تورکیا بە (S400)ەوە بەرەو کوێ ناتۆ بەجێدەهێڵێ؟

نزار سابیر
  2019-07-13     1017

مووشەکەکان وەک بڕیار بوو لە ناوڕاستی تەمموزدا بگەن، گەیشتن. بەمەش ئیدی هەموو ئەو گومانانە ڕەوینەوە، کە پێیان وابوو ئەردۆگان پرسی ئەم مووشەکە (S400)ە ستراتیژی‌یە تەنیا وەک گوشارێک بۆسەر غەرب بەکاردەهێنێ و ناگاتە ئەوەی بوێرێ چەکێکی ڕووسی‌ی وا ستراتیژی و خەتەر بباتە ناو ماڵی سەربازی‌ی ناتۆوە.
بیانووەکانی تورکیا بۆ ئەم هەنگاوە لە ڕووە فەرمی‌یەکەیدا ئەوەیە، ئەمەریکا ڕازی نەبووە سیستەمی بەرگری‌ی ئاسمانی‌ی پاتریۆتی پێ بفرۆشێ، ئەگەرچی تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ساڵی ٢٠١٢، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریادا، تورکیا داوای لە ناتۆ کرد، یارمەتی‌ی بدەن بۆ بەرگری‌ی ئاسمانی بە ڕەچاوکردنی پێشهاتە نوێێەکان. ناتۆ داواکەی تورکیای تەنیا بۆ سێ شوێن قبووڵ کرد و هەوت شوێنی دیکەی ڕەتکردەوە کە هەموویان سەر سنوورەکانی سووریا بوون. هۆڵەندا و ئەڵەمانیا، کە لەپاڵ ئەمەریکادا مۆدێرنترین سیستەمی بەرگری‌‌ (Patriot MIM 104)یان هەیە، چوون و تا ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا جێگیر بوون. بەڵام لە ڕاستی‌دا تورکیا بە کڕینی سیستەمی S400ی ڕووسی، کە زۆر لە پاتریۆتی ئەمەریکی هەرزانتریشە، دەیەوێ پێگەیەکی جیۆسیاسی‌ی نوێ و ڕۆڵێکی گەورەتر و گرنگتر بۆ تورکیا بەدەست بهێنێ. سەرچاوەی هەواڵ هەن، باس لەوە دەکەن، ئەمەریکا لە کۆتایی‌دا ئامادەبوون پاتریۆت بە تورکیا بفرۆشن. 
کێشەی ئەمەریکا و ناتۆ لەگەڵ کڕینی S400 لەلایەن تورکیاوە هەر دۆڕاندنی پێگەیەکی سیاسی‌ی یەکجار گرنگ نییە لە چەقی ململانێکانی دنیادا، بەڵکو دۆڕاندنی سەردەستی‌یەکانی خۆیشین لە تەکنەلۆژیای سەربازی‌دا. ترسی گەورەی ئەوەیە، ڕووسیا بە جێگیرکردنی S400 لەتورکیا دەستی بگا بە نهێنی‌یە تەکنیکی‌یەکانی سیستەمی هێرشەکی‌ی F35، کە پێشکەوتووترین شەڕکەری ئاسسمانی‌ی ئەمەریکایە. بۆیە لە ماوەی پێشوودا ئەمەریکا ڕاهێنانی فڕۆکەوانە تورکەکانی لەسەر F35 لە ئەمەریکا وەستاند و پڕۆژەی دروستکردنی هەندێک پارچەی فڕۆکەکەشی لە تورکیا ڕاگرت. ترامپیش هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری‌ی کرد و پەنتاگۆنیش مۆڵەتی دانا بۆ تورکیا بۆ پاشگەزبوونەوە لە کڕینی چەکەکە. بەڵام وا تازە چەکەکە گەیشت.
دەمێکە ئەمەریکا و ئەوروپی‌یەکان، سەرەڕای هەموو ئیستیفزازە زارەکی و کردەکی‌یەکانی ئەردۆگان و یاریکردنی تورکیا لەنێوان بەرەی غەرب و شەرقدا، دانیان بە خۆیاندا گرتووە و هێشتا هیچیان لەگەڵ تورکیادا تێکنەداوە شایانی ناوهێنان بێ. نایانەوێ بە ئاسانی ئەو پێگە جیۆسیاسی‌یە یەکجار گرنگەی تورکیا بدۆڕێنن بە قازانجی ڕووسیا و وڵاتانی بەرەی نەیار بە غەرب. پەیوەندی‌ی ئێستای غەرب بە تورکیاوە وەک هی ئەو ژن و مێردە وایە، کە ئەمیان بەویان دەزانێ دەستی لەگەڵ پیاوی دیکەدا تێکەڵ کردووە و دەمێکە لەبەر ساردی‌ی نێوانیان لەگەڵ یەکدا نان ناخۆن و ناخەون، بەڵام لەبەر حیساباتی باج و کرێ نایگەیەننە تەڵاق. پرسیارەکە ئەوەیە، ئێستا، کە تورکیا بە وەرگرتنی S400 پیاوە غەریبەکەی هێناوەتە ناو ماڵەکەوە، مومکینە پەیوەندی‌ی ناتۆ و تورکیا نەگاتە تەڵاق؟
ئاشکرایە مەنجەڵی سیاسی‌ی غەربی درەنگ دێتە جۆش و دەماری پیاوەتی هەڵچوونی خێرایان پێ دەرناپەڕێنێ. بەر لەوەی بیر لە تۆڵە بکەنەوە، بیر لە حیساباتی قازانج و زیان دەکەنەوە. تورکیاش بە گەورەیی‌ و گرنگی‌یە مێژوویی و جیوسیاسی‌یەکەیەوە پرسێکی ئاڵۆزە. بۆیە کاردانەوەی ئەمەریکا و ناتۆیش پێ دەچێ هەر ئاڵۆز بێ. کارتەکانی بەردەستیان زۆر نین. جاران لە حاڵەتی وەهادا سووک و باریک سوپایان دەجووڵاند و کودەتایەکیان دەکرد، کاتێک حکوومەتێکی تورکی‌ پێی درێژ بکردایە. بەڵام ئەردۆگان، لەڕێی پرۆسەی دادگایی‌ی (ئەرگەنەکۆن)ەوە لە ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠١٣ لە بناغەی دەسەڵاتی سوپا و ژەنەراڵەکانی دا. پاش کودەتا سەرنەگرتووەکەی ٢٠١٦یش، کە ئەردۆگان ناڕاستەوخۆ ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی ئەمەریکا، ئیدی بناغەی دەسەڵاتی سیاسی‌ی سوپای هەڵتەکاند. بەمە ڕێی خۆش کرد بۆ سەردەمێکی سیاسی‌ی تەواو جیاواز؛ بۆ تورکیایەکی دیکە. بە گۆرینی دەستووریش بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی لە ٢٠١٨دا‌ هەنگاوێكی گرنگی دیکەی نا بۆ چەسپاندنی سیستەمە سیاسی‌یە نوێیەکەی خۆی. 
لەپاڵ سوپادا هەمیشە غەرب لە تورکیادا لەناو هێزە سیاسی‌یەکاندا شەریکەقسەی هەبوو. ئێستا کە سوپای لەبەردەستدا نەمابێ، لەگەڵ کێدا قسە بکا؟ هەڵسانەوەی جەهەپە بێ گومان دڵی ناوەندە سیاسی‌یەکانی غەربی خۆشکردووە. بەڵام ئایا تازە تورکیای ئەردۆگان بە هێزی هەڵبژاردنان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێچکە کەمالی‌یەکەی بەر لە ١٧ ساڵ، بە تایبەتیش کە هەڵبژاردنە پەرلەمانی‌یەکانی داهاتوو چوار ساڵی دیکە ڕوودەدەن؟ بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، کارتەکانی ئەردۆگان خۆی چین و ستراتیژەکەی بەرەو کوێیە؟   
ئەمە یەکەم جار نییە تورکیا کەڵک لە چەکی ڕووسی وەربگرێ بۆ گۆڕینی چارەنووسی جیوسیاسی‌ی خۆی. ڕووسیا، کە لایەنێکی سەرەکی‌ی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ بوو بۆ دابەشکردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی، بە هۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەوە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و ناوەڕۆکە نهێنی‌یەکەشی بۆ کەمال ئەتاتورک ئاشکرا کرد. ئەتاتورک لەگەڵ لینیندا ڕێککەوت. بە ڕەسمی دەستی لە دۆرگەی قرم بۆ یەکێتی‌ی سۆڤێت هەڵگرت و بە چەکی ڕووسی و پشتیوانی‌ی سیاسی‌ی کۆمۆنیستەکان دەستی بە "شەڕی ڕزگاری"‌ کرد بۆ بەگژداچوونەوەی هێزە ئەوروپایی‌یەکان و ئەو چارەنووسەی لە سایکس پیکۆدا بۆی دیاریکرابوو. بەوەش پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠ی هەڵوەشاندەوە و ڕێی لە لێکردنەوەی باکووری کوردستان و ناوچەکانی بەری ڕۆژئاوای سەر دەریای ناوڕاست گرت و بە ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ١٩٢٣دا تورکیای ئەمڕۆی پێکهێنا. بەڵام مستەفا کەمال پاشا سەرسامی فەرەنسا و "مەدەنییەت"ی ئەوروپای ڕۆژئاوا بوو، نەک ڕووسیا وکۆمۆنیزم. بۆیە تورکیا هەر ئەوەندە جێپێی خۆی قایم کرد، پشتی لە ڕووسیا کرد و وەک سەربازێکی دڵسۆز چووە بەرەی غەربەوە و ساڵی ١٩٥٢یش بووە ئەندام لە ناتۆ دژ بە بلۆکی سۆڤێت.
ئێستا دوای نزیکەی سەد ساڵ ئەردۆگان بە هەمان شێوە دەیەوێ بە پشتی چەکی ڕووسی و پشتیوانی‌ی سیاسی‌ی پۆتین و ڕووسیا چارەنووسی جیۆسیاسی‌ی تورکیا لەو نەخشەیە دەربکا کە ئەمریکا و ناتۆ بۆیان دەستنیشان کردووە. جیاوازی‌یەکە ئەوەیە، ئەتاتورک، وەک دیکتاتۆرێکی عەلمانی‌ی لیبراڵیست، بەرچاوی ڕوون بوو کەشتی‌ی وێڵی تورکیا لەناو گێژ و شەپۆلی وەرچەرخانەکەدا لە کامە بەندەری پتەو دەگیرسێنێتەوە. ئەردۆگان، وەک سوڵتانێکی ئیسلامڕەوی مەحافیزکار، بە پێچەوانەی ئەتاتورکەوە، دەزانێ کامە بەندەر بەجێدەهێڵێ، بەڵام نازانێ لەکوێ کەشتی‌یەکە دەگیرسێنێتەوە. دنیای ئیسلام بەندەری نییە و ڕووسیای مەسیحی‌ی مەحافیزکاری پۆتینیش، جگە لەوەی لەگەڵ پێناس و جیهانبینی‌ی کولتوورسیاسی‌ی ئەردۆگاندا یەک نایەتەوە، هێشتا لەچاو ئەمەریکا و ئەوروپادا بەندەرەکانی فشەڵن. 
بەر لە پتر سەد ساڵ سێ پاشاکەی ئیتتیحاد و تەرەققی (ئەنوەر و تەڵعەت و جەمال) بۆ گەورەتربوون و دەستکەوتی زێدەتر ساڵی ١٩١٤ سەرکێشانە بە کەشتی‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی‌یەو چوونە شەڕەوە و کەشتی‌یەکەیان بە تێکشکاندن دا. لە داروپەردووەکەی، کەمال ئەتاتورک بە هەزار حاڵ ئەم کەشتی‌یە کۆماری‌یە بچووکترەی تورکیای لێ پێکەوەنایەوە. بەم کەشتی‌یە کۆماری‌یەوە ئێستا ئەردۆگان بۆ گەورەترکردنی دەسەڵاتی تورکیا سوڵتانانە خۆی داوەتە دەست سەفەرێکی هات و نەهات. هێشتا زووە بزانرێ بەم سەرکێشی‌یە کەشتی‌یە کۆماری‌یەکەش بە دەردی ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەچێ و بچووکتر دەبێتەوە. بەڵام گران دێتە بەر چاو، ئەم کەشتی‌یە هەتا لەنگەر دەگرێتەوە وەک خۆی بمێنێتەوە.
لەناو جەرگەی ئەم دیمەنەدا، کوردی هەموو پارچەکان، کە گەورەترین قوربانی‌ی سەد ساڵی ڕابوردووی تورکیان، وەک پیشەی کۆنی خۆیان، ناکۆک و پەرەوازە و هەڵنەڕوانیو دەردەکەون. سەد ساڵ لەمەوبەر خاکەنازکاری‌یان بۆ ئەتاتورک کرد بۆ ئەوەی تورکیا دابمەزرێنێ و خۆیانی تێدا بنێژێ. ئەوسا دەمارگیری‌ی ئیسلامی و خەیاڵکورتی‌ی عەشایری بەر چاوی گرتبوون. ئەمڕۆ لە کوردستانی باشوور ماڵی بەرزانی بە شێوەیەکی سەرەکی و ماڵی تاڵەبانی بە شێوەیەکی لاوەکی بە خەیاڵێکی خێڵەکی‌ی ئێکسپایەرەوە، وەک ئەمارەتەکانی سەدەکانی ١٨ و ١٩، پاسیڤانە لە نێوان شەڕی فیلە جیهانی و هەرێمی‌یەکاندا لە پەراوێزێک دەگەڕێن، درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان و وەچەکانیان بدەن. پەکەکە، بە پێچەوانەی ئەوانەوە، ئەمارەتەکانی تێپەڕاندووە و پێی لەناو دنیای مۆدێرنەدایە. بەڵام ئەویش لەو بەشەی مۆدێرنەدایە، کە وەک مۆدێلێکی بەسەرچوو ماڵئاوایی لە مێژوو دەکا. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، ئایا ئێستا پەکەکە بە سەرۆکێکی دیلەوە، کە هێشتا قسەی دەڕوا، و دیدێکی ئایدیۆلۆژی‌ی چەپڕەوی ناڕوونەوە بۆ کۆنسێپتی نەتەوە و دەوڵەت، چاوی لەسەر جێگەیەکە لەناو کەشتی‌یە تورکی‌یەکەدا یان کار بۆ ڕۆژگاری دوای تێکشکانێکی موحتەمەلی کەشتی‌یەکە دەکا؟         

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×