میدیای ئێمەو میدیای ئەوان

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2026-09-22   

رۆژی هەینی دۆناڵد ترامپ رایگەیاند چیتر رێگە نادات کەناڵەکانی (سی ئێن ئێن، پۆلیتیکۆ، ئێم ئێس ناو) بێنە ناو کۆشکی سپی و رووماڵی هەواڵەکانی سەرۆکایەتی بکەن، بە بیانووی ئەوەی گوایە هەواڵی درۆ سەبارەت بە ترامپ و تیمەکەی بڵاودەکەنەوە. رۆژی شەممەیش رێگە بە رۆژنامەنووسەکانیان نەدرا بچنە ناو کۆشکی سپی.

لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ترامپدا ئەو سێ کەناڵە داوایەکی یاساییان دژی ئیدارەی ترامپ تۆمارکرد، بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین، کە بەپێی هەمواری یەکەمی دەستووری ئەمەریکی پارێزبەندیی لەسەرەو هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە سنوورداری بکات. دوێنێش (دوو شەممە ٢١ی ئەیلوول) پێنج تۆڕی هەواڵی گەورەی ئەمەریکا رایانگەیاند وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیارەکەی ترامپ بایکۆتی رووماڵی هەواڵەکانی کۆشکی سپی دەکەن. لەوانەیش (فۆکس نیوز) کە بە لایەنگری سەرسەختی کۆماریخوازەکان و خودی دۆناڵد ترامپ ناسراوە.

بێگومان ئەم رووداوە تاقانە نیە. لە مێژووی رۆژنامەگەریی ئەمەریکادا هەر کاتێک دەزگایەکی میدیایی کەوتبێتە بەر هەڕەشە، دەزگاکانی دیکە پشتیوان و هاوکاری بوون و، بە جیاوازی بیرو بۆچوونیانەوە داکۆکییان لە ئازادی رادەربڕین و بنەما دەستوورییەکانی کردووە.

بۆ من ئەم هەڵوێستەی فۆکس نیوز لە دوو رووەوە گرنگ و جێگای لەسەروەستانە.

یەکەم: فۆکس نیوز وەکو دەزگا میدیاییەکانی تر هوشیارە بەوەی ئازادی رادەربڕین بنەمای سەرەکی ماف و ئازادییەکانی دیکەیە. ئەگەر پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین بۆ هەر دەسەڵاتێک بچێتەسەر، زۆر ئاسان و زۆر زوو سەردەکێشێ بۆ دەستدرێژی بۆ سەر ماف و ئازادییەکانی دیکەیش. جگە لەوەیش گرنگترین پایەی ئازادی رادەربڕین و حکومەتی بەرپرسیار بەرامبەر هاوڵاتی، میدیای ئازادە. بۆیە داکۆکی کردن لەو مافە پەیوەندی بە ئایدۆلۆجیاو بیروبۆچوونەوە نیە، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ رکەبەرەکەی هەڕەشەی لێ بکرێت و قەدەغەی رووماڵکردنی بۆ دەسەڵاتدار بچێتە سەر، دەشێت سبەی خۆیشی رووبەڕووی هەمان هەڕەشە ببێتەوە. بۆیە داکۆکی لە ئازادی پرنسیپێکە کە نابێ و ناتوانێ دەستی لێهەڵگرێ. ئەمە جگە لەوەی مافێکە دەستووری وڵاتەکە گرێنتیی دەکات و بڕیارەکەی ترامپ پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری ئەمەریکییە.

دووەم: زۆر جار بیستوومە هەندێ هاوڕێی رۆژنامەنووسی حیزبی لای خۆمان دەڵێن "بۆچی گلەیی لە ئێمە دەکەن؟ ئەوەتا لە ئەمەریکایش فۆکس نیوز لایەنگری کۆمارییەکانەو سی ئێن ئێن لایەنگری دیموکراتەکان"! ئەم رووداوە زۆر بە روونی وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە. فۆکس نیوز ئەگەرچی لایەنگری کۆمارییەکان و ترامپیشە، بەڵام خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی. تەنها لەبەر ئەوەی ترامپ سەرۆکێکی سەر بە کۆمارییەکانە، کوێرانە پشتیوانی لە هەموو بڕیارو هەڵوێستەکانی ناکا. شتی وا نیە سەرۆک یا بەرپرسی حیزبی تەلەفون بکا بۆ سەرنووسەر یا رۆژنامەنووس و بڵێ "ئەبێ!" ئەو هەواڵە بڵاوبکەنەوە یا "نابێ!" ئەم هەواڵە دابەزێنن. بڕیاری رۆژنامەوانی تەنها لای سەرنووسەرو ژووری هەواڵە، نەک حیزب و سیاسەتمەدار. لە راستیدا میدیا نیە بێلایەن بێت. هەر لەبەر ئەوەشە لە هەموو شوێنێکی دنیادا میدیای چەپ و راست، لیبرال و سۆشیالیست، عەلمانی و دینی... هتد هەیە. بەڵام میدیای بەرپرسیار ئەو میدیایەیە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت و بنەما پیشەییەکان تاکە چوارچێوەی کارەکەی بن.

ئەگەر هەمان نموونە لای خۆمان باس بکەین و بپرسین: ئایا کاتێک کەناڵێک یا رۆژنامەیەک بە بڕیارێکی حیزبی یا حکومی داخراون یا رێگەی رووماڵیان لێگیراوە، هەڵوێستی دەزگاکانی سەر بەو حیزبە چۆن بووەو کاردانەوەیان چی بووە؟ روون و ئاشکرایە کە زۆربەیان ئەگەر راشکاوانە پشتگیرییان لە بڕیارەکە نەکردبێ، ئەوا بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئەمە جیاوازییە گەورەکەی نێوان میدیای ئەوان و میدیای ئێمەیە. نموونەکان ئەوەندە زۆرن پێویست بە باسکردنیان ناکات. کێشەکە لای ئێمە ئەوەیە زۆرینەی هەرە زۆری میدیای کوردی موڵکی حیزب و سیاسەتمەدارەکانە، بۆیە هەمیشە ملکەچ و پاشکۆی بڕیارەکانیان دەبن. تا گەندەڵی لەم وڵاتەدا بەردەوام بێ و حیزب و سیاسەتمەدارەکان بتوانن بێ حساب و لێپرسینەوە ببنە خاوەنی پارەی مۆڵ، هەڵتۆقینی کەناڵی حیزبی و سێبەر بەردەوام دەبێ و لەم کێشەیەیش رزگارمان نابێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×