كاركردن به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر سه‌ختییه‌كاندا

نی ڕووچی، كۆنسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی له‌هه‌ولێر
  2020-06-16     223

په‌تای كۆڤید-19ی جیهانی كه‌ زۆرترین بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌،  زیان به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت له‌م‌ سه‌رده‌مه‌دا و له‌ ئێستادا وێرانكاریه‌كی زۆری له‌ ته‌واوی جیهاندا ناوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش جه‌نگێكه‌ پێویسته‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامی بدات و تیایدا سه‌ربكه‌وێت. چین باوه‌ڕێكی به‌هێزی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تاوه‌كو هه‌موو وڵاتان یه‌كگرتوو و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌ كۆمه‌ڵی ئه‌م په‌تایه‌، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و ئه‌م كاته‌ ناخۆش و ڕه‌شه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌ داهاتوویه‌كی دره‌وشاوه‌.

یه‌كه‌م

وه‌كو یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌ یه‌كه‌م شه‌پۆڵی ڤایرۆسه‌كه‌ كاریگه‌ر بوو، چین تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختی ئه‌نجام دا له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماری میللی له‌ ساڵی 1949  تاوه‌كو ئێستا، ئه‌م ڤایرۆسه‌ خێراتر و فراوانتر له‌ هه‌ر جۆره‌ ڤایرۆسێكی تر بڵاوبوویه‌وه‌ ، و ئه‌وه‌ش سه‌لمێندرا كه‌ سه‌خترین ڤایرۆسه‌ بۆ له‌خۆگرتنی. له‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نه‌زانراو و چاوه‌ڕواننه‌كراو و تێكده‌ره‌، چین جه‌نگێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی ده‌ستپێكرد بۆ ڕێگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌. ژیان و ته‌ندروستی گه‌له‌كه‌ی كرد به‌ پێشینه‌ی هه‌موو كاره‌كان، 1.4 ملیار چینی به‌یه‌كه‌وه‌ بوون و پشتگیری خۆیان نیشان دا له‌ دروستكردنی به‌ربه‌ستێكی پارێزه‌ر كه‌ هێزی ئه‌وان نیشان ده‌دات له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ كاره‌ساته‌ سروشتیانه‌.
سه‌رۆك شی جینپینگ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ڕابه‌ڕایه‌تی ئه‌م جه‌نگه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت، و پلانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داڕشت، و سه‌رپه‌رشتی دۆخه‌كه‌ی به‌ گشتی كرد و به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌ڵوێستی نواند به‌ ئاماژه‌ كردن بۆ پێشه‌وه‌ له‌ جه‌نگی دژ به‌م په‌تایه‌. ئه‌مه‌ باوه‌ڕبه‌خۆبوونی گه‌لی چینی به‌هێزتر كرد و بووه‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێز. له‌ ژێر ڕابه‌رایه‌تی حیزبی شیوعی چینی، هه‌موو گه‌له‌كه‌ دوای بنه‌مای گشتی ( باوه‌ڕت به‌ خۆت بێت،یه‌كگرتووی، پشتبه‌ستن به‌ ڕێگا زانستیه‌كان، و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئامانجدار) ، و جه‌نگی خه‌ڵك به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌ڵگیرسا.
له‌ ڕێگای هه‌وڵه‌ مه‌زنه‌كان و قوربانیه‌ زۆره‌كان، و دانی باجێكی قورس، چین له‌ گۆڕینی بارودۆخه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو.
له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێك،  به‌رزبوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ڕێگری لێكرا: به‌ نزیكه‌ی دوو مانگ، به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كه‌م بوویه‌وه‌ بۆ ژماره‌ی تاك: و به‌ سێ مانگ به‌ نزیكه‌یی، سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ده‌ستهێنرا له‌ جه‌نگی پارێزگاریكردن له‌ هه‌رێمی خوبه‌ی و پایته‌خته‌كه‌ی كه‌ شاری ووهانه‌. به‌م ده‌ستكه‌وته‌ ستراتیژیانه‌، چین پارێزگاری له‌ ژیان و سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی گه‌له‌كه‌ی كرد، و به‌شداریه‌كی گرنگی كرد له‌ پاراستنی ته‌ندروستی گشتی هه‌رێمی و جیهانی.  به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ Science Magazine، ئه‌م ڕێكارانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن چین گراوه‌ته‌به‌ر ژماره‌ی تووشبووانی له‌ وڵاته‌كه‌ زیاتر له‌ 700000 كه‌م كرده‌ووه‌.
هیچ وڵاتێك نیه‌ نموونه‌ی بێت یاخوود مه‌ترسی جۆره‌ هێرشێكی له‌م شێوه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت. ئامانجی چین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ڕێكاره‌كانی ڕێگه‌گرتن و كۆنتڕۆڵكردنی په‌تا بچێته‌وه‌ له‌ كاتی گونجاودا، و به‌هێزكردنی ڕێوشوێنه‌ كاریگه‌ره‌كان و ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی كه‌ له‌ پڕۆسه‌كه‌دا ده‌دۆزرێته‌وه‌، و چاكسازی له‌ سیسته‌می ڕێگریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشی بكات ، و به‌هێزكردنی چاودێری كردنی نه‌خۆشی و توانای ئاگاداركردنه‌وه‌ی پیشوه‌خت، باشتركردنی یاساكانی فریاگوزاری ته‌ندروستی گشتی، و به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌وره‌ و ڕووداوه‌كانی فریاگوزاری ته‌ندروستی گشتی.
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزبی شیوعی چینی و حكومه‌تی چینی ئه‌نجامی ده‌دات چونكه‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ چاكسازی خودی و باشتركردنی خودی بۆ باشتر خزمه‌ت كردنی گه‌ل. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش ڕێگایه‌كه‌ بۆ باشتركردنی حكوم كردن كه‌ هه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیار هه‌ڵیده‌بژێرێت.
چین ته‌نها نییه‌ له‌م جه‌نگه‌ی دژ به‌ كۆڤید-19. كاتێك كه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ چین زۆر سه‌خت بوو، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری و پاڵپشتیه‌كی به‌نرخی بۆ وڵات و گه‌له‌كه‌ی ئێمه‌ دابینكرد. سه‌رۆكی زیاتر له‌ 170 وڵات، به‌رپرسی 50  ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، و زیاتر له‌ 300 حیزب و ڕێكخراوی سیاسی بیانی له‌ ڕێگای په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی و نامه‌ و لێدوان پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ چین ده‌ربڕی. حه‌فتا و حه‌فت وڵات و 12 ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی پێداویستی فریاگوزاری پزیشكیان به‌ چین به‌خشی. هروه‌ها چه‌ندین حكومه‌تی خۆجێی، و كۆمپانیا، و ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان و خه‌ڵك له‌ 84 وڵات هه‌ڵستان به‌ به‌خشینی كه‌لوپه‌ل.  پاكستان هه‌موو ده‌مامكه‌كانی له‌ لیستی كه‌لوپه‌لی نه‌خۆشخانه‌ كۆكرده‌وه‌ بۆ به‌خشینی به‌ چین. وه‌زیری ته‌ندروستی میسڕی سه‌ردانی چینی كرد به‌ 1 ملیۆن ده‌مامكه‌وه‌. حكومه‌تی میانماڕ برنجی دابینكرد، سریلانكا چای ڕه‌شی دابینكرد، و مه‌نگۆلیا 30000 مه‌ڕی به‌خشی....هتد. گرینگ نییه‌ بڕی چه‌ند هاوكاری دابینكرا، هه‌موو ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆستایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ن له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا.
له‌و كاته‌ی گه‌لی چین ده‌جه‌نگا دژ به‌ كۆڤید-19، خه‌ڵكی كوردستانی عێڕاقیش به‌زه‌یی و پاڵپشتی خۆیان بۆ چین ده‌ڕبڕی به‌ چه‌ندین ڕێگای جیاواز. چه‌ندین به‌رپرسی باڵای جكومه‌ت، نوێنه‌رانی حیزبه‌ سیاسیه‌كان، و هاوڕێ خۆجێیه‌كان سه‌ردانی كۆنسوڵگه‌ریه‌كه‌مانیان كرد. چه‌ندین له‌ دۆسته‌ كورده‌كانمان نامه‌یان بۆ ناردین و په‌یامیان له‌ فه‌یسبووك بۆ جێهێشتین. و چه‌ندین كورد له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان دروشمی (# گه‌لی چین ڤایرۆس نین) یان به‌رز كرده‌وه‌. ئێمه‌ هه‌ڵوێستی میهره‌بانیان به‌رز ده‌نرخێنین. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ باوه‌ڕبه‌خۆبوون و هێزیان پێ به‌خشین بۆ جه‌نگان له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌.

دووه‌م

له‌نێو زیادبوونی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی په‌تاكه له‌ جیهان‌،چین، كه‌ پیشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێنا له‌ به‌ره‌نگاریه‌كانی له‌ جه‌نگی دژ به‌م ڤایرۆسه‌، به‌ وردی و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كارده‌كات.  ئه‌م هه‌وڵانه‌ی چین، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌لایه‌ن جیهانه‌وه‌ دانی پێداندراوه‌، به‌شداری گرینگی هه‌بوو له‌ ته‌ندروستی گشتی جیهانی و بوو به‌ نموونه‌یه‌ك بۆ چۆنیه‌تی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاینده‌ هاوبه‌ش بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی.
سه‌رۆك شی خۆی به‌ تایبه‌ت په‌ره‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی دا. له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فونیه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 50 سه‌رۆكی بیانی و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، سه‌رۆك شی داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كات كرد بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی جیهانی خاوه‌ن ئاینده‌یه‌كی هاوبه‌ش، و به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگیه‌ دووقۆڵی و فره‌ لایه‌نه‌كان. له‌ 18ی ئایار، وتاری كردنه‌وه‌ی 73 ه‌مین ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێشكه‌شكرد و شه‌ش پێشنیاری خسته‌ ڕوو: ئه‌وه‌ی له‌ توانامان دایه‌ ئه‌نجامی بده‌ین بۆ كۆنتڕۆڵكردن و چاره‌سه‌ركردنی كۆڤید-19، بۆ پاڵپشتی كردنی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جیهانی بۆ ڤایرۆسه‌كه‌، بۆ دابینكردنی پاڵپشتیه‌كی به‌هێزتر بۆ ئه‌فریقیا، بۆ به‌هێزكردنی حكومكردنی جیهانی له‌ بواری ته‌ندروستی گشتی، و بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، و بۆ به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی. هه‌روه‌ها زنجیره‌یه‌ك له‌ ڕێكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ڕاگه‌یاند كه‌ چین ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ پاڵپشتی كردنی ئه‌م جه‌نگه‌ جیهانیه‌، له‌ نێوانیاندا پێدانی بڕی 2 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی له‌ هاوكاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ درێژای دوو ساڵ، و بنیاتنانی كۆگایه‌كی جیهانی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و سه‌نته‌رێك له‌ چین به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، و به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆڤید-19 وه‌كو به‌رهه‌مێكی گشتی جیهانی هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ چین، و  ده‌ستپیشخه‌ری له‌ جێبه‌جێكردنی ڕاگرتنی قه‌رزی وڵاته‌ زۆر هه‌ژاره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی 20.
چین هاوبه‌شی به‌ زانیاری و ئه‌زموونی خۆی كردووه‌ له‌گه‌ڵ  كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. چین هیچ كاتێكی به‌فیڕۆ نه‌دا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانی وه‌كو زنجیره‌ی بۆماوه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ و نوێكاریه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ دیاریكراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ بۆ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و وڵاتانی تری په‌یوه‌ندیدار و ڕێكخراوه‌ هه‌رێمیه‌كان، به‌رده‌وام ئاگاداری كردوونه‌وه‌ له‌ نوێكاریه‌كان. لێژنه‌ی ته‌ندروستی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ری بۆ ده‌ستنیشانكردن، چاره‌سه‌ركردن،ڕێگه‌گرتن، و كۆنتڕۆڵكردن داناوه‌، و وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ سێ زمان، و له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 180 وڵات و 10 ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی هاوبه‌شی پێكردووه‌. ده‌سته‌ی هاوبه‌شی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و چینی تایبه‌ت به‌ كۆڤید-19 هه‌ڵستا به‌ سه‌ردانێكی مه‌یدانی بۆ به‌یژینگ، چێنگدو، گوانگژۆ، شنژن، و ووهان، و هه‌وڵه‌كان و سه‌ركه‌وتنی چینی له‌ ڕێگه‌گرتن و كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رز نرخاند.
چین یارمه‌تی مرۆیی بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دابین كردووه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ چین له‌ ژێر فشارێكی زۆری كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ بوو، به‌ خێرای هه‌ڵستا به‌ دابینكردنی هاوكاری به‌ پێی پێویست بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. دوو كۆمه‌ڵه‌ی له‌ هاوكاری پاره‌ی نه‌خت به‌ بری 50 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بۆ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دابین كردووه‌، كه‌ یارمه‌تی ڕێكخراوه‌كه‌ی دا بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ری تاكه‌ كه‌سی و بنیاتنانی سه‌نته‌ری یه‌ده‌گی پێداویستی. تاوه‌كو 31ی ئایار، چین 29 تیمی پزیشكی پسپۆڕی بۆ 27 وڵات ناردووه‌، هاوكاری پێشكه‌شی 150 وڵات و 4 ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌. تیمه‌ پزیشكیه‌كانی ئاڕاسته‌ كرد بۆ پاڵپشتی كردنی جه‌نگی خۆجێی كه‌ له‌ 56 وڵات جێگیركران، و ڕاوێژكاری و زانیاری ته‌ندروستی پێشكه‌شی خه‌ڵكی خۆجێی بكه‌ن. تاوه‌كو ئێستا، زیاتر له‌ 400 خولی ڕاهێنانی ئۆنڵاین و ڕاسته‌وخۆیان له‌م بواره‌ ڕێكخستووه‌. حكومه‌تی خۆجێی، كۆمپانیاكان، ڕێكخراوه‌ نا حكومیه‌كان و تاك له‌ چین كه‌لوپه‌لیان به‌ زیاتر له‌ 150 وڵات و هه‌رێم و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی به‌خشیووه‌.
چین ئاماده‌كاری پێویستی بۆ هه‌نارده‌ كردنی ڕێكوپێكی كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ر ئه‌نجامداوه‌. له‌گه‌ڵ دڵنیابوون له‌ دابینكردنی پێداویستی خۆجێی، چین هه‌موو ڕێگایه‌كی تاقیكردۆته‌وه‌ بۆ دابینكردنی پاڵپشتی بۆ هه‌موو وڵاتان بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ر. ئه‌مه‌ش ئاسانكاری كردووه‌ له‌ نێوان ڕێگاكانی داواكردن و پێشكه‌شكردنی پێداویستی، و خزمه‌تگوزاری لۆژیستی ڕێكخراو، و گواستنه‌وه‌، و پیداویستی كه‌لوپه‌ل، خێراكردنی كاروباری گومرگ. ڕێكاری كاریگه‌ری گرتۆته‌به‌ر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چۆنیه‌تی(كوالیتی) به‌رهه‌مه‌كان، و ڕێكخستی پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن، و ده‌ركردنی یاساوڕێسای تایبه‌ت به‌ گشت بازاڕه‌ بیانیه‌كان، و به‌هێزكردنی سه‌رپه‌رشتیكردنی كوالیتی بازاڕ و هه‌نارده‌كرن، به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی كه‌لوپه‌ل به‌ به‌رزترین كوالیتی بۆ وڵاتان. له‌ 1ی ئازار بۆ 31ی ئایار، چین كه‌لوپه‌لی پارێزه‌ری بۆ 200 وڵات و هه‌رێم هه‌نارده‌ كردووه‌، له‌نێو كه‌لوپه‌له‌كان 70.6 ملیار ده‌مامك، 340 ملیۆن جلوبه‌رگی پارێزه‌ر، 115 ملیۆن جووت له‌ چاویلكه‌ی پارێزه‌ر، 96.700 ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، 225 ملیۆن كیتی تاقیگه‌یی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، و 40.29 ملیۆن گه‌رمیپێو.
چین ئاڵوگۆڕ و هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداوه‌ له‌ بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی. په‌یوه‌ندی و ئاڵوگۆڕه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی جیهانی به‌هێز كردووه‌، و له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتی تر ئاڵوگۆڕ و هه‌ماهه‌نگی و توێژینه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌ ده‌رباره‌ی شوینه‌واری ڤایرۆسه‌كه‌، ده‌رمان، كوتان، و تاقیكردنه‌وه‌، و هاوبه‌شی پێكردنی توێژینه‌وه‌ی زانستی و داتا و زانیاریه‌كان، و لێكۆڵینه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌رباره‌ی ستراتیجی ڕێگه‌گرتن، كۆنتڕۆڵكردن و چاره‌ره‌سه‌ركردن. وه‌زاره‌تی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و لێژنه‌ی ته‌ندروستی نه‌ته‌وه‌یی سه‌كۆیه‌كی تایبه‌تیان به‌ په‌بوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی كۆڤید-19 ڕاگه‌یاند بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كان و تاوتوێ كردنیان له‌لایه‌ن توێژه‌ران له‌ ته‌واوی جیهان. له‌ 31ی ئایار، كۆی گشتی 104 گۆڤار و 970 توێژینه‌وه‌ و ڕاپۆرت بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌كادیمیای چینی زانسته‌كان داتابه‌سی 2019 Novel Coronavirus Resource  بڵاوكرده‌ووه‌، و سیسته‌می  the Novel Coronavirus National Science and Technology Resource Service و Covid-19 Pneumonia Scientific Literature Sharing Platform ی بنیات نا.  تاوه‌كو 31 ی ئایار، ئه‌م سێ سه‌كۆیه‌ 48 ملیۆن دابه‌زاندن(download)، گه‌ڕان وگه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له‌ 370000 به‌كارهێنه‌ر له‌ هه‌موو جیهان هه‌بووه‌. چین كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پسپۆڕان دروستكردووه‌ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر ئه‌نجامداوه‌ له‌ بواری توێژینه‌وه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین و ده‌رمان و گه‌شه‌پێدان. هانی هاوپه‌یمانی ڕێكخراوه‌كانی زانستی نێوده‌وڵه‌تی داوه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌ماهه‌نگی له‌نێو ئه‌ندامه‌كانی له‌ بواری ڤایرۆسی كۆڤید-19 له‌ چوارچیوه‌ی پیشهه‌نگاوی پشتێنه‌ و ڕێگا.
له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێڕاق، حكومه‌تی چینی و كۆنسوڵگه‌ری گشتی چینی له‌ هه‌ولێر هه‌ڵوێستی به‌ په‌له‌ی هه‌بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاره‌وه‌، زیاتر له‌ 500000 ده‌مامكمان به‌خشیووه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و سێ كۆمه‌ڵه‌ له‌ هاوكاری مرۆیمان ڕێكخستووه‌، له‌ نێویاندا كیتی تاقیگه‌یی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، ده‌مامكی N95، جلوبه‌رگی پارێزه‌ر، چاویلكه‌ی پارێزه‌ر و پێداویستی تری پزیشكی. له‌ 8ی ئازار، تیمی پزیشكی پسپۆری خاچی سووری چینی گه‌یشتنه‌ عێڕاق و له‌ كۆتای مانگی ئازار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، و شان به‌ شان له‌گه‌ڵ پسپۆڕه‌ خۆجێیه‌كان بۆ زیاتر له‌ 50 ڕۆژ هاوكار بوون له‌ جه‌نگان دژ به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ ، ئه‌مه‌ش دۆستایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان ئه‌م دوو گه‌له‌ نیشان ده‌دات.

سێیه‌م

بڵاوبوونه‌وه‌ی  كۆڤید-19  به‌ هه‌موو جیهاندا بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانیه‌كی زۆر. هه‌ریه‌ك له‌ جه‌نگان بۆ كپكردنی ڤایرۆسه‌كه‌ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی جیهانی، داوایه‌كه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كگرتووی بووه‌ستن و هاوبه‌ش بن له‌ هه‌ماهه‌نگیدا.   هه‌روه‌ها داوای  فره‌یی، و پابه‌ندبوون به‌ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جیهانی خاوه‌ن داهاتوویه‌كی هاوبه‌شه‌وه‌ ده‌كه‌ن. پشتگیریكردن و هه‌ماهه‌نگیكردن بریتین له‌ دوو به‌هێزترین چه‌ك له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن له‌ جه‌نگی دژ به‌م ڤایرۆسه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، دیاریده‌كات كه‌ چۆن ده‌بین له‌ داهاتوودا.
دوژمنی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تی بریتیه‌ له‌م ڤایرۆسه‌، نه‌وه‌كو هیچ وڵاتێك یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو. پێویسته‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ په‌له‌ هه‌ڵوێست بنوێنێت، و یه‌كگرتووی نیشان بدات، و هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌هێز بكات، و ده‌ستبه‌رداری ڕق و كینه‌ و لووت به‌رزی بێت، و به‌ ڕووی هه‌موو ئه‌وانه‌ بوه‌ستێت كه‌ خۆیان ده‌كه‌ن به‌ ‌ قۆچی قوربانی و خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی ، و هه‌روه‌ها به‌ ڕووی له‌كه‌داركردن و به‌ سیاسه‌ت كردنی ڤایرۆسه‌كه‌ بوه‌ستێت.
هه‌رگیز میله‌تی چینی به‌رامبه‌ر نه‌هامه‌تیه‌كان نه‌شكاوه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ره‌نگاریه‌كان قورستر بووبێت،  به‌ چاونه‌ترسی و بوێریه‌كی زیاتر ڕوو به‌ ڕووی بوونه‌ته‌وه‌. زاڵ بوون به‌سه‌ر سه‌ختیه‌كان یارمه‌تیده‌ری چین بووه‌ تا به‌هێزتر بێت. له‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌، گه‌لی چین به‌ یه‌كگرتووی به‌ ڕووی ڤایرۆسه‌كه‌ وه‌ستان و هه‌وڵه‌كانیان یه‌ك خست. ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ له‌خۆگرتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌. 
ئێستا، له‌و كاته‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌  و بووه‌ته‌ هۆكاری چه‌ندین وێرانكاری له‌ جیهاندا، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی سه‌ختی و به‌ره‌نگاری مه‌زنتر ببێته‌وه‌. له‌م جه‌نگه‌دا. چین هه‌میشه‌ پاڵپشتی وڵاتانی تر ده‌كات. ئه‌م په‌تایه‌ كاریگه‌ریه‌كی  گرینگی ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام تامه‌زرۆیی خه‌ڵك بۆ ژیانێكی خۆش به‌ نه‌گۆڕی ده‌مێنێته‌وه‌. ئاشتی، گه‌شه‌سه‌ندن، هه‌ماهه‌نگی له‌ پێناو سوودمه‌ند بوونی دوو لایه‌نه‌ سه‌رده‌كه‌وێت. دوای هه‌موو ناخۆشیه‌ك خۆشی دێت. تاوه‌كو گه‌لانی دونیا به‌رده‌وام بن له‌ پارێزگاریكردن له‌ هیوا و خه‌ونه‌كان ، و له‌ باوه‌شكردنی بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی جیهانی خاوه‌ن داهاتوویه‌كی هاوبه‌ش، و یه‌كگرتن له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی هاوبه‌ش، ده‌توانین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م سه‌ختی و به‌ره‌نگاریانه‌ زاڵ ببین، و جیهانێكی باشتر بۆ هه‌موو لایه‌ك بنیات بنێین.
مێژووی دوور و درێژی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی نێوان گه‌لی چین و گه‌لی كورد بۆ 2000 ساڵ له‌مه‌و پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، ئاڵوگۆڕ له‌ بواری جیاجیادا له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌له‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌ به‌رده‌وام له‌ قووڵ بوونه‌وه‌دا بووه‌. له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌، گه‌لی چین به‌ هێزه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانی ده‌وه‌ستێت، سه‌ختییه‌كان هاوبه‌شی پێده‌كات و به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ن. به‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ به‌هێزه‌ی له‌ نێوانماندا هه‌یه‌، به‌ دڵنیایه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی كۆتای له‌ جه‌نگی دژ به‌م ڤایرۆسه‌ به‌ده‌ستده‌هێنین له‌ چین، عێڕاق، و هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی جیهان.




زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×