ئیسفنجە پیرۆزەکە

نزار سابیر
  2022-09-06     435

چووبووین بۆ دهۆک، بەشداري لە پاڵەوانێتي‌یەکی وەرزشي‌دا بکەین. ئێمە وەک تیپی جومناستیک بەشدار بووین. من هیچی وایشم لێ نەدەزاني؛ هەر دوای کوڕانی گەڕەک کەوتبووم. لە گەڕانەوەدا پاسێکی گەورەی کۆن دەیبردینەوە بۆ سلێماني. لەسەر یەکێک لە کورسییەکانی پاسەکە دانیشتبووم؛ لە بێزاري‌دا لە شتێک دەگەڕام خۆمی پێوە خەریک بکەم. پارچەیەک ئیسفنجی هێندەی خشتێک گەورە لەبەر پێم کەوتبوو. هەڵم گرتەوە و ئەوەندەی بە دەستمەوە هات نەخشی "اللە"ـیەکم لەسەر هەڵکەند.

ئەوکات لە پۆلی دووەمی ناوەندي بووم و ماوەیەک بوو دەست و پەنجەم لەگەڵ خۆشنووسي‌دا نەرم دەکرد. (بسم اللە الرحمن الرحیم)ـم بە خەتی نوسخ، کە (بسم)ـەکەی تێدا درێژدەکرایەوە، زۆر لا جوان بوو و تەمرینم لەسەر کردبوو. بەڵام خۆ نەدەکرا ئەو دەستەواژە درێژە لەسەر ئەو پارچە ئیسفنجە بچووکە هەڵبکۆڵم، بۆیە هەر بە (اللە)کەیەوە وەستام. بەدەر لەوە ناوی خوام زۆر لا خۆشەویست و پیرۆز بوو. باوکم، کە لە دوایي‌یەکانی تەمەنی‌دا "گەڕابۆوە"، یەک دوو جار بردبوومی بۆ کۆڕی زیکری شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزان و ڕەمەزانان بە پێچی عەباکەی دایکمدا دزەم دەکردە ناو مزگەوتی گەورەوە بۆ نوێژی تەراویح. خۆشەویستي و سام و هەیبەتی خوام لە هەڵسوکەوت و دەمودووی گەورەکاندا دەدی و منیش دەکۆشام خۆشم بوێ و لێی بترسم و بەقسەی بکەم، بەوەش سەرنج و خۆشەویستي‌ی دەوروبەرم بۆ خۆم بە دەست بهێنم.

کاتێک پاسەکە لای دا بۆ نانخواردن و ئیسراحەت، من لەپڕ خۆم لەبەردەم کێشەیەکی گەورەدا بیني‌یەوە. ئەو پارچە ئیسفنجە هی کوشنی یەکێک لە کورسي‌یە بەرگدڕاوەکانی پاسەکە بوو. ئیسفنجە ڕزیوەکە، کە بەدەم دەستلێدانەوە گەردی لێ هەڵدەوەري، شێدار بوو و لەبەر ئەوەی لەسەر ئەرزي‌ی پاسەکە بەر پێی ئەم و ئەو کەوتبوو، کەمێکیش پیس بوو. بەڵام ئێستا، کە ناوی خوای هەڵگرتبوو، لەناکاو وەک مەرقەدی پێغەمبەر و پیاوچاکان و بەرگی کتێبی قورئان لە من بوو بە یەک پارچە پیرۆزي و موبارەکي. سەرم لێ هاتەوە یەک، چي لەو پارچە ئیسفنجەکە بکەم. دادەبەزم و لەگەڵ خۆمدا دەیگێڕم، هەم پاک نییە و هەم دەبمە گاڵتەجاڕی مێردمنداڵە هاوتەمەنەکانم. بەجێی دەهێڵم، دەترسم فڕێ بدرێ یان ببێ بەژێر پێی سەرنشینانەوە. ئاخر چۆن دەبێ ناوی خوا بەجێ بهێڵرێ بۆ فڕێدان و پێشێلکران. بیرم کردەوە نەخشە هەڵکۆڵراوەکە بکوژێنمەوە، سەیرم کرد ئەوەندەی دیکە دڵەڕاوکێ گرتمی. ئاخر چۆن ناوی خوا بکوژێنمەوە! تەماشا، چۆن بە دەستی خۆم قوڕم بۆ خۆم گرتەوە! ئەوە ئەو سەردەمە بوو، ئێمەی منداڵان، لەکاتێکدا گوێمان بەوە نەدەدا شت فڕێ بدەیەنە سەر جادە، گڵۆپی کۆڵانان بشکێنین یان ئازاری کەری نانەوردە بدەین، کەچي نەعلێکی ئاوەژوومان لەسەر ئەرزی حەوشە ببینیایە، شەستەی باران بوایە یان چلەی گەرمای هاوین، دەردەپەڕاینە دەرێ و گورج هەڵماندەگێڕایەوە، بۆ ئەوەی بنە پیسەکەی ڕووی لە ئاسمانی ماڵی خوا نەبێ. ئەدي چۆن من ئێستا ناوی خوا خۆی بەو دەردە بەرم؟! پاش دوودڵي‌یەکی زۆر، بڕیارم دا ئیسفنجەکە لە گۆشەیەک بشارمەوە، تا نان دەخۆین و سەردەکەوینەوە ناو پاسەکە.

پاس بەڕێ کەوتەوە و ئەمجا بوو بە گۆراني و دەستبازي و جێگۆڕکێکردن. دیسانەوە ئیسفنجی تایینم لێ بۆوە بە بار. ئیرەیي‌م بە هاوڕێکانم دەبرد، کە ئەوان تووشی ئەو بەندیخانەیە نەبوون. هەستم دەکرد، خوا ئەوانی زیاتر خۆش دەوێ؛ مەگەر ئەو خۆی هەموو شتێکی بە دەست نییە؟! دواتر بە درێژایي‌ی ڕێگەکە هەر بیرم لێ دەکردەوە. چۆن دەبێ من، کە ناوی خوام نەخشاندووە، کۆت و بەند بکرێم، ئەوانیش، کە هیچیان بۆ خوا نەکردووە، ئاوا ئازاد بن؟ بەلام بۆچي خوا منی لەوان خۆشتر بوێ؟ خۆ دەزانم، ئەوانیش هەموو وەک من خوایان خۆش دەوێ. گوناهی ئەوان چییە، وەک من بە ڕێکەوت ئیسفنجێکیان نەدۆزیوەتەوە و بۆ کاتکوشتن ناوی خوایان لەسەر هەڵنەکۆڵیوە؟ چي دەبوو ئەگەر منیش ناوی خوام هەر لە دڵی خۆمدا هەڵبگرتایە؟! کێ پێی گوتم، ناوی خوا لەسەر پارچەیەک ئیسفنجی پیسی فڕێدراو هەڵبکۆڵم؟! وەکو کردم، بۆچي دەبێ ئەوە خوا بخاتە مەترسي‌یەوە؟! مەگەر ناڵێن خوا بە کولفەیکولێک دەتوانێ دنیا سەرەوژوور بکا؟! بە خۆمم گوت، ئاخر تۆ چیت، فەڕنەگولەی خوێڕي، ئاگات لە خوا بێ؛ ببیت بە پاسەوان بۆ خالقی ئەرز و ئاسمان!

کە دابەزیم و ڕێی ماڵەوەم گرت، دوودڵانە ئیسفنجەکەم لەگەڵ خۆم هەڵگرت. لە ڕێ ئیدي بڕیارم دا ئەو پارچە ئیسفنجە پیسە لەگەڵ خۆمدا نەبەمەوە ماڵ. ئاخري لە شوێنێک فڕێم دا. چەند هەنگاوێک ڕۆیشتم و بەڵام دوودڵانە گەڕامەوە. هەڵمگرتەوە و (اللە)کەم لەسەر کوژاندەوە و ئەمجا فڕێم دایەوە.

هەفتە و مانگەکانی دوای ئەوە بیر و دەروونم ئاڵۆزکان. وێلانە بەشوێن بۆڕوونبوونەوەدا دەگەڕام. کەوتمە خوێندنەوەی کتێبان و موناقەشەی هاوڕێیان. ساڵێکی نەبرد باوەڕم بەو خوا دەرەکي‌‌یە نەما ئینسان لەسەر شێوەی بچووکی خۆی ماڵی بۆ دروست دەکا و پارەی بۆ کۆدەکاتەوە و بوغز و بەزەیي‌ی پێ دەڕێژێ و هەڕەشە و بەڵێنی لیکوروژێنی پێ دەبارێنێ و مامەڵە و شەڕی لەسەر دەکا. خوای دەرەکي‌م بە تەواوي لە ژیانم فڕێ دا.

نازانم سەربردەی ئەو ئیسفنجە چەند دەستی لەو پەرەسەندنەدا هەبوو. پاش ساڵانێک لای فرۆید خوێندمەوە، دەیگوت مردنی باوک دەکرێ ڕێ خۆش بکا بۆ مردنی خوا. بیرم کردەوە، هەر لەو ساڵی ئیسفنجەدا بوو، کە باوکم مرد. بە هەر حاڵ، مردنی باوکم بووبێ، چیرۆکی ئیسفنجەکە، یان هەر شتێکی دیکە، من باوەڕم بە اللەی سەر ئیسفنجەکە نەما.

چەند ساڵێکی ویست تا بە بێئەوي ڕاهاتم. دواتر ئەوەندەم ئارامي‌ی هۆش و ئەخلاق لەناو خۆمدا بینییەوە، هیچ شتێکی بچووک و گەورەی ژیان نەیبردمەوە سەری. بەڵام ئیسفنجەکەم، بە پیچەوانەوە، هەرگیز لەبیر نەکرد.

نەگبەتي‌یەکانی ئینسان، ئەو ئینسانە داماوەی، کامو گوتەني، بە بەهرەی ئەقڵەوە فڕێ دراوەتە دنیایەکەوە، هیچ شتێکی تێدا تەفسیر ناکرێ، زوو زوو ئەو ئیسفنجەم دەهێننەوە بیر.

هەر زوو، لەو ساڵە گەنجانەی ژیانمدا، ئیسفنجەکەم هاتەوە بیر، کاتێک دێڕە شیعرێکی جەمیل سیدقي زەهاوي‌م بەر چاو کەوت. دێڕە عەرەبي‌یەکە، کە لە پەراوێزدا لە خوارەوە دەیبینیت، بە کوردي دەکاتە شتێکی لەم بابەتە:

کە لە سڕڕی بوون سەرت دەرنەکرد

ویستیشت مانا بۆ خۆت بەی بە کرد

خوایەکت هەڵبەست کێشەی پێ حەل کەی

کەچي ئەو خۆی بوو بە گەورەترین وەي

کاتێک کانتم خوێندەوە، کە لە پێناسەکردنی ڕۆشنگەري‌دا باس لەو دەستەوساني‌یە دەکا، کە ئینسان خۆی بە دەستی خۆی بۆ خۆیی ساز کردووە و ناوێرێ هۆشی خۆی دوور لە هەڵسووڕاندنی خەڵکانی دیکە بخاتە گەڕ، دەستەوساني‌ی خۆمم لە ئاست پارچە ئیسفنجەکەدا بیر کەوتەوە.

ئەو کاتەی فەرمانڕەوا تازەکانی ئێراق سەددام حسێنی ڕووخاویان وەک شەیتان بە لەعنەت دەکرد، بەڵام نەیاندەوێرا ئەو وشەی (اللە)یە لەسەر ئاڵای ئێراق بکوژێننەوە، کە سەددام بۆ ڕیا و چەواشەکاري لە دوادوایي‌یەکانی حوکمڕاني‌ی خۆی‌دا بە خەتی خۆی نووسیبووی، من (اللە)ی سەر ئیسفنجەکەی خۆمم بیرکەوتەوە.

ئەو کاتەی مەلا ئایدیۆلۆژي‌یە ناڕەسەن و دەججالەکانی خۆمان خوای گەورە بچووک دەکەنەوە و دەیئاخننە ناو ئیسفنجە پاک و پیسە بەڕۆح و بێڕۆحەکانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە و خۆشیان دەکەنە پاسەوانی بکوژ ببڕی ئەو ئیسفنجانە، من ئیسفنجەکەی خۆمم دێتەوە بیر. کاتێک ئەو شەڕلەدڵ و قینلەدڵە ئیسفنج‌پەرستانە ڕۆحی ئینسانەکان هەرزان دەکەن بۆ شەڕ لەسەر پیرۆزي مەککە دژ بە نیشتمانەکانیان، من ئیسفنجە پیرۆزەکەی خۆمم دێتەوە بیر. کاتێک ئیسفنجپەرستێکی ناحاڵي بە چەقۆ پەلاماری نووسەرێکی وەک سەلمان ڕوشدی دەدا، من خەم و ترسی خۆم لەسەر خوای سەر ئیسفنجەکەی خۆمم دێتەوە بیر.

بە کورتي هەر کاتێک دەبینم ئینسان خوای، لەباتی یار، لە خۆی کردووە بە بار، من ئیسفنجەکەم دێتەوە بیر.

ئێستا دوای ئەم تەمەنە پێگەیشتووە وای دەبینم، خوا هەر پینەی تێنەگەیشتن نییە لە سڕری بوون و مانابەخشێک نییە بۆ بێمانایي، هەر نوورێک نییە بۆ پێکگەیشتن و فەنابوون تێیدا، ‌هەر داردەستی دارا و سەردار نییە بۆ ڕامکردنی نەدار و هەژار؛ هەر سوکنایي‌یەکی سایکۆلۆژي نییە بۆ دەروونێکی نائارام. ڕاستە، خوا دەکرێ هەموو ئەوانە بێ. بەڵام خوا، کە لە درزی باوەڕەوە سەر دەردەکا، قەدەری ئینسانە. مادام ئینسان دەتوانێ باوەڕ بکا، مەحکوومە بە خوا. باوەڕ ڕۆشنایي‌ی ئەو چرایەیە، زانین دەیگرێتە تاریکایي‌ی ئەو ڕووبەرەی پێی پێ ناگا. لەبەر ئەوەی نەزانین پێشمەرجە بۆ زانین، هەمیشە و بەردەوام دنیایەک شت هەیە نایزانین. باوەڕ پردی نێوان زانین و نەزانینە. بۆیە هەموو دەبێ باوەڕ بکەین و هەمووش لەناو خۆماندا باوەڕ بە کۆمەڵێک شت دەکەین. ئەوانەشی تا پلەی یەقین باوەڕیان پێ دەکەین خواکانن؛ ڕێکردنیش بە گوێرەی ئەو خوایانە، ئاسماني بن یان دنیایي، جۆرێکە لە خواپەرستي‌. بۆیە باوەڕم وایە، هەموو لە شوێنێکدا خواپەرستین.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەم خواپەرستي‌یە لە قەدەرەوە نەبێ بە نەفرەت، دەبێ لەگەڵ خواپەرستي‌ی جیاوازی یەکتردا هەڵکەین. ئەوەش بەوە دەبێ هەر کەسە و خوای لەسەر ڕووبەری گشتي، کە هی هەموومانە، هەڵنەکۆڵێ. دەزانم، ڕەمزەکان بۆ ئینسان گرنگن. ئیسفنجە پیرۆزەکانت لە ماڵی خۆت و پەرستگاکەتدا هەڵگرە، مەیخە سەر ڕێی خەڵک! من خۆم خەون بەو ڕۆژەوە دەبینم، هەموو خوای خۆمان لەسەر ئیسفنجی دڵی خۆمان هەڵبکۆڵین. ڕەحمان و ڕەحیمترین خوا ئەو خوایەیە، لەناو خۆتدا دەیگێڕیت، نەک لەگەڵ خۆتدا.

دێڕەشیعرەکەی زەهاوي بە ئەسڵە عەرەبي‌یەکەی:

لما جهلت عن الطبیعة سرها       واقمت نفسک في مقام معلل

صورت ربا تبتغي حلا بە             للمشکلات فکان اعظم مشکل

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×