێوەیەکی یەکسان. پڕۆژەی ئاشتیی ئۆج ئاڵان، کە یەکێکە لە فەلسەفە گرنگەکانی کە ساڵانێکە لە نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ڕێگەیەکی ئاشتیانە نیشان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان. بەڵام بەبێ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات و دەستوور، ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ نابێت و دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی لەدەست دەچێت.
بە کورتی، گۆڕینی دەستوور هەنگاوی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و یەکسانی مافەکان. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە، هیچ چارەسەرێکی بەردەوام و ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد و کێشەکانی دیکەی تورکیا بەدی نایەت. دەستوورێکی نوێ دەبێت زامنی ئازادی، دادپەروەری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا بێت.