دونیابینی خێڵگەرایی و بەمێگەلکردنی کۆمەڵگای کوردی

شاهۆ پاڵانی
  2024-04-07     835

دونیابینی خێڵگەرایی چەمکێکی ئاڵۆزو فرەڕەهەند و سەرنجڕاکێشە، کە هەر لە بەرەبەیانی مێژووی مرۆڤایەتیەوە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لەپێکهاتە کۆمەڵایەتیە خێڵەکیەکاندا هەیە، کە بریتیە لە باوەڕی بەکۆمەڵ بە ترادیسۆنە پەسندکراوەکان و پیرۆزی و ئاین و ... تد، کە بەدرێژایی چەندین سەدە و لەسەر بنەمای حیکمەتی گەورەکان و پیاوماقوڵانی خێڵەکان دامەزروە. باوک وباپیران ڕێزیان لێدەگیرێت و داوای ئامۆژگارییان لێدەکرێت، ئەوانیش حیکمەت و ئامۆژگاریەکانیان بەسەر خێڵ و کۆمەڵگادا دەبەخشنەوە. ئەم جیهانبینیە کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگادا هەیە، تێڕوانین  و تێگەیشتن بۆ بەها و ڕەفتاری مرۆڤ، سروشت، ئاین و شوێنی مرۆڤ لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لەقاڵب دەدات. ئەم پرۆسەیەش لە کۆمەڵگا خێڵەکیەکاندا پرۆسەی تەواوی تەمەنی مرۆڤە، هەر لە لەدایکبونەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت تا مردنی.

لەسەردەمی ئێستای جیهانگیریشدا، بەهۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بەرەوپێشچوونی پەروەردە، زانست و تەکنۆلۆژیا، ئابووری و پێشەسازی و بوارە جیاوازەکانی تر، ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاکانیش بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک کە لە زۆربەی کۆمەڵگای وڵاتانی دونیادا نەک دونیابینی خێڵگەرایی کاڵبۆتەوە، بەڵکو هەر ئاسەواریشی نەماوە.

کۆمەڵێک فاکتەر وای لە کۆمەڵگای کوردی کردوە کە تا ئێستاش لەم بازنەیەدا بخولێتەوەو نەتوانێ ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ، نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ و زیاتر لەسەد ساڵ سەقاڵی بە بەرەنگاری و تێکۆشان و شۆڕش بۆ سەربەخۆیی و دەربازبوون لە ژێردەستەیی یەکێک لەو هۆکارانە بوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە، یەکێک لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکان خودی کورد و سەرکردە سیاسیەکانی بوە.

لە کوردستانی باشوردا شکستی ژیانی حزبایەتی لە شەستەکانی سەدەی ڕابرووەوە دەستپێدەکات و ململانێ ناوخۆییەکانی حزبی کوردی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گروپ، خێڵ و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان باشترین زەمینەی بۆ جیهانبینی خێڵگەرایی و بەمێگەلکردنی کۆمەڵگا ڕەخساندوە. ئەم دیاردەیە بوەتە کولتورێکی باو لەکایەی ژیانی سیاسی کوردستان و کۆسپێکی هێندە گەورەی لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگاو تەنانەت بیرکردنەوەی تاکیش دروستکردوە، بەجۆرێک نەتوانێ وەک هەر کۆمەڵگایێکی تری دونیا قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، پەروەردەیی  و هەموو کایەکانی تر بەپێی پێداویستی مێژوویی ببڕێت.

ئەم کولتوری کۆنەپەرستی یە لەدوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستانی باشور جارێکیتر پەرەی پێدرا و بەفۆرمێکی جیاواز و نوێ لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان داڕێژرایەوەو بۆ بەمێگەلکردنی کۆمەڵگا خستیانەوە بەرژەوەندی خۆیان. لەژێر ناونیشیانی  دیموکراسی، سۆسیالیزم، کۆمونیزم، سۆسیال دیموکرات، چەپگەرایی و هەمەجۆری ئیسلامی سیاسی بە ئاڕاستەی جیاجیا و لەکۆتاییشدا هەموو جۆگەلەکان لەیەک ڕوباریان کردەوەو خرانەوە خزمەت و جۆشدانەوەی ئاشی خێڵگەرایی و بنەماڵە و میراتگریی سیاسی بەناو حزبی سیاسی کوردیەوە.

خۆ ئەگەر من لەم بۆچوونەمدا بەهەڵەدا چوووبم و خوێندنەوەی ناڕیالیستیم بۆی کردبێ، با بەڕێزێک ئەم هەڵەیەم بۆ ڕاستکاتەوەو یەک نمونەم بۆ بێنێتەوە، لە هەموو ئەو حزبانەی کە لە گۆڕەپانی باشوری کوردستاندا بوونیان هەیە، هەر لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حزب و ئاڕاستە ئیسلامیە سیاسیەکان و تەنانەت ئەوانەشی کە لافی ئۆپۆزسیۆنیشیان لێداوە، وەک بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ. کامیان بەدەرن لە مۆدێلی حزبی بنەماڵەو تەوریسی سیاسی؟

لەماوەی دە بۆ پازدە ساڵی ڕابردوش حزبەکانی دەسەڵات، ژینگەی مۆدێلێکی نوێیان بۆ زیندووکردنەوەی دونیابینی و پەرەپێدانی ئەقڵیەتی خێڵگەرایی ڕەخساندوەو بودجەیێکی زۆریشیان لە گرتنەوەی قوتی خەڵک بۆ تەرخانکردوون. ئەویش سازدانی فیستیڤاڵی ساڵانەی خێڵ و تیرەو عەشیرەتەکانە بۆ زیندووکردنەوەی هەست و سۆزی خێڵگەرایی لەناو تاکی کۆمەڵگای کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری سەرۆک و براگەورەی خێڵەکان، ئەمەش ڕوونە بۆ ئاسانکاری بەمێگەلکردن و دەستەمۆکردنییانە لەبەرژەوەندی مانەوەی تەوریسی دەسەڵاتی خۆیان و بنەماڵەکانیان. 

ئەم بابەتە یەکجار فراوان و فرە ڕەهەندە و پێویستی بە جۆرەها توێژینەوی زانستی، سۆسیۆلۆژی، پێداگۆگی هەیە و دەکرێ چەند کتێبێکی لەسەر بنوسرێ، من لەم وتارە کورتەدا هەوڵمداوە بچوکترین پانتایی ئەم بابەتە بخەمە ژێر ڕۆشنایی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزارەتی دارایی داوای کارتی نیشتمانی و ناوی دایکی مووچەخۆران دەکات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بابلیۆن كوژرانی برازایه‌كی ره‌یان كلدانی له‌ لاله‌زار ره‌تده‌كاته‌وه‌
جەبار یاوەر بۆ ئاوێنە: ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە راستی بێت، نابێت تەنها پڕۆسەی تێکەڵکردنی ژمارە بێت
وتەبێژی پارتی: گفتوگۆی چڕ و جددی بە دوور لە میدیا بۆ کابینەی دەیەم بەردەوامە
توركیش ئێرلاین گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
سبه‌ی دادگای فیدرالی له‌باره‌ی سكاڵاكانی‌ په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
شاسوار عه‌بدولواحید هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت راگەیاند
نرخی دراوه‌كان؛ 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 160 هه‌زار دینار
وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: له‌دوای 30ی ئه‌یلول هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ بونی هیچ جوڵه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت
ئیکۆ عێراق: ئه‌گه‌ری سزای ئه‌مریكاو قۆستنەوەی دۆخه‌كه‌، بازاڕی دۆلارییان لە عێراق هه‌ژاندوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×