جینۆسایدە ڕانەبوردووەکە

نزار سابیر
  2021-04-25     415
ئاخري دوای سەد ساڵ ئەمریکا، لە دەمی جۆ بایدنی سەرۆکی‌یەوە، دانی نا بە توخمکوژي یان جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا بە دەستی دەوڵەتی وەسماني بەر لە ١٠٦ ساڵ. ئاخۆ ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندي‌یەکانی ئەمەریکا بە تورکیاوە یاخۆ سەردەکیشێ بۆ ئەوەی لێکەوتەی قانووني‌ی ئەوتۆی لێبکەوێتەوە، هاوشێوەی ئەوەی نازییەکان یان تەنانەت ئەوەی یوگوسلافیای جاران و ڕاوەندا بێ، روون نییە. من خۆم ئەو ئیحتیمالە زۆر بە کەم دەزانم.
بەڵام دیسانیش ئەم هەنگاوە بەشی خۆی تینی سیاسي و مەعنەوي‌ی خۆی هەیە، بە تایبەتي چونکە لە کاتێکدا دێ، کە دەوڵەتی تورک لە دۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی ئەوسای کوشتارەکەدا دەژي و دەستی بۆ جینۆسایدی دیکە دەخورێ.
گوتارەکەی بایدن لە دەستنیشانکردنی بەرپرسی ئەو کوشتارە لە ڕووی قانووني‌یەوە ڕاستە، کاتێک ناوی دەولەتی وەسماني دەهێنێ. بەڵام بکەری ڕاستەقینەی جینۆسایدەکە، کە تورکە ناسیۆنالیستەکانی ئیتتیحاد و تەرەققین، لەپشت پەردە قانووني‌یەکەوە ونن. ئەوەشی وا دەکا ئوردۆگان و هاوکارەکانی، پتر لەوانەی پێش خۆیان، بەم هەنگاوە تووڕە بن، ئەوەیە هەست دەکەن ئەم دانپێدانانە هەر دڕندەکاري‌یەکی ڕابوردوو نادوێنێ، بەڵکو پەیامێکە ئاراستەی خۆیشیان دەکرێ.
هەرچەندە ئەردۆگان پێی خۆشە وەک سوڵتانێکی وەسماني تەماشای بکرێ و ئاکەپەیش هەوڵ دەدا وەها دەربکەوێ، کە میراتی ئیسلامي‌ی ئیمپراتۆریا وەسماني‌یەکە زیندوو دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستي‌دا ئەردۆگان ئەوەندەی ئەنوەر پاشایە، سوڵتان عەبدولحەمید نییە و، ئاکەپەیش ئەوەندەی ئیتیحاد و تەرەققي‌یە، بابی عالي‌ی وەسماني‌ی نییە. سوڵتان عەبدولحەمید کێشەی لەگەڵ وشەی "کوردستان"دا نەبوو و بابی عالي‌یش هیچ کیشەیەکی لەوەدا نەدەبیني، (سەعید پاشا کورد)ی خەڵکی سلێماني بکا بە وەزیری دەرەوە.
ئەردۆگان و ئاکەپە، هەروەک ئەنوەر پاشا و ئیتتیحاد و تەرەققي بەر لە ١٠٦ ساڵ، بەدوای ئەوەوەن، خۆیان لە دەستی زلهێزەکان ڕاپسکێنن و ڕۆڵێکی تازە بۆ تورک لە دنیادا بدۆزنەوە، زۆر لەوەی واقعی حاڵ گەورەتر بێ. فەرقەکەیان تەنیا لە ئاراستەی کارکردنیاندایە: ئەوان دەیانویست ناسیۆنالیزم لە ئیسلامیزم موتوربە بکەن؛ ئەمان دەیانەوێ ئیسلامیزم لە ناسیۆنالیزم موتوربە بکەن. ئەوان دەیانویست ئیمپراتۆریایەک بکەنە دەوڵەتێکی مۆدێرن؛ ئەمان دەیانەوێ دەوڵەتێکی مۆدێرن بکەن بە ئیمپراتۆریا. ئەوان بە ئینسانی تورکیان دەگوت، تۆ تا ئێستا وەک موسوڵمانێک لەڕێی سوڵتانە خەلیفەکەتەوە ئاغای هەموو ئوممەتی ئیسلام بوویت، بەڵام تۆ تورکیشیت و لەمەودوا وەک تورک ئاغایان بە! ئەمان بە ئینسانی تورک دەڵێن، تۆ لەماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا لەڕێی کەمالیزمەوە وەک تورکێک ئاغای ئەم سنوورە بەزۆر سەپێنراوە بوویت، بەڵام تۆ موسوڵمانیشیت و بڕۆ لەڕێی سوڵتانە ئیسلامي‌یە بەهێزەکەتەوە بگەڕێوە بۆ سنوورە گەورەترەکەی جارانت و ببەرەوە بە ئاغای هەمووان!
ئەنوەر پاشا و ئیتتیحاد و تەرەققي بەو پرۆژە بەرزەفڕەیانەوە سەری خۆیان و ئیمپراتۆریاکەشیان خوارد. ئایا ئەردۆگان و ئاکەپەیش بە پڕۆژە بەرزەفڕەکەیانەوە سەری خۆیان و ئەم کۆمارە گەورەیەش دەخۆن، کە کەمال ئەتاتورک بە ددان و گاز لە قوڕگی سایکس-پیکۆی دەرپچڕییەوە بۆ تورک؟ ڕوون نییە. بەڵام ئەوەی ڕوونە، تورک لەم هیستیریای خۆبەزلهێزکردنەیاندا دەست دەوەشێنن.
تورک، ڕاستە، ئەمڕۆ دوای سەدەیەک لەچاو ئەوسادا لەڕووی ئیداري و خوێندەواري و ئابووري و پیشەسازي‌یەوە زۆر پیشکەوتووترن، بەڵام لە ڕووی کەلتووری سیاسي‌یەوە لە جێی خۆیان نەجووڵاون. واش پێدەچێ لای تورک ئەو جووڵانە دوو جار زەحمەتتر بێ. زۆربەی "نەتەوەکان"ی جیهان هەقایەتی خۆیان هەیە و مێژوویان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دڵی خۆیان داڕشتۆتەوە، چ بە چاونووقاندن یان بێدەنگبوون بێ لەئاست بەشێکی، یان بە تەرکیزکردن لەسەر هەندێکی؛ یاخۆ نکووڵیکردن بێ لە کەمێکی. بۆیە لە بارێکی وەهادا، کە مێژوو وەک خۆی نابینرێ، زەحمەتە ئینسان بتوانێ کار لەسەر ڕابوردووی خۆی بکا. دەی ئەگەر تۆ نەتەوەیەکت هەبێ ماوەی سەد ساڵ خەریکی ئەوە بێ مێژوو، وەک فایلەکانی سەر هاردیسکێک، تەواو بکوژێنێتەوە و بە هی هەڵبەستراو جێیان بگرێتەوە و ئەو کردارەش نەک هەر لەسەر ئاستی پروپاگەندەی حیزبي یان میدیایي سەرپێ بخا، بەڵکو دۆگماگیرانە دەزگا ئەکادیمي‌یەکانیشی پێوە پابەند بکا، دەبێ چۆن بتوانێ کار لەسەر ڕابوردووی خۆی بکا؟
 یەشار کەمال لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا نووسیبووی، تورکیا درۆیەکە ٧٠ ساڵە دەژي. هەموو دەوڵەتێک درۆ دەکا. بەڵام وەرگێڕانی درۆ بۆ ڕاستي لە تورکیا سیستەمێنراوە و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی بۆ تەرخان کراوە. تورک، بە شێوەیەکی دەستەجەمعي، لە ڕووی مەزاجی سیاسي‌یەوە هێشتا لەو پارانۆیایەدا دەژین، کە ئەو کوشتارە زۆرانەی بەرهەم هێنا، کە جینۆسایدی ئەرمەن نە یەکەمی بوو و نە دوایەمینی. لای تورک جینۆسایدی ئەرمەن ڕووی نەداوە؛ درۆیەکە وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ ئەوەی هەڵدەبەستن، تورکی پێ لەکەدار و بارگران بکەن؛ ئاخر هەموو دنیا گەمارۆی تورکی داوە و پیلان بۆ لەناوبردنی دەگێڕن. ئەلیفف شەفەقی ڕۆماننووسی تورک لە وتارێکی گاردیاندا دەنووسێ، "چەندان نەوە لە تورکیا بەو باوەڕەوە گەورەبوون کە لە هەر چوارلاوە بە دوژمن گەمارۆ دراون. پێیان گوتراوە، تاکە دۆستی تورک تورکێکی دیکەیە". لەم ڕووەوە تورک لە شیزۆفینیایەکی دەستەجەمعي‌دا دەژین. بە بارێکی دەرووني‌ی وەهاوە پێداچوونەوە بە ڕابوردوودا مەحاڵە، چ جای دەست بۆ تێپەڕاندنی ببرێ.
دیسکۆرسی سیاسي‌ی تورک هێشتا کوشتاری ئەرمەنی تێنەپەڕاندووە و ئەو جینۆسایدە دەبێ وەک کردارێکی ڕانەبوردوو تەماشا بکرێ. پەیدابوونەوە و کۆبوونەوەی زۆرێک لەو فاکتەرانەی هەلومەرجی جینۆسایدەکەی ئەرمەنیان ڕەخساندلە ئێستادا ئەگەری بینینەوەی جینۆسایدێکی دیکە بەهێزدەکەن. هەروەک ئەوسا، نوخبەی سیاسي‌ی تورک بە تێکەڵەی مەترسیداری ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزمەوە و بە مەزاجێکی شەڕانگێزەوە بۆ فراوانترکردنی دەسەڵاتی تورکچۆتە ناو ململانێ‌یەکی عەسکەري‌ی ئاڵۆزەوە کە ئاقیبەتەکی دیار نییە، ئەوەش لە بارودۆخێکدا، کە وەک ئەوسا، نیزامی سیاسي جیهان وا دەردەکەوێ لە خۆهەڵوەشاندنەوە و خۆداڕشتنەوەدا بێ. ئەم نوخبە سیاسي‌یە پێشانی داوە ئامادەی هەموو هەنگاوێکە و لە هیچ دڕندەکاري‌یەکیش سڵ ناکاتەوە، بە جینۆسایدیشەوە. یەکەم بەربژێریش بۆ بوون بە قورباني، وەک ڕوونە، کوردە.
کورد، بەلای دەوڵەتی تورکیاوە پرۆژەیەکی تەواونەکراوە. ئەرمەن قڕ کران؛ یۆناني ڕاو نران و دەرپەڕێنران؛ لاز و چەرکەس لەناو تورکدا توانەوە. تاکە شایەت و موددەعي‌یەکی زیندوو لەسەر وڵاتی دزراو و داگیرکراوی ئەنادۆڵ مابێتەوە، کوردە. بۆیە ئەم نوخبە سیاسي‌یە هەڵخوازەی ئێستا دەستیان بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە دەخورێ و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەنجامدانی.
سەرەڕای بەرهەڵستي و خەباتی خوێناوي‌ و درێژخایەنی کورد لە تورکیا، سەرەنجام واقعی سەر ئەرز وا دەردەکەوێ، پڕۆژەی لابردنی کورد لەسەر ڕێ، چ بە قووتدان و چ بە لێدان، تا ڕاددەیەکی زۆر بۆ تورک چووبێتە سەر. زمانی ئاخاوتن و نووسینی کورد بە عەمەلي بووە بە تورکي و خەڵکەکە بە شیوەیەکی گشتي، چ بۆ بەرژەوەندي بێ و چ بە ناچاري، تێهەڵکێشی سیستەمەکەی دەوڵەت بوون. پەکەکەیش، ئەگەرچي هێشتا هەندێک چالاکي‌ی کەم لەناو تورکیادا ئەنجام دەدا، بەڵام لە کۆی گشتي‌دا بایی ئەوەندە نین سەرئێشەی جددي بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی سیاسي دروستبکەن. بە پێجەوانەوە، ئێستا تورک بۆ شەڕی کورد دەرپەڕیوەتە دەر و لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا شەڕ لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە دەکا.
 کزەبایەک، کە ئەو کەمە پشکۆی ژێرخۆڵەمێشکەوتووەی کورد لە تورکیا بۆ بەرهەڵستي بگەشێنێتەوە، ئەو بایەیە کە لە کوردستانی ئێراق و سووریاوە هەڵدەکا؛ دوو دەوڵەتی شکستخواردووی دەستکردی کۆلۆنیالیزم. هەرچەندە تورک، بە هەماهەنگي لەگەڵ ئێراندا، لەڕێی لغاوکردن و تەوزیفکردنی پارتي و یەکێتي‌یەوە بۆی چۆتە سەر نەهێڵێ ئەزموونی کوردستانی ئێراق هیچ بە هیچ بکا و بە پەلامار و داگیرکردنە عەسکەري‌یەکانیشی توانیوێتی گورزی کەمەرشکێن لە قەوارەی سیاسي‌ی ڕۆژاوا بدا، بەڵام چاوی سیاسي‌ی تورک لەسەر ئەوەیە، هیچ وجوودێکی سیاسي لە هیچ شوێنێکی دنیا بۆ کورد نەهێڵێ. ئەگەر بۆی بچێتە سەر قەندیل داببڕێنێ و هێزی عەسکەري‌ی پەکەکە پەک بخا، ئەوا بەرنامەی عەسکەري‌ی داهاتوویان، هەڵبەت دوای دواییهێنان بە ڕۆژاوا، کۆتاییهێنان دەبێ بە هەرێمی کوردستان.
ڕەگەزپەرستي‌ی دەوڵەتی تورک بە پلەی یەکەم کەلتووري‌یە؛ پێش ئەوەی وجوودی فیزیکیت لەناوبەرێ، وجوودی کەلتووریت و ڕەمزیت لەناو دەبا. پێش ئەوەی خۆت لەناو ببا، لە قامووسی زمان ناوت لادەبا. کاتێک سەرەڕای هاتوچۆی ڕەسمي ئامادە نییە ناوی هەریمی کوردستان بهێنێ و دەیکا بە ئیدارەی باکووری ئێراق، پێشەکي پێت دەڵێ، کە بوونتی قبووڵ نییە و درەنگ یان زوو هەر کات دەستی ڕۆیشت، لەناوت دەبا. خۆیان ئەوە ناشارنەوە و لە چەندان بۆنەدا داویانە بە گوێدا.
ئەوەی نایەوێ ببیستێ و ببینێ لایەنە سیاسي‌یەکانی کوردن، کە هەر وەک عەشیرەتە بێئاگاکان و نوخبە سیاسي‌یە سەرلێشێواوەکانی بەر لە سەد ساڵ یان خزاونەتە ناو پرۆژەی ئەو دەوڵەتانەوە یان پاسیڤانە چاوەڕێی زریان یان هەورەبروسکەیەکی زلهێزەکان دەکەن بیدا لە ناوچەکە و سوود لە فەوزای دوای ئەوە ببیننەوە بۆ درێژکردنەوە و مانەوەی دەسەڵاتە لۆکاڵي‌یەکانیان.
بایدن لە گوتارەکەیدا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی وەها (واتە ئەوەی ئەرمەن) دووپاتدەکاتەوە. ڕوون نییە، ڕووداوەکان بە چ ئاراستەیەکدا پەرە دەسەنن. ڕەنگە دوورمەودا هێشتا دەرفەتی سیاسي بۆ کورد بێنە پێش. بەڵام لە نزیکمەودادا کوردی بێ چەک و دەوڵەت دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ئاراستەی پەرەسەندنی ڕووداوەکانەوە. من بم لەبری دەستڕۆیشتووە سیاسي‌یە کوردەکان بە جددي حیساب بۆ کەوتنە بەر جینۆساید دەکەم. ئەوەشی دڵی بە گوتارەکەی بایدن خۆشە، دەبێ بیری خۆی بخاتەوە، کە ئەمەریکا تا ڕژێمەکەی سەدام نەخرایە خانەی دوژمنەوە، باسیان لە کیمیابارانی هەڵەبجە نەکرد. دواجار، ئەم گوتارەی بایدنیش دوای تیپەڕبوونی  ١٠٦ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا دێ. دانپێدانەکەی ئەوەندەی پێ بچێ، دەبێ ڕێلێگرتنەکەی چۆن بێ؟ 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×