کێ بچێتە قەندیل؟!

شاهۆ پاڵانی
  2026-08-02     46

پرۆسەی بەناو چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، ساڵ و نیوی تێپەڕاند و نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ. ئەوەی تا ئێستا تێبینی کراوە ئەوەیە، سەرەڕای گفتوگۆ و بەردەوامی پەیوەندی و سەردانی وەفدەکان بۆ ئیمراڵی، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەنگاوی جیددی بەرەو پێشەوە نەناوەو خەریکی کات کوشتنن.

پرۆسەکە تەنها کورد ناوی ناوە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی و برایەتی گەلان، دەنا دەوڵەتی تورکیا بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ناوزەدی کردوە،  لە ئێستاشدا گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی کە گوایا لەداهاتوویەکی زۆر نزیکدا کۆمسیۆنی یاسای چوارچێوە کارا بکرێ، بەڵام یاسای چوارچێوە تەنها هێڵە گشتیەکانی نیشاندەدرێت، بێ ئەوەی بچێتە هیچ وەردەکاریەکەوە یاخود بابەتە هەستیارەکان نیشانی ڕای گشتی بدات. دەسەڵاتدارانی ئاکەپەو حکومەتەکەیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە، کە بە پێچەوانەی خواستی دەم پارتی کە داوایانکردبوو ئەم کۆمسیۆنە لە ژێز چاودێری سیاسەتمەداران و ئەنجومەنی گشتی نیشتیمانی تورکیا دا بێت، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا و پێویستە کۆمسیۆنەکە لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری میت دابێت، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو دەبێ کۆمسیۆنی یاسای چوارچێوە بە پێی ڕێنمایی و ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری کارەکانی ڕایی بکات و یاساکان دابڕێژێ.

ئەوەی ئێستا باس دەکرێ ئەوەیە کە یاساکان بەشێوەی قۆناغبەندی دەردەکرێن و سەرەتا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک تێوە نەگلاون و تەنها بە ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبارن و بەشی زۆریشیان لە زیندانەکاندان، تا لە دوا قۆناغدا دەگاتە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە، لەوەش ناچێ یاسای چوارچێوە سەبارەت بە چارەنوسی ئۆجەلان و داهاتووی سیاسی، یاخود ئازادبوونی ڕێبەری بەکەکە  هیچی لە هەگبەدا هەبێ.

ئایندە و چارەنوسی سەرکردە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوەش بەهەمانشێوە تا ئێستا بە ناڕونی ماوەتەوە، بەڵام هەر زوو دەوڵەتی تورکیا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە سەرکردەکانی پەکەکە لەناوەخۆی تورکیادا هیچ جێگەیەکیان نیە و دەکرێ بژاردەی وڵاتی سێیەمیان بخرێتە بەردەم، لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ٢٠٠ سەرکردەی باڵای پەکەکە ئەگەری هەیە لە سلێمانی جێنشین بکرێن، ئەوەش بەو مانایە لێکدەدرێتەوە کە خواستی تورکیا لەسەر ئەوەیە، سەرکردە باڵاکان لەو ناوچانە نیشتەجێ بکرێن کە بەئاسانی دەستی دەزگا هەواڵگریەکانی دەیانگاتێ.

هەموو ئەمانەش نیاز و پیلانەکانی تورکیا ڕوونتر نیشاندەدات، کە ئەویش چۆلکردنی قەندیلە بە قۆناغبەندی و ڕەنگە پلانی ئیقلیمیش هەبێت بۆ هێنانی هێزی تر بۆ ناو قەندیل دوای چۆڵکردنی (هەڵبەتە ئەگەر پلانەکە سەربگرێ و پەکەکە قەندیل چۆل بکات) گومانیشی تێدا نیە کە ئەم پلانە ئیقلیمیەش بە سەرپەرشتی و باڵادەستی تورکیا دەبێت و ڕەنگە هەر سوپای تورکیا لەوێ جێگیر بکرێت، یاخود هێزی میلیشیای دەرەکی سەر بە تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان دزەیان پێبکرێتە ئەوێ، بە دووریش نازانرێ پاشماوەکانی داعش یەکێک لە بژاردەکان بێت. بۆیە کورد دەبێ ئەم پرسە زۆر بە وردی هەڵبسەنگێنێ و ژیرانە مامەڵەی لەتەکدا بکات. 

سەبارەت بەو پرسەو لەژێر تیشکی بەردەوامی پرۆسەکەدا، هەوڵ دەدەم ڕۆشنایی بخەمە سەر بابەتێکی زۆر هەستیاری جیۆپۆلیتیکی، کە پەیوەستە بە ستراتیژ و مانەوەی خەباتی نەتەوەیی لە داهاتوودا، ئەویش ( قەندیل ) ە وەک دوا کارتی گەرەنتی مانەوەی دۆزی نەتەوەیەک.

پەیوەست بە بەردەوامی پرۆسەکە و ناڕوونی دەرئەنجامەکەی، هاوتەریب لەگەڵ ئەو پێشهات و هەڵکشانانەی کە لە ناوچەکەو تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن، پێویستە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی زوور ورد بۆ لێکەوتەکانی ئەگەری چۆڵکردنی قەندیل بکرێت. هەڵبەتە چۆڵکردنی قەندیل گوزارشتە لە لەدەستدانی دوا کارتی گەرەنتی مانەوەی نەتەوەیی بۆ هەر چوار بەشەکەی کوردستان، ئەو قسە باوەی کە دەڵێ ( کورد پشت و پەنای تەنها شاخەکانی کوردستانە ) هەر لە خۆڕا و بەهەوەس نەگووتراوە، بەڵکو ئەم گووتە بەنرخە زادەی ئەزموونی لانیکەم سەد ساڵی خەباتی نەتەوەیی کوردە و دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.

لەم سۆنگەیەوە ئەرکێکی مێژوویی، نیشتیمانی و نەتەوەیی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەو پارتە کوردستانیانەی کە خاوەنی هێزی چەکدارن لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان، بەتایبەتیش هاوپەیمانی هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات، کە لە ئێستادا بە هۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا/ ئیسرائیل فۆکۆسی چاوەکان لەسەر ئەوانە و ئێرانیش مەترسی خۆی نەشاردۆتەوە لە بەرامبەر ئەو هێزە کوردستانیانەی ڕۆژهەڵات، ئەمەش وایکردوە کۆماری ئیسلامی درێغی نەکات لە هێرش و پەلاماردانی کەمپەکانی ئەو هێزانە لە باشووری کوردستان.

بۆیە هاوتەریتب لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم جەنگە هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات ئەرکی مێژوویی زیاتریان دەکەوێتە ئەستۆ، پێکهێنانی هاوپەیمانی هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات یەکێک لە کارە هەرە پێویستەکان بوو لەم قۆناغەدا و، دەکرێ وەک یەکەم هەنگاوی کرداری چاوی لێبکرێت و پلانی ستراتیژی و تاکتیکیش بۆ هەنگاوی دواتر بخرێتە سەر نەخشە ڕێگای ئەرکەکانی داهاتوو. کۆبوونەوەو دەرکردنی بەیاننامە و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران، ناتوانێت دارێک بخاتە سەر بەردێک و هێرش و سەرکوتکاریەکانی کۆماری ئیسلامیش خاو ناکاتەوە.

ئەوەی زۆر گرنگە ئێستا بیری لێبکرێتەوە ئەوەیە، تەواوی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ پژاک و لە ژێر یەک چەتری هاوپەیمانێتیدا پەیتا پەیتا باشووری کوردستان بەرەو قەندیل جێبهێلن و تەوای هێزەکانیان لەوێدا جێگیر بکەن، بەم کردەیە هەنگاوی ئامانجەکانیان خێراتر دەکەن و خەبات و تێکۆشانیشیان دەبەنە قۆناغێکی زۆر لەپێشتر. ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێن،  ئەوا لانیکەم سێ ئامانجی زۆر گەورەو ستراتیژی دەپێکن کە پەیوەستە بە مانەوەی دۆزی نەتەوەیەک بە زیندوویی:

دەستکراوەتر دەبن ودەتوانن ئازادانە و بەپێی خواست و پێداویستی قۆناغەکە کاری سیاسی و جولەی سەربازی خۆیان بڕیار لێبدەن.

بیانووی ئەوەش لەدەست ئێرانادا دەردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و بۆردومانکردنی کەمپەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات.

لە هەمووشی گرنگتر، سەرئەنجامی پرۆسەی بە ناو چارەسەری لە تورکیاو باکوری کوردستان هەرچیەک بێ، قەندیل چۆل ناکرێت و خاڵی نابێتەوە لە هێزی کوردستانی و ئامانج و پیلانی دوژمنانیش سەرناگرێ.

 

  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×