"ئیستانبوڵ" یان "ئەستەنبوڵ"، "بەغداد" یان "بەغدا"، وەستانێک لەسەر سایکۆلۆژیای پشت زمانی ڕۆشنبیریمان

نزار سابیر
  2020-06-13     873
ماوەیەکە زۆرێک لە خەڵک و نووسەر و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەنووسن "ئیستانبوڵ" یان "بەغداد" و هتد. لە ڕاستی‌دا ئەوانە ناوی ئەو شارانەن بە زمانی تورکی و عەرەبی. نووسینیشیان بەم شێوەیە بەم دوایی‌یانە برەوی سەندووە. لە ئەدەبییات و زمانی ئاخاوتنی کوردی‌دا ناوی ئەو شارانە بە "ئەستەمبوڵ"، "ئەستەنبوڵ" یان "ئەستەموڵ" بۆ "ئیستانبوڵ"ـەکە و "بەغدا"یش بۆ "بەغداد"ـەکە ڕۆیشتوون و چەسپیوەن؛ سووک و سادە لەبەر ئەوەی ئاوا بە زمانی کورد خۆشن؛ لەبەر ئەوەی ئاوا لەگەڵ فۆنەتیکی زمانەکەماندا ڕێکدەکەون. 
ناوی ناوچە و شار و وڵاتە جیاوازەکانی دنیا بە شیوەی جۆربەجۆر لە زمانە جیاوازەکاندا جێدەگرن ودەچەسپن؛ ئیدی ئەو ناوانە دەبن بە بەشێک لە هەر یەک لەو زمانانە، بێ ئەوەی گرنگ بێ خاوەن یان دانیشتووی ئەو شوێنانە خۆیان چ ناوێک بەکاردەهێنن. ئەڵمان بە وڵاتەکەی خۆیان دەڵێن "دۆیچلاند". بەڵام ئینگلیز پێی دەڵێن "جێرمەنی"، سویدی پێی دەڵێن "تیسکلاند"، فەرەنسی پێی دەڵێن "ئەلمانیە" و لەویشەوە تورک و کورد دەڵێن "ئەڵمانیا" و عەرەب "ئەلمانیا" و فارس "ئالمان". کۆنتریش و تا ئێستاش هێشتا هەندێک کەس لای خۆمان دەڵێن "ئەڵەمانیا"، هەروەک چۆن مارف خەزنەدار چیرۆکێکی بە ناوی "ئەڵەمان کوردی" ناونابوو. ڤینیسیا لە ئینگلیزی‌دا "ڤێنس"ـە و لە ئەڵمانی‌دا "ڤێنێدش"ە و لە عەرەبی‌یشدا بگرە دەبێتە "بوندوقییە". ئەگەر نموونە ڕیز بکەین لێنابینەوە. کورت و سادە خەڵک بەو جۆرە ناوان گۆدەکەن کە بە زمانیان ئاسانە و زۆر لە دەموپلیان ناکەن، بۆ ئەوەی ناوەکان وەک خەڵکی دیکە گۆبکەن. ئەم ڕاستی‌یە سادەیە پێدەچێ لای زۆر خوێندەواری ئێمە ڕوون نەبێ. 
زۆرێک خەڵک، هەر ئەوەندەی ناوە "ئەسڵی"یەکانیان بەر گوێ بکەوێ، شێوە کوردی‌یەکەیان لێ دەبێ بە "عادی"، وەک ئەوەی مامەڵە لەگەڵ پیل و گڵۆپدا بکەن. لە کوردی و وەختە بڵێم هەموو زمانەکانی دنیادا "دیموکراتی" بۆ ئەسڵە یۆنانی‌یەکە، کە "دیمۆکراتیا"یە، بەکاردەهێنن. عەرەب دەنگی "ق" و "ت"ـە سووکەڵەکان دەخەنە سەر بارە قەڵەوەکانیان و دەڵێن "دیمقراگیە". بەڵام لەناو هەموواندا تەنیا ئینگلیز "ت"ەکە دەگۆڕن بۆ "س" و دەڵێن"democracy". من خۆم هەتا کۆتایی‌ی هەشتاکانیش لە کوردی‌دا، چ نووسراو و چ ئاخێوراو، "دیمۆکراسی"م نەبیستبوو و نەبینیبوو. بۆ یەکەم جار لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە مەلا بەختیارم بیست. پێدەچێ کە ئینگلیزی‌یەکەی بۆ دەرکەوتووە، لێی بووە بە "ئەسڵەکە" و"دیموکراتی"یە کوردی‌یەکەی لێ بووە بە نەزانی و نەخوێندەواری. لە سەرودەمی ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧دا لە مونازەرەیەکی گشتی‌دا بە فیزێکی زانایانەوە کە غەڵەتێک بۆ عەوام ڕاستدەکاتەوە، گوتی "ڕیفراندۆم" هەڵەیە و دەبێ بڵێین "ڕێفەراندەم"، چونکە بە ئینگلیزی وەهای پێ دەگوترێ؛ وەک بڵێی خەڵکەکە بە ئینگلیزی گفتوگۆ بکەن. لە هەندێکم بیستووە تازەکی دەڵێن "ڤایتەمین" لەبری "ڤیتامین"؛ وادەزانن شێوە کوردی‌یە هەڵەیە، لە کاتێکدا لە زۆربەی زمانەکاندا هەر وەک کوردی‌یەکەیە. هەندێک ئێستا کەوتوونەتە هێنانەوەی فۆنیمە عەرەبی‌یەکانی وەک "ص" و "گ"؛ وا دەزانن کورد بە غەڵەت لای‌بردوون.
ئەمە پێش هەر شتێک لەوەوەیە، کە دەوڵەتێکمان نییە سیستماتیکانە زمان یەکبخا و پەرەپێبدا. ژمارەیەکی بەرچاوی نووسەران و ڕۆژنامەوانان و میدیاکارانیش باش ئاگایان لە عورفە زمانی‌یەکان نییە. زۆریان لەپاڵ کوردی‌یەکەدا، ئەوپەڕی عەرەبی یان فارسی یان تورکی‌‌یەک دەزانن، کە بەشی ئەوە ناکا پیشەیی‌یانە پێی بنووسن یان بئاخفن. 
بەڵام هۆکارێکی گرنگی دیکەش هەیە؛ ئەویش ڕەنگدانەوەی گرێ گەورەکەی کوردە، کە خۆبەکەمزانینە. زۆرێک لە نووسەران و میدیاکاران، کاتێک بەسەر زمانی دیکەدا دەکەون و "ئیسم عەلەم"ـەکان لەو زمانانەدا دەبیستن، لە نائاگادا، پێیان وایە ئەوانە وشە ئەسڵەکانن؛ کوردی "تڕکەن" بە نەزانی خۆی تێکیداون. ناپرسن، ئەدی بۆچی فارس و عەرەب لەبری، بۆ نموونە، "سنە" و "هەولێر" و "سلێمانی" و "شارەزوور" و "ئاکرێ" و "قەڵادزێ"، دێن "سەنەندج" و "ئەربیل" و "سولەیمانییە" و "شەهرەزوور" و "عەقرە" و "قەلعەدزە" دەنووسن. ناپرسن، ئەدی بۆچی، هیچ نەبێ عەرەبی ئێراق کە ڕەحەت "گتلچ" و "چای" و "گەییاڕە"یان پێ گۆدەکرێ، "نیچە"ی ئەڵمانی بە "نیتشە" دەنووسن و "گۆرکی"ـی ڕووسی بە "غورکی" و "چین" بە "صین". 

بەڵام نەوەی ڕۆشنبیری نوێی کورد، بە تایبەتی لە ئێراق، گرێیەکی دیکەشی هەیە: گرێی ئاڵۆزی‌گەری. پێی وایە، نابێ زمانی نووسین و ڕەسمییاتی وەک زمانی دایک و باپیری بێ، یان وەک ئەوەی نەوەی خوێندەواری پێش خۆی بێ. وا دەزانێ، کاتێک نووسی "خودی نووسەرەکە" لەبری "نووسەرەکە خۆی" ڕۆشنبیرترە. وا دەزانێ زمانی ڕۆشنبیرانە دەبێ بە موناسەبەت و بێ موناسەبەت جیاواز بێ لە زمانی ڕۆژانەی خۆی. پێی بازاڕی‌یە بنووسێ "ناونرا"، دەنووسێ "ناوزەد کرا"؛ یان "گوێبیستی بووم" لەبری "گوێم لێی بوو"؛ "ئامادەگی" لەبری "ئامادەیی"؛ "لێپێچینەوەی بۆ دەکەین" لەبری "لێی دەپێچینەوە"؛ "لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەین" لەبری "لێی دەکۆڵینەوە". "white house" لە هەموو زمانەکانی دنیادا وەک خۆی، کە "هاوس" خانوو یان ماڵ دەگەیەنێ، تەرجومە کراوە؛ بۆ نموونە بۆ "دار الابیچ" بە عەرەبی و "weißes Haus" بە ئەڵمانی.  خوێندەواری کورد پێی سادە و سووک بووە بیکا بە "خانووە سپی‌یەکە" یان "ماڵە سپی‌یەکە"؛ هاتووە خانووەکەی فوو تێ کردووە و کردوویەتی بە "کۆشکی سپی". 
هەندێک وشە هەر خانەنشین بوون: گەورەترین بێبەختی‌ی زمانی کوردی ئەوەیە، ناوێکی سێ‌حەرفی لە گوێدرێژ ناوە ڕێک ئەو سێ حەرفەیە کە ناوی بکەر یان (ئیسم فاعیل)ی فەرمانی "کردن"ـە،  کە "کەر"ە. ئەمە بۆ باوباپیرانمان هیچ کێشەیەکی نەناوەتەوە. بەڵام لە سای شەخسییەتی ڕۆشنبیرانەی سی ساڵی ڕابوردووماندا، کە بەدەم لەخۆدوودڵبوون و باوەڕبەخۆنەبوونەوە دەیەوێ خۆی بمۆدێرنێنێ، کارەساتی زمانی‌ی گەورەی ناوەتەوە. لایەکی بەرچاوی ژمارەی کردارەکان لە زمانەکەماندا بە لێکدراوی لەگەڵ "کردن"دا دروستدەبێ؛ وەک "بارکردن"، "نانکردن"، "کۆرس‌کردن" و هتد. ناوی بکەری ئەمانە دەبنە "بارکەر" و "نانکەر" و "کۆرسکەر"، بۆ نموونە. بەڵام کە لە کەلتووری کۆمەڵایەتی‌‌ی گشتی‌دا کەری ئاژەڵ بۆتە هاوناو بۆ بێ‌ئەقڵی و سووک و نزم تەماشا دەکرێ، ئەقڵییەتی ڕۆشنبیرانەی ئێمە، بۆ پاراستنی باڵابوونی زمانی خۆی، کەوتۆتە کەرقڕانی زارەکی و سوێندی خواردووە کەر بە زمانی‌دا نەیە. بۆیە "یاریکەر"ی کردووە بە "یاریزان"، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی هەموو یاریکەرێک یاری نازانێ. نەگبەتی‌یەکە مەلاکانیشی گرتۆتەوە و هاتوون "نوێژکەر"یان کردووە بە "نوێژخوێن"، نەکا نوێژی جەماعەت وەک کەربازاڕ دەربکەوێ؛ لە کاتێکدا دەزانین نوێژ کردارە و ناگوترێ "بڕۆ نوێژەکەت بخوێنە"، دەگوترێ "بیکە". بیردەکەمەوە دەڵێم ئەگەر ئێمەش خوا بیدایە بە زمانەکەمان و وەک کەلهوڕی‌ی لای خۆمان یان فارسی بە کەرمان بگوتایە "خەر"، زمانەکەمان ئێستا بە کەرێتی ئەو پاشگرە یەکجار گرنگەی لەدەست نەدەدا. 
لەسەر داوای گۆڤارێکی لای خۆمان دەقێکی ئەڵمانی‌م وەرگێڕا. بەرانبەر بە "bequem"ی ئەڵمانی، کە دەکاتە comfortable"ی ئینگلیزی، وشەی "ڕەحەت"م نووسیبوو. نووسەرێکی گەنجی سەر بە گۆڤارەکە بۆی نووسیبووم "خۆت دەزانیت فیکر هیچ پەیوەندی‌یەکی بە "ڕەحەتی"‌یەوە نییە. پێشنیاریشی کردبوو "ئاسان" یان "خۆش" بەکاربهێنم. بەڵام ڕەحەت نە ئاسانە و نە خۆشە، بەڵکو هەردووکیانە. خۆمان جاران، هەروەکو کوردی باکوور و ڕۆژهەڵات ئێستاش، بۆ نموونە دەمانگوت "ڕەحەت" دانیشە. "نازانم، ڕەحەتی گیانم" ناکاتە "نازانم، خۆشی‌‌ی گیانم، یان ئاسانی‌ی گیانم". کاتێک دەڵێیت "شوێنەکەم ناڕەحەت بوو" جیاوزە لەوەی بڵێیت "شوێنەکەم ناخۆش بوو". بەڵام ڕەحەت لە چەند ڕووەوە بەر لەعنەتی سایکۆلۆژیای ڕۆشنبیری‌ی نوێی ئێمە کەوتووە: جارێک بە ئەسڵ عەرەبی‌یە و جارێک زمانی بەتەمەنترەکانە و لە هەمووشی خەتەرتر بۆ دەربڕینی لوتکەی خۆشی لە سێکسدا بەکاردێ. من تێدەگەم، گونجاو نییە وشەی بێپەردەی سێکسی لە کۆڕی گشتی و زمانی ڕەسمی‌دا بەکار بێ و دەبێ بە وشەی دیکە جێی بگیرێتەوە. بەڵام "ڕەحەت" خۆی سەربەخۆ پەیوەندی‌ی بە سێکسەوە نییە. چۆن دەتوانیت بڵێی "ڕەحەت بووم" ئاوەهاش دەتوانیت بڵێی "ئاسوودە بووم". "ڕەحەت" ئاوەڵناوێکی گشتی‌یە و لە کوردی‌دا بەدیلی ترمان نییە بۆی. نابێ هەر لەبەر ئەوەی لە لە کۆنتێکستی سێکسی‌یشدا بەکار دێ، دەرگای زمانی ڕۆشنبیری‌ی لێ دابخەین. هەموو زمانەکانی دنیا پڕن لەو جۆرە وشە گشتی‌یانەی لە چوارچێوەی سێکسی‌شدا بەکار دێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان لێ هەڵنەگیراوە، دەنا زمانەکان کەل دەبن. 
ڕۆشنبیری ئێمە زوو لەم وشە یان لەو وشە بێزار دەبێ. ئەم ئەقڵییەتە وای کردووە بەشێکی گرنگی گەنجینەی وشەیی‌مان بەردەوام لە دۆخی دەڵەمەدا بێ. لە ناوڕاستی سەدەی پێشوودا "خێزان" وردە وردە جێی "عایلە"ی عەرەبی‌ی گرتەوە. پیاوان کە پێیان عەیب بوو بڵێن "لەگەڵ ژنەکەمدا"، دەیانگوت "لەگەڵ ماڵەوەدا". بەم دوایی‌یانە فێربوون بڵێن "لەگەڵ خێزانمدا". بەم جۆرە خێزان، جگە لە "عایلە" بووە مەجازیش بۆ ژن. ئێستا هەندێک "ماڵبات"ە کرمانجی‌یەکە و هەندێک فامیلی و زۆرێکیش بە شێوەیەکی برەوسەندوو فێربوون "خانەوادە" فارسی‌یەکە بەکار دەهێنن. بە هەمان شێوە، "ڕۆژهەڵات" و "ڕۆژئاوا"، کە جێیان گرتبوو، بە "خۆرهەڵات" و "خۆرئاوا" تەنگیان پێ هەڵچنراوە.
مەزاجی زاڵ لە ڕۆشنبیری‌ی کوردی‌دا خۆدابڕاندنە لە ڕابوردوو، لە عەوام، لە بازاڕی‌بوون. هەڵبەت ئەوە هەر لای کورد وا نییە. ڕەنگە تێپەڕاندنی ڕابوردوو، بە خۆی و بەها و چەمکەکانی‌یەوە، بە شێوەیەکی ئوتوماتیکی مەبەستێکی بەئاگایانەی هەموو ڕۆشنبیرێک نەبێ، بەڵام ڕۆشنبیربوون لە بنچینەدا خۆبڵندکردنە لەئاست عەوامدا. ناونانە کوردی‌یەکە بە ناواخن پێت دەڵێ باقی‌ی خەڵکەکە لێڵبیر یان تاریکبیرن. کۆمەڵناسی فەرەنسی، بوردیۆ، بگرە پێی وایە، چێژمان، زەوقمان، پێشحەز و ستایلی دڵخوازمان خۆیان لە خۆیاندا وەسیلەتن بۆ داکۆکیکردن لە پێگەی کۆمەڵایەتیمان و شەرعییەتدان پێی. نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیش مافی خۆیەتی، هەر وەک موزیکوان و شێوەکار و بیناساز و دیزاینەری جلوبەرگ، لە پێناسێک بگەڕێ خۆی لەوانی دیکە پێ جیابکاتەوە؛ لە پەیژەیەکی کەلتووری بگەڕێ خۆی لە عەوام پێ بەرزتربکاتەوە. 
بەڵام ئەو کاتێک ئەمەی بە بیری نوێ، بە دەلالاتی نوێ، بە ئاستی نوێ، بە چەمکی نوێ، بە ناوەڕۆکی نوێ پێ بەدی نایە، ناچار بە "فۆرم"ی زمان، بە ڕواڵەتی زمان دەیەوێ ئەو دابڕاندنە، ئەو خۆجیاکردنەوەیە بەدی بهێنێ. ئێستا مەیلی گشتی‌ی کەلتووری‌ی ئێمە، لە خەمی ئەوەی سادە دەرنەکەوێ، دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە خۆی بئاڵۆزێنێ؛ لە سادەیی‌ی خۆی‌دا کلیلی مۆدێرنە لە ئاڵۆزی‌دا دەبینێتەوە. کەم نین ئەو موزیککارانەمان کە بە تەکنیکی ئاڵۆزی تێنەگونجاو تۆڵەی مۆنۆتۆنی‌ی فۆلکلۆرەکەمان دەکەنەوە؛ یان "تەلارسازەکانمان" کە بە دیزاینی ئاڵۆزی باربوو بەسەر وەزیفەوە لە خانووە بێ موناسەبەت بەرزەکانیاندا تۆڵەی خانووە گڵینە سادە نزمەکانی باو و باپیرانمان دەکەنەوە. ئەم ئاڵۆزی‌یە بیرکردنەوەیەکی قووڵتر بەرهەمی نەهێناوە؛ کەڵەکەبوونی ئەزموون پێکەوەی‌ نەناوە؛ پرۆسەیەکی کەلتووری-مێژوویی پێی‌نەگەیاندووە. ئاڵۆزی‌یەکی ڕووکارەکی‌یە، گرێیەکی سایکۆلۆژی‌ی لە پشتەوەیە. 
 دیقەت بدە لەو کلیپەی ماریا هەورامی، کە لەسەر جادەی سەهۆڵەکەی سلێمانی وێنەی گیراوە! ڕیزێک کچ و کوڕی "شاری" بە تیشێرت و جینسەوە خۆیان لە ڕیزە درێژترە بازاڕی-دەرکەوتووەکە جیاکردۆتەوە و بەجیا "هەڵدەپەڕن". ئەمانە بۆ ئەوەی بە هەڵپەڕکێیەکی "مۆدێرن" خۆیان لە "کێوێتی"ی هەڵپەڕکێ گوندانەکە جیابکەنەوە، تێکەڵەیەک لە نەریت و نوێ هەڵدەپەڕن. لەبەر ئەوەی ئەم گۆڕانکاری‌یە نە پەرەسەندنێکی کەلتوورانەی خۆبەخۆی لە پشتەوەیە و نە قوتابخانەیەکی تۆکمەی ڕەقس، دەبینیت بە شێوەیەکی وەها بێ ئیحساس و میکانیکی لینگ و شان دەجووڵێنن، ئەوەندەی دەڵێی "تەمرینی سویدی" دەکەن، ناڵێی هەڵدەپەڕن. لەبەر ئەوەیشی ڕیتمێکی ناوخۆیی یەکیان‌ناخا و هاوئاهەنگی‌یەکی فیزیکی ڕێکیان‌ناخا، ناڕێکتر و ناتەباتر لە ڕیزەکەی دیکە هەڵدەپەڕن. ئەو هەڵپەڕکێ "سویدی"یە، وەک ڕەنگدانەوەی گیانێکی فەردانە لە دەورەبەرێکی دەستەجەمعانەدا، بۆ ٢٥ ساڵ دەچێ لەناو هەندێک کوڕ و کچی گەنجی سلێمانی‌دا تاقیدەکرێتەوە. سەرەنجام، دابڕاو لە هەموو باوەشێکی خۆڕسکی کەلتووری، نە هەڵدەپەڕن ونە ڕەقسێکیش دەکەن لەگەڵ ڕۆحی ڕەقسدا بگونجێ. 
زمانیش، وەک هەڵپەڕکێ، ڕیتمی ناوەکی و هاوئاهەنگی دەرەکی‌ی هەیە و ڕێسایەکیش ڕێکیان‌دەخا. عەرەبی ئێراق، کە زمانەکەیان دەنگی ئەوەی پێی دەگوترێ شەددەی زۆر تێدایە، کاتێک نازێکی موزیکانە بە ناوێک دەبەخشن، عەلی دەکەن بە عەللاوی و قەدری دەکەن بە قەددوری. ئەڵمانی وا بە زمانیان خۆشە شووماخەر بکەن بە شوومی و ئەدۆلف بکەن بە ئێدی و ئەنگیلا بە ئێنجی. کوردی‌ی سۆرانی، کە دەنگەبزوێنی "ە" شادەنگەبزوێنی زمانەکەیە و بە تەنیا نزیکەی لەسەدا ١٥ی قسەی ڕۆژانەمان پێکدەهێنێ و دوو ئەوەندەی "ا" و چەند ئەوەندەی دەنگە بزوێنەکانی دیکە زمانمان هەڵدەسووڕێنێ، نازی مەحەممەد بە حەمە و سەردار بە سەرە و ئیبراهیم بە بلە دەکێشێ. بۆیە تۆیەک، کە لە گێژاوی مۆدێرنەدا بە چاو لە ئەم و ئەو کردن ڕێکردنی تەبیعی‌یت لەبیرچۆتەوە و لە ڕۆحی خۆت ون بوویت، گاڵتەت پێ نەیێ، دایکت بە یۆنان بڵێ وێنان و باوکت بە ئوردون بڵێ ئەردەن! دڵیشت لە خۆت دانەمێنێ و باوەڕت بە خۆت بێ! ئەو ڕیتم و ئاهەنگە زمانانەیەی وای کردووە تورک کۆنستانتینۆپل بکا بە ئیستابوول و عەرەب باغ -داد یان بەعلگاد بکا بە بەغداد، هەر ئەوەیە وای لە کورد کردووە ئەربائیلۆ بکا بە هەولێر و ئیستانبوول و بەغدادیش بکا بە ئەستەنبووڵ و بەغدا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×