ئیسلامی سیاسي و تازەشاريی مەحافەزەکار

نزار سابیر
  2021-05-11     175
سەما و نوێژ: چۆن لەگەڵ یەکتر هەڵکەین؟
٢.  ئیسلامی سیاسي و تازەشاري‌ی مەحافەزەکار
برادەرێکم لە ناواخنی گفتوگۆدا کاردانەوەی ئیسلامي‌یەکانی بەرانبەر سەماکەی سەهۆڵەکە وەک "ڕەدفیعلی لادێیەکان" وەسفکرد. خۆم خەڵکی سلێمانیم و دەزانم کەلتوورێکی کێشەدار هەیە لەم شارەدا، کە خەڵکێکی زۆر، لەوانەی خۆیان بە شاري دەزانن، حەزدەکەن دنیا بەسەر شاري و لادێیي‌دا دابەش بکەن و زۆر جار خێر و شەڕ بەوە جیابکەنەوە. ئەم پێوانە سادەیە هەندێک جار سنووری نائاشکراش دەبەزێنێ. بیرمە شێخ جەعفەر لەسەر خۆپێشاندانەکانی ١٧ی شوبات دەیگوت ئەوانە هیچیان خەڵکی سلێماني نین و لەملاو لەولاوە هاتوون، وەک بڵێی بەوە شەرعییەت لە خۆپێشاندانەکە بسەنێتەوە. بەڵام بەدەر لەم کڵێشەسازي‌یەکێشەدارە، بەستنەوەی ئیسلامی سیاسي بە پرسی شار و لادێوە تەواو بێ بناغە نییە.
هەڵبەت من خۆم چەندان کەس دەناسم باو و باپیریشیان لە سلێماني لەدایک بوون و بوویشن بە ئیسلامي. هەزاران هەزار تازەشاریش ڕێچکەی عەلماني‌یان گرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندي‌ی پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسي بە دیموگرافیای کۆمەڵایەتي‌ و پەروەردەیي‌ی شار (ئاستی ئابووري و خوێندەواري) و هەروەها توندتر بە پرۆسەی خێرای بەشاریبوون (کۆچ لە دێ و شارەدێکانەوە بۆ شارە گەورەکان) لە سەردەمی مۆدێرنەدا لە چاو ون نابێ. ژیاننامەی ناوە دیارەکانی دنیای ئیسلامی سیاسي تەماشا بکە؛ بە دەگمەن بەسەر یەکێکیاندا دەکەویت، تازەشاري نەبێ یان لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگاوە پێنەگەیشتبێ. شارانی وەک قاهیرە و تاران و ئەستەنبووڵ و کاراچي، کە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دانیشتووانەکانیان چەند سەدهەزاري بوون، لە چارەکی دوایەمینی سەدەکەدا بوونە چەندان ملیۆني. سلێماني، سەرەڕای ئەوەی چەقی دەسەلات و ئیمکاناتی دەوڵەت نەبوو، هاوڕێژانە هەمان پەرەسەندنی بەخۆوە بینیوە. لەکاتێکدا هەتا سەرژمێري‌ی ١٩٥٧یش ٤٩ هەزارێک ڕۆحی تێدا ژیاوە، لە ١٩٩٨دا، واتە تەنیا دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ، هەڵکشاوە بۆ ٥٥٠ هەزار، واتە نزیکەی ١١ ئەوەندە. ئێستا بە نزیکەی ملیۆنێک مەزەندە دەکرێ.
هەڵبەت، لەوەتەی دنیا دنیایە جێگوڕکێ لەنێوان گوند و شاردا هەر هەبووە؛ بەڵام هەرگیز بەو خێرایي‌یە لەڕادەبەدەرە نا. شار، بە حوکمی زۆري‌ی ژمارەی دانیشتوانی و فرەیي‌ی کار و پیشەکانی و بەرفراواني‌ی پەیوەندي‌یەکانی، هەلی یەکجار زۆرتر دەخاتە بەردەم تاک بە ڕێچکەی کۆمەڵایەتي‌ی جیاوازدا تێپەڕێ. ئەمە دەبێتە مایەی گوشار بۆ ڕێکخستنەوەی خێزان و گۆڕانی بەهاکان، هاوکات نانەوەی ترس لای ئەوانەی بە سیستەمێکی خێزاني و بەهایي‌ی توند ڕاهاتوون. لەمەوە ترس لە گۆڕانکاري وا دەکا بەشێک لە خەڵک خۆیان بپارێزن. ئەم خەڵکە بە مەحافەزەکار دەناسرێن.  
بەڵام چەمکی مەحافەزەکار‌ چەمکێکی کێشەدارە و کێشەکەیش لەو شوێنەوە دەستپێدەکا، کە دەمانەوێ ناو لە پێچەوانەکەی بنێین. تەنانەت لە زمانە ئەوروپي‌یەکانیشدا وشەی بەرانبەری conservative ڕوون کۆدەنگي‌ی لەسەر نییە. زۆر جار progressive، واتە پێشکەوتنخواز، پێشنیار دەکرێ. بەڵام ئەوە بەرەی مەحافەزەکار ئوتوماتیکي دەکا بە بەرەی دواکەوتنخواز، کە ڕاست نییە. هەڵوەشاندنەوە سیستەمی کۆیلایەتي لە ئەمەریکا لەسەر دەستی ئەبرەهام لینکۆڵن ڕوویدا، کە لەسەر بەرەی کۆماري‌یە مەحافەزکارەکان دەژمێررا. مەرج نییە هەموو نوێیەکیش پێشکەوتن بێ و هەموو کۆنێکیش دواکەوتن. هەندێک نوێ ئەوەندە کارەساتبارن، چاککردنەوەیان یان لابردنەوەیان وزەی چەند نەوە بە فیڕۆ دەدا؛ بیر لە شۆڕشە کەلتووري‌یەکەی ماو تسی تۆنگ بکەوە، بۆ نموونە. لە کوردي‌دا  هەندێک دوانەی دیکەیش بەکاردێن، کە بە گشتي لە حوکمی پیشوەخت خاڵي نین، وەک پێشکەوتوو و دواکەوتوو، کراوە و داخراو، پێشکەوتنخواز و کۆنەپەرست. هەندێک لەمانە میراتی دەورانی مارکسایەتين و بەگوێرەی بەستێنی سیاسي ماناکانیان دەگۆڕێن. زۆرجاریش مەحافەزەکاري و پێچەوانەکەی دەخرێنە ژێر ڕکێفی بەهابەندي‌یەکەوە، کە وا دەردەکەوێ مەحافەزەکاري نێگەتیف و پێچەوانەکەی پۆزەتیف بن. بەڵام ئەمە ناهەقي‌یەک لەخۆ دەگرێ، کە کەمێک لەسەروەستانی دەوێ.
مەحافەزەکاري ڕۆڵەی ترسە. دەروونناسێکی بەریتاني (Glen Wilson) وەک "ترس لە نادڵنیایي" دەیناسێنێ. ترس هەتا بڵێی سروشتي و ئاسایيە لە گیانلەبەردا. هەموومان دەترسین. هەمووشمان کاردەدەینەوە. فەرقەکە لەوەدایە هەموومان بە یەک پلە نا و لە یەک شت نا. بۆیە مەحافەزەکاري پلەی کاردانەوەمانە بەرانبەر بە ترس لە تاقیکردنەوەی ئەزموونی نوێ. ئەو ئەزموونە مەرج نییە کۆمەڵایەتي یان سیاسي بێ. بۆ نموونە، من خۆم لە کەلتووری خواردندا مەحافەزەکارم؛ بەڵام لە موزیکدا نوێچنۆکم. بۆیە دەکرێ لەسەر ئاستی شەخسي لە یەک ماڵدا یەکێک مەحافەزەکار بێ و یەکێکی دیکە کراوە. پاشان مەحافەزەکاري تەنیا لە نیسبەت و پەیوەندي‌دا لەگەڵ نامەحافەزەکاري‌دا خۆی دەنوێنێ، بۆیە هەمیشە نیسبي‌یە و بەگوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێ. جارێکیان گەنجێکی خۆشناوەتي بوو بە هاوسەفەرم. وا ڕێکەوتبوو هەردووکمان تازە ژنمان هێنابوو. کاتێک ئەلبوومی وێنەی زەماوەندەکانمان پێشانی یەکتر دا، ئەو، بێ ئەوەی مەبەستی بێ بریندارم بکا، گوتی "ئێمە شەرەفمان لا گرانە، ناهێڵین ژن ئاوها دەربکەون". لە وێنەکانی مندا ئافرەتەکان زۆربەیان سەریان نەپۆشیبوو و شان و لامل بەدەرەوە بوون. لەوانەی ئەودا، بووکی لێ دەرچێ، ژنەکان هەموو جلی کوردي‌یان لەبەردا بوو و سەریشیان بە کەمێک تەکەللوفەوە بە لەچک داپۆشیبوو. منیش گوتم، ئەمجا ئێوە باشن، شەرەفتان یەکجار بەو شێوەیە لا گران نییە وەک خەڵکی عەرەبستانی خەلیج؛ ئەوان ناهێڵن ژن، نەک هەر خەت و قاڵبی لەشولاریان، تەنانەت هەر دەموچاویشیان دەربکەوێ.
بە هەر حاڵ، ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، مەحافەزەکاري خۆی لە خۆی‌دا نە باشە و نە خراپ؛ دیاردەیەکی سروشتي‌ی هەر کۆمەڵگایەکە. بەڵام کێشە لەوێوە دەستپێدەکا، کاتێک بەرەی مەحافەزەکار و نامەحافەزەکار دەیانەوێ دنیابیني‌ی خۆیان بەسەریەکتردا بسەپێنن. گرفتی مەحافەزەکاري لەوەدایە، چونکە لەژێرەوە ترسێکی نەدرکێنراو ئاوی دەدا، ئاسان دەجووڵێنرێ و ئاراستە دەکرێ، کاتێک هەست بە مەترسي بکا. ئەمجا ترس گەلەکۆمەکێ دروست دەکا؛ بە پێچەوانەی مەیلی نوێچنۆکي‌ی بەرەی نامەحافەزەکارەوە. شێرێک، چەند سەرنجڕاکێشیش بێ، لە باخچەیەکی ئاژەڵاندا هەموو کەسێک ناجووڵێنێ بۆ چوون بۆ سەیری؛ بەڵام ئەگەر بەربێتە ناو شارەکەوە لەپڕ هەمووان لە خۆی دەوروکێنێ. ترەمپ توانی ترسی خەڵکە سپي‌یە مەحافەزەکارەکەی گوندەوارەکانی ئەمریکا لە لەدەستدانی سەروەري و زاڵبوونی پێستڕەش و هێسپانەکان بۆ مەرام و بەرژەوەندي‌ی خۆی وەها بجووڵێنێ، کە باوەڕ بە هەموو درۆیەکی بکەن و تەنانەت پەلاماری کۆنگرێسیش بدەن.
ئیسلامی سیاسي زۆر دەمێکە لە کوردستان و وڵاتە ئیسلامي‌یەکاندا بە گشتي کار لەسەر خەڵکە مەحافەزەکارەکە دەکا. ترسی ئەو خەڵکانە لە بەرکەوتن بە گۆڕانکاري‌یە شارستاني‌یەکان دەگۆڕێ بۆ تۆقین و دواجار کاردانەوەی هیستیري. بۆیە دەڵێم شارستاني‌یەکان چونکە بە شێوەیەکی گشتي مەیدانی بەرکەوتن بەو گوشارانەی هەڕەشە لە بەردەوامي‌ی نۆرمە کۆنەکان دەکەن شارە. شار هەر دەرفەتی نوێ بۆ گوزەران ناخاتە بەردەم بۆکۆچکردووەکانی، بەڵکو هەروەها تەحەدای نوێش بۆ نۆرمی ژیانی کۆمەڵایەتي‌یان. ڕوونە، مەودای جوگرافي‌ی ئاسان کورت دەکرێتەوە، بەڵام هی کەلتووري نا. بۆیە لەپڕ دنیابیني‌ی جیاجیا لە سنوورێکی جوگرافي‌ی تەنگدا بەریەکتر دەکەون. یەکەم ترسیش باوکێک یان برایەکی گەورەی تازەشارنشین دابگرێ لەدەستدانی شەرەفێتی.
شەرەف لە کەلتووری باوکسالارانەی کۆمەڵگەی موسوڵماندا پێش هەر شتێکی دیکە نیزامی ڕێکخستنی سێکسە؛ کە بەشە هەرە گرنگەکەیشی ڕێکخستنی سنووری حەڵاڵ و حەرامە لەسەر لەشی ژن و کچەکان لەلایەن پیاوەوە. مۆدێلی ئافرەتی سفووری شار، بە پووز و لامل و سەری ڕووتی‌یەوە، لەپڕ دەبێتە هەڕەشە لەسەر شەرەفی پارێزراو بە لەشی داپۆشراو. بەم ترسەوە باوک و برا ئاسانتر دەبنە نێچیری دەستە و تاقمە ئیسلامي‌یەکان. مزگەوت بۆ زۆرێک لەم باوک و برایانە دەبێ بە پەناگە و فریادڕەس. بەڵام ئەو ئیسلامەی لە مزگەوتەکانی شاردا ئیسلامي‌یەکان دەرخواردی موسوڵمانانی دەدەن چیدي ئەوەی مەلای مزگەوتە بچکۆلەکەی گوند نییە. چیدی جێبەجێکردنی ڕۆحی دەقە دیني‌یەکان نییە بەگوێرەی بارودۆخە شەخسي و ناوچەیي‌یەکان؛ بەڵکو ئیسلامی ئیخواني و سەلەفي و وەهابي‌یە، کە وەک قورباني‌یەکی دۆڕاوی تووڕە و ڕقئەستووری مۆدێرنە ئەوەندەی لە خەمی ئەوەدایە مۆدێرنە ببەزێنێ، ئەوەندە خەمی گەیشتن بە خوای نییە. بۆیە ئەوەندەی مشووری جێبەجێکردنی ڕواڵەتە ماددي‌یەکان و تەفسیری حەرفي‌ و دیوی دەرەوەی دەقەکانی دین دەخوا، ئەوەندە خەمی گەیاندنی کرۆک و ڕۆحی دینەکەی نییە. ئەمجا چونکە ئایدیۆلۆژیستە ئیسلامي‌یەکانی کوردستان، هەروەک ئایدیۆلۆژیستە مارکسي‌یەکانی جاران و هەندێک لیبراڵیستی ئێستا، دیدگای ڕەسەنی خۆیان نییە و ئەسیری دەقەکانی مونەزیرە بیاني‌یەکان و سەرسامی ڕواڵەتە مادي‌یەکانیانن، لەچک و کراس لە شاردا دەگۆڕێن بۆ حیجاب و جبەی عەرەبي و تورکي و، لەپاڵ ڕیش بەردانەوە و شەرواڵ کوڵکردن و گەڕانەوە بۆ ناونانە عەرەبي‌یەکاندا، هەندێک تەنانەت دزداشەی عەرەبي لەبەر دەکەن و  زمان تەعریب دەکەن، بەوەش نائاگا ئیسلامبوون یەکسان دەکەن بە عەرەببوون.    
بێ کۆچی بەلێشاو لە گوندەوارەوە بۆ شار هەرگیز ئیسلامی سیاسي بەم شێوەیە گەشەی نەدەکرد. ئیسلامی سیاسي بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵەی گوندە لە شارە قەرەباڵغبووەکانی دەستی مۆدێرنەدا. پەرەسەندنەکە لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامي‌یەکاندا هاوشێوەیە. لەکاتێکدا نوخبەیەکی "عەلماني"ی گەندەڵ بۆ پاراستنی پایە و دەسەڵاتی خۆی لەسەر حوکم ناچاری چاوپۆشي یان دەستتێکەڵکردن دەبێ لەگەڵ هێزە ئیسلامي‌یەکاندا، بانگخوازە ئیسلامي‌یەکان لە گەڕەکە قەرەباڵغە سەرپەڕەکان و گوزەری دوکان و بازاڕە  فراوانبوەکانی شاردا چالاکانە و لێبڕاوانە خەریکی بەئیسلامیکردنی چینی خوارەوە و نیمچەناوڕاستی کۆمەڵگان. هەرچي چینە ناوڕاستە شاري‌یەکەیە خۆبەدوورگرانە خەریکی بەڕێکردنی شێوازی ژیانێکە، کە ئەوەندە بە پێشکەوتووی دەزانێ گاڵتەی بە عەوامە گوندي‌یەکە بێ و ئەوەندەش بە دواکەوتووی دەزانێ لەئاست مۆدێلە باڵا غەربي‌یەکەدا گاڵتەی بە خۆی بێ. بەڵام دنیای ئەو خەڵکە کراوەیە بەسەر شێوازی ژیانی مۆدێرندا لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا تا بێت، وەک دورگەیەکی وردە وردە ژێرئاوکەوتوو، تەنگی پێ هەڵدەچنرێ و خۆی لەگەڵ گوشاری مەحافەزەکارانەی دین و نەریتدا دەگونجێنێ. لەبەرئەوەیە دەبینیت زۆرێک لەو خەڵکە وێنەی ئافرەتە تەنوورەکورتەکانی پەنجاکان و شەستەکان و هەفتاکانی قاهیرە و کابۆل و بەغدا و هەروەها سلێمانیش، ئەو کاتەی هێشتا ئەو شارانە نەبووبوون بەژێر لێشاوی کۆچبەرە گوندي‌یەکانەوە و پرۆژەی ئیسلامی سیاسیش تەواو دەمی نەکێشا بوو، وەک ڕابوردوویەکی زێڕینی بەسەرچوو بە حەسرەت و نۆستاڵژیاوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتي‌یەکان دادەنێن. 
بەد-پەرەسەندنی ئابووري و شکستی سیاسي و ئیداري لە وڵاتانی پۆست-کۆلۆنیال و جیهانی سێیەمدا بە گشتي ململانێی بەرەی نوێخواز و بەرەی مەحافەزەکاری لە زۆربەی شارە گەورەکاندا بە قازانجی ئەوەی دوایي یەکلا کردۆتەوە. بەڵام فەزای کراوەی ژیانی مۆدێرن بە تایبەتي لەو وڵاتانەدا لە خنکاندایە، کە ئیسلامی سیاسي تێیاندا چالاکن. ئیسلامی سیاسي بە شێوەیەکی ڕێکخراو فتیلەی سیاسي لەو ململانێیە دەبەستێ و لە بچووکترین دەرفەت دەگەڕێ بە ڕووداوی وەک ئەوەی ئەو سەمایە ئاگری پێوە نێ. لەمەشدا بە تایبەتي حەساسییەتی توندی خەڵکە مەحافەزەکارەکە لەئاست کرانەوەی پەیوەندي‌ی نێر و مێ و ئەو ئاپۆڕا گەنجەی لە ڕووی سێکسي‌یەوە سەرکوتن دەقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی وەک لەشکرێکی گەورە بە ناوی ئاسمانەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا دنیایي‌یەکەی خۆی بیانجووڵێنێ. لەو شوێنەی ئەو کچ و کوڕە سەمایان کرد، تا بەیاني مێزی لگاو دابنرایە یان بە ناهەق دە کەس بکوژرانایە، هەرگیز کاردانەوەی لەو شێوەیەیلێ نەدەکەوتەوە.
ئێستا نەریتە خێلەکي‌یەکان لە شارەکاندا دەبووژێنەوە و بە تینێکی دیني‌یەوە خۆئاگایي‌یەکی نوێ بەدەست دەهێنن. چیرۆکگەلی ئەو ژنکوژي و منداڵبەشوودانە زۆربووانەی لە تەلەفیزۆن و میدیاکانەوە دەیانبیستین تەنیا بەشێکن لەو پەرەسەندنە. یەکگرتنی نەریتی خێڵەکي و پەڕگیري‌ی ئیسلامي لە چوارچیوەی ئایدیۆلۆژیای سیاسي‌دا پێکهاتەیەکی زۆر مەترسیدارە، کە وەهابي‌یەکانی سعوودیە و تاڵیبانی ئەفغانستان تەنیا دوو نموونەی بەرچاویانن.   
بێ پرۆژەیەکی سیاسي‌ی بەکار و پاڵپشتێکی فیکري‌ی تۆکمە، کە لەئاست ئارگومێنتە دیني و نەریتي‌یەکاندا خۆی بە چاوشکاو نەزانێ، ئەو ژیانە نیمچە عەلماني‌یەی ئێستا هێشتا لە ڕووبەرە گشتي‌یەکەی کوردستاندا مومکینە، دوورمەودا ئاوا دەبێ.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×