لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦دا، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە ئەرکی هێزە دیموکراتیکەکانی سوریا ـ هەسەدە ـ کۆتایی هاتووە و ئەم هێزە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ هەڵدەوەشێتەوە و هێزەکانی لە چوارچێوەی سوپای سوریا ڕێکدەخرێنەوە. ئەمە تەنها گۆڕینی ناوی هێزێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو کۆتایی قۆناغێکە کە تێیدا کورد و هاوبەشەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە دەستی خۆیان هێزی سەربازی، دەسەڵاتی کارگێڕی و بەشێکی گرنگ لە سەرچاوە ئابوورییەکانی ناوچەکەیان بەڕێوە دەبرد.
من پێموایە ئەگەر سیاسەت بریتی بێت لە پاراستنی دەسکەوت بە هەمان ئەندازەی بەدەستهێنانی، ئەوا ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا دەتوانرێت بە خۆکوشتنێکی سیاسی لە ژێر فشار ناوزەد بکرێت. خۆکوشتن، نە بەو مانایەی کە هەسەدە هیچ فشارێکی لەسەر نەبوو؛ بە پێچەوانەوە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هێزەکانی دەسەڵاتی دیمەشق بە خێرایی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیان گرت و بژاردەکانی کورد زۆر سنووردار بوون. بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان پاشەکشەی سەربازی و هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەی سیاسی و دامەزراوەیی.
ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و هەسەدە تەنها داوای دانانی چەک ناکات، بە پێی دەقە بڵاوکراوەکە، دەسەڵاتی ناوەندی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز و دامەزراوە مەدەنییەکان وەردەگرێت؛ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی دەخرێنە ناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، و بەرپرسیارێتی زیندان و کەمپەکانی داعشیش دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت، بە واتایەکی تر، ئەو سێ پایە سەرەکییەی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی ( چەک، خاک و سەرچاوەی ئابووری ) بە شێوەیەکی زۆر فراوان دەدرێنەوە بە دیمەشق.
بەرامبەر ئەو هەموو دەستبەرداربوونە، دیمەشق بە فەرمانی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ ناسنامەی کوردی و مافی کولتووری و زمانی دانپێدانراو کرد، هاووڵاتیبوونەوەی ئەو کوردانەی پێشتر بێناسنامە بوون دابین کرد و نەورۆزی کردە پشووێکی فەرمی، بەڵام وردەکارییەکە زۆر گرنگە، زمانی کوردی وەک (زمانێکی نیشتمانی) ناسێنراوە و لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەتوانرێت وەک وانەی هەڵبژاردەیی یان چالاکیی کولتووری بخوێندرێت؛ ئەوە هێشتا یەکسان نییە بە دانپێدانانی دەستووری و سیاسی، پارلەمانی هەرێمی یان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆجێیی.
لێرەدا مێژوو پرسیارێکی تاڵ دەخاتە بەردەممان..
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا، حکومەتی بەعسی عێراق و بزووتنەوەی ناسیۆنالیسمی کوردی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە مافی نەتەوەیی، زمانی، فەرهەنگی و بەشداریی سیاسیی کوردی لەخۆگرتبوو، چوار ساڵ دواتر، هەرچەندە بەعس یاسای ئۆتۆنۆمی بە شێوەی تاکلایەنە دەرکرد و کوردیش بە هۆی کێشە بنەڕەتییەکان ، بە تایبەتی کەرکووک و سنووری هەرێمی ئۆتۆنۆم ، ڕەتی کردەوە، بەڵام خودی یاساکە هێشتا شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشمان پێ دەڵێت، (ناوچەی کوردستان) وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم ناسێنرا، زمانی کوردی لەگەڵ عەرەبیدا زمانی فەرمی بوو، ئەنجومەنێکی یاسادانان و ئەنجومەنێکی جێبەجێکردن بۆی دیاری کرا.
ئەوە بە هیچ شێوەیەک سپیکردنەوەی مێژووی بەعس نییە، هەمان ڕژێم دواتر سیاسەتی عەرەباندن، شەڕ، کۆمەڵکوژی و ئەنفالی لە دژی کورد جێبەجێ کرد، هەروەها ڕێککەوتنی ١٩٧٠ لەسەر پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان شکستی هێنا و لە ١٩٧٤دا شەڕ دووبارە دەستی پێکردوە، بەڵام بەراوردە مێژووییەکە لێرەدایە، تەنانەت دەوڵەتێکی ناوەندگەرای دیکتاتۆری وەک بەعس ناچار بوو لە قۆناغێکدا قسە لە ئۆتۆنۆمی، دامەزراوەی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کورد بکات؛ کەچی کوردی سوریا دوای زیاتر لە دە ساڵ خاوەندارێتی هێزی سەربازی و دامەزراوەی خۆجێیی، ئەمڕۆ بە مافی زمان و چەند پۆستێکی حکومی گەڕاوەتەوە بۆ ناو دەوڵەتێکی ناجێگیری ناوەندی.
لەو ڕوانگەیەوە، قسەکە لەسەر ئەوە نییە کە هەسەدە دەبوو تا دوا شەڕڤان بجەنگێت، هیچ سیاسەتێکی عاقڵانە نابێت ژیانی خەڵک بکاتە قوربانیی دروشم. ئەگەر هاوسەنگی هێز گۆڕابوو، ئاگربەست و تەنانەت یەکخستنەوە لەگەڵ دەوڵەت دەتوانرا بێتە بژاردەیەکی واقیعی، بەڵام هەسەدە دەیتوانی جیاوازی لە نێوان یەکخستن و خۆهەڵوەشاندنەوە دروست بکات، یەکخستنێک بەرامبەر بە دەستوورێک کە بوونی سیاسیی کورد، دەسەڵاتی ناوخۆ، پۆلیسی خۆجێیی، پەروەردە بە زمانی کوردی و دامەزراوەی هەڵبژێردراو بپارێزێت؛ نە ئەوەی یەکەم هەموو کارتەکانی فشار بدات و دواتر چاوەڕێی بەڵێنی دیمەشق بێت.
لە هەمان کاتدا، فاکتەری تورکیا ناتوانرێت لە هاوکێشەکە دەربکرێت، ئەنقەرە بەردەوام داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی کردووە و دوای ڕاگەیاندنی ٢٥ی ئاب، پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بە ئاشکرا پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد و بە (قۆناغێکی گرنگ) بۆ یەکێتی سوریا ناوی برد. تورکیا هێشتا هەزاران سەربازی لە باکووری سوریا هەیە و دیمەشقیش لە دوای ڕووخانی ئەسەد پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەنقەرە دروست کردووە.
لە ناو ئەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵی تۆم باراکیش جێی سەرنجە، باراک باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، و واشنتن ڕێککەوتنەکەی بە (هەنگاوێکی مێژوویی) ناوبردووە، لە هەڵسەنگاندنی سیاسییدا باشترە بەڵگە لەسەر کردار و هەڵوێستی بخرێتەڕوو نەک ناولێنان، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەنجامی پرۆسەکە (یەک دەوڵەت، یەک سوپا و کۆتایی هێزی سەربەخۆی هەسەدە) بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ ئەو داواکارییە ستراتیژییانەی تورکیا یەکدەگرێتەوە کە ساڵانێکە لە سوریا پێداگرییان لەسەر دەکات.
پێش هەموو شتێک، ئەم ئەزموونە جارێکی تر ئەو وانە کۆنەی مێژووی کورد پشتڕاست دەکاتەوە، پشتبەستن بە پارێزگاریی هێزە گەورەکان جێگرەوەی گەرەنتیی سیاسی و دەستووری نییە، هەسەدە یەکێک بوو لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش؛ بەڵام کاتێک بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕان، هاوسەنگی هێزیش گۆڕا، ئەوە یەکەم جار نییە کورد لە مێژوودا ئەو وانەیە بە نرخێکی گران فێر دەبێت.
بۆیە من پێموایە، شکستی هەسەدە تەنها لەوەدا نییە کە هێزێکی سەربازی هەڵوەشایەوە، شکستە گەورەکە ئەوەیە کە هێزێک کە خاک، چەک، سەرچاوەی ئابووری، دامەزراوە و پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی هەبوو، نەیتوانی ئەو سەرمایەیە بگۆڕێت بە مافێکی دەستووری و دامەزراوەییی نەگۆڕ.
لە سیاسەتدا، هەندێک جار پاشەکشە پاراستنی خۆتە؛ بەڵام کاتێک پاشەکشە دەگاتە ئەوەی هەموو ئامرازەکانی دانوساندن بدەیت و بەرامبەر بە بەڵێن و مافی کولتووری چاوەڕێی داهاتوو بیت، ئەوا ناوی (سازش) بە تەنها بەس نییە.
ئەگەر مێژوو ڕۆژێک حوکم لەسەر ئەو بڕیارە بدات، لەوانەیە پرسیارەکە ئەوە نەبێت (بۆچی هەسەدە جەنگی نەکرد؟
بەڵکو ئەوە بێت، بۆچی پێش ئەوەی دەستوور و دامەزراوەی سیاسیی کورد گەرەنتی بکرێت، هەموو کارتەکانی هێزی خۆی لەسەر مێز دانا؟
لرەوەیە کە وشەی (خۆکوشتنی سیاسی) مانای خۆی وەردەگرێت.