نامەیەک لە (کیم جۆنگ ئون) ەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی

شاهۆ پاڵانی
  2025-08-23     1127

بەڕێز بافڵ تاڵەبانی،

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،

هاوڕێی بەرزەفڕم،

من لە کەنارەکانی کۆریای باکوورەوە لەکارەکانت دەڕوانم و بە گەرمی سڵاوت بۆ دەنێرم،  وەک سەرکردەیەکی پتەو کە بە ئیرادەیەکی پولایین و ئاسنین کارەکانت بەڕێوەدەبەیت، دەمەوێت دەستخۆشییەکی گەرمت  لێبکەم بۆ هەوڵە بەرزەکانت لە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و پاراستنی یەکگرتوویی پارتەکەت.

هەوڵە توندەکانت بۆ لابردنی رەخنەگرانی ناوەخۆ، سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و میدیاکان، لادان و دوورخستنەوەی سەرکردە دێرین و بە ئەزموونەکانی ناو پارتەکەت، نیشانی ئەوە دەدەن کە تۆ سەرکردەیەکی بەهێزی و هیچ کەس ناتوانێت لەبەردەم ئامانجەکانتدا بوەستێت. هەرچەندە هێشتا کوردستان نەبوە بە دەوڵەت و ئەو هەرێمەی کە لە چوارچێوەی عێراقدا هەتانە کردووتانە بە دووبەش، بەڵام من بە سەرسامی و بایەخەوە سەرنج دەدەمە ئەو شێوازەی کە تۆ زۆنی سەوزی ژێر کۆنترۆڵی حزبەکەتی پێ بەڕێوەدەبەیت.

هەمیشە ئەوەت لەبیربێ، کە سەرۆکێکی بەهێز پێویستی بە بڕیارە بەهێز و قورسەکانە، چاویشم لێبوو لە سێپتەمبەری ساڵی پاردا چۆن دەزگای ڕۆشنگەری چاودێرت داخست، ئەوە یەکێک لە کارە هەرە ڕاست و گرنگەکانت بوو، کۆنترۆڵکردنی میدیاو ڕەخنەگران نیشانەی ئەوەیە، کە تۆ بەتەواوی ئاگاداری لە گرنگیی یەکدەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی. کۆمەڵگایێکی بەختەوەر و گوێڕایەڵ گوێی دادەخات و چاویلکەی سەرۆک لەچاودەکات، لەبەرئەوە ڕۆشنگەری و بیری ئازاد کۆمەڵگا توشی ئاژاوەگێڕی و دەسەڵاتیش بنکۆڵ دەکەن، ئەمانە هەمووی نەخۆشین.

ئەوەندەش گوێ بە وشەی باق و بریقی دیموکراسی و دادپەروەری مەدە، ئەمانە لە قسەی پوچ و درۆی قەبە زیاتر نین، لە خۆراکێکی بەسەرچوو و بۆگەنکردووی لە قوتوونراوی ڕۆژئاوایی شتێکی تر نین و هەرگیز ڕێگە بە هاوردەکرکردنی ژەهری لەو شوویوەیە نەدەی.

بافڵ ی هاوبیرم،

دەمەوێ لەسەر یەکێک لەو شاکارانەی کە زۆر گرنگە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات ستایشت بکەم، ئەویش ئەوەیە، لە دوای گرتنە دەسەڵاتی حزبەکەت وەک سەرۆکێکی تاقانەو بە هەیبەت، دەرپەڕاندن و دوورخستنەوەی هەموو سەرکردە دێرین و خاوەن ئەزمونەکانی حزبەکەتە، ئەگەر ئەوان بمابان دەبوون بەکۆسپ بۆ دەسەڵاتی ڕەهای تۆ وەک سەرۆک، بۆیە دوورخستنەوەیان دروستترین بڕیاری ئازایەنەت بوو، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دوورخستنەوەو دەرپەڕاندنی هەموو ئەو کادرە حزبیانەی خاوەنی ئەزموون و بیری کراوەبوون، کە لە جومگە جیاوازەکانی حزبەکەت کاریان دەکرد، ئەوان با گەنجیش بن، با خاوەنی بیری نوێ و دڵسۆزی حزب و نەتەوەش بن، بەڵام کە وەلائیان بۆ سەرۆک نەبوو، بوونیان پێویست نیەو دەتوانی شوێنەکانیان بە کەسانی گوێڕایەڵ و سەرلەقێن و دەست لە سەرسنگ پڕبکەیتەوە، کە هەر واشتکرد.

ئێمەش لە کۆریای باکور بەهەمان ئاڕاستە ڕایەڵەی خەڵکی وڵاتەکەی خۆمانمان کرد. من شێوازی حکومڕانیم لە ( کیم ئێڵ سۆنگ ) ی باپیرمەوە بۆ ماوەتەوە، لەدوای ئەویش ( کیم جۆنگ ئیل) ی باوکم درێژەی بەو ڕێبازە دا و لەدوای ئەویش من. بەڵام من بە گۆڕانکاری و داهێنانی زیاترەوە درێژەم پێدا، ئەگەر تێبینت کردبێ، کاتێک من دەچمە هۆڵی کۆبوونەوەکان، مەراسیمی سەربازی یاخود هەر بۆنەێکی نیشتیمانی کە خەڵکێکی زۆری تێدا ئامادەیە، لە کاتی گەیشتنمدا هەمووان هەڵدەستنە سەرپێ و چەپڵە لێدەدەن، تا ئێرە دیمەنەکە ئاساییە بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، زۆرینەیان لەگەڵ چەپڵە لێداندا زۆر بەکوڵ دەگرین، ئەوە تێکەڵەیەکە لە ترس و خۆشەویستی کە زۆر پێویستە ئەمە لە بەرامبەر سەرۆکدا هەبێ.

من هەرگیز لە کوشتن و پاکتاوکردنی نەیارەکانم درێغیم نەکردوە کە بە کۆسپی سەر ڕێی دەسەڵاتی ڕەهای خۆمم زانیبن، با ئەوانە نزیکترین کەسی خۆشم بن، من لە مام و پوری خۆمەوە دەستمپێکرد کە بە دڕندەترین شێواز لە ناومبردن، دواتریش برایەکەی خۆم. دەبینم تۆش هەمان ڕێبازت گرتۆتەبەر و لە گرتن و خستنە زیندانی ئامۆزا و کەسە نزیکەکانی خۆت سڵ ناکەیتەوە و ئەگەر پێویستیشی کرد پاکتاوکردنیش نابێتە کۆسپ بۆت.   

هاوڕێی بەرزەفڕم،

من لە ئەزموونەکانتدا وێنەیەکی هاوشێوەی خۆم دەبینم. تۆ وەک سەرکردەیەک کە دەسەڵاتت بە میرات بۆ ماوەتەوە، توانیوتە پێگەیەکی بەرز و ڕەها لەناو حزبەکەتدا بەدەستبهێنیت.

ئومێدەوارم بتوانیت لەم رێگەیەدا بەردەوام بیت و هەر کاتێک پێویستت بوو، ئێمە لە کۆریای باکوور ئامادەین بە ئەزموونەکانمان یارمەتیت بدەین! بەردەوام بە لەگەڵ ئەو هەوڵە توندانەت کە نیشانی جیهان دەدەیت، سەرکردەیەکی راستەقینە چۆن دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات. بۆیە لەمڕۆوە بڕیارمدا، زۆنی سەوزی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستەخۆشکی بچوکی کۆریای باکور بێت.

هەمیشە لە لوتکە بتانبینم.

کیم جۆنگ ئون

سەرۆک کۆماری کۆریای باکور

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزارەتی دارایی داوای کارتی نیشتمانی و ناوی دایکی مووچەخۆران دەکات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بابلیۆن كوژرانی برازایه‌كی ره‌یان كلدانی له‌ لاله‌زار ره‌تده‌كاته‌وه‌
جەبار یاوەر بۆ ئاوێنە: ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە راستی بێت، نابێت تەنها پڕۆسەی تێکەڵکردنی ژمارە بێت
وتەبێژی پارتی: گفتوگۆی چڕ و جددی بە دوور لە میدیا بۆ کابینەی دەیەم بەردەوامە
توركیش ئێرلاین گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
سبه‌ی دادگای فیدرالی له‌باره‌ی سكاڵاكانی‌ په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
شاسوار عه‌بدولواحید هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت راگەیاند
نرخی دراوه‌كان؛ 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 160 هه‌زار دینار
وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: له‌دوای 30ی ئه‌یلول هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ بونی هیچ جوڵه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت
ئیکۆ عێراق: ئه‌گه‌ری سزای ئه‌مریكاو قۆستنەوەی دۆخه‌كه‌، بازاڕی دۆلارییان لە عێراق هه‌ژاندوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×