پشتیوانی ئیسرائیل لەدروزو فەرامۆشکردنی کورد

شاهۆ پاڵانی
  2025-07-18     1923

ئیسرائیل و دروز

بۆچی ئیسرائیل بە هەمانشێوەی دروزەکانی سوریا پشتیوانی لە کورد ناکات، ئەوە پرسێکی ئاڵۆزەو پەیوەندی بە فاکتەرە سیاسییەکان، ستراریژیەکان، جیوپۆلیتیک و دینامیکیەکانی ناوچەکە هەیە.

دروزەکان کەمینەیەکی ئاینی نەتەوەیین و لە ناوچەیەکی جوگرافی سنورداردا، بەتایبەت لە باشووری سوریا، لوبنان و بەرزاییەکانی جولان دەژین. جگە لە دروزەکانی ناو ئیسرائیل کە هاوشێوەی جوەکان هاوڵاتی ئەو وڵاتەن و وەک ئەوان لە ڕیزەکانی سوپای ئیسرائیلدا و تەنانەت لە یەکە جیاوازەکانی سیستەمی بەرگری و ئاسایشی ئیسرائیل، وەک دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و هیێزە تایبەتەکان خزمەت دەکەن.  ئیسرائیل لەمێژە پەیوەندیەکی ستراتیژی لەگەڵ دروزەکانی سوریاو جۆلان هەیە، یەکێک لە فاکتەرەکان ئەوەیە کە ئەوان لەناوچەیەکی نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل دەژین و تەنانەت بەشێک لە دروزەکانی جوۆلانیش وەک هاوڵاتی ئیسرائیلی سەیردەکرێن. ئەم فاکتەرانە وای لە ئیسرائیل کردوە کە دروزەکان وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی ببینێت، کە دەتوانن بەرگری لە سنورەکانی بکەن، تایبەت دژ بە هێزەکانی حیزبوڵڵا و دەوڵەتی سوریا.

 

ئیسرائیل و کورد

پەیوەست بە دۆزی کورد و تێڕوانینی ئیسرائیل لەو بارەیەوە، بەهەمانشێوە کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە بۆ ئیسرائیل ئاسان نەبێ لە ئێستادا هاوشێوەی دروزەکان، کورد بە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی بزانێ و ڕاستەوخۆ پشتیوانێ لێبکات. سەرەڕای ئەوەی کورد و ئیسرائیل دوو گەلی ستەملێکراون لە مێژوودا و پەیوەندیەکی کلتوری وبۆماوەیی لە نێوانیاندا هەبوە، بەتایبەت کوردە جوەکانی عێراق کە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو کۆچیان بۆ ئیسرائیل کرد، بۆیە زۆرجار باس لە پەیوەندیەکی نزیکی بۆماوەیی دەکرێ لە نێوان کورد و جولەکە، کە ئەوەش گەلێ جار وەک بناغەیەک بۆ ئەگەری دروستبوونی هاوپەیمانێتیەک تێڕوانینی بۆدەکرێ. سەرەڕای لێکچوونی هەردوو گەلی جولەکەو کورد، کە بەشێوازی جیاواز لە لایەن گەلانی سەردەستی ناوچەکە ڕووبەڕووی جینۆساید، ڕاوەدونان، پەرتەوازەیی و داگیرکاری بوونەتەوە، لە هەمانکاتدا لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەیارو دوژمنی هاوبەشیان هەیە.

یەکێک لە بەربەستەکان پەیوەندی ئیسرائل و تورکیایە، تورکیا کە وڵاتێکی ستراتیژی ناوچەکەیەو ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ڕۆژئاوایە. بۆیە لە ئێستادا ئاسان نیە بۆ ئیسرائیل ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە کورد بکات، هەرچەندە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا کە بەسەردەمی (نیو عوسمانیزم) عوسمانگەرایی نوێ دەناسرێ، پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ناوە ناوە بەهۆکاری جیاوازی وەک شەڕی غەززە، پشتیوانی تورکیا لە گروپە توندڕەوەکان، دەستوەردان لە ناوەخۆی سوریا و پاڵپشتی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە لایەن تورکیای ئەردۆگان، درزی تێدەکەوێ و گرژی و خاوی بەخۆیەوە دەبینێ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئیسرائیل پەیوەندی بازرگانی  و بەرژەوەندی ئابووری بەرچاوی لەگەڵ تورکیا هەیە.

هۆکارێکی تر کە کۆسپ بۆ پاڵپشتی کورد لە لایەن ئیسرائیل دروستدەکات، هاوسەنگی هێزە لە ناوچەکەدا، هەرچەندە لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 وە ناوچەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و تەوژمی گرژی و گۆڕانکاری هەڵیکردوە، بەڵام هێشتا ئیسرائیل بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات. بەهۆی ئەوەی کورد دابەشی چوار وڵاتی ناوچەکە کراوە، ئەگەری دەستوەردانی ڕاسەوخۆی ئیسرائیل، دەبێتە وروژاندنی وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا لە دژی ئیسرائل، کە ڕەنگە ببێتە فاکتەرێک بۆ کۆکردنەوەیان لە ژێر چەترێکی هەماهەنگی بەرامبەر بە ئیسرائیل. لەبەرئەوە لە ئێستادا ئەم ئەکچیۆنە لەبەرژەوەنی ئیسرائل نابێ، دەوڵەتی ئیسرائیل هیچکات نایەوێ بەرەیێکی فراوانی یەکگرتووی نەیارەکانی لەبەرامبەر خۆی ببینێ، بەڵکو ستراتیژیێک پەیڕەو دەکات، کە تاکە تاکەو یەک لەدوای یەک حەق و حیساب لەگەڵ نەیارو دوأمنەکانی دەکات، هەروەک چۆن لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە شایەتی ڕووداوەکانی غەززەو چارەنووسی حەماس بووین، دواتر حیزبوڵڵا و بەدوایدا کەوتنی ئەسەد و ناردنەوەی هەژموونی ئێران بۆ ناو سنورەکانی و جەنگی دوازدە ڕۆژەش، کە ڕەنگە هێشتا دۆزی ئێران کۆتایی نەهاتبێ و جارێکی تر جەنگ دەستپێبکاتەوە، یاخود ئێران ناچاری دانوستان دەکرێ و بە داواکاریەکانی ئەمریکا ڕازی دەبێت.

پێویستە ئەوەش لەبەرچاوبگیرێ، کە ئیسرائیل هەمیشە بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا هەماهەنگ دەکات لە ناوچەکە، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ستراتیژی ئیسرائیلە. هەرچەندە ئەمریکا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە هاوکاری کوردی لە باشووری کوردستان کردەوەو پاراستوویەتی، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش لە 2003 ئەمریکا کوردی وەک دۆستی خۆی سەیرکردووەو هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، ئەمینترین شوێن بوە لە تەواوی عێراقدا، دواتریش لە شەڕی دژی قاعیدەو داعشدا وەک هاوبەشی خۆی پۆڵێنی کردوە بەکوردی ڕۆژئاواشەوە. بەڵام لەسەروبەندی گرژی و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی ئەمریکای گرتەدەست، کە بە پیاوێکی پێشبینی نەکراو ناسراوەو ئامادەیە دوژمنەکانی دوێنێی ستایش بکات و دەست بخاتە دەستیان، وەک دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کە لە سعودیە بینیمان.

 

فاکتەری هەرە ئاڵۆز و سەخت

گەورەترین بەربەست لەبەردەم پشتیوانی ئیسرائیل، ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ دۆزی کورد، خودی کورد خۆیەتی. سەرەڕای دابەشبوونی کورد بەسەر چوار وڵات، گۆڕەپانی هەر بەشێکی کوردستان دابەشبوون بەسەر  کۆمەڵێک پارتی ئاراستە جیاوازی بێ ستراتیژ، لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ، لەوپەڕی عیلمانی یەوە بۆ ئەوپەڕی ئیسلامی، هەر هەمووشیان خۆیان تووشی کۆت و بەندی پەیوەندیە هەرێمایەتیەکان کردوەو هەموو پەیوەندیەکانیشیان لە چوار وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان تێناپەڕێ.

خۆ ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی حەفتا ساڵی ڕابردووش بدەینەوە، بەڕوونی ئەوە بەرچاودەکەوێ، کە زۆر جار و لە قۆناغی جیاوازدا، هەمان ئەو هێز و لایەنانەی خۆیان بە پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی و کوردایەتی زانیوە، بە پشتیوانی و کۆمەکی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان شەڕی لەناوبردنی یەکتریان کردوە.

بۆیە هیچکات کورد نەیتوانیوە گووتاری یەکگرتوو و تۆکمەی هەبێت و وەک نەتەوەیەکی مەزن خۆی پێناسە بکات،  پلان و ستراتیژی نەتەوەیی دوورمەودا دابڕێژێ و هەوڵی تێپەڕاندنی پەیوەندیە ئیقلیمیەکان بدات کە هیچکات بە کەنارێکی ئارامی ناگەیەنێ، هەرگیز بیریشی لەوە نەکردۆتەوە کار بۆ هەماهەنگی و هاوتەریبکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی لە گەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیادا بکات.   

دەنا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە زۆر وێستگەدا ئیسرائیل پشتیوانی و هاوکاری شۆڕشی کوردی کردوە لە باشووری کورستان بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی. خۆ ڕاستە ئیسرائیل  بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەمەی کردوەو تاکتیکێک بوو بۆ سەرقاڵکردنی سوپای عێراق، تا نەپڕژێتە سەر گەلەکۆمەی وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ کورد کەلکی هەبووەو و کورد دەیتوانی بەردەوامی بەو جۆرە پەیوەندیانە بدات و وەک ستراتیژ بیخاتە بەرنامە.

هەموو ئەمانە ئەو فاکتەرانەن کە وایکردوە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە کورد نەکات، دەنا وەک لەسەرەوە ئاماژەمپێدا، کورد و ئیسرائیل کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەیە و لەهەمووشیان گرنگتر ئەوەیە،  دوژمن و نەیاری هاوبەشیان هەیە لە تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتیش ئێستا باشترین تەوقیتە بۆ هەماهەنگی و هاوتەریبکردنی بەرژەوەندی هەردوولا، هەڵبەتە ئەگەر کورد ئامادە بوایە. لە کاتێکدا سەرەڕای پێشهات و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەدیاریکراویش ئێران، عێراق و سوریا لە پێگەیەکدا نین خۆزگەیان پێ بخوازرێ، تورکیای ( نیو عوسمانیزم ) و فراوانخوازی ئەردۆگانیش، کە بە ڕابەری جیهانی سوننەگەرایی  ئیخوانی ناسراوە، سیاسەت و جولەکانی لەگەڵ خواست و سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا یەکناگرێتەوە، تا ئێستاش ئەو نیگەرانی و بێ متمانەییەی ئەوروپا و ئەمریکاش لە تورکیا نەڕەوایتەوە کە لەدوای کڕینی موشەکی S 400 ڕوسی دروستببوون.

سەرەڕای هەموو ئەمانە کورد نەیتوانی هەڵەکانی مێژوو دووبارەنەکاتەوە، نەیتوانی ستراتیژی نەتەوەیی دابڕێژێ و پەیوەندیە هەرێمایەتیەکان تێپەڕێنێت، بەڵکو جارێکیتر دوای سەدەیەک نەهامەتی و قوربانیدان، خەریکە هەلێکی مێژووی لەدەستدەدات و متمانە دەبەخشێتەوە داگیرکەرانی خۆی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×