چۆن دۆزەخێک ساز درابوو، چ پەیامێکی دا؟!

شاهۆ پاڵانی
  2025-06-13     263

لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ تەنها دەورو بەری ١٠ کاتژمێرێک بەر لە هێرشەکەی ئیسرائیل، لەسەر دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران و  ئەنجامەکانی، بە ڕوونی ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە کە ناڕاستەوخۆ چرای سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردوە بۆ لێدانی سەربازی لە ئێران. ئەو وتی ئیسرائیل زوو یان درەنگ دەست لە ئێران دەوەشێنێت، بەڵام ئێمە پێمان باش نیە تا دانوستاندنەکان بەردەوام بن ئەمە ڕووبدات، لەگەڵ ئەوشدا هۆشداری دایە هاوڵاتیانی ئەمریکی لە تەواوی ناوچەکە،  ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن.

هەر لەدوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد و  لەناوبردن و تێکشکاندنی هێزە پرۆکسیەکانی ئێران کە بە بەرەی مقاوەمە دەناسرێن  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل هەمیشە پەلەی بوە بۆ لێدانی گورزی سەربازی لە ئێران، بەڵام ئەمریکا نەیویست  بچێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران. بەڵکو سەرۆکی ئەمریکا ئۆڤەرێکی دا بەئێران بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆم و پیتاندنی یۆرانیۆم بێت، تا بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکەن و ناوچەکەش دووربخەنەوە لە شەڕ. 

دەرگای ئەو دۆزەخەی شەوی ١٣/٠٦/ ٢٠٢٥ بە ڕووی ئێراندا ئاوەڵاکرا، هێرشێکی سادەی سەربازی کت و پڕ نەبوو، ئیسرائیل ساڵانێکە لە ڕێگەی مۆسادەوە زۆر بە وردی لە ناوەوەی ئێران کاری لەسەر دەکات و ئامادەکاری بۆ دەکات، جگە لەوەی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل هەموو شوێنە هەستیارەکانی سەربازی و بنکە ئەتۆمیەکان و شوێنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمیان دەستنیشانکردبوو، لە هەمانکاتدا شوێنپێ و جولەی سەرکردە باڵا سەربازیەکان و تەنانەت زانا ئەتۆمیەکانیشیان خستبوە ژێر چاودێری و مۆری خۆیانیان لێدابوون. دەوترێت بریکارەکانی مۆساد پێشوەختە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنییان بە قاچاخ بردووە بۆ ناو ئێران بۆ تێکدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و بنکە مووشەکییەکان، بەمەش دەرگای ئاسمانی ئێرانیان بۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل خستبوە سەر پشت.

هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن، کە ئیسرائیل زۆر بەوردی ئامادەکاری لە ناوەوەی ئێراندا بۆ کردبوو، جگە لەوەش هەموو لوغمەکانی دەورو بەری وڵاتەکەشی تەقاندبۆوە وەک بێکاریگەرکردنی حیزبوڵا، تێکشکاندنی حەماس، شەکەتکردنی حوسیەکانی یەمەن و  دوای ڕوخانی ئەسەدیش لە سوریا هەر زوو فرسەتی هێناو هەرچی ژێرخانی سەربازی سوریا هەبوو  لەناوی برد. هەر بۆیەش دەمێکە ئیسرائیل لە هەڵپەو کەڵکەڵەی لێدانی گورزی سەربازیە لە ئێران. گومانیش لەوەدانیە کە لە نێوان دەزگای هەواڵگریەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەمئاهەنگی و هاوکاری چڕ بوونی هەیە، هەر ئەمەش  بوە هۆی هەڵکردنی ژێر بەژێری چرای سەوز لەلایەن ترامپەوە.

بۆیەش بە ڕۆشنی دەرکەوت کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە سەرکەوتوویی و بەبێ زیانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، تەنانەت یەک فڕۆکەی ئیسرائیلیش نەک نەخرایە خوارەوە بەڵکو شوختێکیشیان بەرنەکەوت و هەر هەموویان وەکو خۆیان دەڵێن بەسەلامەتی گەڕانەوە بنکەکانیان. هەرچەندە دواتر ئێران بە زیاتر لە سەد درۆن هێرشی پێچەوانەی ئەنجامدا، بەڵام هەر هەموویان پێشئەوەی هیچ ئامانجێک بپێکن، هەر لە ئاسمانەوە خرانە خوارەوە.

ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا سەرکەوتوو بوو ئامانجەکانی پێکاو بەمەش عەرشی ئێرانی هەژاند. نزیکەی بیست فەرماندەی باڵای سەربازی کوشت، جگە لە زیانی زۆر بە بنکە ئەتۆمیەکان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، دەیان بنکەی سەربازی تر، کوشتنی زانایانی ئەتۆمی بوو کە ئێرانی پێ کەمەرشکێن بوو، وەک دەگوترێ شەش زانای پێشەنگی بواری ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم، کە لە نێویاندا ئەندازیارو توێژەری ئەتۆمی هەیە و ڕۆڵی سەرەکیان لە بەرنامەی ئەتۆمی هەبوە، بە وردی کراونەتە ئامانج و کوژراون، ئەمە بە پەیامێکی ناخهەژێن و کەمەرشکێن بۆ ئێران لێکدەدرێتەوە، کە ئاماژەو هەڕەشەیەیێکی جیددیە بۆ سەر ژێرخانی زانستی ئەتۆمی ئێران لە داهاتوو.

دەمێنێتەوە ئەوە بڵێین کە هێرشەکانی شەوی ١٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ پەرەسەندنێکی بێوێنەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی لێکەوتەوە، هەرچەندە ئەمریکا بە فەرمی خۆی دوور گرتوە لەم ئۆپەراسیۆنە، بەڵام هەڵبەتە لانیکەم پشتیوانی بێدەنگ و ڕێگەپێدانی خشکەیی ئەمریکا ڕاستیەکی حەتمیە. وەک لەسەرەوە باسمکرد هەماهەنگی و کاری هاوبەشی هەردوو دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریکا هەمیشە بوونی هەبوەو ئیسرائیلیش بەبێ هەڵکردنی چرا لە لایەن ئەمریکاوە مەحاڵە هەنگاوێکی لەم جۆرە بنێت، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ABC ئەمریکی، هێرشەکانی ئیسرائیلی بە ناوازە ناوبرد و گووتی ئێمە دەرفەتێکمان بە ئێرانیەکان دا بەڵام ئەوان سودیان لێ وەرنەگرت، بۆیە بەتوندی لێیاندرا و زۆر زیاتریشی بەدوادادێ.

لەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا ئەوە دەخوێندرێتەوە، کە هەماهەنگی هەبووەو ئەمریکا بە وردی ئاگادار بووە، بۆیە بە پەیامێکی جیددی دادەنرێ بۆ ئێران، بۆ هاتنە ژێر باری داواکاریەکانی ئەمریکا لە دانوستاندنەکان، هەڵبەتە ئەگەر دانوستاندنەکان بەردەوامیان هەبێ، ئەمەش لە دوو ڕۆژی داهاتوو دەردەکەوێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×