ئایا سۆفیا و "تەپەی پێی موسوڵمانان بۆ دەرچوون لەسەرگەرداني"

نزار سابیر
  2020-07-26     841
ئایا سۆفیا لە مۆزەخانەوە بووەوە بە مزگەوت و لە ڕێورەسمێکی گەورەدا بە هەزاران موسوڵمان لە ناوەوە و لە دەرەوەی‌دا کەوتنە نوێژکردن. هەڵبەت ئەردۆگان خۆیشی، وەک پیشەی هەمیشەی، دەرفەتەکەی لە دەستنەدا و بە نوێژکردن و قورئانخوێندن و قسەکردن لە بۆنەکەدا ڕێبەرایەتي‌ی خۆی بۆ وەرچەرخانەکە نمایش کرد.
وەرگێڕانەوەی ئەو کۆنە کڵێسا گەورەیە بۆ مزگەوت، دوای ئەوەی ئەتاتورک ١٩٣٤ لە مزگەوتەوە کردبوویە مۆزەخانە، ڕووداوێکی گرنگە؛ نەک لەبەر ئەوەی بەوە چوارهەزار مەترێک چوارگۆشەیەک دەچێتە سەر ڕووبەری نوێژکردن بۆ موسوڵمانان لە تورکیا. ڕووداوەکە گەورەیە بە ئاماژە گەورەکانی: کۆتاییهێنان بە ئایا سۆفیا وەک مۆزەخانە کۆتاییهێنانە بە یەکێک لە ڕەمزە گەورەکانی کەمالیزم، کە وەک عەلي بارشی سەرۆکی فەرمانگەی دیانەت دەڵێ، "برینێکی قووڵ بووە لە دڵی میللەتدا" و "ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی" ئەتاتورکیش "خەونێکی مێردمنداڵانە"ی ئەردۆگان بووە، وەک خۆی دەڵێ. بیرمەند و کردەوانی ئیسلامي، سەید سەعید کوردي، کە تورک بۆ خۆلادان لە "کوردي"یەکە بە "نورسي" ناساندوویانە، کاتی خۆی مۆزەخانەکەی بە "بتخانە" وەسف دەکرد.
بەڵام ڕووداوەکە هەر هەنگاوێکی دیکەی حکوومەتە ئیسلام-مەشرەبەکەی ئاکەپە نییە بۆ بنکۆڵکردنی کەمالیزم لە تورکیا، بەڵکو هەنگاوێکی دیکەیشە لەو ڕەوتە درێژەی ئەردۆگان گرتوویەتییە بەر بۆ تەحەدداکردنی ڕۆژئاوا و نواندنی تورکیا وەک ڕێبەری هەڵستانەوەی ئیسلام لەبەرانبەر دنیای مەسیحي‌دا. خۆش ئەوەیە، ئەم هەنگاوە پتر ڕەمزي‌یەی ئەردۆگان، لە چاو هەنگاوە فیعلي‌یە سیاسي و عەسکەري‌یەکانی‌دا لە سووریا و لیبیا و دەریای ئیجەدا، زۆرترین هەرای میدیایي و دیپلۆماتي‌ی نایەوە لای وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتي و ئەرتۆدکس بە تایبەتی . وەرگەڕانەوەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، لەپاڵ گەلێک شتی دیکەدا، ئەوەیشی دەرخست، دڵی دنیای مۆدێرن بە ڕێبەرایەتي‌ی ڕۆژئاوا، سەرەڕای پەرەسەندنی بەها سەردەستەکانی عەلمانێتي و مافە نائاسماني‌یەکانی مرۆڤ، هێشتا خوێنی دین و ئاسمانی تێدا دەگەڕێ.
 میدیاکارە ئەوروپي‌یەکان، کە بە گوتەی یەکێکیان، ئەوروپا دوای هەر شتێک "مەسیحي‌یشە"، پەیتا پەیتا بیرمان دەخەنەوە، کە "هاگیا سۆفیا" ١٥٠٠ ساڵ گەورەترین کڵێسای بێزەنتي و دنیای مەسیحایەتي بووە، کە تێی‌دا تەڕاتیلی عیسایي خوێنراوە و قەەیسەرەکان تاجیان لە سەر نراون، پێش ئەوەی سوڵتان موحەمەدی فاتیح داگیری بکا و بی‌کا بە مزگەوت. جگە لەوەی هەموو حکوومەتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بەداخ بوون و ڕەخنەی توندیان لە بڕیارەکەی تورکیا گرت، سیناتۆرانی ئەمەریکي‌ی وەک جیم ڕیش و بۆب مەنێندز، کە یەکێکیان سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندي‌یەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانیشە، "ئەم هەنگاوەی ئەردۆگان"یان بە "سووکایەتیکردنێکی گەورە بە مەسیحي‌یەکانی هەموو جیهان" وەسفکرد، کە"کە ئایا سۆفیا وەک ڕووناکي‌یەکی درەوشاوە و پەرەستگایەکی پیرۆزی بەهەیبەت تەماشا دەکەن." سیناتۆرێکی ڕوسیش پێشبیني‌ی "کاردانەوەیەکی هەتا بڵێی نەرێني‌ی تەواوی دنیای مەسیحي" بەرانبەر بەم هەنگاوە دەکا. ئەمە جگە لەوەی یۆنان هەنگاوەکەی وەک "ئیستیفزازێکی ئاشکرا دژ بە دنیای شارستان" دانا.
لە ڕاستي‌دا ئەم هەرا میدیایي و دیپلۆماتي‌یەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دنیای ئەرتۆدۆکس لەسەر ئایا سۆفیا ناویانەتەوە، جگە لەوەی لەبەر حیساباتی سیاسەتکردنی واقیعانە و قازانج و زیانی ئابووري‌یانە جارێ هیچی ئەوتۆی کاریگەری لێ سەوز نابێ دژ بە تورکیا، ئاویش دەکاتە ئاشی مەرامەکانی ئەردۆگان و ناسیۆنالیستەکانی تورکیاوە، بەوەی بەم جەمسەرگیري‌یە دیني‌یە ڕای گشتي‌ی وڵاتە ئیسلامي‌یەکانی جیهان جۆش دەدەن بۆ چوونەپشت پڕۆژە ستراتیژي‌یەکەی ئەردۆگانەوە، کە فراوانکردنی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی تورکیایە لە جیهاندا لەژێر سەرناوی ئیسلامدا.
ئێران، سەرەڕای ئەوەی وەک دەوڵەتێکی شیعي ڕکابەری مێژوویي‌ی تورکیایە لە هەرێمەکەدا، لە زاری قسەکەرەکەی وەزارەتی دەرەوەی، "خۆشحاڵي"ی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەم هەنگاوە. میسر، هەرچەندە بە حوکمی دوژمنایەتي‌ی سیاسي‌ی حکوومەتەکەی، موفتی ئەزهەرەکەیشی ڕەخنەی لە بەمزگەوتکردنی ئایا سۆفیا دەربڕي، بەڵام خەڵکەکەی بە گشتي لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتي‌یەکان پێشوازي‌ی گەرمی لێ دەکەن. گەلێک لە حکوومەتەکانی دنیای ئیسلام بە حوکمی ناکۆکي‌ی سیاسي لەگەڵ تورکیادا یان ڕەچاوکردنی دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا بێدەنگي‌یان هەڵبژاردووە. بەڵام دەنگی پشتگیري‌ی لە پارتە سیاسي‌یەکان و پیاوانی دین و جەماوەری موسوڵمانانی جیهان بە گشتي لە گوێ ون نابێ. "ئیخوان موسلمین" پیرۆزبایي لە گەلی تورک و کۆی موسوڵمانان دەکا و لە خوا داواکارە "هەموو هەقە زەوتکراوەکان بۆ موسوڵمانان بگێڕێتەوە"، بە مزگەوتی ئەقسای فەلەستینیشەوە. موفتي‌ی سوڵتاننشینی عومان پیرۆزبایي لە گەلی "موسوڵمانی ڕاستەقینەی تورکیا و سەرکردە ئازاکەی" دەکا، کە ناویی خوایان گێڕاوەتەوە بۆ ئەو مزگەوتە. گەورە پەرلەمانتارێکی پاکستانیش، کە سەرۆکی پەرلەمانی گەورە هەرێمی پەنجابە و پارتەکەیشی هاوپەیمانە لە حکوومەتی پاکستاندا، دەڵێ ئەو ڕووداوە "هەر ئاواتی تورکیا نییە، بەڵکو هی هەموو جیهانی ئیسلامي‌یشە". لە شارێکی تۆگوی ڕۆژئاوای ئەفریقا باس لە خەڵک دەکرێ، کە دەستیان بەرزکردۆتەوە و شوکرانەیان کردووە، کە "عیبادەت" گەڕاوەتەوە بۆناو ئایا سۆفیا. تەنانەت لەناو کوردیشدا بەشی خۆی خەڵک هەن بە شانازي‌یەوە باس لەم هەنگاوەی تورکیا دەکەن.
ئەردۆگان زۆر وریایانە و لێزانانە لەسەر ژێی هەستیاری کۆمەڵانی خەڵکی ئیسلام ئاواز دەژەنێ. لە میانەی گوتارەکەیدا لە ڕێوڕرەسمی بەمزگەوتکردنەوەی ئایاسۆفیادا، کە هەتا ساڵێك لەمەوبەریش بە "تەڵەیەک"ی دادەنا کە ئامادە نەبوو بکەوێتە ناوی‌یەوە، گوتی: هەڵستانەوەی ئایا سۆفیا مژدەی ئازادبوونی گومەزی بەردینە (واتە قبة الصخرة لە قودس). هەڵستانەوەی ئایا سۆفیا ئاهەنگی تەپەی پێی موسوڵمانانە لە هەموو جیهان بۆ دەرچوون لە سەرگەرداني". ئەردۆگان دەزانێ لە کوێوە قسە دەکا.
دنیای ئیسلام دنیایەکی شێواو و دۆڕاو و وێڵە. دەوڵەتەکانی بە گشتي لەنێو نائارامي‌ی سیاسي و کەمتوانایي‌ی ئابووري و ئیداري‌دا نوقم بوون. هەرچەندە تاک تاک وڵاتی موسوڵمانی وەک مالیزیا و سەنگافوور هەن لە ڕووی ئابووري‌یەوە گەشەیان سەندووە. بەڵام ئەمانە، جگە لەوەی لە وێنە سیاسي‌یە گەورەکەدا دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە و لە ڕووی مێژوو و کەلتوور و پێگەیی جیوسیاسي‌یەوە نیسبەت بە قووڵایي‌ی دنیای ئیسلام چەپەکن، هیچیش لە ژێرکەوتوویي‌ی گشتي‌ی موسوڵمانان لەم دنیایەدا ناگۆڕن. بە ١،٨ ملیار بەشەرەوە سەرجەمی بەرهەمهێنراوی ناوخۆی وڵاتە موسوڵمانەکان بەسەر یەکەوە، کە ٦،٢٥ تریلیۆن دۆلارە، ناگاتە ئەژنۆی باڵای ئابووري‌ی وڵاتێکی وەک ژاپۆن، کە بە ١٢٧ ملیۆن ڕۆحەوە ٤،٨ تریلیۆن دۆلار هێزی ئابووریەتی (ڕاپۆرتیIMF  ٢٠١٧). بە هەر ٥٧ وڵاتە موسوڵمانەکەی جیهان تەنیا لە سەدا ٥،٧ ـی کۆی نامە زانستي‌یەکانی جیهانیان بەردەکەوێ، کە وەک سەرچاوە ئاماژەیان پێ دەدرێ، لە کاتێکدا بە تەنیا بەشی وڵاتێکی بچووکی وەک ئیسرائیل لەسەدا ١٣.٨ـە (Thomson Reuters ISI Web of Science, 2015).  
بەڵام ئیسلام سەرکزانە بە دەردی خۆیەوە دانەنیشتووە. لەناو جەرگەی ئەم بەژێرەوەبوون و بێسەروبەري‌یەی تێی کەوتووە، زۆرینەی موسوڵمانان هیچ ڕەچەتەیەک شک نابەن بۆ ڕزگاربوون، دەستگرتن بە ئیسلام خۆیەوە نەبێ. لەناو وڵاتە ئیسلامي‌یەکاندا، بە سوننە و شیعەیەوە، هێزە ئیسلامي‌یەکان کاراترین و زاڵترینن. ئەمانەش بە ڕک و بوغزێکی مێژوویي و پەستي و تووڕەیي‌یەکی پەنگخواردووەوە پەلەیانە سەرنج ڕاکێشن. لەبەر ئەوەیشی لە ململانێ شارستاني‌یەکەدا پێشبڕکێیان پێ ناکرێ، بە هەرانانەوە و پەلاماری هەڵچووانە و تۆقاندن و تێکدان و شتشکاندن سەردێڕی هەواڵەکان لە جیهاندا داگیردەکەن: قوتابي‌یە ئیسلامي‌یەکانی ئێران پەلاماری باڵیوزخانەی ئەمریکا لە تاران دەدەن و ٥٢ ئەمەریکي بە بارمتە دەگرن؛ خومەیني خەڵات دیاریدەکا بۆ هەر کەسێک سەلمان ڕوشدي‌ی ڕۆماننووس بکوژێ و بە هەزاران موسوڵمان بۆ پشتیواني دەڕژێنە سەر جادان؛ ئیسلامي‌یەکانی میسر لە شەرملشەیخ کوێرانە تەقە لە گەشتیارانی بیاني دەکەن؛ گەنجە ئیسلامي‌یەکانی سەر بە قاعیدە فڕۆکەی مەدەني دەکەن بەناو بینا بەرزەکانی سەنتەری بازرگاني‌ی جیهاني لە نوێرک؛ هێزەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئاسەوارە بوودي‌یە مێژوویي‌یەکان لە بامیان دەتەقێننەوە؛ بە سەدان هەزار موسوڵمانی تووڕە لە پاکستان دژ بە کاریکاتێرەکانی گۆڤاری شارلي هێبدۆی فەرەنسي لەسەر پێغەمبەری ئیسلام خۆیان پێشاندەدەن؛ داعش لە سووریا و ئێراق سووتاندن و سەربڕینی دیلەکانی بە شێوەیەکی هۆڵیوودانە پێشانی دنیا دەدا؛ بوکوحەرام لە نێجیریا ٢٠٠ کچ دەڕفێنێ. ئەمانە تەنیا چەند سەردێڕێکن لە هەزاران و بەردەوام هی دیکەیش بەڕێوەن.
بەڵام تورکیای ئەردۆگان و ئاکەپە ئەمڕۆ لەسەر ئاستێکی باڵاتر بووەتە جێی ئومێدی ملیۆنان موسوڵمان بۆ هەڵستانەوەی ئیسلام و "سەندنەوەی هەقی زەوتکراوی موسوڵمانان". تورکیا، کە بە پێچەوانەی ئێرانەوە سونني‌یە، بۆ بەدەستهێنانی براگەورەیي و ڕێبەرایەتی‌ی دنیای ئیسلام هەر پشت بە ئابووري‌یە گەشەکردووەکەی و پێشەسازي‌یە برەوسەندووەکەی و ئەو یاریگا جیوسیاسي‌یەی لە ئەنجامی هەڵکشانی ڕووسیا و چین پەیدا بووە نابەستێ، بەڵکو لەسەر پشتخانە مێژوویي‌یەکەیشی وەک میراتگری خەلافەتی سونني عوسماني. بۆیە دەبینیت ئەردۆگان زۆر بەئاگایانە کار لەسەر بووژاندنەوەی ڕەمزەوارە عوسماني‌یەکان دەکا. ئەستەنبووڵ، هەروەک چۆن جاران کەسایەتي‌ی ئیسلامي‌ی وەک جەمالەدینی ئەفغاني ڕووی تێ دەکرد، ئەمڕۆ بووەتەوە مەڵبەندی مۆڵخواردنی هێز و کەسایەتي‌یە ئیسلامي‌یەکانی هەموو جیهان. لە ڕاستي‌دا ئەوێ هەمیشە جێی سەرنجی موسوڵمانان بووە لە مێژووی نوێدا.
هەرچەندە ئەو ڕۆژگارەی سوڵتان مەحەمەدی دووەم لە ساڵی ١٤٥٣دا کۆنستاتینیەی گرت و کڵێسای ئایا سۆفیای وەرگێڕا بۆ مزگەوت، تازە گڵۆڵەی شارستانانەی ئیسلام کەوتبووە لێژي و پەرەسەندنە کەلتووري و زانستي و تەکنەلۆژي‌یەکانی ئەوروپا وردە وردە ئاوابوونی خۆری سەردەستبوونی ئیسلامیان مۆرکردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا کەوتنی خەلافەتی عوسماني لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەیکی ڕەسمي برینێکی قووڵی لە دڵی موسوڵمانان‌دا بەجێهێشت. مەحەمەد ئیقبال لاهووري شاعیری بەناوبانگی هیندیستان داخی ئەو برینەی بە گلەیي لە خودا (شکوی) دەردەبڕي، کە بە کوردي ڕەنگە شتێکی وەک ئەمەی خوارەوە بکا:
ئێستە دنیا دۆستی ئەغیارە و ئەوانن خەڵکی ماڵ
هەرچي ئێمەین وەک نەدیوان لێدەدەین پێوەی خەیاڵ
ئێمە وا ڕۆیشتین و خەڵکی دیکە بوونە خانەخوێ
دي مەپرسە بۆچ لە دنیا دەنگی تەوحید نایە گوێ
بۆیە دەژیاین تاکو ناوی تۆ بە گوێی دنیا بگا
ساقي بمرێ، خۆت بڵێ، چۆن جام بە لێوی یار بگا
ئەمڕۆ کە ئەردۆگان بە وەرگێڕانەوەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت وا دەردەکەوێ، دڵی خەلافەت لە چنگی کەمالیزمی ڕوو لە ڕۆژئاوا دەسەنێتەوە و دەیخاتە خزمەتی پرۆژەی سیاسي‌ی موسوڵمانانەوە، ئیسلامي‌یەکانی هەموو دنیا لە ئەردۆگاندا کەم و زۆر سوڵتانێکی گەورەی ئەم سەردەمەی ئیسلام دەبینن و ڕووداوەکەیش بە وەرچەرخانێکی مێژوویي تێدەگەن. بەڵام ئەوەی هێشتا لێی تێناگەن، هەر ئەوەیە کە جەمالەدینی ئەفغاني و سەید سەعید کوردي و مەحەمەد ئیقبال لێی تێنەدەگەیشتن: ئەویش گیانی سەردەمەکە و تەبیعەتی جیاوازی دنیا نوێیەکەیە، کە دەرگا دیجیتاڵینە زیرەکەکانی، ئەمڕۆ، چیدي بە کلیلە کۆنەکانی دین ناکرێنەوە. ئەوەیشی لێی بێ ئاگان و خۆشخەیاڵانە هیوایان لەسەر هەڵچنیوە، تەبیعەتی ئیسلامی سیاسي‌ی مۆدێرنی تورکي‌یە، کە زیرەکانە ئیسلام تەنیا وەک وەسیلەتێک بۆ ئامانجە ناسیۆنالیستەکانی تورک بەگەڕ دەخا.
ئەو ئیسلامەی ئەردۆگان کاری لەسەر دەکا هەر ئەوەیە کە زیا گۆکئالپ، باوکی تێوریداڕێژی ناسیۆنالیزمی تورکي، داوای دەکرد. تورکاندن و ئیسلاماندن و مۆدێرناندن سێکوچکەی ئایدیۆلۆژیای نەتەوەسازي‌ی گۆکئالپە. دین، بە گوێرەی ئەو، "کاتێک لەڕێی هەست و باوەڕی هاوبەشەوە خەڵک یەکدەخا، گرنگترین فاکتەری پێکەوەنانی هۆشیاري‌ی نەتەوەیي‌یە"، "چونکە دین لەڕێی توقوس و پیادەکاري‌یە ڕۆژانەکانی‌یەوە ژیانێکی کۆمەڵایەتي بە تاکەکس دەبەخشێ". ئەمە تاکەکەس دەخاتە "بارێکی دەستەجەمعانەوە" و بە کولکردنی "نەفسە ئاژەڵانەکەی" بە شێوەیەکی حەتمي لە فەردانییەت ڕزگاری دەکا. "بۆیە ناسیۆنالیستە ڕەسەنەکان ئەوانەن، کە باوەڕیان بە ئەبەدییەتی ئیمان هەیە". هەر بۆیە "دەبێ هەموو تورکێک دین (واتە ئیسلام)، لەپاڵ نیشتیمان و نەتەوەدا، لەناو دڵی‌دا هەڵگرێ". 
بەڵام ئەو ئیسلامەی گۆکئالپ داوای دەکا، ئەوە نییە، کە مەحەمەد عەبدە و حەسەن بەننا و سەیید قوتب داوای دەکەن. ئەو فەرمانگەی دیانەتەی سەرپەرشتي‌ی بەمزگەوتکردنەوەی ئایا سۆفیا کرد و ئەردۆگان بە ١١٠ هەزار کارمەند و بودجەیەکی ١،٧ ملیاري‌یەوە پرۆژەی ئیسلاماندنی ڕەنگوڕووی خاک و خەڵکی تورکیای پێ جێبەجێ دەکا، لە ڕووی هەیکەلییەت و ناساندنی وەزیفەکەیەوە هەر ئەوەیە کە ئەتاتورک بۆ جوداکردنەوەی دین لە دەوڵەت و چەسپاندن و سەردەستکردنی شوناسی ئیسلامی سونني لە ١٩٢٤دا دایمەزراند. پێشنیازکەر و دیزاینەر و ناولێنەرەکەیشی هەر زیا گۆکئالپە.
گۆکئالپ لەژێر ڕۆشنایي‌ی تێوري‌ی کۆمەڵناسی فەرەنسي، ئەمیڵ دۆرکهایم‌،دا دین دەکا بە دوو بەشەوە: پیرۆزەوار (sacred) و زەمینەوار (profane). هەموو ئەوانەی پەیوەندي‌یان بە پەرستنی خوداوە هەیە لە توقوس و ڕێوڕەسمەکانی عیبادەت سەر بە پیرۆزەوارن. هەموو ئەوانەیشی پەیوەندي‌یان بە ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە لەژێر ڕۆشنیايي‌ی ئەو سیستەمە ئەخلاقي‌یەی لە پیرۆزەوار دەکەوێتەوە لەسەر زەوي سەر بە زەمینەوارن.  گۆکئالپ داوا دەکا دەزگای دیانەت ئەرکەکانی پیرۆزەوار بگرێتە ئەستۆ و زەمینەواریش بۆ دەوڵەت بەجێبهێڵێ. ئەتاتورک بە دامەزراندنی فەرمانگەی دیانەت ئەو بنەمایەی جێبەجێ کرد و ئەردۆگان و ئاکەپەیش ئەوەیان وەک خۆی هەڵگرتەوە، بێ ئەوەی دوای ١٧ ساڵ لە حوکمی نەپچڕاویان هیچ نیازێکیش دەرببڕن بۆ دەستکاریکردنی وەزیفە و هەیکەلییەتی دیانەت. بۆیە دەبینیت، لە کاتێکدا ئەرکەکانی ڕێکخستنی حەج و مزگەوتداري و بانگ و نوێژ و پەروەردەکردنی ئیمام و خەتیب و دیاریکردنی ڕۆژانی جەژن و ڕەمەزان کەوتوونەتە لای فەرمانگەی دیانەت، هەموو ئەرکەکانی دیکەی وەک هاوسەرگیري و تەڵاق و پەیوەندي‌ی بازرگاني و کار و کاسبي و قەرد و هتد، کە وەکو دیکە لە ئیسلامدا شەریعەت ڕێکیان دەخا، کەوتوونەتە ژێر دەستی وەزارەتی داد و بە قانوونی سویسري ڕێکدەخرێن. ئیسلامی سیاسي‌ی تورک، بە پێچەوانەی ئیخوانەکانی میسر و ئایەتوڵاکانی ئێران، لە کاتێکدا هانی نوێژ و ڕۆژوو و قورئانخوێندن و مەحافەزەکاري‌ی دیني دەدا، ئامادە نییە ڕیسک بە بەرژەوەندە بالاکانی دەوڵەتی تورکیاوە بکا لەپێناوی جێبەجێکردنی دۆگما دیني‌یەکاندا، کە لە شەریعەتدا خۆی دەنوێنێ. بۆیە بە گشتي بە پێگەی دین لەبن باڵی دەوڵەتدا ڕازین.  
ئەردۆگان و دەستەودائیرەکەی لە ڕاستي‌دا مەیلە ناسیۆنالیستانەکەیان، چ بە کردار و چ بە گوتار، ناشارنەوە. لە کاتێکدا لەگەڵ مەهەپەی ڕەگەزپەرستدا هاوپەیمانن، لەوەش ناپرینگێنەوە لەپاڵ دەستسەلامی ڕابیعەی ئیخوانانە، دەستسەلامی گورگەبۆرانەی تووراني‌یەکان بکەن. ئەو دوو شێوەسەلامە بە ڕووني جووتتێزەی تورکایەتي-ئیسلامایەتي بەرجەستە دەکا. پرۆژە و گوتاری سیاسي‌ ئەردۆگان زۆر نزیکە لە پرۆژە و گوتاری سیاسي‌ی تورکە لاوەکانی ئیتیحاد و تەرەققي بەر لە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، کە یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی فراوانکردنی دەسەڵاتی تورکە لەژێر ناوی ئیسلامدا. بەردەوام گوتنەوەی سوورەتی ئەلفەتح تەئکیدکردنەوەی نائاگایانەی ئەو مەیلەیە. ئەردۆگان لە میانەی ڕێورەسمەکەدا گوتی، وەرگێڕانەوەکە پیادەکردنی مافی سەروەرانەی نەتەوەی تورکە و هەمان ئەو مافە ڕەوایەیە کە لە لیبیا و سووریا پیادەی دەکا.
کورد هەرچەندە میللەتێکی موسوڵمانە و لە سۆنگەی موسوڵمانبوونەوە چوونە خزمەت ئەتاتورک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و دروستکردنی دەوڵەتی تورکیای نوێ و ئێستایش بە ژمارەی بەرچاو دەنگ بە ئاکاپە دەدەن، بەڵام ناسیۆنالیزمی تورک و عەرەب و ئێراني بۆیان چووەتە سەر، کورد وەک تەنێکی نامۆ لە ناو لەشی ئیسلامدا وێنابکەن، کە لە ڕێیەوە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا خەنجەر لە پشتی ئیسلام دەدەن. هەر بۆیە موسوڵمانان نەک هەر لەسەر قەتڵوعامکردنی هەڵنادەنێ، بەڵکو بە بێدەنگي‌یش پەسەندی دەکەن. وەرگێڕانەوەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت تینێکی نوێ بەو ڕەوتە کۆنە دەدا و دنیای ئیسلام لەئاست "ئەلفەتح"ەکانی داهاتووی ئەردۆگان بۆ سەر کورد بێدەنگتر دەکا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×