تەپوتۆزی دوای پاسەکە 

ئەمیر عومەر
  2025-12-29     310

سەرەتای ساڵی نەوەدەکان ماڵی ئێمە لە گەڕەکی شەهیدانی سەرچنار بوو، کوڕێکی هاوتەمەنمان لە خاریجەوە سەعاتێکی بۆ هاتبوو، سەعات چی سەعاتێک لەدڵی ئێمەدا هەر پێی عەیب بوو وەڵامی هەزار سەیارەی کۆنترۆڵ و پاسکیل و ئەتاری و ئەم هەموو یاری و وازیەی ئێستا بداتەوە و هەر بە شاگردیشی ڕانەدەگرتن. باش باش لە بیرمە جارێکیان بۆ قوقەیەک هەر چی شێخ و مشایەخ و مەلاو ئەولیا و پیاو چاک و ساڵحان و سەحابە هەیە کردمان بە گژیا تا پەنجەیەک بەو دوگمەی سەعاتەیدا بنێت و ئێمەش بە دەنگی ئەلەرمەکەی کە قوقەی کەڵەشێر بوو ورتە لەخۆمان ببڕین و بە چاوی گەورە و دەمی کراوە، ڕووخساری حەپەساو و تاساو سەیری یەکتر بکەین، ئای لەو ساتەی کەڵەشێر دەیقوقان شەجەریانی چی و بێتۆڤن و مۆزارت و باخ و شۆپانی چی. هەندێ جار بیر دەکەمەوە ئەگەر هەریەک لەئێمەش لەشوێنی ئەو خوا پێداوە بوینایە و ئەو هەموو منداڵە بە توخوا توخوا لەدەورمان بوایە هەر غەڕڕا دەبوین و دەمان ووت بەخوا پیلەکەی سکوت دەبێت.
ئێستاش کە بە خێرایی لاپەڕەکانی یادەوەری هەڵدەدەینەوە و دەگەینە ئەمڕۆ، دەبینین جیهان لەو قوقە سادەیەوە گۆڕاوە بۆ لافاوێکی گەورە بە ناوی زیرەکی دەستکرد، مەبەستم لەو زانستەیە وەک شۆفێرێکی لێهاتوو سوکانی میدیای جیهانی گرتووەتە دەست و هەر میدیایەکیش نەبێتە هاوسەفەری، مەحکومە بەوەی لە پەنای ڕێگاکە دانیشێت و سەیری تەپوتۆزی دوای پاسەکە بکات. بەشێک لە هاوپیشەکانم ئەم داهێنانە بە خەتەر دەزانن و زۆر بەتوندی لەدژی وەستاونەتەوە و دەڵێن شوم و نەگبەتییە، مێشک دەپوکێنێتەوە و جیهان دەکات بە تەمەڵخانە، بەڵام دوور لەهەڵچوون و عینادی با دان بەو ڕاستیەشدا بنێین مێشک ئەو کاتە دەپوکێتەوە کە ڕۆژنامەنووس تەمەنی لە ئیشی دووبارە و تاقەت پڕوکێندا بەفیڕۆ بدات، ئەگەر جاران مۆنتێرێک نیوەی ڕۆژەکەی بە پاککردنەوەی دەنگ و گەڕان بەناو ئەرشیفدا بفەوتایە، ئێستا ژیریی دەستکرد ئەو ئیشە بێزارکەرانەی بۆ دەکات تا ئەو بتوانێت مێشکی بۆ شتی گەورەتر و داهێنان بەکاربهێنێت، نەک کۆیلەیەک لە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکاندا بخنکێت. دیوە باشەکەی ئەم داهێنراوە نوێیە ڕێک وەک ئامێری قاپشۆر و جلشۆر دەبینم کە شوێنی مرۆڤ ناگرێتەوە ماندووبوونە جەستەییەکەی ناهێڵێت، کەواتە ئەم نمونەیە بۆ میدیاش هەروایە شوێنی ڕۆژنامەنووس ناگرێتەوە بەڵکو ڕۆڵەکەی دەگۆڕێت. ئەمڕۆ زۆرێک لەمیدیا بەناوبانگەکانی جیهان ئەم زانستەیان وەک بەشێکی گرنگی کاری میدیاییان باسکردووە کە ڕێگایان بۆ ڕۆشندەکاتەوە بۆ هەنگاوی گورج و گەورەتر، دەبینن کە چۆن زیرەکی دەستکردیان کردووە بە  دێوەکەی عەلادین. لە مۆنتاژدا کارێک دەکەن کە جاران بە سوپایەک ئێدیتۆ و مۆنتێر نەدەکرا، یان وەرە سەیری ئەو جادووە بکە پەیامنێر لە ناو جەرگەی جەنگ و تەقە و  ناڵە و هاوار و گرمەدایە، کەچی ئەم زانستە غەزەبە هەموو ژاوەژاوەکە لادەبات و دەنگەکە هێندە پاک دەکات دەڵێی جەنابی لە ناو ستۆدیۆیەکی فێنک و لوکسدا دانیشتووە و قاوە دەخواتەوە!، یان لەدروستکردنەوەی بابەتە دێکۆمێنتەری و مێژووییەکاندا چۆن بینەرەکانیان دەگێڕنەوە بۆ سەدەکانی ڕابردوو و ئەوەی لای هەمووان خەیاڵە ئەو دەیکات بەڕاستی. بەڵام پێویستیشە لەپێناو هێشتنەوەی متمانە کەناڵەکان بەنوسینی دوو پیتی AI ئاماژە بە دیمەنە دروستکراوەکان بکەن تا وێنەی ڕاستی و دروستکراو لای وەرگرەکانی تێکەڵ نەبن، وەک چۆن ئێستا تێکەڵاون.  

هەرچەندە ئەم زانستە چەقۆیەکی دوو دەمە دەتوانین تەماتەی پێببڕین و زەڵاتەیەکی جوان دروست بکەین، وریاش نەبێن دەستمان دەبڕین، بەڵام هەر بەنیەتی خواردنی زەڵاتەیەکی جوان و بەتام پێشنیازم بۆ میدیای کوردی ئەوەیە ئەم زانستە دەبێتە پایەیەکی بەهێزی میدیا، داهێنانەکە تەنها بژاردە نییە بەڵکو ئەرکێکی پیشەییە، لەدەست عەقڵییەتی خوا کەریمە و جاران وابوو ڕزگاری دەکات و نایکات بە بینەری تەپوتۆزی دوای پاسەکە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×