قوڕ و لیتەی میدیا

ئەمیر عومەر
  2025-12-19   

ئێرە باشووری کوردستانە، لەقوڕ قاچی کورسی و لە لیتەی لافاویش دەستکەوتی حزبی شین دەبێت، ئینجا ھەتا قوڕەکە خەستر بێت بێژەرەکە بەدەم گێرە و شێلانیەوە نرکە و نەڕەی بەرزترە، لێرە ڕووداوە سروشتیەکان ھەر لەخۆوە ئیلھامبەخشن بۆ دروستکردنی گوتاری ژەھراوی و دەمودەستیش کراسی سیاسیان لەبەر دەکرێت. ئەوەتا دەبینین ھەر مایک بەدەستە لەبری تیشک خستنەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و ھۆشداریدان لە ئەگەری لافاوی دووەم و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی کۆکردنەوەی ھاوکاری، کەچی لێمان دەبنە دادوەر و بە دروستکردنی غایلەی خراپ و نیەتی چەواشەکارانە پرسیارەکانیان دەگۆڕن بۆ ئایا ئەمە شکستی دەسەڵاتی خۆجێی ناوچەکەیە؟ ئایا ئەم کارەساتە لێکەوتەی گەندەڵی بوو؟ ئیتر بەبێ ئەوەی ئەنجامی ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و رەسمی چنگ کەوتبێت قوڕەکە دەکاتە بەڵگەی تاوان و لیتەکەش بەشێک لەپرۆژەی سیاسی ڕکابەرەکەی. 
بەشێک لەو میدیایانە وەزعەکەیان وا ترشاندوە بەسەر یەکدا کە ھەر بەڕاستی گومان دەخرێتە سەر ھەر ھەوڵیکی مرۆیی و خێرخوازی، لای ئەوان ھەمووان کەمتەرخەمن و خۆیان پاڵەوان و فریادڕەس، تەنانەت بێعاریی بەو ئاستە گەیشتووە لەو قوڕ و لیتەی لەسەر ڕوخساری منداڵ و گەنج و پیر و جوان و کەلوپەل و دیواری ماڵەکانیش نیشتووە، ئەو لیتەی دەبێت وەک پیسییەک بەئاوی پاک بشۆرێتەوە دەکرێتە کەرەستەی پڕوپاگەندەی حزبی و بێشەرمانە دەڵێن تەنھا ئێمە دەزانین پاکی بکەینەوە بەبێ ئەوەی دەستەکانی خۆیان پیس بکەن. وەک دەوترێت باران ڕەحمەتی خوایە و لافاویش ھەر حیکمەتی خوایە، کەچی ئەوان دێن و دەست بۆ ئەم دەسەڵاتە بێسنورەی خالقیش دەبەن و بە زۆر کراسە تەنگە حزبیەکەی بە بەردا دەکەن. ئەرێ ھەر بەراست ئەو سیناریۆ کۆمیدیە چیە؟ سەرەتا لافاو وەک کارەساتی گەورەی سروشتی باس دەکەن و  دوای یەک سەعات دەڵێن دەستی لایەنێکی لەپشتە؟. دەی ئافەرین و ھەر بژی بۆ ئەو میدیا و  ڕۆژنامەنوسەی وێنەی ڕاستیەکانی دەگواستەوە و ئەو دەستەی نیشاندەداین خەریکی پاککردنەوەی قوڕەکەبوو نەک ئەو دەمەی وشەکانی بە ژەھر قەبە و ئاوس ببوون. ئای میدیای بێ ئامان تۆ دەزانی چ کەتنێکت کردووە؟ تۆ دەزانیت ھەزاران لێقەوماو چاوەڕوانی بەھاناوەچوون و ھاوکاری ڕاستەقینە بوون کەچی کەڵکتان لەو نیەت پاکی و دڵسافیەیان وەرگرت و سەرگەرمی چاودێری قازانجی حزبی بوون و ھێندەی تر قوڕ و لیتەکەتان خەستر کردەوە، حاشا ئەمە ئەخلاقی میدیای تەندروست نیە بگرە ئەمە بازرگانیکردن و وەبەرھێنانە بە ئازارەکانی مرۆڤەوە، درووستکردنی گومانە لەسەر ھەموو نیەتێکی باش و پاک و ئەو دەستانەی بۆ یارمەتی دڕێژ دەکرێن، بۆ ھەر ھەوڵێکی فریاگوزاری داماڵراو لە بەرژەوەندی حزبی و کەسی، شەرمەزاری بۆ ئەو میدیایانەی ئەم لافاوەیان کردە بازاڕی پلە و پۆست و دروستکردنی پاڵەوانی درۆینەی سەر شاشە.
ماڵی ئەو شاشەش بە قوڕ بگیرێت کە گریان و ناڵە و باڵایی مرۆڤەکان لەپێناوی بەرژەوەندییە حزبییەکان تەخت و بەخت دەکات. میدیا و میدیاکاری ھێژا لافاو بۆنەیەک نیە بۆ تاودانی ڕقی حزبی، تکایە با ئەم بێ ڕەفتارییە تائێرە بێت و بەس بێت، کەمیک بفامن لێقەوماوان مافیان بەسەر ئێوەشەوە ھەیە بەسەر گوتاری سیاسیشتانەوە، مافیان لەسەر ھەڵمەتی پاککردنەوەی ڕاستەقینە ھەیە، نەک پانکردنەوەی حزبی ؟! 

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×