ئابوری کوردستان بەرەو کوێ ؟

دارەوان حاجی حامید
  2020-06-19     398

لەم سەردەمی قەیران و داکشان و هەڵکشانی ئابوری جیهاندا، قسە کردن لەسەر ئابوری کوردستان وەکو پایەیەکی هەرە سەرەکی بەهێزی پێگەو مانەوەوی لە بەرامبەر هەڕەشە و ململانێ دەرەکی و ناوەکیەکاندا ، لە پێشینەی قسە کردنە لەو کایانەی کە بنەمای پێکهاتەی هەرێمی کوردستان پێک دێنن . چونکە لەم قۆناغەدا کە جیهان پێیدا تێ دەپەڕێت ئابوری بووەتە بنەمای سەرەکی هەموو پێگەیەکی بە‌هێز. تەنانەت پتەوی و سەقامگیری و سەروەری سیاسی هەر قەوارەیەک ، ئیدی ئەگەر دەوڵەت بێت یان هەرێمێکی فیدرالی یان یەکەیەکی کارگێڕی و خۆسەری ، بەندە بە بەهێزی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابوری ئەو قەوارەیەوە ، بۆیە لە جیهانی ئەمڕۆدا پێگە و ئاستی بەهێزیی هەموو قە وارەو دەوڵەت و پێکهاتە سیاسیو دەسەڵاتییەکان بە ئاستی پەرەسەندن و هێزی ئابورییان دەپێورێت.

 لێرەوەیە ئەمڕۆ قسە کردن لەسەر ئابوری کوردستان و ئاییندەیی و چۆنێتی داڕشتنەوەی ئەگەر لە پێش قسە کردن لەسەر بونیادە سیاسیەکانی ئەو قەوارە جوگرافیاییەی کە بە کوردستان ناسراوە نەبێت ئەوا بێگومان هاوشانی دەبێتەوەو تا چەند دەبێت قسە لەسەر شوناسی سیاسی کوردی بکرێت ئەبێت هەمان گووتار هاوتاو شابەشانی شوناسی ئابوری بکرێتەوە کە دواجار دەبێتە زامنی سەپاندن و سەربەخۆبوونی پێگەکەیی و پاراستنی لە و هەڕەشانەی مەترسین بۆ لە ناوبردنی شوناسی سیاسی و نەتەوەیی کورد کە دوژمنانی بە درێژایی مێژوو بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی وەکو چەکێک بۆ هەمیشە لاواز کردنی و تا ئاستی لە ناو بردنی شوناس و قەوارەی کوردی .

کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی باشوری کوردستان خاوەنی پێکهاتەیەکی جوگرافیایی لەبارو خوڵقاوە بۆ کشت و کاڵی و ئاودێری و ئاژەڵداری و گەشت و گوزاری ، بەدەر لە قسە کردن لە سامانە سروشتیەکانی سەر زەوی و ژێر زەمینی کە لە پاڵ ئەوەی سەرچاوەیەکی گرنگی سامان و دەوڵەمەندی ئابوری کوردستانن لە هەمان کاتیشدا لە کاتی وەبەرهێنانیدا لە ناو خۆدا دەکرێت ببێتە هاوکارو هۆکارێکی دیکەی پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی کشت و کاڵی ، هەر بۆ نموونە سەرچاوە نەوتی و کانزاییەکانی کوردستان کە سەرچاوەیەکی داهاتن لە کوردستان بەڵام لە هەمان کاتدا لە جیاتی فرۆشتنی بە دەرەوە دەکرێت لە ناو خۆدا وەکو هێزێکی ووزەو تەکنەلۆجی بەکار بهێنرێت بۆ گەشە پێدانی کەرتی ئابوری کشتو کالی کوردستان بە ڕێگەی هاوچەرخ و لە ڕێگەی ئامێری تەکنەلۆژی نوێوە کە جولەی ئابوری لە بورای کشتو کالدا هەم خێراتر دەکات و هەم سەرچاوەی داهاتەکانیشی زیاتر برەو پێ ئەدات کە بەداخەوە تا ئەم ساتە لە کوردستاندا سەرچاوە سروشتیە ژێر زەمینیەکان وەکو ئامرازێک بەکار نەهاتووە بۆ خوڵقاندنی دەوڵەمەندی ئابوری لە بوراەکانی تردا بە تایبەتی لە بورای کشتو کاڵدا.

خاکی کوردستان و فۆرمە جوگرافیەکەی بە تایبەتی باشوری کوردستان پێكهاتەیەکە لە دوو ناوچەی گەرمیان و کوێستان . واتە بەشێکی کوردستان پێکهاتووە لە ناوچەی شاخاوی و گردوخاکی بە پیت و کەش و هەوایەکی کوێساتانی لە بار بۆ هەموو جۆرە بەروبوومێک کە لە وەرزە ساردو فێنکەکاندا گەشە دەکەن ، جگە لە چە ندین ڕووبارو چەم و زێ و کانی و سەرچاوەی ئاوی سروشتی کە لە هەمان کاتدا  زامنی بەرهەمهێنانی کشتو کاڵن لەو ناوچانەداو لە هەمان کاتیشدا دەکرێت ئەم سەرچاوە ئاوییانە وەبەر بهێرنێت  لە ڕێگەی کۆکردنەوەیان بە شێوەی بەنداوی بچوک و گەورە کە لە کوردستاندا توانای دروست کردنی دەیان لەو جۆرە بەنداونە هەیە بە تێچوونێکی کەم  لە لایەکەوە بۆ مسۆگەر کردنی بەردەوامی سەرچاوە ئاوییەکان ولە لایەکی تریشەوە  هەم بۆ خواردنەوەی دانیشتواان و هەم بۆ بەردەوامیدان بە کشت و کاڵ و دواتریش  بۆ بەرهـێنانی ووەزەی کارەباو مسۆگەرکردنی کارەبا بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان  بە بەردەوامی  و پاشان  لە بەکار هێنانی لە بە پیشە سازی کردندا و دامەزراندنی چەندین کارگە و هەروەها فرۆشتنیشی بە درەوەی هەرێم لە حاڵەتی زیاد بوونیدا کە بێگومان کە ئەگەر ئەو پرۆژانە کاری پێ بکرێت کوردستان کارەبای لە پێداویستی خۆی زیاتر دەبێت . جگە لەمانەش ئەم هەموو سەرچاوە ئاوییانە و پەرەپێدانیان دەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی کەرتێکی دی ئابوری کە ئەویش بورای ماسی و خۆراکە ئاوییەکانە .

بەشەکەی تری کوردستان پێکهاتووە لە گەرمیان و ناوچە گەرمە سێرەکان کە چەندین گردو دەشتایی تا بڵێی بەرین وفراوانی بە پیتن بۆ هەموو جۆرە بەرووبوومێکی کشتوکاڵی ناوچە  گەرمەکان بە تایبەتی جۆرەکانی دانەوێلە. جگە لەمانەش کە ش و هەوای کوردستان و خاکە بە پیتەکەی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ ئاژەڵداری و بەخیوکردن و بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە ئاژەڵ و پەلەوەرو باڵندەکان کە ئەمش چەندە سەرچاوەیەکی داهات و دەوڵەمەندییە هێندەش هۆکارێکی دی فەراهەم کردنی ئاساییشی خۆراکییە لە کوردستاندا.

ئەم دوو بەشەی کوردستان کە لە کاتێکدا لە ڕووی خۆرسکی و سروشتیەوە کوردستانیان کردووە بە ناوچەیەکی جوانی گەشتیاری بێگومان لە کاتی پەرەپێدانیداو بە تایبەتی لە گەڵ پەرەپێدانی کەرتی کشت و کاڵی و ئاودێری و ئاژەڵداریدا سیمایەکی گەشتیاری دی بە کوردستان دەبەخشیت کە ناوچە گەشتیارییەکانی زیاد ترو جوان ترو گەشاوەتر دەکات و دەبێتە هۆکاری ڕاکێشانی سالانە چەندین ملیۆن لە گەشتیار هەم لە ناوخۆی کوردستاندا و هەم لە ناوچەکانی عێرقدا و هەم لە ولاتە دراوسێکانیشدا بەوەش بوارێکی دی تازە لە کوردستاندا گەشە دەکات کە ئەویش بورای گەشتیارییە کە سەرباری ئەوەی لە ئێستاد لە زۆربەی ولاتاندا سەرچاوەیەکەی هەرە سەرەکی داهات و دەولەمەندییە لە هەمانکاتیشدا دەبێتە هۆی خولقاندنی هەزاران هەلی کار بۆ دانێشتوانی کوردستان و گەنجان لە هەموو بوارەکانی گەشتیاری و کارگێڕی و هۆتێل وخواردنگەو میوامنداری و بواری ڕیکلام و میدیا کە ئەبێتە هۆی خستنە کاری هەزران گەنجی دەرچووی کۆلێژو زانکۆکان . لە پێش ئەمانەشدا سامانی خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی خاکی خۆی بە فیڕۆ نادرێت و ئەگەر کوردستان خۆی ببێتە خاوەنی ناوچەی گەشتیاری جوان و پێشکەوتوو بە نۆرمە جیهانیەکان ،  ئیدی هاوولاتی کوردستان پێویستی بەوە نابێت بۆ گەشت کردن ڕووبکاتە تورکیاو ئێران و لوبنان و ولاتانی دی و ئەو داهاتە لە ناو کوردستاندا سەرف دەکرێت و بۆ هاووڵاتییان ئەگەڕێتەوە.

لە کاتێکدا کە دەڵێین کوردستان خاوەنی ئەم هەموو هەل و بونیادە سەرەکی و ڕیالیستیانەیە کە ببێتە ناوچەیەکەی هەرە بەهێزو دەولەمەند  بەڵام بۆچی بە داخەوە تا ئێستا ئەم هەموو سامان و سروشتە گەوهەری و لەبارە بۆ بوون بە قەوارەیەکی دەولەمەند لە کوردستاندا نەخراوەتە گەڕ ؟ لە ڕاستیدا وەلامێکی سادەی ئەم ڕاستیە تاڵە پەیوەندە بە پەیرەوکردنی میتۆدو سیاسەتێک کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستەیی کوردستان و بوونە قوربانی ئەو دەسەڵاتانەی کە بەمەبەست کوردستانیان بێبەش کردووە لە کەڵک وەرگرتن لە جوگرافیاو سروشت و پێکهاتەکەیی و هەمیشە لە ژێر دەستەیی و دواکەوتندا هێشتوویانەتەوەو خودی ئەو دەسەڵاتدارانەش خاوەنی ستراتیژ و بەرنامەیەکی پەرەپێدان نەبوون بۆ خودی ولاتەکانی خۆشیان . وەلە لایەکی تیریشەوە هۆکاری دووەم بریتییە  لە بەداخەوە کەوتنە ژێر کاریگەری دەسەلاتی خود حوکمڕانی کوردستانی باشوور لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەمان سیاسەتی دەسەڵاتی داگیرکاری پێشوو کە لە جیاتی ئابورییەکی داهێنەرو بەرهەمهێن پەیرەوی ئابورییەکی بەرخۆری و بەکاربەرو بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی کردووە کە دواجار کۆمەڵگەیەکی لاوازو هەژار و تا ئاستی تەمەڵی خوڵقاندووە .


ئەگەر بگەڕێێنەوە بۆ مێژوو سیاسەتی داگیرکاری ڕژێمە حوکمڕانەکانی عێراق بەرامبەر کوردستان بە تاینبەتی کە لە کاتی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا داگاتە لوتکە ، بریتییە لە سیاسەتی سوتماک و لەناوبردنی ئابوری کوردستان و ڕوخاندنی کۆڵەکەی ژێرخانی ئابوری کە کشتو کالە لە ڕێگەی سیاسەتی ڕاگواستن و تەعریب و تەخت کردنی گوندو شارۆچکەکان بە مەبەستی سڕینەوەی شوناسی کوردی،  کە  بەتایبەتی ئەم سیاسەتە لە شالاوە بەدناوەەکانی ئەنفالدا دەگاتە لوتکەی ڕق و کینەی ڕەگەز پەرستی بەرامبەری نەتەوەی کورد تا ئەو ئاستەی ڕژێمی بەعس قۆناغ بە قۆناغ بە تایبەتی لە ساڵەکانی هەفتاوە دەستی پێکرد بە پرۆسەی ڕوخاندنی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتوانەکەی بۆ ئوۆردوگا زۆرە ملێکان و دابڕینیان لە سەرچاوەی کارو داهتیان کە کشت و کاڵ و ئاژەڵداری بوو. دواتر ئەم پرۆسەیە لە قۆناغە ترسناکەکەیدا دەگاتە سیسەتی سوتماکی کوردستان واتە بە تەواوی لە ناوبردنی هەممو ژێرخانی ئابوری کوردستان و لە پاڵیشیدا کوشتارو جیۆسایدی کۆمەڵگەلی هەموو دانیشتوانی دێهات و شارۆچکەکان کە  ئەمە بێگومان ترسناکترین زەبری کوشندە بوو کە لە کوردبوون درا . بەڵام بێگومان مێژوو سەلماندووییەتی کە سیاسەتی جینۆسایدو سوتماک چەندە بەرفراوان و دڕەندەش بێت بەڵام هەرگیز ناتوانێت شوناسی نەتەوەیەک بەتەواوی بسڕێتەوە بۆیە گەلی کورد لە باشوری کوردستان توانی بەرگە ی ئەو شاڵاوە دڕندەیە بگرێت و بونیادە سەرەکیەکانی مانەوەی خۆی بپارێزێت کە خاک و ئاوو سروشت و جوگرافیاو کوردبوونی خۆشیەتی ، بۆیە سەرباری سەختی ئەو میتۆدەی پێشووی ڕژێمی بەعس بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە خودی کورد و کوردستان ئامادە نەبن بۆ دووبارە هەڵسانەوەو خود دروستکردنەوە لە سەرەتاوە چونکە لەبەر ئەوەی خاک و ئاوو جوگرافیا ماوەو لە ناو نابرێت بواری دووبارە ژیانەوە کراوەیە لەبەردەم کوردستاندا کە دەبوایە ئەمە تاکە سیاسەت و پرۆگرامی دەسەڵاتدارێتی کوردستانی باشوور بوایە دوای ڕزگار بوون لە ڕژێمی بەعس و ئازاد بوونی ،  بێگومان ئێستاش درەنگ نییەو وەک ئاماژەمان پێ کرد جوگرافیاکە ئامادەو سەقامگیرە ئەوەی پێویستە خستنە کاری هەوڵ و توانای مرۆیی و سیاسەتێکی ئابورییە کە پشت بە داهێنان و بەرهەم هێنان ببەستێت نەک بە بەکار بردن و بەرخۆری . هەر لە بیرمان نەچێت سەرباری ناڵاندنی کوردستان لە ژێر جەورو ستەمی ڕژێمی بەعسدا و پیادە کردنی ئەو سیاسەتی پاکتاوکردنە بەڵام ئەگەر هەر بگەرێێنەوە بۆ ساڵەکانی پێشوو ئەو ڕاستیەمان بۆ دەر دەکەوێت کە کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو زوڵم وزۆرەشدا بەڵام هێشتا توانای گەشەسەندنی ئابوری خۆی پاراستبوو وە لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا کوردستان ببوە سەبەتەی زامنکردنی خۆراک بۆ خۆیی و بۆ عێراقیش بۆیە بیرمان نایەت کە وەکو ئێستا لەو ساڵانەدا لە بازاڕەکانی کوردستاندا سەوزەو میوەی هاوردەکراوی ولاتانی دراوسێ ببینین کە چی ئێستا کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک کە هەرچی پێداویستی خۆراکی هەیە لە دەرەوەی خۆی هاوردەی ئەکات ، ئەمە لەکاتێکدا خاک و ئاوو جوگرافیاکەی خۆی ئامادەیە کە هەموو ئەو پێداویستیانەی ژیانی بۆ دابین بکات و بە زیادیشەوە و تا ئاستی ناردنەوە دەرەوەی بۆ وڵاتانی دی .

پێشتر ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی گشتی بە تایبەتی دوای تێوە گلانی لە چەندین جەنگ هەر لە جەنگی ئێرانەوە تا کوێت جەنگەکانی دواتر ، پشتی بەستبوو بە بەدەستهێنانی سامانێکی ئاسان و حازر بەدەست کە ئەویش فرۆشتنی نەوت بوو کە لە ساڵەکانی هەفتاکان و هەشکاندا بە زێری ڕەش ناودەبرا بەهۆی گرانییەوە ، بۆیە ڕژێمی بەعس هەموو توانا مرۆییەکانی عێراقی خستبووە خزمەت جەنگەکانیەوە کە دواتر عێراقێکی وێرانکروو سەدان ملیار قەرزی بۆ نەوەکانی داهاتوو جێهێشت . جێی داخیشە هەڵەیەکی ستراتیژی دەسلاتدارێتی کوردستان لە دوای ڕژێمی بەعسەوە ، کەوتنە داوی هەمان سیاسەت بوو کە ئەویش پشت بەستن بە سامانی ئاسانە لە ڕێگەی رۆشتنی نەوتەوە .

 لە ئێستادا کە ئەو ڕاستییە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە کە نەوت سەرچاوەی دەوڵەمەندی نییە و نابێتە هۆکاری بنیاتنانی ئابورییەکی بە هێز بەڵکو لە ڕێگەی بەکارهێنانانی ناوخۆییەوە ئەکرێت بکرێتە پاڵپشتی گەشە سەندنی بوارەکانی دی بە تایبەتی کشتو کاڵی ، بۆیە ئیدی کاتی ئەوە هاتووەو هەرگیز درەنگ نییە چونکە وەکو ووتمان خاک و ئاوو هەوا نەمرن و دەمێننەوە ، دەسەڵاتدارێتی ئێستای کوردستان بە جیدی سیاسەتی ژیاندنەوەو گەشيپێدانی کەرتەکانی کشتو کاڵ  و ئاژەڵداری و سەرچاوەکانی ئاوو گەشت و گوزار کە هەموویان تەواکەری یەکدین بکاتە پلانێکی ستراتیژی و لە ماوەیەکی کەمدا ئەتوانێت بەروبومی ئەو سیاسەتە بچنێتەوە . چونکە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو پیشەسازی دنیا نییە کە لە هەمان کاتدا وڵاتێکی پێشکەوتووی کشتو کاڵی نەبێت،  چونکە ئەوە پێشخستنی کشتوکاڵ  و ئاژەڵداری و سەرچاوە ئاوییەکانە کە پێشەسازی دروست ئەکەن ، ئەوە زۆری بەرهە مە کشتو کالیەکانە کە دواتر بواری داهێنان ئەکەنەوە بۆ دروستکردنی کارگەو بە پیشەسازی کردنی کشت و کاڵ و دواجار بە بازرگانی کردنی ئەو بوارە . بۆیە بە بێ کشتو کاڵێکی گەشەسەندوو بەهێز ناتوانین ببینە خاوەنی پیشە سازییەکی بەهێز ، کشتو کاڵ بزوێنەری هەموو بوارەکانی دی ئابوری و زامنی ئاساییشی نیشتمانییە ، چونکە هەر خۆی کەرتی کشتوکاڵ مانای خستنە کاری بەشێکی هەرەزۆری دانیشتوان و بەو جۆرەش نەهێشتنی ڕێژەی بێکاریە.  وە هەر کشتو کاڵە کە دواتر دەرگا بۆ پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری وچەندین بواری دی دەکاتەوە ، بۆیە ئیدی کاتیەتی کە ئەم ڕاستیە بکرێتە هۆشیارییەکی گشتی و تاک و کۆی کۆمەڵگەی کوردی و بە پاڵپشتی پلانێکی ستراتیژی داڕێژراو لە لایەن حکومەت و بوارە تایبەتمەندەکانەوە بخرێتە بواری پراکتیک و بێگومان دواجار ئەو پەندە وەڵام ئەداتەوە کە دەڵێت چی بچێنیت ئەوە ئەدرویتەوە.

بۆ کۆتایی هێنان تەنها نمونەیەکی سادە دێنمەوە ، وڵاتی فەرەنسا کە یەکێکە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی پیشەسازی و تەکنەلۆجی دنیاو ئەندامی گروپی ٨ ، دووهەمین گەورەتیرین هێزی ئابوری ئەوروپا ، بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە فەرەنسا پێش ئەوەی وڵاتێکی پیشەسازی و خاوەنی چەندین تەکنەلۆجیای نوێ بێت ، فەرەنسا وڵاتێکی کشتو کاڵییە و کشتو کاڵی کردووە بە پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری . فەرەنساهەموو پێدوایستیە خۆراکییەکانی بۆ دانیشتوانی خۆی بەرهەم دێنێت و بەشێکیشی هەناردەی دەرەوە ئەکات . فەرەنسا هەرچی ووزەی کارەبای خۆیەتی لە ڕووبارو سەرچاوە ئاوییەکان و باو هەوای خۆی بەرهەم دەهێنێت و زیادەکشی دەفرۆشێتەوە. هەر نەبێت ئەو قسەیەی سەرکردەو ڕابەری ڕزگاری فەرەنسا دژی نازیزم جەنەرال دیگۆل دەهێنینەوە یاد کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووهەمدا  ووتی  فەرەنسا هەر تەنها لە بەروبوومی پەنیر خاوەنی ٣٦٥ جۆرە پەنیرە ، وڵاتێک خاوەنی ٣٦٥ جۆری پەنیر بێت هەرگیز جەنگ نادۆڕێنێت  . بێگومان ئەم پەنیرەی فەرەنسا کە هەندێکیان لە گرانیدا نرخی کیلۆیەکیان لە سەدان  بەرمیل نەوت زیاترە لە گوندو شارۆچکەکانی فەرەنسا بەرهەم دەهێنرێت  . ئەی بۆ نا بۆ کوردستانە کەی خۆشمان کە بە سەدان گوند خاوەنی بەرهەمهێنانی پەنیری خۆیان بوون  دووبارە زیندوو بکرێنەوە ؟  ئەمە تەنها هۆشیارییەک و یەکەمین هەنگاوی دەستپێکردنی ئەوێت بۆ سەرەتای بناغەدانانی ئابورییەکی بەهێزو سەربەخۆ کە دواجار پێگەی سیاسی وشووناسی کوردی بەهێزو سەقامگیر دەخوڵقێنێت کە  بتوانێت بەرەنگاری هەموو هەڕەشەکان ببێتەوە.

 

*نوسەری ئەم بابەتە  لێپرسراوی ناوەندی فەرەنسای ی ن ک و سەرۆکی دامەزراوەی سەنتەری فەرەنسی کوردی بۆ گەشيپێدانی پەروەردەو کلتور-ە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×