گۆڕانکاریی بەڕێوەن
نەزهەت حالی
2020-09-15   1934
جیھانی سیاسەت لە گۆڕان دایە و گۆڕانکاری زۆر بەڕێوەن، زۆر شت کە لە بیر و خەیاڵی زۆر کەس جێگای نابێتەوە روو دەدات، مرۆڤ لە رووی زانست و تەکنەلۆژیاوە ھەر پێش دەکەوێت و زانست و تەکنەلۆژیایی نوێ ژیانی مرۆڤ ئاسانتر و خۆشتر دەکەن، بەڵام چەکی نوێ و بکوژتر و خێراتریش بەرھەم دەھێندرێن، زل ھێزەکان و ھێزە ئیقلیمییەکان وەکو ھەمیشە لە کێبڕکێ دان و بە دوای بەدەست ھێنانی سەرچاوەی سروشتی(مادەی خاو) و بازاڕی فراوانتر بۆ فرۆشتنی کالاکانیان و ھەژموونی زیاتر دەگەڕێن.
ھەرچەندە پەتای کۆڕۆنا کاریگەری ھەبووە لە سەر سیاسەت و ئابووری جیھان بەڵام ئەو پەتایەش کۆتایی دێت، گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبن و گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان بۆ سەر وڵاتە دواکەوتووەکان زیاتر دەبن.
لە ئێستادا لەبەر تەکنەلۆژیای زانیاری و سۆشیال میدیا خەڵک زۆر لە ڕابردوو، وریاتر و ھوشیارتر و ھەستیارترە داوای ماف و بەشداری زیاتری سیاسی دەکەن، نەوەی ئەو سەردەمە وەکو نەوەکانی ڕابردوو نییە و زیاتر ئاشنایە بە جۆر و شیوازی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی وڵاتە پێشکەوتووەکان و خۆی و ژیانی لەگەڵ ئەوان بەراورد دەکات، ئەو نەوەیە حەز بە ھەبوونی دەرفەتی گونجاو دەکات بۆ سەلماندنی خۆی و دەرخستنی تواناکانی بۆ بەرەو پێش بردنی خۆی و وڵاتەکەی.
حەز و پێداویستییەکانی مرۆڤ بەپێی وتەی زانایان تەنیا لە شتە مادییەکان سنوردار نابێت بەڵکوو ھەر کەسێک دەیەوێت ڕێز و تەقدیر و پێگەی بەپێی شیان و شیاوی لە نێو کۆمەڵگادا ھەبێت، ھەربۆیە گوشاری گەنجەکان بۆ سەر دەوڵەت و حوکمەتەکان بۆ بەدەست ھێنانی دەرفەتی زیاتر و بە دەست ھێنانی پێداویستیە مادی و نامادییەکان روو لە زیاد بوون دەبێت، ئەو دەوڵەتانەی کە دامەزراوەکانیان بەھێزن و بە توانان و تەنیا بۆ خزمەتی کەس و گڕوپێک نین و دامەزراوەی ڕاستەقینەی نیشتیمانین و بۆ خزمەتی گشتین، ھەروەھا مرۆڤ بە گرنگترین و مەزنترین سەرمایەی وڵات دادەنێن کە بە سەرمایەی مرۆیی ناودەبرێت و پێوەرەکەی ئاستی خوێندەواری و توانای کاری و تەکنیکی ھاوڵاتیانە، زۆر باشتر دەتوانن خۆیان بۆ داواکاری گەنجەکان ئامادە بکەن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن، ئەو جۆرە دەوڵەتانە لەبەر ئەوەی خاوەنی دیدگایەکی سیاسی رونن و باشتر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێدەگەن، دەتوانن ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان لەو جیھانەی کە بەخێرایی لە گۆڕان دایە بپارێزن و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن.